(1) ئەوانەی کە بێباوەڕ بوون لەخاوەن پەیامەکان -جولەکە وگاوڕەکان- ولە بت پەرستەکان، دەستیان ھەڵنەگرت لە بێباوەڕی خۆیان ھەتا تەنانەت ئەو کاتەیشی بەڵگەی ڕوون وئاشکرایان بۆ ھات (دەربارەی کۆتا پێغەمبەر).
(2) ئەو بەڵگە ڕوون وئاشکرایەش پێغەمبەرێکە لەلایەن اللە -تەعاﻻ-وە کتێبی پاک وبێگەرد (قورئان)یان بەسەردا دەخوێنێتەوە، پاکوخاوێنەکان نەبێت دەستی لێنادەن.
(3) لەو نووسراوانەدا ھەواڵگەلێکی ڕاست وچەندان حوکمی دادپەروەری و بەنرخی تێدایە، ڕێنومێنی خەڵکی دەکەن بۆ ھەرشتێک کە ببێتە هۆی چاکبوونیان وهەروەها لەبەرژەوەندی وهۆشمەندی وژیری ئەواندا بێت.
(4) جولەکەكان ئەوانەی تەوراتیان پێدرا، وە له گاوڕەکان ئەوانەی ئینجیلیان پێدرا (دەربارەی پێغەمبەرێتی موحەممەد -صلی اللە علیە وسلم-) جیاوازیان تێ نەکەوت، دوای ئەوە نەبێت کەبەڵگەی ڕوونیان دەربارەی پێغەمبەر -صلی اللە علیە وسلم- بۆ ھات، ئەو کاتە بوون بەدوو دەستەوە کۆمەڵێکیان باوەڕیان ھێنا وکۆمەڵێکی تریش لەگەڵ ئەوەی چاکیش دەیانزانی کە پێغەمبەرەکەی ڕاستە، بەڵام لەبەر کوفر وبێباوەڕیان بەردەوام بوون لەسەر بێباوەڕی خۆیان.
(5) تاوان وخراپە وسەرسەختی جولەکە وگاوڕەکان لەوەدا دەردەكەوێت، ئەوان لەم قورئانەدا فەرمانیان پێ نەکراوە بەو فەرمانانە نەبێت کە لە کتێبەکانی خۆیاندا پێیان کرابوو، کە بەتەنھا اللە -تەعاﻻ- بپەرستن ودوور بکەونەوە لەشیرک وھاوەڵ بڕیاردان بۆی، وە نوێژ بکەن وزەکاتی ماڵ وسامانیان دەربکەن، ئەوەی فەرمانیان پێکراوە، ئاینێکی ڕاست ودروستە کە ھیچ خوار وخێچیەکی تێدا نیە.
(6) بێگومان ئەوانەی بێباوەڕ بوون لە -جولەکە وگاوڕەکان- وبت پەرستەکان بەھەمیشەیی دەمێننەوە لەئاگری دۆزەخدا، ئا ئەوانەن خراپترینی نێو ھەموو مەخڵوقات و بەدیهێنراوەکان (چونکە ڕێگای ڕاستیان بۆ ڕوون بوویەوە کەچی یاخی بوون وباوەڕیان نەھێنا بە اللە -تەعاﻻ- وپێغەمبەرەکەی).
(7) وە بەڕاستی ئەوانەیشی کە باوەڕیان ھێنا وکردەوەی چاکەیان ئەنجامدا، ھەر ئەوانەن پاکترین وچاکترینی نێو مەخڵوقات وبەدیھێنراوەکان.
(8) ئەوانە پاداشتیان لای پەروەردگاریان بەھەشتانێکی ھەمیشەییە، کە لەژێریانەوە چەندین ڕووبار دەڕوات وتێدەپەڕێت، ئەوانە لەو بەھەشتانەدا بەھەمیشەیی ویەکجاری دەمێننەوە، بەشێوەیەک اللە -تەعاﻻ- لێیان ڕازیە لەبەر باوەڕ وگوێرایەڵیان بۆی، وئەوانیش لە اللە -تەعاﻻ- ڕازین، لەبەر ئەو ھەموو بەزەیی وڕەحمەتەی کردوویەتی لەگەڵیان، ئا ئەمە بۆ کەسێکە کە لەپەروەردگاری ترسا بێت، فەرمانەکانی بەجێھێنا بێت ودوور کەوتبێتەوە لە نەهی لێکراوەکانی.