(1) سووره‌تی (صاد) سووره‌تێكى مه‌ككى یه‌و (٨٨) ئایه‌ته بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ [ ص ] له‌سه‌ره‌تای سووره‌تی (به‌قهره)دا باسى ئه‌م پیتانه‌مان كرد كه له‌سه‌ره‌تای هه‌ندێك له سووره‌ته‌كانی قورئانی پیرۆزه‌وه هاتوون [ وَالْقُرْآنِ ذِي الذِّكْرِ (١) ] سوێند بێت به‌م قورئانه پیرۆزه كه زیكر‌و یادكردنه‌وه‌و په‌ندو ئامۆژگارى و سودو به‌رژه‌وه‌ندی ژیان و دوارۆژى ئێوه‌ی تیایه، یاخود پله‌و پایه‌و ڕێزی تیایه‌و قورئانێكی پله‌و پایه به‌رزو به‌ڕێزه.
(2) [ بَلِ الَّذِينَ كَفَرُوا فِي عِزَّةٍ وَشِقَاقٍ (٢) ] به‌ڵكو كافران خۆبه‌گه‌وره‌زان و لووتبه‌رزن، وه بێ فه‌رمانی و سه‌رپێچى خوای گه‌وره ئه‌كه‌ن و حه‌ق وه‌رناگرن.
(3) [ كَمْ أَهْلَكْنَا مِنْ قَبْلِهِمْ مِنْ قَرْنٍ فَنَادَوْا وَلَاتَ حِينَ مَنَاصٍ (٣) ] له پێش ئه‌ماندا چه‌نده‌ها ئوممه‌تانی ترمان له‌ناوبرد كه له كاتی دابه‌زینی سزادا داوای فریاكه‌وتنیان له خواى گه‌وره كرد‌و گه‌ڕانه‌وه بۆ لاى خواى گه‌وره‌و په‌نایان بۆ هێنا به‌ڵام كاتی فریاكه‌وتن و ته‌وبه نه‌مابوو كۆتایی هاتبوو سوودى پێ نه‌گه‌یاندن.
(4) [ وَعَجِبُوا أَنْ جَاءَهُمْ مُنْذِرٌ مِنْهُمْ ] وه كافران پێیان سه‌یر بوو كه له‌ناو خۆیان كه‌سێك هاتووه‌و بووه به پێغه‌مبه‌رو ئاگاداریان ئه‌كاته‌وه [ وَقَالَ الْكَافِرُونَ هَذَا سَاحِرٌ كَذَّابٌ (٤) ] وه كافران كاتێك كه موعجیزه‌كانیان بینی وتیان: محمد - صلی الله علیه وسلم - ساحیر‌و جادووگه‌رێكی زۆر درۆزنه‌و جادوومان لێ ئه‌كات.
(5) [ أَجَعَلَ الْآلِهَةَ إِلَهًا وَاحِدًا ] ئایا ئه‌م هه‌موو خوایه‌ی كه ئێمه هه‌مانه هه‌مووی كردووه به یه‌ك خوا‌و ئه‌ڵێ: ته‌نها خوایه‌ك بپه‌رستن [ إِنَّ هَذَا لَشَيْءٌ عُجَابٌ (٥) ] به‌ڕاستی ئه‌مه شتێكی زۆر سه‌یرو سه‌رسوڕهێنه‌ره، (پێیان سه‌یر بوو واز له فره خواپه‌رستى و هاوبه‌شبڕیاردان بێنن و به‌تاك و ته‌نها خواى گه‌وره بپه‌رستن و یه‌كخواپه‌رست بن!)، سه‌ركرده‌و ده‌سه‌ڵاتدارانى قوڕه‌یش چوون بۆ لاى (ئه‌بو تاڵیب) وتیان محمدى برازات - صلی الله علیه وسلم - سوكایه‌تى به خواكانمان ده‌كات بۆ نانێریت به شوێنیداو قه‌ده‌غه‌ى بكه‌یت، ئه‌ویش بانگى كرد‌و وتى: ئه‌ى برازاى خۆم بۆچى قه‌ومه‌كه‌ت گله‌ییت لێده‌كه‌ن؟ پێغه‌مبه‌رى خوا - صلی الله علیه وسلم - فه‌رمووى: ئه‌ى مامه من ته‌نها بانگیان ده‌كه‌م بۆ یه‌ك وشه كه بیڵێن، ئه‌وانیش وتیان: یه‌ك وشه نا ده وشه ده‌ڵێین، چییه؟ فه‌رمووى: بڵێن: (لا إله إلا الله)، هه‌موویان هه‌ستان و رۆیشتن و وتیان هه‌موو خواكانى كردووه به‌یه‌ك خوا‌و داواى په‌رستنى ته‌نها خوایه‌كمان لێده‌كات ئه‌مه زۆر سه‌یرو سه‌رسوڕهێنه‌ره، خواى گه‌وره ئه‌م پێنج ئایه‌ته‌ى دابه‌زاند.
(6) {سه‌ركرده‌و ده‌سه‌لآتداران داوا له خه‌ڵكى ده‌كه‌ن ده‌ستبه‌ردارى خواكانیان نه‌بن!} [ وَانْطَلَقَ الْمَلَأُ مِنْهُمْ ] وه سه‌ركرده‌و ده‌سه‌ڵاتدارو گه‌وره‌كانیان ڕۆیشتن به خه‌ڵكیان وت: [ أَنِ امْشُوا وَاصْبِرُوا عَلَى آلِهَتِكُمْ ] بڕۆن و به‌رده‌وام بن و ئارام بگرن له‌سه‌ر په‌رستنی خواكانتان و به قسه‌ى محمد - صلی الله علیه وسلم - مه‌كه‌ن [ إِنَّ هَذَا لَشَيْءٌ يُرَادُ (٦) ] ئه‌مه شتێكه‌و محمد - صلی الله علیه وسلم - مه‌به‌ستى هه‌یه‌و ئه‌یه‌وێ به‌هۆیه‌وه خۆی بكات به فه‌رمانڕه‌واو ده‌سه‌ڵاتدارو زاڵ بێت به‌سه‌رماندا به هۆی ئه‌م قسانه‌وه.
(7) [ مَا سَمِعْنَا بِهَذَا فِي الْمِلَّةِ الْآخِرَةِ ] ئه‌م شته‌مان نه‌بیستووه له میلله‌تانی پێشتردا وه‌كو قوڕه‌یش، یان گاوره‌كان كه بڵێن: ته‌نها خوایه‌ك بپهرسته، هه‌رچه‌نده ئه‌وان پێشتر دینیان هه‌بووه [ إِنْ هَذَا إِلَّا اخْتِلَاقٌ (٧) ] ئه‌مه ته‌نها درۆ و بوهتانێكه‌و محمد - صلی الله علیه وسلم - هه‌ڵیبه‌ستووه.
(8) [ أَأُنْزِلَ عَلَيْهِ الذِّكْرُ مِنْ بَيْنِنَا ] ئایا له ناو ئێمه‌دا كه ئه‌م هه‌موو پیاوه گه‌وره‌و ناوداره هه‌یه زیكر‌و قورئان و وه‌حی بۆ محمد - صلی الله علیه وسلم - دابه‌زیوه!؟ [ بَلْ هُمْ فِي شَكٍّ مِنْ ذِكْرِي ] به‌ڵكو ئه‌وان به‌رده‌وام له گوماندان له‌و زیكر‌و قورئانه [ بَلْ لَمَّا يَذُوقُوا عَذَابِ (٨) ] له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێشتا سزای خوای گه‌وره‌یان پێ نه‌گه‌یشتووه‌و نه‌چه‌شتووه بۆیه له‌خۆبایی بوونه، با له رۆژى قیامه‌ت فڕێ بدرێنه ناو ئاگرى دۆزه‌خه‌وه ئه‌و كاته سه‌ره‌نجامى ئه‌م كوفر‌و به‌درۆزانینه‌یان ده‌زانن.
(9) [ أَمْ عِنْدَهُمْ خَزَائِنُ رَحْمَةِ رَبِّكَ الْعَزِيزِ الْوَهَّابِ (٩) ] یاخود ئایا كلیلی خه‌زێنه‌كانی ڕه‌حمه‌تی په‌روه‌ردگار كه زۆر به‌عیززه‌ت و به‌خشه‌ره له‌لای ئه‌وانه تا ئه‌وان پێغه‌مبه‌رایه‌تی به هه‌ر كه‌سێك ببه‌خشن كه خۆیان ویستیان لێ بێت.
(10) [ أَمْ لَهُمْ مُلْكُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَمَا بَيْنَهُمَا ] یاخود ئایا موڵكی ئاسمانه‌كان و زه‌وی و ئه‌وه‌ی له نێوانیاندایه به ده‌ست ئه‌وانه تا به ویستی خۆیان بیبه‌خشن [ فَلْيَرْتَقُوا فِي الْأَسْبَابِ (١٠) ] ده‌ی ئه‌گه‌ر ده‌توانن با به‌رز ببنه‌وه بۆ ئاسمانه‌كان تا ئه‌و بڕیارانه بده‌ن.
(11) [ جُنْدٌ مَا هُنَالِكَ مَهْزُومٌ مِنَ الْأَحْزَابِ (١١) ] له‌وێ ئه‌م سه‌ربازو گروپ و كۆمه‌ڵه كافرانه هه‌ر هه‌موویان تێكئه‌شكێن، وه‌كو له غه‌زای به‌در تێك‌شكان.
(12) [ كَذَّبَتْ قَبْلَهُمْ قَوْمُ نُوحٍ وَعَادٌ وَفِرْعَوْنُ ذُو الْأَوْتَادِ (١٢) ] له پێش ئه‌مانیشدا قه‌ومی نوحیش نوح پێغه‌مبه‌ریان - صلی الله علیه وسلم - به‌درۆزانی، وه قه‌ومی عادیش هود پێغه‌مبه‌ریان - صلی الله علیه وسلم - به‌درۆزانی، وه قه‌ومی فیرعه‌ونیش موسى پێغه‌مبه‌ریان - صلی الله علیه وسلم - به‌درۆزانی كه ماڵ و خانوى زۆر پته‌و و جێگیریان هه‌بوو، یاخود له‌به‌ر زۆرى سه‌ربازه‌كانیان خێمه‌ى زۆریان هه‌بووه‌و مێخى زۆریان داكوتاوه، یاخود بۆ سزادانى خه‌ڵكى فیرعه‌ون مێخى داكوتاوه، یاخود مه‌به‌ست پێی ئه‌هرامه‌كانه ئه‌و ئه‌هرامانه‌یان هه‌بووه‌و زۆر به‌هێزیش بوونه‌و خوای گه‌وره له‌ناوی بردن.
(13) [ وَثَمُودُ ] وه قه‌ومی ثهمودیش صاڵح پێغه‌مبه‌ریان - صلی الله علیه وسلم - به‌درۆزانی [ وَقَوْمُ لُوطٍ ] قه‌ومی لوطيش لوط پێغه‌مبه‌ریان - صلی الله علیه وسلم - به‌درۆزانی [ وَأَصْحَابُ الْأَيْكَةِ ] وه خاوه‌نی داره‌كان ئه‌وانه‌ی كه دارێكی زۆریان هه‌بوو له كه‌ناری ده‌ریاوه تا (مه‌دیه‌ن) شوعه‌یب پێغه‌مبه‌ریان - صلی الله علیه وسلم - به درۆزانى [ أُولَئِكَ الْأَحْزَابُ (١٣) ] ئا ئه‌مانه هه‌موویان حیزبه‌كانن و له ئێوه به‌هێزترو ده‌وڵه‌مه‌ندتر بوونه خواى گه‌وره له‌ناوى بردن و سه‌روه‌ت و سامان و ده‌سه‌ڵات و سه‌رباز له سزاى خواى گه‌وره رزگارى نه‌كردن.
(14) [ إِنْ كُلٌّ إِلَّا كَذَّبَ الرُّسُلَ ] هه‌ر یه‌ك له‌مانه پێغه‌مبه‌رانی خۆیان به درۆزانی [ فَحَقَّ عِقَابِ (١٤) ] بۆیه سزای خوای گه‌وره به‌سه‌ریاندا جێبه‌جێ بوو، وه شایه‌نی سزای خوای گه‌وره بوون.
(15) [ وَمَا يَنْظُرُ هَؤُلَاءِ إِلَّا صَيْحَةً وَاحِدَةً ] وه ئه‌م كافرانه چاوه‌ڕێی هیچ شتێك ناكه‌ن ته‌نها قیامه‌ت نه‌بێت كه له‌ناكاودا دێت و ته‌نها یه‌ك ده‌نگێكه كاتێك كه ئیسرافیل فوو ئه‌كات به كه‌ڕه‌نادا [ مَا لَهَا مِنْ فَوَاقٍ (١٥) ] گه‌ڕانه‌وه‌ى نیه، یان به (فُوَاق) ده‌خوێنرێته‌وه، واته: كاتێكی وایه ئه‌وه‌نده‌ی كه حوشترێك بدۆشیت به‌وه‌نده كۆتایی به هه‌موو شتێك دێت.
(16) [ وَقَالُوا رَبَّنَا عَجِّلْ لَنَا قِطَّنَا قَبْلَ يَوْمِ الْحِسَابِ (١٦) ] كافران به گاڵته‌پێكردنه‌وه داواى پێشخستنى سزایان دهكردو وتیان: ئه‌ی په‌روه‌ردگار به‌ش و پشكى خۆمان سزامان بده له دونیادا‌و دوای مه‌خه بۆ ڕۆژی قیامه‌ت بۆ ڕۆژی لێپرسینه‌وه، یان وتیان ئه‌گه‌ر به‌هه‌شت هه‌یه له دونیا به‌ش و پشكى خۆمان پێببه‌خشه‌و دواى مه‌خه بۆ قیامه‌ت.
(17) [ اصْبِرْ عَلَى مَا يَقُولُونَ ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - تۆ ئارام بگره له‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو قسانه‌ی كه ئه‌یكه‌ن {شاخ و باڵنده له‌گه‌ڵ داود پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - زیكرى خوا ده‌كه‌ن!} [ وَاذْكُرْ عَبْدَنَا دَاوُودَ ] وه تۆ یادی به‌نده‌ی ئێمه داود پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - بكه [ ذَا الْأَيْدِ ] كه زۆر به‌هێز بوو له زانست و زانیارى و په‌رستن و كرده‌وه‌ى چاك و جه‌نگدا، كه زۆر شه‌ونوێژى دهكردو رۆژنارۆژێك به‌رۆژوو ده‌بوو، وه له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌دا هه‌ڵناهات و رایناكرد [ إِنَّهُ أَوَّابٌ (١٧) ] وه ئه‌و زۆر كه‌سێكی گه‌ڕاوه بوو بۆ لای خوای گه‌وره له هه‌موو كاروبارێكیدا.
(18) [ إِنَّا سَخَّرْنَا الْجِبَالَ مَعَهُ يُسَبِّحْنَ بِالْعَشِيِّ وَالْإِشْرَاقِ (١٨) ] ئێمه شاخه‌كانمان ژێربار كردبوو له‌گه‌ڵیدا ته‌سبیحاتی خوای گه‌وره‌یان ئه‌كرد به ئێواران و به‌یانیان.
(19) [ وَالطَّيْرَ مَحْشُورَةً كُلٌّ لَهُ أَوَّابٌ (١٩) ] وه كه زه‌بورى بخوێندایه ئه‌وه‌نده ده‌نگى خۆش بوو باڵنده‌كانیش له ئاسمان هه‌ر هه‌موویان كۆ ئه‌بوونه‌وه‌و له‌گه‌ڵیدا ته‌سبیحاتی خوای گه‌وره‌یان ئه‌كردو هه‌موویان ئه‌گه‌ڕانه‌وه بۆ لای خوای گه‌وره‌و گوێڕایه‌ڵى ده‌بوون.
(20) [ وَشَدَدْنَا مُلْكَهُ ] وه موڵكه‌كه‌یشیمان زۆر به‌هێز كرد‌و موڵكێكى ته‌واومان پێبه‌خشى ئه‌وه‌ى كه پاشا‌كان پێویستیان بێت، وه سه‌رمان خست به‌سه‌ر دوژمن‌دا [ وَآتَيْنَاهُ الْحِكْمَةَ ] وه حیكمه‌ت و دانایی و كاربه‌جێی و تێگه‌یشتن و دادپه‌روه‌ری و پێغه‌مبه‌رایه‌تیمان پێ به‌خشی [ وَفَصْلَ الْخِطَابِ (٢٠) ] وه یه‌كلا كردنه‌وه‌مان پێ به‌خشى له قسه كردن و بڕیاردان و قه‌زادا كه به جوانی یه‌كلای ئه‌كرده‌وه به بوونى دوو شایه‌ت له‌سه‌ر تۆمه‌تبار، وه كه نه‌بوو ئه‌وا به سوێند خواردنى تۆمه‌تباره‌كه، وه‌كو شه‌ریعه‌تى خۆمان
(21) {به‌سه‌رهاتى داود پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - و دوو كه‌سه دژ به‌یه‌كه‌كه} [ وَهَلْ أَتَاكَ نَبَأُ الْخَصْمِ إِذْ تَسَوَّرُوا الْمِحْرَابَ (٢١) ] ئه‌ى محمد - صلی الله علیه وسلم - ئایا هه‌واڵی ئه‌و دوو كه‌سه‌ت بۆ هاتووه كاتێك كه دژ به‌یه‌ك بوون و له میحراب و دیواره‌كه په‌ڕینه‌وه‌و هاتنه ئه‌م دیو و هاتنه ژووره‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی له ده‌رگا بده‌ن، (به شوێنى نوێژ كردنى ئیمام ده‌وترێت: میحراب، واته: شه‌ڕگه، چونكه شوێنى شه‌ڕ كردنه له‌گه‌ڵ شه‌یتان) .
(22) [ إِذْ دَخَلُوا عَلَى دَاوُودَ ] كاتێك خۆیان كرده ژووره‌وه بۆ لای داود پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - [ فَفَزِعَ مِنْهُمْ ] داود پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - لێیان ترسا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له ده‌رگاوه نه‌هاتنه ژووره‌وه [ قَالُوا لَا تَخَفْ ] وتیان: مه‌ترسێ [ خَصْمَانِ بَغَى بَعْضُنَا عَلَى بَعْضٍ ] ئێمه دوو كه‌سین دژبه‌یه‌كین كێشه‌مان هه‌یه‌و یه‌كێكمان سته‌می له‌وه‌ی تر كردووه [ فَاحْكُمْ بَيْنَنَا بِالْحَقِّ ] تۆ به حه‌ق و دادپه‌روه‌ری بڕیار له نێوانماندا بده [ وَلَا تُشْطِطْ ] وه سته‌م مه‌كه له بڕیاردانتدا [ وَاهْدِنَا إِلَى سَوَاءِ الصِّرَاطِ (٢٢) ] وه ڕێنماییمان بكه بۆ ڕێگای ڕاست.
(23) [ إِنَّ هَذَا أَخِي لَهُ تِسْعٌ وَتِسْعُونَ نَعْجَةً ] ئه‌مه برامه نه‌وه‌دو نۆ مه‌ڕی هه‌یه [ وَلِيَ نَعْجَةٌ وَاحِدَةٌ ] وه منیش ته‌نها یه‌ك مه‌ڕێكم هه‌یه [ فَقَالَ أَكْفِلْنِيهَا ] داوای ئه‌و مه‌ڕه‌یش له من ده‌كات و ئه‌ڵێ: بیده به من [ وَعَزَّنِي فِي الْخِطَابِ (٢٣) ] وه زاڵ بوو به‌سه‌رمدا له قسه‌كردندا.
(24) [ قَالَ لَقَدْ ظَلَمَكَ بِسُؤَالِ نَعْجَتِكَ إِلَى نِعَاجِهِ ] داود پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - یه‌كسه‌ر بڕیاری دا‌و فه‌رمووی: به‌ڕاستی سته‌می لێ كردوویت كه داوای مه‌ڕه‌كه‌ى تۆ ئه‌كات و ده‌یه‌وێت بیكاته لای ئه‌وانه‌ی خۆی و لێت بسه‌نێت [ وَإِنَّ كَثِيرًا مِنَ الْخُلَطَاءِ لَيَبْغِي بَعْضُهُمْ عَلَى بَعْضٍ ] وه زۆرێكیش له‌وانه‌ی كه شه‌ریكن هه‌ندێكیان سته‌م له هه‌ندێكیان ده‌كه‌ن [ إِلَّا الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ وَقَلِيلٌ مَا هُمْ ] ته‌نها ئه‌وانه نه‌بێت كه ئیمانیان هێناوه‌و كرده‌وه‌ی چاكیان كردووه كه ئه‌وانیش كه‌من [ وَظَنَّ دَاوُودُ أَنَّمَا فَتَنَّاهُ ] وه داود پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - دڵنیا بوو وه زانی كه ئێمه تاقیمان كرده‌وه [ فَاسْتَغْفَرَ رَبَّهُ ] بۆیه داوای لێخۆشبوونی له خوای گه‌وره كرد [ وَخَرَّ رَاكِعًا وَأَنَابَ (٢٤) ] وه چووه ركوع و سجودو كڕنوشی بۆ خوای گه‌وره برد‌و گه‌ڕایه‌وه بۆ لای و داوای لێخۆشبوونی لێ‌كرد، پێغه‌مبه‌رى خوا - صلی الله علیه وسلم - له‌سه‌ر مینبه‌ر سوره‌تى (ص) ى خوێند گه‌یشته ئه‌م ئایه‌ته دابه‌زى و سوجده‌ى برد‌و هاوه‌ڵانیش سوجده‌یان له‌گه‌ڵدا برد، به‌ڵام ئه‌و چیرۆكه‌ی كه باسكراوه كه گوایه داود پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - وه‌زیرێكی هه‌بووه خێزانه‌كه‌ی به ڕووتی بینیوه‌و حه‌زی لێ كردووه‌و پاشان وه‌زیره‌كه‌ی ناردووه بۆ جه‌نگ و كوژراوه‌و خێزانه‌كه‌ی ماره كردووه، خوای گه‌وره ئه‌و دوو مه‌لائیكه‌ته‌ى ناردووه و داود پێغه‌مبه‌رى - صلی الله علیه وسلم - تاقیكردۆته‌وه‌و دواتر زانیوێتی و ته‌وبه‌ی كردووه، ئه‌مه (ئیسرائیلیاته) و هیچ بنچینه‌و بنه‌مایه‌كى نیه‌و صه‌حیح و ڕاست نیه، نه‌ك پێغه‌مبه‌رانی خوای گه‌وره به‌ڵكو باوه‌ڕدارێكی ڕاسته‌قینه كاری وای لێ ناوه‌شێته‌وه چ جای پێغه‌مبه‌رێك له پێغه‌مبه‌ران، به‌ڵكو هه‌ر دوو كه‌س بوونه‌و ئه‌و كێشه‌یه‌یان هه‌بووه، وه هه‌ڵه‌كه‌ی داود پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - ئه‌وه بووه كه به‌بێ ئه‌وه‌ی گوێ له‌وه‌ی تر بگرێت یه‌كسه‌ر وتی: زوڵم و سته‌می لێ كردوویت، با ئه‌و نه‌وه‌دو نۆ مه‌ڕیشی هه‌بێت و ئه‌م یه‌ك مه‌ڕی هه‌بێت له‌وانه‌یه ئه‌وه‌ى یه‌ك مه‌ڕه‌كه‌ى هه‌یه زوڵمی كردبێت و زوڵم و سته‌م به زۆر‌و كه‌مى نیه، نه‌ئه‌بوایه بڕیاری بدایه تا گوێى له‌وه‌ى تریش ده‌گرت، وه له شه‌ریعه‌تى خۆیشمان هه‌روایه نابێت قازى و دادوه‌ر بڕیار بدات تا گوێ له هه‌ردوو لا ده‌گرێت، ئه‌مه ته‌فسیرى ڕاست و دروسته بۆ ئایه‌ته‌كه.
(25) [ فَغَفَرْنَا لَهُ ذَلِكَ ] ئێمه‌ش لێی خۆش بووین له‌و بڕیاره په‌له‌یه‌ی كه دای [ وَإِنَّ لَهُ عِنْدَنَا لَزُلْفَى وَحُسْنَ مَآبٍ (٢٥) ] وه له رۆژى قیامه‌ت داود پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - له‌لای ئێمه نزیكی و ڕێز‌و لێخۆشبوونی بۆ هه‌یه، وه گه‌ڕانه‌وه‌ی باشیشی بۆ هه‌یه كه پله به‌رزه‌كانى به‌هه‌شته.
(26) [ يَا دَاوُودُ إِنَّا جَعَلْنَاكَ خَلِيفَةً فِي الْأَرْضِ ] ئه‌ی داود پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - ئێمه تۆمان كردووه به جێ‌نشین له‌سه‌ر زه‌ویدا [ فَاحْكُمْ بَيْنَ النَّاسِ بِالْحَقِّ ] تۆ بڕیار له نێوان خه‌ڵكیدا بده به دادپه‌روه‌ری [ وَلَا تَتَّبِعِ الْهَوَى فَيُضِلَّكَ عَنْ سَبِيلِ اللَّهِ ] وه شوێن هه‌واو ئاره‌زوو نه‌كه‌وی له بڕیاردان له نێوان خه‌ڵكیدا چونكه گومڕات ئه‌كه‌ن و له ڕێگای ڕاستی خوای گه‌وره لات ئه‌ده‌ن، یان له ڕێگای به‌هه‌شت لات ئه‌ده‌ن [ إِنَّ الَّذِينَ يَضِلُّونَ عَنْ سَبِيلِ اللَّهِ ] ئه‌و كه‌سانه‌ی له ڕێگای ڕاستی خوای گه‌وره لائه‌ده‌ن [ لَهُمْ عَذَابٌ شَدِيدٌ بِمَا نَسُوا يَوْمَ الْحِسَابِ (٢٦) ] به دڵنیایی ئه‌وانه سزایه‌كی زۆر به ئێش و ئازاریان بۆ هه‌یه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕۆژی لێپرسینه‌وه‌یان له‌بیر كردووه.
(27) [ وَمَا خَلَقْنَا السَّمَاءَ وَالْأَرْضَ وَمَا بَيْنَهُمَا بَاطِلًا ] وه ئێمه ئاسمانه‌كان و زه‌وی و ئه‌وه‌ی له نێوانیاندایه به‌بێهوده‌و بێ حیكمه‌ت دروستمان نه‌كردوون [ ذَلِكَ ظَنُّ الَّذِينَ كَفَرُوا ] ئه‌مه گومانی كافرانه كه وائه‌زانن هه‌روا به‌بێ حیكمه‌ت دروستكراوه [ فَوَيْلٌ لِلَّذِينَ كَفَرُوا مِنَ النَّارِ (٢٧) ] وه هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌خت و ئاگری دۆزه‌خ بۆ ئه‌و كافرانه.
(28) {چاكه‌كاران و خراپه‌كاران یه‌كسان نین} [ أَمْ نَجْعَلُ الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ كَالْمُفْسِدِينَ فِي الْأَرْضِ ] یاخود ئایا ئێمه ئه‌وانه‌ی كه باوه‌ڕیان هێناوه‌و كرده‌وه‌ی چاكیان كردووه وه‌ك ئه‌و كه‌سانه‌یان دائه‌نێین كه ئاشووب ئه‌گێڕن له‌سه‌ر زه‌ویدا [ أَمْ نَجْعَلُ الْمُتَّقِينَ كَالْفُجَّارِ (٢٨) ] یاخود ئه‌وانه‌ی كه ته‌قوای خوای گه‌وره ئه‌كه‌ن وه‌كو خراپه‌كارانیان دائه‌نێین، نه‌خێر ئه‌مه شتێكی نا دادپه‌روه‌ریه‌و له خوای گه‌وره ناوه‌شێته‌وه، به‌ڵكو رۆژى قیامه‌ت هه‌یه‌و له‌وێ هه‌موو كه‌س پاداشت یان سزاى دادپه‌روه‌رانه وه‌رده‌گرێت.
(29) [ كِتَابٌ أَنْزَلْنَاهُ إِلَيْكَ مُبَارَكٌ ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - ئه‌م قورئانه پیرۆز‌و پڕ خێر‌و به‌ره‌كه‌ته كتابێكه بۆ تۆمان دابه‌زاندووه [ لِيَدَّبَّرُوا آيَاتِهِ ] بۆ ئه‌وه‌ی له ئایه‌ته‌كانی تێبگه‌ن و تێبفكرن و بیربكه‌نه‌وه [ وَلِيَتَذَكَّرَ أُولُو الْأَلْبَابِ (٢٩) ] وه ئه‌وانه‌یشی كه خاوه‌ن عه‌قڵ و ژیرین تا یادبكه‌نه‌وه‌و په‌ندو ئامۆژگاری وه‌ربگرن.
(30) {سوله‌یمان پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - و ئه‌سپه‌كانى} [ وَوَهَبْنَا لِدَاوُودَ سُلَيْمَانَ ] وه ئێمه سوله‌یمان پێغه‌مبه‌رمان به داود پێغه‌مبه‌ر به‌خشی (عَلَيْهِمَا الصَّلَاةُ وَالسَّلَامُ) [ نِعْمَ الْعَبْدُ إِنَّهُ أَوَّابٌ (٣٠) ] كه سوله‌یمان پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - باشترین به‌نده بووه، وه زۆر بۆ لای خوای گه‌وره ئه‌گه‌ڕایه‌وه.
(31) [ إِذْ عُرِضَ عَلَيْهِ بِالْعَشِيِّ الصَّافِنَاتُ الْجِيَادُ (٣١) ] كاتێك كه سوله‌یمان پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - ئه‌سپی یه‌كجار زۆری هه‌بوو كه باڵیان هه‌بووه، (صافینات) واته: ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر سێ پێ ڕائه‌وه‌ستن وه پێیه‌كیان به‌رز كردۆته‌وه، كه ئه‌سپه‌كانی وا بوونه، (جیاد)یش واته: ئه‌سپه‌كانی زۆر خێرا بوون له پێشیه‌وه ئه‌ڕۆیشتن بۆ جیهاد كردن وه‌كو مانۆڕی سه‌ربازی.
(32) [ فَقَالَ إِنِّي أَحْبَبْتُ حُبَّ الْخَيْرِ عَنْ ذِكْرِ رَبِّي ] ئه‌م ئه‌سپانه كه له پێشێوه ئه‌ڕۆیشتن زۆر خۆشى ده‌ویستن، وتی: سه‌رقاڵیان كردم له زیكری خوا، وتراوه: له نوێژی عه‌صر [ حَتَّى تَوَارَتْ بِالْحِجَابِ (٣٢) ] تا خۆره‌كه ئاوابوو خۆر دیار نه‌ما، یاخود تا ئه‌سپه‌كان دیار نه‌مان و دووركه‌وتنه‌وه هه‌ر ئه‌م ته‌ماشای ده‌كردن.
(33) [ رُدُّوهَا عَلَيَّ ] وتی: ئه‌سپه‌كانم بۆ بگه‌ڕێننه‌وه [ فَطَفِقَ مَسْحًا بِالسُّوقِ وَالْأَعْنَاقِ (٣٣) ] وتراوه: به شمشێر ئه‌یدا له قاچ و گه‌رده‌نیان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌سپانه سه‌رقاڵی كرد له زیكری خوای گه‌وره‌و له نوێژ كردن، به‌ڵام ئه‌و بۆچوونه‌ش ته‌واو نیه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌سپه‌كان تاوانیان نه‌بووه‌و ئه‌وه سته‌مه‌و سته‌میش له پێغه‌مبه‌ران ناوه‌شێته‌وه، به‌ڵكو (مَسْحًا بِالسُّوقِ وَالْأَعْنَاقِ) له خۆشه‌ویستیان ده‌ستی ئه‌هێنا به قاچ و مل و سه‌ریاندا نه‌ك بیانكوژێت و سزایان بدات ئه‌وان چ تاوانێكیان هه‌بووه.
(34) {تاقیكردنه‌وه‌ى سوله‌یمان پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم -} [ وَلَقَدْ فَتَنَّا سُلَيْمَانَ ] وه به دڵنیایى ئێمه سوله‌یمانمان - صلی الله علیه وسلم - تاقیكرده‌وه [ وَأَلْقَيْنَا عَلَى كُرْسِيِّهِ جَسَدًا ] وه لاشه‌یه‌كمان فڕێ دایه سه‌ر كورسیه‌كه‌ی پاشان گه‌ڕایه‌وه بۆ لای خوای گه‌وره‌و ته‌وبه‌ی كرد، لێره‌ش دیسان (ئیسرائیلیات) هه‌یه كه دوور‌و درێژه نامانه‌وێ باسی بكه‌ین، به‌ڵام گوایه شه‌یتانێك هه‌بووه هاتووه‌و مستیله‌كه‌ی سوله‌یمان پێغه‌مبه‌رى - صلی الله علیه وسلم - بردووه‌و خۆى كردۆته سه‌ر شێوه‌ى سوله‌یمان پێغه‌مبه‌رو - صلی الله علیه وسلم - چۆته جێی ئه‌و له‌كاتى سوڕى مانگانه‌یشدا چۆته لاى خێزانه‌كانى، ئه‌وانه هه‌مووی (ئیسرائیلیات)هو ئه‌سڵی نیه‌و شه‌یتان له خه‌ویشدا ناتوانێت خۆی بخاته سه‌ر شێوه‌ى پێغه‌مبه‌ران چ جاى له حه‌قیقه‌ت و ژیاندا، وه ئه‌گه‌ر وا بێت ئه‌وا پێغه‌مبه‌رایه‌تى و وه‌حى و په‌یام و دین هیچ مانایه‌كى نامێنێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی كه صه‌حیحه ئه‌وه‌یه كه وتی: ئه‌مشه‌و ئه‌بێ بچمه لای نه‌وه‌د خێزان هه‌ر یه‌كێكیان منداڵێك بێنێت و له پێناو خوای گه‌وره‌دا جیهاد بكات، نه‌یووت: (إن شا‌ء الله)، له هه‌ر نه‌وه‌دیاندا یه‌ك ئافره‌تێكیان منداڵی بوو كه نیو منداڵی بوو ئه‌وه جه‌سه‌ده‌كه‌یه (جَسَدًا) ئه‌و نیو منداڵه‌یه [ ثُمَّ أَنَابَ (٣٤) ] پاشان گه‌ڕایه‌وه بۆ لای خوای گه‌وره‌و ته‌وبه‌ی كرد له‌و شته.
(35) [ قَالَ رَبِّ اغْفِرْ لِي وَهَبْ لِي مُلْكًا لَا يَنْبَغِي لِأَحَدٍ مِنْ بَعْدِي ] وتی: ئه‌ی خوای گه‌وره لێم خۆشبه وه موڵكێكم پێ ببه‌خشه كه تایبه‌ت بێت به من و له دوای من بۆ هیچ كه‌سێك نه‌بێت، ئه‌وه بوو كه خوای گه‌وره جنی و شه‌یتانه‌كانی موسه‌خه‌رو ژێربار كردبوو له ژێر ده‌ستیدا بوون، (ئه‌بو ده‌رداء) ده‌فه‌رمێت: پێغه‌مبه‌رى خوا - صلی الله علیه وسلم - نوێژى ده‌كرد بیستمان سێ جار فه‌رمووى: په‌نا ده‌گرم به خوا لێت، پاشان فه‌رمووى: نه‌فره‌تى خوات لێبێت، وه ده‌ستى درێژ كرد وه‌كو ئه‌وه‌ى شتێك بگرێت، كه نوێژه‌كه‌ى ته‌واو كرد وتمان ئه‌ى پێغه‌مبه‌رى خوا - صلی الله علیه وسلم - شتێكمان لێت بیست كه پێشتر نه‌مانبیستبوو، وه ده‌ستت درێژ كرد، فه‌رمووى: ئیبلیسى دوژمنى خوا پشكۆیه‌ك ئاگرى هێنا به‌ره‌و رووم، منیش سێ جار وتم: په‌نا ده‌گرم به خواى گه‌وره لێت، پاشان سێ جار وتم: نه‌فره‌تى خواى گه‌وره‌ت لێبێت، هه‌ر نه‌گه‌ڕایه‌وه، پاشان ویستم بیخنكێنم تا هه‌ستم به ته‌ڕى لیكى ده‌مى كرد له‌سه‌ر ده‌ستم، وه سوێند به خواى گه‌وره ئه‌گه‌ر له‌به‌ر دوعاكه‌ى سوله‌یمان پێغه‌مبه‌رى - صلی الله علیه وسلم - برام نه‌بوایه ده‌بوایه به كۆڵه‌گه‌كانى مزگه‌وته‌وه بمبه‌ستایه‌ته‌وه‌و منداڵى مه‌دینه یاریان پێ بكردایه [ إِنَّكَ أَنْتَ الْوَهَّابُ (٣٥) ] هه‌ر تۆ خوایه‌كی كه ئه‌به‌خشیت و زۆر به‌خشه‌ری.
(36) {با و شه‌یتانه‌كان بۆ سوله‌یمان پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - ژێربار كرابوون!} [ فَسَخَّرْنَا لَهُ الرِّيحَ تَجْرِي بِأَمْرِهِ ] وه (با)یشمان بۆ سوله‌یمان پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - ژێربار كردبوو به فه‌رمانی ئه‌و با ئه‌ڕۆیشت [ رُخَاءً حَيْثُ أَصَابَ (٣٦) ] ئه‌و بایه بایه‌كی نه‌رم بوو وه‌كو گه‌رده‌لول نه‌بوو وه زۆر خێراش بووه وه بۆ هه‌ر شوێنێك كه بیوستایه ئه‌ینارد، له رۆژێكدا ماوه‌ى دوو مانگ رێى ده‌بڕى.
(37) [ وَالشَّيَاطِينَ كُلَّ بَنَّاءٍ وَغَوَّاصٍ (٣٧) ] وه شه‌یتانه‌كانیش له ژێر ده‌ستیدا بوون و به فه‌رمانی ئه‌و ئیشیان ئه‌كرد هه‌یان بووه خانوو و بیناو میحراب و قاپ و مه‌نجه‌ڵى گه‌وره‌و ئه‌و شتانه‌ی دروست ئه‌كرد كه له تواناى مرۆڤدا نه‌بووه، وه هه‌شیان بووه ده‌ریاوان بووه ئه‌چوونه ناو ده‌ریاوه خشڵ و زێڕو زیو و ئه‌و شتانه‌ی له ده‌ریا بووه ده‌ریان كردووه‌و بۆ سوله‌یمان پێغه‌مبه‌ریان - صلی الله علیه وسلم - هێناوه.
(38) [ وَآخَرِينَ مُقَرَّنِينَ فِي الْأَصْفَادِ (٣٨) ] وه هه‌ندێكیش له شه‌یتان و جنیه‌كان كۆت و زنجیر كرابوون ئه‌وانه‌ی كه به قسه‌یان نه‌كردایه‌و كاریان نهكردایا، یان ئیشه‌كانیان به جوانی جێبه‌جێ نه‌كردایه.
(39) [ هَذَا عَطَاؤُنَا فَامْنُنْ ] ئه‌مه به‌خشینی ئێمه‌یه تۆیش به كێی ئه‌به‌خشی بیبه‌خشه [ أَوْ أَمْسِكْ ] یان به كێی نابه‌خشی مه‌یبه‌خشه خۆت سه‌رپشكى [ بِغَيْرِ حِسَابٍ (٣٩) ] به‌بێ لێپرسینه‌وه لێپرسینه‌وه‌ت له‌سه‌ر نیه.
(40) [ وَإِنَّ لَهُ عِنْدَنَا لَزُلْفَى وَحُسْنَ مَآبٍ (٤٠) ] وه ئه‌میش له ئێمه نزیكه وه ڕێزی لێ ئه‌گرین وه باشترین گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ هه‌یه كه پله به‌رزه‌كانى به‌هه‌شته.
(41) {نه‌خۆشكه‌وتنى ئه‌یوب پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم -} [ وَاذْكُرْ عَبْدَنَا أَيُّوبَ إِذْ نَادَى رَبَّهُ ] ئه‌ى محمد - صلی الله علیه وسلم - وه تۆ یادی ئه‌یوب پێغه‌مبه‌ریش - صلی الله علیه وسلم - بكه كاتێك بانگی له په‌روه‌ردگارى كرد‌و لێی پاڕایه‌وه [ أَنِّي مَسَّنِيَ الشَّيْطَانُ بِنُصْبٍ وَعَذَابٍ (٤١) ] وتى: من شه‌یتان تووشی ماندووێتی و سزای كردووم به‌هۆی نه‌خۆشی و ئه‌و شتانه‌وه، كه گه‌ڕاندیه‌وه بۆ شه‌یتان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شه‌یتان هۆكار بووه، ئه‌ووترێ: شه‌یتان وای لێ كردووه به‌خۆی سه‌رسام بێت خوای گه‌وره نه‌خۆشی خستووه، لێره‌ش دیسان له‌م چیرۆكه‌ش (ئیسرائیلیات) هه‌یه كه گوایه هه‌موو له‌شی بۆته برین ته‌نها دڵى نه‌بێت و بێ‌زیان لێ كردۆته‌وه‌و كه‌سوكاری فڕێیان داوه‌ته سه‌ر زبڵدان ئه‌مانه‌ش به‌هه‌مان شێوه هیچى ڕاست نیه.
(42) {خواى گه‌وره شیفاى ئه‌یوب پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - ده‌دات} [ ارْكُضْ بِرِجْلِكَ هَذَا مُغْتَسَلٌ بَارِدٌ وَشَرَابٌ (٤٢) ] خوای گه‌وره فه‌رمووی: به پێیه‌كانت ڕابكه‌و بیده به زه‌ویدا ئه‌میش واى كرد‌و ئاوێكى بۆ هه‌ڵقوڵاندو فه‌رمووى: به‌ناو ئه‌م ئاوه‌دا بڕۆ و خۆتى پێ بشۆره ئه‌مه ئاوێكی سارد‌و سازگاره وه خواردنه‌وه‌یشه‌و دواتر لێشی بخۆره‌وه به‌وه چاك ئه‌بیته‌وه یه‌كسه‌ر چاك بووه‌وه له‌و نه‌خۆشیه كه هه‌ژده ساڵ نه‌خۆش بووه، پێغه‌مبه‌رى خوا - صلی الله علیه وسلم - ده‌فه‌رمێت: ( كه خۆى شوشت خۆى رووت كرده‌وه خواى گه‌وره كولله‌ى له ئاڵتوون بۆ باراند ئه‌یوبیش - صلی الله علیه وسلم - ده‌یكرده ناو پۆشاكه‌كه‌یه‌وه، وه كێڵگهیهكى گه‌نم و كێڵگهیهكى جۆى هه‌بووه، خواى گه‌وره دوو هه‌ورى ناردووه یه‌كێكیان ئاڵتوونى باراندۆته سه‌ر گه‌نمه‌كه تا له زۆری‌دا لێى رۆیشتووه وه‌كو باران، وه ئه‌وه‌ى تر زیوى باراندۆته سه‌ر جۆیه‌كه تا له زۆری‌دا لێى رۆیشتووه وه‌كو باران).
(43) [ وَوَهَبْنَا لَهُ أَهْلَهُ ] وه كه‌سوكاریشیمان بۆ گێڕایه‌وه، ئه‌ووترێ: مردوونه خوای گه‌وره زیندووی كردونه‌ته‌وه، یاخود كۆی كردونه‌ته‌وه له دوای ئه‌وه‌ی بڵاو بوونه‌ته‌وه [ وَمِثْلَهُمْ مَعَهُمْ ] وه هاوشێوه‌ی ئه‌وانه‌یشى له‌گه‌ڵیاندا پێ به‌خشیوه [ رَحْمَةً مِنَّا ] وه‌كو ڕه‌حمه‌تێك له خوای گه‌وره‌وه به‌هۆى ئارامگرتن و سوپاسگوزارى و رازى بوونى [ وَذِكْرَى لِأُولِي الْأَلْبَابِ (٤٣) ] وه وه‌كو یادخستنه‌وه‌یه‌كیش بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه خاوه‌ن عه‌قڵ و ژیرین كه بزانن سه‌ره‌نجامى ئارامگرتن خۆشگوزه‌رانى و ده‌روى خێر‌و بردنه‌وه‌یه.
(44) [ وَخُذْ بِيَدِكَ ضِغْثًا ] ئه‌ووترێ: ئه‌یوب - صلی الله علیه وسلم - خێزانه‌كه‌ی قژی درێژ بووه قژه‌كه‌ی بڕیوه‌و فرۆشتوویه‌تی و نانی بۆی كڕیوه له‌وه لێی تووڕه بووه‌و سوێندی خواردووه كه چاك ببمه‌وه ده‌بێت لێت بده‌م، بۆ ئه‌وه‌ی سوێنده‌كه‌ی نه‌كه‌وێ و خێزانه‌كه‌یشى له به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو چاكه‌و وه‌فاو خزمه‌ت كردن و ره‌حم و سۆزه‌ى لێى نه‌درێت خوای گه‌وره فه‌رمووی: هه‌ندێك پووش یان په‌له دار خورمایه بگره به‌ده‌سته‌وه‌و [ فَاضْرِبْ بِهِ وَلَا تَحْنَثْ ] به‌و شێوازه لێی بده بۆ ئه‌وه‌ی سوێنده‌كه‌ت نه‌شكێت و ئه‌ویش ئێش و ئازاری پێ نه‌گات، (كه‌فاره‌ت له شه‌ریعه‌تى ئه‌واندا نه‌بووه بۆیه كه‌فاره‌تى سوێنده‌كه‌ى نه‌داوه‌و جێبه‌جێى كردووه به‌ڵام خواى گه‌وره بۆى ئاسان كردووه) [ إِنَّا وَجَدْنَاهُ صَابِرًا ] ئێمه بینیمان ئه‌یوب - صلی الله علیه وسلم - كه‌سێكی زۆر ئارامگر بوو [ نِعْمَ الْعَبْدُ إِنَّهُ أَوَّابٌ (٤٤) ] باشترین به‌نده بوو وه زۆر بۆ لای خوای گه‌وره ئه‌گه‌ڕایه‌وه .
(45) [ وَاذْكُرْ عِبَادَنَا إِبْرَاهِيمَ وَإِسْحَاقَ وَيَعْقُوبَ أُولِي الْأَيْدِي وَالْأَبْصَارِ (٤٥) ] وه تۆ یادی ئه‌م به‌ندانه‌ی ئێمه بكه‌وه ئیبراهیم و ئیسحاق و یه‌عقوب كه ئه‌مانه ده‌ستێكى باڵایان هه‌بووه له كرده‌وه‌ى چاك و په‌رستندا، وه چاكه‌ى زۆریان هه‌بوو به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه، وه خاوه‌ن بینایى بوونه‌و حه‌قبین بوونه‌و زانیارى و شاره‌زاییان هه‌بووه له دیندا.
(46) [ إِنَّا أَخْلَصْنَاهُمْ بِخَالِصَةٍ ذِكْرَى الدَّارِ (٤٦) ] وه ئه‌مانمان تایبه‌ت كردووه به‌وه‌ی كه بیریان لای دونیا نه‌بووه به‌ڵكو تایبه‌ت یادی قیامه‌تیان كردۆته‌وه‌و كاریان بۆ قیامه‌ت كردووه‌و خۆشه‌ویستى دونیامان له دڵیان ده‌ركردووه‌و خۆشه‌ویستى قیامه‌ت و به‌هه‌شتمان خستۆته دڵیانه‌وه.
(47) [ وَإِنَّهُمْ عِنْدَنَا لَمِنَ الْمُصْطَفَيْنَ الْأَخْيَارِ (٤٧) ] وه ئه‌مان له‌لای ئێمه له‌و كه‌سانه بوونه كه له‌ناو چاكه‌كاراندا هه‌ڵمانبژاردوون و چاكه‌كار بوونه.
(48) [ وَاذْكُرْ إِسْمَاعِيلَ وَالْيَسَعَ ] وه یادی ئیسماعیل و (یه‌سه‌ع) بكه‌وه، كه وتراوه: (خضر) بووه، یاخود هاوڕێی (ئیلیاس) بووه [ وَذَا الْكِفْلِ ] وه یادی (ذا الكفل)یش بكه كه پیاوێكی چاك بووه له به‌نی ئیسرائیل، وه وتراوه: پێغه‌مبه‌ر بووه [ وَكُلٌّ مِنَ الْأَخْيَارِ (٤٨) ] ئه‌مانه هه‌موویان له پیاوچاكان بوونه.
(49) [ هَذَا ذِكْرٌ ] ئه‌مانه هه‌مووی یادخستنهوهیهكهو یادی تۆی ئه‌خه‌ینه‌وه [ وَإِنَّ لِلْمُتَّقِينَ لَحُسْنَ مَآبٍ (٤٩) ] وه ئه‌وانه‌یشی كه ته‌قوای خوای گه‌وره بكه‌ن كاتێك كه ئه‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ لای خوای گه‌وره باشترین گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ هه‌یه كه به‌هه‌شتی خوای گه‌وره‌یه.
(50) [ جَنَّاتِ عَدْنٍ ] به‌هه‌شتێكه كه شوێنی مانه‌وه‌یه [ مُفَتَّحَةً لَهُمُ الْأَبْوَابُ (٥٠) ] ده‌رگاكانیان بۆ ئه‌كرێته‌وه تا به‌ڕێزه‌وه بچنه ژووره‌وه
(51) [ مُتَّكِئِينَ فِيهَا ] له به‌هه‌شتدا پاڵ ئه‌ده‌نه‌وه [ يَدْعُونَ فِيهَا بِفَاكِهَةٍ كَثِيرَةٍ وَشَرَابٍ (٥١) ] وه داوای جۆره‌ها میوه‌ی زۆر‌و خواردنه‌وه‌ی زۆر ئه‌كه‌ن و پێیان ئه‌به‌خشرێ.
(52) [ وَعِنْدَهُمْ قَاصِرَاتُ الطَّرْفِ أَتْرَابٌ (٥٢) ] وه حۆریشیان هه‌یه كه چاویان كورت كردۆته‌وه له‌سه‌ر مێرده‌كانیان جگه له‌وان ته‌ماشای كه‌سی تر ناكه‌ن (أَتْرَابٌ) واته: هاوته‌مه‌نن له‌گه‌ڵ مێرده‌كانیان.
(53) [ هَذَا مَا تُوعَدُونَ لِيَوْمِ الْحِسَابِ (٥٣) ] ئا ئه‌م پاداشته‌یه كه به‌ڵێنتان پێ دراوه بۆ ڕۆژی لێپرسینه‌وه پێتان بدرێت.
(54) [ إِنَّ هَذَا لَرِزْقُنَا مَا لَهُ مِنْ نَفَادٍ (٥٤) ] به دڵنیایی ئه‌مه ڕزقی ئێمه‌یه ئه‌یده‌ین به به‌هه‌شتیان كه بڕانی بۆ نیه و نابڕێ و كۆتایی نایات و له‌ناو ناچێت.
(55) [ هَذَا وَإِنَّ لِلطَّاغِينَ لَشَرَّ مَآبٍ (٥٥) ] به‌ڵام بۆ ئه‌و كه‌سانه‌یشی كه سه‌ركه‌شیان كردووه‌و سنووری خوای گه‌وره‌یان به‌زاندووه به‌تاوان خراپترین گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ هه‌یه كه ئاگری دۆزه‌خه.
(56) [ جَهَنَّمَ يَصْلَوْنَهَا فَبِئْسَ الْمِهَادُ (٥٦) ] ئه‌چنه ناو دۆزه‌خ كه خراپترین شوێنی مانه‌وه‌یه وه‌كو بێشكهو شوێنێك كه تیایدا پاڵ ئه‌ده‌نه‌وه‌و هه‌موو لایه‌كیان ئاگره.
(57) {خواردن و خواردنه‌وه‌ى دۆزه‌خییه‌كان } [ هَذَا فَلْيَذُوقُوهُ حَمِيمٌ وَغَسَّاقٌ (٥٧) ] وه با بچێژن له ئاوی گه‌رمی كوڵاو به ئاگری دۆزه‌خ كه له‌وپه‌ڕی كوڵاندایه، وه (غهساق)یش ئه‌و كێماو و زوخاو و برینه‌یه كه له له‌شی دۆزه‌خیه‌كان دێته خواره‌وه ئه‌وه خواردنیانه.
(58) [ وَآخَرُ مِنْ شَكْلِهِ أَزْوَاجٌ (٥٨) ] وه هاوشێوه‌ی ئه‌م سزایانه‌و جۆره‌ها سزای تریان بۆ هه‌یه وه‌كو (زهمههریرو زه‌ققوم و سهموم).
(59) [ هَذَا فَوْجٌ مُقْتَحِمٌ مَعَكُمْ ] ئه‌ی دۆزه‌خیان ئه‌مه‌یش كۆمه‌ڵێكی تره دێنه ناو ئاگری دۆزه‌خه‌وه له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا، دۆزه‌خیه‌كانیش له جیاتى به‌خێرهاتن و پێشوازى و سڵاو ئه‌ڵێن: [ لَا مَرْحَبًا بِهِمْ ] ده‌ى به‌خێر نه‌یه‌ن [ إِنَّهُمْ صَالُو النَّارِ (٥٩) ] ئه‌وانیش ئه‌چنه ئاگری دۆزه‌خ و شایه‌نی ئاگری دۆزه‌خن.
(60) [ قَالُوا بَلْ أَنْتُمْ لَا مَرْحَبًا بِكُمْ ] ئه‌مانیش ژێرده‌سته‌كان كه ئه‌چنه ناو دۆزه‌خ پێیان ئه‌ڵێن: ئێوه به‌خێر نه‌یه‌ن و سڵاو و ڕێز له ئێوه نه‌بێ [ أَنْتُمْ قَدَّمْتُمُوهُ لَنَا ] ئێوه بوون ئێمه‌تان خسته ناو ئه‌م دۆزه‌خه‌وه‌و ئێمه‌تان بۆ دۆزه‌خ بانگ كرد [ فَبِئْسَ الْقَرَارُ (٦٠) ] كه خراپترین شوێنی نیشته‌جێ بوونه.
(61) [ قَالُوا رَبَّنَا مَنْ قَدَّمَ لَنَا هَذَا فَزِدْهُ عَذَابًا ضِعْفًا فِي النَّارِ (٦١) ] ئه‌ڵێن: خوایه هه‌ر كه‌سێك ئێمه‌ی بۆ ئه‌م شوێنه هێناوه‌و ئه‌م شوێنه‌ی پێشكه‌ش ئێمه كردووه‌و بۆته هۆكار سزای چه‌ند قات بده‌و سزای بۆ زیاد بكه له ئاگری دۆزه‌خدا.
(62) [ وَقَالُوا مَا لَنَا لَا نَرَى رِجَالًا كُنَّا نَعُدُّهُمْ مِنَ الْأَشْرَارِ (٦٢) ] دۆزه‌خیه‌كان ئه‌ڵێن ئه‌وه چیه بۆ پیاوانێك نابینین كه فه‌قیری باوه‌ڕدارانن له دونیا ئێمه وامان ئه‌زانی كه ئه‌وانه له‌كه‌سه زۆر خراپه‌كارانن بۆ ئێستا له دۆزه‌خدا نین وه‌كو (عه‌ممارو خه‌باب و صوهه‌یب و بیلال و یاسر)و ئه‌وانه.
(63) [ أَتَّخَذْنَاهُمْ سِخْرِيًّا ] له دونیا ئێمه ئه‌وانمان كردبووه گاڵته‌جاڕو گاڵته‌مان پێ ئه‌كردن [ أَمْ زَاغَتْ عَنْهُمُ الْأَبْصَارُ (٦٣) ] یان ئێستا چاومان له‌سه‌ر ئه‌وان لایداوه‌و نایاندۆزینه‌وه له ئاگردا، ئه‌وكاته ده‌زانن كه ئه‌وان له پله به‌رزه‌كانى به‌هه‌شتدان.
(64) [ إِنَّ ذَلِكَ لَحَقٌّ تَخَاصُمُ أَهْلِ النَّارِ (٦٤) ] خوای گه‌وره ئه‌فه‌رمووێ: ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - ئه‌مه‌ى كه بۆمان باس كردیت هیچ گومانى تێدا نیه‌و حه‌قه‌و ئه‌مه مشتومڕی دۆزه‌خییه‌كانه له‌ناو خۆیاندا كه سه‌ركرده‌كان و ژێرده‌سته‌كان به‌یه‌كه‌وه كێشه‌و مشتومڕیانه.
(65) [ قُلْ إِنَّمَا أَنَا مُنْذِرٌ ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - پێیان بڵێ: من ته‌نها ترسێنه‌رم و ئاگادارتان ئه‌كه‌مه‌وه [ وَمَا مِنْ إِلَهٍ إِلَّا اللَّهُ الْوَاحِدُ الْقَهَّارُ (٦٥) ] كه هیچ خوایه‌ك نیه به حه‌ق شایه‌نی په‌رستن بێ ته‌نها زاتی پیرۆزی (الله) نه‌بێ كه تاك و ته‌نهایه‌و زۆر باڵاده‌سته.
(66) [ رَبُّ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَمَا بَيْنَهُمَا الْعَزِيزُ الْغَفَّارُ (٦٦) ] خوایه‌كه په‌روه‌ردگاری ئاسمانه‌كان و زه‌وی و ئه‌وه‌ی له نێوانیاندایه‌و زۆر به عیززه‌ت و به ده‌سه‌ڵاته‌و زۆر لێخۆشبووه بۆ كه‌سێك كه گوێڕایه‌ڵی بكات.
(67) [ قُلْ هُوَ نَبَأٌ عَظِيمٌ (٦٧) ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - بڵێ: ئه‌مه هه‌واڵێكی یه‌كجار گه‌وره‌یه (هاتنی قیامه‌ت، یان ناردنى من بۆ ئێوه).
(68) [ أَنْتُمْ عَنْهُ مُعْرِضُونَ (٦٨) ] به‌ڵام ئێوه بێ‌ئاگان و پشتی تێ ئه‌كه‌ن و باوه‌ڕى پێ ناهێنن.
(69) [ مَا كَانَ لِيَ مِنْ عِلْمٍ بِالْمَلَإِ الْأَعْلَى إِذْ يَخْتَصِمُونَ (٦٩) ] وه ئه‌گه‌ر له رێگاى وه‌حى¬یه‌وه نه‌بێت من هیچ زانیاریه‌كم نیه سه‌باره‌ت به فریشته به‌ڕێزه‌كان له ئاسمانه‌كانی سه‌ره‌وه كاتێك كه مشتومڕیانه له نێوان خۆیاندا سه‌باره‌ت به دروست كردنی ئاده‌م و كڕنوش نه‌بردنى ئیبلیس بۆى، یاخود سه‌باره‌ت به ده‌ره‌جات و كه‌فارات و ئه‌و شتانه.
(70) [ إِنْ يُوحَى إِلَيَّ إِلَّا أَنَّمَا أَنَا نَذِيرٌ مُبِينٌ (٧٠) ] من وه‌حیم بۆ دێت من هیچ شتێك نیم ته‌نها ترسێنه‌رێكی ئاشكرا نه‌بێت.
(71) {دروستكردنى ئاده‌م پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم -} [ إِذْ قَالَ رَبُّكَ لِلْمَلَائِكَةِ إِنِّي خَالِقٌ بَشَرًا مِنْ طِينٍ (٧١) ] كاتێك كه په‌روه‌ردگار به فریشته‌كانی فه‌رموو من مرۆڤێك دروست ئه‌كه‌م له قوڕ كه ئاده‌م بوو.
(72) [ فَإِذَا سَوَّيْتُهُ ] كاتێك كه ڕێكم خست و شێوه‌یم بۆ كرد [ وَنَفَخْتُ فِيهِ مِنْ رُوحِي ] وه له روحی خۆم خسته به‌ری، ئه‌مه بۆ (ئیزافه‌ی ته‌شریف و ته‌عزیم)ه بۆ ڕێز‌و به‌گه‌وره‌زانینه نه‌ك خوای گه‌وره ئه‌و روحه‌ی خۆی بخاته به‌ری ئه‌گه‌ر نا ئه‌بوایه ئاده‌میش هه‌میشه‌یی بوایه‌و مردنی به‌سه‌ردا نه‌هاتایه [ فَقَعُوا لَهُ سَاجِدِينَ (٧٢) ] كه ڕوحم كرده به‌ری ئێوه هه‌مووتان كڕنوشی ڕێزی بۆ به‌رن نه‌ك كڕنوشی عیبادهت.
(73) [ فَسَجَدَ الْمَلَائِكَةُ كُلُّهُمْ أَجْمَعُونَ (٧٣) ] مه‌لائیكه‌ته‌كان هه‌موویان سوجده‌ی ڕێز‌و ئیحترامیان بۆ ئاده‌م برد‌و فه‌رمانی خوایان جێبه‌جێ كرد
(74) [ إِلَّا إِبْلِيسَ اسْتَكْبَرَ ] ته‌نها ئیبلیس نه‌بێ كه جنی بوو ئه‌م خۆی به گه‌وره‌زانی [ وَكَانَ مِنَ الْكَافِرِينَ (٧٤) ] وه له كافران بوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی فه‌رمانی خوای گه‌وره‌ی جێبه‌جێ نه‌كرد.
(75) {گفتوگۆى نێوان خواى گه‌وره‌و ئیبلیس} [ قَالَ يَا إِبْلِيسُ مَا مَنَعَكَ أَنْ تَسْجُدَ لِمَا خَلَقْتُ بِيَدَيَّ ] خوای گه‌وره فه‌رمووی: ئه‌ی ئیبلیس چی ڕێگری لێ‌كردیت كه سوجده نه‌به‌ی بۆ ئه‌و ئاده‌مه‌ی كه به هه‌ردوو ده‌ستی خۆم دروستم كرد، (جێگیر كردنى دوو ده‌ستى خواى گه‌وره‌ى تێدایه كه له ده‌ستى دروستكراوه‌كان ناچێت و چۆنێتیه‌كه‌یشى خواى گه‌وره نه‌بێت كه‌س نایزانێت و پێویسته باوه‌ڕمان پێى هه‌بێت و نكوڵى لێ نه‌كه‌ین چونكه له قورئاندا باس كراوه‌و باوه‌ڕنه‌بوون پێى باوه‌ڕ نه‌بوونه به چه‌نده‌ها ئایه‌تى قورئانى پیرۆز‌و كوفره، وه نه‌یچوێنین به سیفاتى دروستكراوه‌كان چونكه چواندنى خواى گه‌وره‌ى دروستكارى باڵاده‌ستى به‌هێز به دروستكراوى لاوازى بێده‌سه‌ڵاتى له‌ناوچوو كوفره، وه پرسیار له چۆنێتیه‌كه‌ى نه‌كه‌ین چونكه كارى ئێمه نیه‌و هاوه‌ڵان ئه‌م پرسیاره‌یان له پێغه‌مبه‌رى خوا - صلی الله علیه وسلم - نه‌كردووه، وه ماناكه‌یشى نه‌گۆڕین و ده‌ستكارى نه‌كه‌ین، وه قسه كردن له‌سیفاتى خواى گه‌وره به‌شێكه له قسه كردن له زاتى پیرۆزى خواى گه‌وره، چۆن باوه‌ڕمان به خواى گه‌وره هه‌یه‌و نازانین چۆنه به هه‌مان شێواز باوه‌ڕمان به‌سیفاته‌كانیشى هه‌یه‌و نازانین چۆنه تا رۆژى قیامه‌ت إن شا‌ء الله به بینینى شاد ده‌بین) [ أَسْتَكْبَرْتَ أَمْ كُنْتَ مِنَ الْعَالِينَ (٧٥) ] ئه‌ى ئیبلیس ئایا خۆت به‌گه‌وره زانی و لووتبه‌رز بووی یان خۆت به به‌رزو بڵند زانی.
(76) [ قَالَ أَنَا خَيْرٌ مِنْهُ ] ئیبلیس وتی: ئه‌ی په‌روه‌ردگار من له‌و باشترم [ خَلَقْتَنِي مِنْ نَارٍ وَخَلَقْتَهُ مِنْ طِينٍ (٧٦) ] منت له ئاگر دروست كردووه‌و ئاده‌مت له قوڕ دروست كردووه ئاگریش له قوڕ باشتره، به عه‌قڵی خۆی لێكی دایه‌وه، (له كاتى بوونى به‌ڵگه نابێت شته‌كان به عه‌قڵ لێك بده‌ینه‌وه به‌ڵكو ده‌بێت ملكه‌چى فه‌رمانى خوا‌و پێغه‌مبه‌رى خوا - صلی الله علیه وسلم - بین تا وه‌كو ئیبلیس له ره‌حمه‌تى خوا ده‌رنه‌كرێین).
(77) [ قَالَ فَاخْرُجْ مِنْهَا فَإِنَّكَ رَجِيمٌ (٧٧) ] خوای گه‌وره فه‌رمووی: له به‌هه‌شت بڕۆره ده‌ره‌وه، یان له‌ناو مه‌لائیكه‌ته‌كان بڕۆره ده‌ره‌وه تۆ ڕهجمكراو و ده‌ركراوی له هه‌موو خێرێك.
(78) [ وَإِنَّ عَلَيْكَ لَعْنَتِي إِلَى يَوْمِ الدِّينِ (٧٨) ] وه به دڵنیایی نه‌فره‌تی منت له‌سه‌ره تا ڕۆژی قیامه‌ت.
(79) [ قَالَ رَبِّ فَأَنْظِرْنِي إِلَى يَوْمِ يُبْعَثُونَ (٧٩) ] ئیبلیس وتی: ئه‌ی په‌روه‌ردگار بمهێله‌ره‌وه تا ڕۆژی زیندوو بوونه‌وه له ڕۆژی قیامه‌ت.
(80) [ قَالَ فَإِنَّكَ مِنَ الْمُنْظَرِينَ (٨٠) ] خوای گه‌وره فه‌رمووی: ئه‌وه مۆڵه‌تت ئه‌ده‌مێ و تۆ ئه‌مێنیته‌وه تا ڕۆژی قیامه‌ت.
(81) [ إِلَى يَوْمِ الْوَقْتِ الْمَعْلُومِ (٨١) ] تا كاتی دیاریكراو كه فوو كردنه به كه‌ڕه‌نای یه‌كه‌مدا كه دونیا تێك ئه‌چێت تا ئه‌و كاته ئیبلیس ئه‌مێنێ.
(82) [ قَالَ فَبِعِزَّتِكَ لَأُغْوِيَنَّهُمْ أَجْمَعِينَ (٨٢) ] ئیبلیس وتی: سوێند بێت به عیززه‌تی تۆ ئه‌ی په‌روه‌ردگار ئه‌بێ هه‌موویان له خشته به‌رم وه گومڕایان بكه‌م.
(83) [ إِلَّا عِبَادَكَ مِنْهُمُ الْمُخْلَصِينَ (٨٣) ] ته‌نها ئه‌و به‌ندانه نه‌بێ كه خۆت هه‌ڵتبژاردوون و خۆیان یه‌كلا كردۆته‌وه بۆ گوێڕایه‌ڵى و په‌رستنى تۆ و به دڵسۆزى و نیازپاكى ته‌نها تۆ ده‌په‌رستن ئه‌وا من توانام به‌سه‌ر ئه‌واندا نیه.
(84) [ قَالَ فَالْحَقُّ وَالْحَقَّ أَقُولُ (٨٤) ] خوای گه‌وره فه‌رمووی: من حه‌قم و حه‌ق ده‌ڵێم، یان حه‌ق له لایه‌ن منه‌وه‌یه‌و من حه‌ق ده‌ڵێم.
(85) [ لَأَمْلَأَنَّ جَهَنَّمَ مِنْكَ وَمِمَّنْ تَبِعَكَ مِنْهُمْ أَجْمَعِينَ (٨٥) ] ئه‌بێ جه‌هه‌ننه‌م پڕ بكه‌م له تۆ و له هه‌ر كه‌سێك كه شوێنی تۆ بكه‌وێ به تێكڕا ئه‌وه‌ی شوێنت بكه‌وێ ئه‌بێ ئه‌وانیش دۆزه‌خیان لێ پڕ بكه‌م.
(86) [ قُلْ مَا أَسْأَلُكُمْ عَلَيْهِ مِنْ أَجْرٍ ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - بڵێ: كه من بانگتان ئه‌كه‌م بۆ ئیمان هێنان خۆ من داوای كرێ و پاره‌و پاداشتم لێ نه‌كردوون [ وَمَا أَنَا مِنَ الْمُتَكَلِّفِينَ (٨٦) ] وه من ته‌كلیفیش له خۆم ناكه‌م له خۆمه‌وه قسه بكه‌م به‌ڵكو ته‌نها ئه‌وه‌یه كه خوای گه‌وره فه‌رمانم پێ ئه‌كات و له خۆمه‌وه من شت دروست ناكه‌م زیادو كه‌مى ناكه‌م.
(87) [ إِنْ هُوَ إِلَّا ذِكْرٌ لِلْعَالَمِينَ (٨٧) ] ئه‌م قورئانه ته‌نها زیكر‌و یادخستنه‌وه‌یه‌كه بۆ هه‌موو جیهان له مرۆڤ و جنى.
(88) [ وَلَتَعْلَمُنَّ نَبَأَهُ بَعْدَ حِينٍ (٨٨) ] وه ئه‌ی كافران به دڵنیایی له داهاتوودا له ڕۆژی قیامه‌ت هه‌واڵ و راستیه‌كانی قورئان ئه‌زانن، والله أعلم.