(1) سووره‌تی (حه‌شر) (واته: كۆكردنه‌وه) سووره‌تێكى مه‌ده‌نى یه‌و (٢٤) ئایه‌ته شه‌ش مانگ دواى غه‌زاى به‌در دابه‌زى (ابن عباس) ده‌فه‌رمێت ئه‌م سووره‌ته له‌سه‌ر جوله‌كه‌كانی (به‌نی نه‌زیر) دابه‌زی بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ [ سَبَّحَ لِلَّهِ مَا فِي السَّمَاوَاتِ وَمَا فِي الْأَرْضِ ] هه‌رچی له ئاسمانه‌كان و زه‌ویه‌كان هه‌یه له فریشته‌و جنی و مرۆڤـ و باڵنده‌و گیاندارو بێگیانه‌كان هه‌ر هه‌موویان زیكر‌و ته‌سبیحاتی خوای گه‌وره ئه‌كه‌ن، وه خوای گه‌وره به پاك ڕائه‌گرن له هه‌موو كه‌موكوڕیه‌ك، به‌ڵام ئێوه هه‌ستى پێناكه‌ن [ وَهُوَ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ (١) ] وه خوای گه‌وره زۆر به‌عیززه‌ت و باڵاده‌ست و كاربه‌جێ و دانایه.
(2) {ده‌ركردنى جوله‌كه‌كانى (به‌نى نه‌زیر)} [ هُوَ الَّذِي أَخْرَجَ الَّذِينَ كَفَرُوا مِنْ أَهْلِ الْكِتَابِ مِنْ دِيَارِهِمْ لِأَوَّلِ الْحَشْرِ ] خوای گه‌وره ئه‌و خوایه‌یه كه كافرانی ئه‌هلی كتابی له ماڵی خۆیان ده‌ركرد بۆ سه‌ره‌تای حه‌شر، پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - له مه‌دینه به‌ڵێننامه‌و په‌یماننامه‌ی له‌گه‌ڵدا نووسین كه پیلان نه‌گێڕن دژی پێغه‌مبه‌ری خوا‌و - صلی الله علیه وسلم - موسڵمانان، به‌ڵام ئه‌وان په‌یمانه‌كه‌یان شكاند‌و به‌رده‌وام له پیلانگێڕاندا بوون، وه هه‌وڵی كوشتنی پێغه‌مبه‌ری خوایاندا - صلی الله علیه وسلم - كه پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - له‌گه‌ڵ ئیمامى (ئه‌بو به‌كرو عومه‌رو عه‌لى) رۆیشت بۆ لاى (به‌نی نه‌زیر) تا هاوكارى بكه‌ن له خوێنى دوو كه‌س كه موسڵمانێك به هه‌ڵه كوشتبوونى و هاوپه‌یمان بوون له‌گه‌ڵ (به‌نی نه‌زیر) پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - له پاڵ دیوارێك دانیشتبوو وتیان هه‌رگیز هه‌لى وامان بۆ ناڕه‌خسێت كێ ده‌چێته سه‌ره‌وه‌و به‌ردێكى گه‌وره به‌ربداته‌وه بان سه‌رى و له كۆڵمانى بكاته‌وه؟ (عه‌مرى كوڕى جهحشى كوڕى كه‌عب) وتى من ده‌چم، به‌ڵام خواى گه‌وره ئاگادارى كرده‌وه بۆیه پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - ده‌ری كردن له مه‌دینه، كه له‌سه‌ره‌تادا ده‌ركران بۆ (خه‌یبه‌ر)، وه دواتر له‌وێش ده‌ركران، ئیمامی عومه‌ریش دواتر ده‌ری كردن، یاخود وتراوه: (لِأَوَّلِ الْحَشْرِ) مه‌به‌ست پێی زه‌وی شامه كه شوێنی حه‌شر كردنی خه‌ڵكییه له ڕۆژی قیامه‌ت وه‌كو (ابن عه‌باس) (خوای لێ ڕازی بێت) فه‌رموویه‌تی [ مَا ظَنَنْتُمْ أَنْ يَخْرُجُوا ] ئه‌ی موسڵمانان ئێوه گومانی ئه‌وه‌تان نه‌ئه‌برد (به‌نی نه‌زیر) به‌و ئاسانییه له شوێنی خۆیان ده‌رچن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قه‌ڵاو شورای زۆر پته‌و و به‌هێزیان هه‌بووه، وه دار خورمای زۆریان هه‌بوو خانووی چاكیان هه‌بوو وه ژماره‌یان زۆر بوو، وه كه‌ره‌سته‌و ئامێره‌كانی جه‌نگیان زۆر بوو، گومانتان نه‌برد كه به ئاسانی ئاوا ماڵ و حاڵی خۆیان به‌جێ بێلن و به‌سه‌ریاندا زاڵ بن [ وَظَنُّوا أَنَّهُمْ مَانِعَتُهُمْ حُصُونُهُمْ مِنَ اللَّهِ ] وه ئه‌وانیش خۆیان گومانی وایان ئه‌برد كه ئه‌و قه‌ڵاو شورا پته‌و و به‌هێزانه ئه‌یانپارێزێ له سزای خوای گه‌وره، به‌ڵام نه‌یپاراستن [ فَأَتَاهُمُ اللَّهُ مِنْ حَيْثُ لَمْ يَحْتَسِبُوا ] وه فه‌رمانی خوای گه‌وره‌یان بۆ هات به شێوازێك كه به خه‌یاڵیاندا نه‌هاتبوو كه خوای گه‌وره ترسی خسته دڵیانه‌وه‌و ته‌سلیمی فه‌رمانی پێغه‌مبه‌ری خوا بوون - صلی الله علیه وسلم - { خوای گه‌وره ترس ده‌خاته دڵی كافرانه‌وه} [ وَقَذَفَ فِي قُلُوبِهِمُ الرُّعْبَ ] وه خوای گه‌وره ترسی خسته دڵیانه‌وه، پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - ده‌فه‌رمێت: (خواى گه‌وره سهریخستووم به‌سه‌ر دوژمن‌دا له دوورى مانگه رێیه‌كه‌وه ترس ده‌خاته دڵیانه‌وه) [ يُخْرِبُونَ بُيُوتَهُمْ بِأَيْدِيهِمْ وَأَيْدِي الْمُؤْمِنِينَ ] به‌ده‌ستی خۆیان و به‌ده‌ستی موسڵمانان ماڵی خۆیانیان ئه‌ڕوخاند، دوای ئه‌وه‌ی كه ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ماڵی خۆیان به‌جێ بێلن ئه‌و كاته ماڵه‌كانی خۆیان ئه‌ڕوخاندو داره‌كانیان ده‌رئه‌كرد له‌گه‌ڵ خۆیاندا ئه‌یانبرد بۆ ئه‌وه‌ی بۆ موسڵمانان نه‌بێ، وه موسڵمانانیش له‌كاتى رووبه‌ڕووبوونه‌وه ئهیانڕوخاند بۆ ئه‌وه‌ی كه پێیان بگه‌ن [ فَاعْتَبِرُوا يَا أُولِي الْأَبْصَارِ (٢) ] ئه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه خاوه‌ن بیناین و شت ئه‌بینن په‌ندو ئامۆژگاری وه‌ربگرن بزانن خوای گه‌وره چی له كه‌سانێك ئه‌كات كه غه‌درو خیانه‌ت و ناپاكی بكه‌ن.
(3) { ماناى (جه‌لاء)} [ وَلَوْلَا أَنْ كَتَبَ اللَّهُ عَلَيْهِمُ الْجَلَاءَ لَعَذَّبَهُمْ فِي الدُّنْيَا وَلَهُمْ فِي الْآخِرَةِ عَذَابُ النَّارِ (٣) ] (جه‌لاء) واته: ده‌رچوون له شار‌و وڵاتی خۆیان به‌بێ شه‌ڕو كوشتار، ئه‌گه‌ر خوای گه‌وره ئه‌مه‌ی له‌سه‌ریان نهنووسیایهو شه‌ڕ ببوایه ئه‌وه خوای گه‌وره سزای ئه‌دان به كوشتن و دیل گرتن له دونیادا وه‌كو چۆن وا له (به‌نی قوڕه‌يزه) كرا، وه له قیامه‌تیشدا سزای ئاگری دۆزه‌خی بۆ داناون، به‌ڵام به بێ شه‌ڕو كوشتار ده‌ركران و یه‌كى بارى وشترێك شتومه‌كیان له‌گه‌ڵ خۆیان برد جگه له چه‌ك، وه ته‌نها دوو كه‌سیان موسڵمان بوون و مانه‌وه كه (ئه‌بو سه‌عدى كوڕى وه‌هب و یامینى كوڕى عه‌مرى كوڕى كه‌عب) بوون.
(4) [ ذَلِكَ بِأَنَّهُمْ شَاقُّوا اللَّهَ وَرَسُولَهُ وَمَنْ يُشَاقِّ اللَّهَ فَإِنَّ اللَّهَ شَدِيدُ الْعِقَابِ (٤) ] له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مانه سه‌رپێچی و دژایه‌تی خوا‌و پێغه‌مبه‌ری خوایان ئه‌كرد - صلی الله علیه وسلم - وه هه‌ر كه‌سێك سه‌رپێچی و دژایه‌تی خوا‌و پێغه‌مبه‌ری خوا بكات - صلی الله علیه وسلم - ئه‌وه سزای خوای گه‌وره زۆر سه‌خته.
(5) [ مَا قَطَعْتُمْ مِنْ لِينَةٍ أَوْ تَرَكْتُمُوهَا قَائِمَةً عَلَى أُصُولِهَا فَبِإِذْنِ اللَّهِ ] (لِينَة) جۆرێكی باشی خورمایه، هیچ دار خورمایهكتان نه‌بڕیوه‌و وازیشتان له هیچیان نه‌هێناوه كه له‌سه‌ر ڕه‌گی خۆی بمێنێته‌وه هه‌مووی به ئیزنی خوای گه‌وره بووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - هه‌ندێك دارخورماى سوتاند، وه هه‌ندێك له موسڵمانان دار خورمایان بڕیه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ن به جووله‌كه‌كان، وه هه‌ندێكیشیان نهیانبڕیهوهو گومانیان بۆ دروست بوو، وه هه‌ندێك دارخورمایان بڕى و هه‌ندێكیان هێشته‌وه، وتیان پرسیار له پێغه‌مبه‌رى خوا - صلی الله علیه وسلم - ده‌كه‌ین ئایا پاداشت وه‌رده‌گرین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى بڕویمانه، وه تاوانبار ده‌بین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى نهمانبڕیوه؟ خوای گه‌وره ئه‌م ئایه‌ته‌ى دابه‌زاندو فه‌رمووی: ئیشی هه‌ردوو لاتان ته‌واوه‌و هه‌ردوو لاتان هه‌ر له پێناو خوای گه‌وره‌و بۆ سه‌رخستنی دینی خوای گه‌وره كردووتانه، وه جوله‌كه وتیان: ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - تۆ ئه‌ڵێی قه‌ده‌غه‌ى ئاشووب نانه‌وه ده‌كه‌یت له‌سه‌ر زه‌وی و چاكسازیت ئه‌وێ، ئه‌ى ئیتر بۆچی دار ئه‌بڕیته‌وه؟ موسڵمانان خه‌فه‌تیان له‌وه خوارد، خوای گه‌وره ئه‌م ئایه‌ته‌ی دابه‌زاند: ئێوه به ئیزن و ره‌زامه‌ندی خوای گه‌وره كردووتانه وه بۆ ئه‌وه‌ی كه [ وَلِيُخْزِيَ الْفَاسِقِينَ (٥) ] تا ئه‌وانه‌ی كه فاسقن وه له گوێڕایه‌ڵی خوا ده‌رچوون كه جووله‌كه‌كانن خوای گه‌وره سه‌رشۆڕو ڕیسوایان بكات.
(6) {ماناى (فه‌یء)} [ وَمَا أَفَاءَ اللَّهُ عَلَى رَسُولِهِ مِنْهُمْ ] (فَيْء) واته: ماڵی كافران كه ده‌ست موسڵمانان ئه‌كه‌وێ به‌بێ شه‌ڕو كوشتار وه‌ك ئه‌وه‌ی (به‌نو نه‌زیر)، ئه‌و (فه‌یئه)ی كه خوای گه‌وره دای به پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - له ماڵی جووله‌كه‌كان [ فَمَا أَوْجَفْتُمْ عَلَيْهِ مِنْ خَيْلٍ وَلَا رِكَابٍ ] كه ئێوه ماین و وشترتان تاو نه‌دابوو تا بڕۆن شه‌ڕو جه‌نگ بكه‌ن و وه‌كو غه‌نیمه ده‌ستتان بكه‌وێ، وه تووشی ناڕه‌حه‌تی نه‌بوون و به‌بێ جه‌نگ ده‌ستتان كه‌وت [ وَلَكِنَّ اللَّهَ يُسَلِّطُ رُسُلَهُ عَلَى مَنْ يَشَاءُ ] به‌ڵام خوای گه‌وره خۆی پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی - صلی الله علیه وسلم - زاڵ ئه‌كات به‌سه‌ر هه‌ر كه‌سێكدا كه ویستی لێ بێت له دوژمنانی [ وَاللَّهُ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ (٦) ] وه خوای گه‌وره توانا‌و ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هه‌موو شتێك‌دا هه‌یه.
(7) {دابه‌شكردنى (فهىء)} [ مَا أَفَاءَ اللَّهُ عَلَى رَسُولِهِ مِنْ أَهْلِ الْقُرَى فَلِلَّهِ وَلِلرَّسُولِ وَلِذِي الْقُرْبَى وَالْيَتَامَى ] ئینجا ئه‌م ماڵ و (فه‌یئه) كه ده‌ست موسڵمانان ئه‌كه‌وێ له ماڵی كافران له هه‌ر شار‌و وڵاتێك بێت به‌بێ جه‌نگ و شه‌ڕو كوشتار ئه‌مه بۆ خوای گه‌وره‌یه‌و خوای گه‌وره خۆی دیاری ئه‌كات، وه بۆ پێغه‌مبه‌ری خوایه - صلی الله علیه وسلم - ، وه بۆ خزمه‌كانی پێغه‌مبه‌ری خوایه - صلی الله علیه وسلم - ، وه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌یه كه هه‌تیو و بێ باوكن، خزمه‌كانی پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - (به‌نو هاشم و به‌نو عبدالمطلب) ئه‌گرێته‌وه ئه‌وانه‌ی كه زه‌كات و صه‌ده‌قه‌یان له‌سه‌ر حه‌رام بووه، ئه‌مان مافیان بۆ دانراوه له‌و فهیئهدا [ وَالْمَسَاكِينِ ] وه ئه‌وه‌ی كه فه‌قیرو هه‌ژاره [ وَابْنِ السَّبِيلِ ] وه ئه‌وه‌ی كه ڕێبواره به‌شی ئه‌مانه‌ی هه‌مووی تیادایه [ كَيْ لَا يَكُونَ دُولَةً بَيْنَ الْأَغْنِيَاءِ مِنْكُمْ ] تا كۆنه‌بێته‌وه له‌لای ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان و به‌سه‌ر هه‌ژاندا زاڵ بن [ وَمَا آتَاكُمُ الرَّسُولُ فَخُذُوهُ وَمَا نَهَاكُمْ عَنْهُ فَانْتَهُوا ] وه ئه‌وه‌ی كه پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - بۆی هێناون ئێوه وه‌ری بگرن، وه ئه‌وه‌یشی كه پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - نه‌هی لێكردووه ده‌ستی لێ هه‌ڵبگرن، واته: گوێڕایه‌ڵی پێغه‌مبه‌ری خوا بكه‌ن - صلی الله علیه وسلم - چونكه ئه‌و ته‌نها فه‌رمانتان پێ ده‌كات به چاكه‌و رێگریتان لێده‌كات له خراپه [ وَاتَّقُوا اللَّهَ إِنَّ اللَّهَ شَدِيدُ الْعِقَابِ (٧) ] وه ته‌قوای خوای گه‌وره بكه‌ن چونكه به‌ڕاستی سزای خوای گه‌وره زۆر سه‌خته.
(8) [ لِلْفُقَرَاءِ الْمُهَاجِرِينَ الَّذِينَ أُخْرِجُوا مِنْ دِيَارِهِمْ وَأَمْوَالِهِمْ يَبْتَغُونَ فَضْلًا مِنَ اللَّهِ وَرِضْوَانًا ] ئه‌و فه‌قیره كۆچكه‌رانه كه له مه‌ككه‌وه له شوێن و ماڵ و سامانى خۆیان ده‌ركران له‌لایه‌ن كافرانه‌وه مه‌به‌ستیان ده‌ستكه‌وتنی فه‌زڵی خوای گه‌وره بووه به‌وه‌ی كه خوای گه‌وره ڕزقیان بدات له دونیا، وه مه‌به‌ستیان ڕه‌زامه‌ندی خوای گه‌وره بووه له قیامه‌تدا ده‌ستیان بكه‌وێ و خوا لێیان ڕازی بێ، (ئه‌م ئایه‌ته شایه‌تیدانى خواى گه‌وره‌یه بۆ صه‌حابه كۆچكه‌ره‌كان كه مه‌به‌ستیان ره‌زامه‌ندى خواى گه‌وره‌یه) [ وَيَنْصُرُونَ اللَّهَ وَرَسُولَهُ ] وه خوا‌و پێغه‌مبه‌ری خوایان - صلی الله علیه وسلم - سه‌رئه‌خست به‌وه‌ی كه جیهادیان ئه‌كردو به‌رگریان له دینی خوای گه‌وره ئه‌كرد [ أُولَئِكَ هُمُ الصَّادِقُونَ (٨) ] به‌ڕاستی ڕاستگۆی ته‌واو و ڕاسته‌قینه ئه‌مانه‌ن [ وَالَّذِينَ تَبَوَّءُوا الدَّارَ وَالْإِيمَانَ مِنْ قَبْلِهِمْ ] وه ئه‌نصاریه‌كان كه جێگیر‌و نیشته‌جێ بوونه له مه‌دینه پێش موهاجیره‌كان، وه ئیمانیان هێناوه به خوا‌و پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - .
(9) [ يُحِبُّونَ مَنْ هَاجَرَ إِلَيْهِمْ ] ئه‌و موسڵمانانه‌یان خۆش ئه‌وێ كه له مه‌ككه‌وه كۆچیان كردووه‌و هاتوونه بۆ لای ئه‌مان وه چاكه‌یان له‌گه‌ڵدا ئه‌كه‌ن [ وَلَا يَجِدُونَ فِي صُدُورِهِمْ حَاجَةً مِمَّا أُوتُوا ] وه ئه‌وه‌یشی كه موهاجیران پێیان به‌خشراوه له پله‌و پایه‌و رێز‌و غه‌نیمه‌ت و ئه‌و شتانه ئه‌مان حه‌سوودیان پێ نابه‌ن، له فهیئدا ته‌نها موهاجیران به‌شیان دراو ئه‌نصارییه‌كان به‌شیان نه‌درا ته‌نها دوو كه‌سی فه‌قیر نه‌بێ له ئه‌نصاریه‌كان كه زۆر پێویست بوون پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - پێی دان، كه (سه‌هلى كوڕى حونه‌یف و ئه‌بو دوجانه سه‌مماكى كوڕى خرشه) بوون، جا ئه‌مان حه‌سوودی نابه‌ن به موهاجیران كه ئه‌و ماڵه‌یان ده‌ست ئه‌كه‌وێ [ وَيُؤْثِرُونَ عَلَى أَنْفُسِهِمْ وَلَوْ كَانَ بِهِمْ خَصَاصَةٌ ] وه ئه‌نصارییه‌كان موهاجیران پێش خۆیان ئه‌خه‌ن له شتی دونیاییدا ئه‌گه‌ر خۆیشیان زۆر پێویستیان پێ بێت و زۆر فه‌قیر بن، وه‌كو ئه‌و كه‌سه‌ی كه میوانی پێغه‌مبه‌ری خوا بوو - صلی الله علیه وسلم - كه پێغه‌مبه‌رى خوا - صلی الله علیه وسلم - كه‌سێكى نارد بۆ لاى خێزانه‌كانى ئه‌وان وتیان جگه له ئاو هیچ شتێكمان نیه بیده‌ینێ، پێغه‌مبه‌رى خوا - صلی الله علیه وسلم - فه‌رمووی: (ره‌حمه‌تى خوا له كه‌سێك بێت ئه‌مشه‌و ئه‌م میوانه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - ئه‌باته‌وه‌و میوانداری بۆ ئه‌كات)، (ئه‌بو ته‌ڵحه‌ی ئه‌نصاری) بردیه‌وه‌و به‌خێزانه‌كه‌ى وت: میوانى پێغه‌مبه‌رى خوایه - صلی الله علیه وسلم - هیچ شتێك هه‌ڵمه‌گره‌و چى هه‌یه بیهێنه، ئه‌ویش وتى: سوێند به خوا ته‌نها خواردنی منداڵه‌كانه، وتى: ئه‌گه‌ر منداڵه‌كان داواى خواردنیان كرد بیانخه‌وێنه‌و بیده به میوانه‌كه‌و چراكه ده‌كوژێنینه‌وه‌و خۆمان هیچ ناخۆین، وایان كرد، به‌یانى كه چوو بۆ لاى پێغه‌مبه‌رى خوا - صلی الله علیه وسلم - ، پێغه‌مبه‌رى خوا - صلی الله علیه وسلم - پێى فه‌رموو: خواى گه‌وره سه‌رسام بوو به‌م ژن و پیاوه‌و خوای گه‌وره ئه‌م ئایه‌ته‌ی له‌سه‌ریان دابه‌زاند [ وَمَنْ يُوقَ شُحَّ نَفْسِهِ فَأُولَئِكَ هُمُ الْمُفْلِحُونَ (٩) ] وه هه‌ر كه‌سێك له ڕه‌زیلی و چروكى و ڕژدی نه‌فسی، خۆی بپارێزێ و خۆی پاك بكاته‌وه ئه‌و كه‌سانه به‌ڕاستی سه‌رفرازو سه‌ركه‌وتوون، به‌وه‌ی كه زه‌كاتی ماڵه‌كه‌ی بدات یان حه‌قی تری تیابێ بیدات.
(10) [ وَالَّذِينَ جَاءُوا مِنْ بَعْدِهِمْ يَقُولُونَ ] وه ئه‌وانه‌یشی كه له دوای موهاجیرو ئه‌نصاره‌وه هاتوونه‌و شوێن ئه‌وان ده‌كه‌ون تا ڕۆژی قیامه‌ت ئه‌ڵێن: [ رَبَّنَا اغْفِرْ لَنَا وَلِإِخْوَانِنَا الَّذِينَ سَبَقُونَا بِالْإِيمَانِ ] خوایه له ئێمه‌و له‌و برایانه‌شمان خۆشبه كه به ئیمانه‌وه پێش ئێمه كه‌وتوون، واته: صه‌حابه‌و هه‌موو باوه‌ڕدارانی تر، واته: ده‌بێت دوعا بۆ صه‌حابه بكرێت نه‌ك جوێنیان پێ بدرێت [ وَلَا تَجْعَلْ فِي قُلُوبِنَا غِلًّا لِلَّذِينَ آمَنُوا ] خوایه هیچ ڕق و كینه‌و حه‌سوودیه‌ك مه‌خه‌ره دڵمانه‌وه به‌رامبه‌ر ئه‌و صه‌حابه باوه‌ڕدارانه، وه به‌رامبه‌ر سه‌رجه‌م موسڵمانان، بۆیه هه‌ر كه‌سێك ڕق و كینه‌ی له صه‌حابه هه‌بێ ئه‌وه ئه‌م ئایه‌ته نایگرێته‌وه‌و شه‌یتان به‌سه‌ریدا زاڵ بووه، وه له (فه‌یئیشدا) هیچ به‌شێكی نابێ [ رَبَّنَا إِنَّكَ رَءُوفٌ رَحِيمٌ (١٠) ] خوایه تۆ زۆر به ڕه‌ئفه‌ت و به سۆز‌و به‌زه‌یی و میهره‌بانی.
(11) {به‌ڵێنى درۆینه‌ى مونافیقان به جوله‌كه} [ أَلَمْ تَرَ إِلَى الَّذِينَ نَافَقُوا يَقُولُونَ لِإِخْوَانِهِمُ الَّذِينَ كَفَرُوا مِنْ أَهْلِ الْكِتَابِ ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - ئایا نابینی مونافیقانی مه‌دینه به براكانیان ئه‌ڵێن له ئه‌هلی كتاب واته: (عبدالله¬ی كوڕی ئوبه‌ی كوڕی سه‌لول) گه‌وره‌ی مونافیقان وه‌ڵامی نارد بۆ جووله‌كه‌كانی (به‌نی نه‌زیر) كه ئه‌هلی كتاب بوون پێی وتن جێگیر بن و شه‌ڕ بكه‌ن له‌گه‌ڵ محمد دا - صلی الله علیه وسلم - [ لَئِنْ أُخْرِجْتُمْ لَنَخْرُجَنَّ مَعَكُمْ ] وه خه‌متان نه‌بێ ئه‌گه‌ر محمد - صلی الله علیه وسلم - ئێوه ده‌ربكات ئێمه‌ش له‌گه‌ڵتاندا ده‌رئه‌چین و مه‌دینه جێدێلین [ وَلَا نُطِيعُ فِيكُمْ أَحَدًا أَبَدًا ] وه گوێڕایه‌ڵی هیچ كه‌سێكیش ناكه‌ین سه‌باره‌ت به ئێوه ئێمه خۆمان بڕیاری خۆمان ئه‌ده‌ین و به‌رگریتان لێ ئه‌كه‌ین [ وَإِنْ قُوتِلْتُمْ لَنَنْصُرَنَّكُمْ ] وه ئه‌گه‌ر شه‌ڕیش بكه‌ن ئێمه سه‌رتان ئه‌خه‌ین به‌سه‌ر دوژمنه‌كانتاندا به‌سه‌ر پێغه‌مبه‌ری خوادا - صلی الله علیه وسلم - [ وَاللَّهُ يَشْهَدُ إِنَّهُمْ لَكَاذِبُونَ (١١) ] خوای گه‌وره به‌درۆی خستنه‌وه، خوای گه‌وره شایه‌ته كه ئه‌م مونافیقانه درۆ ئه‌كه‌ن و ئه‌و پیاوه نین.
(12) [ لَئِنْ أُخْرِجُوا لَا يَخْرُجُونَ مَعَهُمْ ] ئه‌گه‌ر جووله‌كه‌كانی (به‌نی نه‌زیر) له مه‌دینه ده‌ربكرێن ئه‌مان له‌گه‌ڵیاندا ناڕۆن و مه‌دینه به‌جێ ناهێلن [ وَلَئِنْ قُوتِلُوا لَا يَنْصُرُونَهُمْ ] وه ئه‌گه‌ر كوشتاریش بكرێن ئه‌مان سه‌ریان ناخه‌ن واته: شه‌ڕ ناكه‌ن و به‌رگریان لێ ناكه‌ن، چونكه ترسنۆكن [ وَلَئِنْ نَصَرُوهُمْ ] وه ئه‌گه‌ر وا دابنێین به‌رگریان لێ بكه‌ن و له‌گه‌ڵیاندا شه‌ڕ بكه‌ن و سه‌ریان بخه‌ن [ لَيُوَلُّنَّ الْأَدْبَارَ ثُمَّ لَا يُنْصَرُونَ (١٢) ] ئه‌وه پشت هه‌ڵئه‌كه‌ن و تێكئه‌شكێن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مونافیق ترسنۆكن و دونیایان خۆش ئه‌وێ وه جارێكی تر هه‌رگیز مونافیق سه‌رناكه‌وێ و هه‌میشه سه‌رشۆڕو دۆڕاون.
(13) [ لَأَنْتُمْ أَشَدُّ رَهْبَةً فِي صُدُورِهِمْ مِنَ اللَّهِ ] به دڵنیایی ئێوه زۆر ترستان له دڵی ئه‌واندا زیاتره له خوای گه‌وره، مونافیقان یان جووله‌كه ئه‌وه‌نده‌ی له ئێوه‌ی موسڵمان ئه‌ترسێن ئه‌وه‌نده له خوای گه‌وره ناترسێن [ ذَلِكَ بِأَنَّهُمْ قَوْمٌ لَا يَفْقَهُونَ (١٣) ] له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مانه كه‌سانێكى ناحاڵی و ناتێگه‌یشتوون و تێناگه‌ن.
(14) [ لَا يُقَاتِلُونَكُمْ جَمِيعًا إِلَّا فِي قُرًى مُحَصَّنَةٍ ] ئه‌وان ناتوانن كوشتاری ئێوه بكه‌ن هه‌موویان به‌یه‌كه‌وه كۆببنه‌وه بۆ كوشتاری ئێوه چونكه ترسنۆكن، مه‌گه‌ر له‌ناو خانوو و ماڵی دێیه‌كدا كه شورا‌و قه‌ڵای پته‌وى هه‌بێ [ أَوْ مِنْ وَرَاءِ جُدُرٍ ] یان له پشت دیواره‌كانه‌وه خۆیان بشارنه‌وه له ترس‌دا مه‌گه‌ر ئاوا كوشتاری ئێوه بكه‌ن ئه‌گه‌رنا ڕووبه‌ڕوو ناتوانن [ بَأْسُهُمْ بَيْنَهُمْ شَدِيدٌ ] به‌ڵام جووله‌كه‌و مونافیقان ڕق و كینه‌یان له‌ناو یه‌كدا زۆر سه‌خته‌و دڵیان جیاوازه [ تَحْسَبُهُمْ جَمِيعًا وَقُلُوبُهُمْ شَتَّى ] تۆ وا ئه‌زانی ئه‌وانه هه‌موویان یه‌كن به‌ڵام دڵیان لێك جیاوازه‌و دڵیان له‌گه‌ڵ یه‌كدا نیه‌و یه‌ك دڵ نین [ ذَلِكَ بِأَنَّهُمْ قَوْمٌ لَا يَعْقِلُونَ (١٤) ] له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مانه كه‌سانێكى ناحاڵی و ناتێگه‌یشتوون.
(15) [ كَمَثَلِ الَّذِينَ مِنْ قَبْلِهِمْ قَرِيبًا ذَاقُوا وَبَالَ أَمْرِهِمْ ] نمونه‌ى ئه‌مانه وه‌كو كافران و موشریكانى پێشتره كه له جه‌نگی به‌دردا خوای گه‌وره موسڵمانانی سه‌رخست به‌سه‌ریاندا وه ئه‌مان سه‌ره‌نجامی كوفره‌كه‌ی خۆیان چه‌شت به‌وه‌ی كه له به‌دردا تێك‌شكان، كه غه‌زای به‌در شه‌ش مانگ پێش غه‌زای (به‌نی نه‌زیر) بووه، یاخود نمونه‌ى ئه‌م جووله‌كانه‌ى (به‌نی نه‌زیر) وه‌كو جووله‌كه‌كانى (به‌نو قه‌ینوقاع) وایه كه ئه‌وانیش پێشتر له مه‌دینه ده‌ركران به هۆى ناپاكى و په‌یمان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و پیلانگێڕانیان [ وَلَهُمْ عَذَابٌ أَلِيمٌ (١٥) ] وه ئه‌مان سزایه‌كی زۆر به‌ئێش و ئازاریان بۆ هه‌یه له دونیا‌و قیامه‌تدا.
(16) [ كَمَثَلِ الشَّيْطَانِ إِذْ قَالَ لِلْإِنْسَانِ اكْفُرْ ] نموونه‌ی ئه‌م جووله‌كانه كه هه‌ڵخه‌ڵه‌تان به به‌ڵێنى درۆینه‌ى مونافیقان كه وتیان به‌رگریتان لێده‌كه‌ین و سهرتاندهخهین دواتریش پشتیان تێكردن وه‌كو نموونه‌ی شه‌یتان وایه كاتێك كه به مرۆڤـ ده‌ڵێ كوفر بكه به خوای گه‌وره، وه كوفر‌و تاوانی بۆ ئه‌ڕازێنێته‌وه‌و بۆی جوان ئه‌كات [ فَلَمَّا كَفَرَ قَالَ إِنِّي بَرِيءٌ مِنْكَ إِنِّي أَخَافُ اللَّهَ رَبَّ الْعَالَمِينَ (١٦) ] كاتێك كه ئینسان كوفر ئه‌كات و ئه‌چێته سه‌ر ڕێباز‌و ڕێگای كوفر كردن به خوای گه‌وره، له ڕۆژی قیامه‌تدا شه‌یتان به‌ڕائه‌ت ئه‌كات له‌و كه‌سانه‌ی كه شوێنی كه‌وتوون و پێیان ئه‌ڵێ من به‌ریم له ئێوه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من له په‌روه‌ردگاری هه‌موو جیهان ئه‌ترسێم.
(17) [ فَكَانَ عَاقِبَتَهُمَا أَنَّهُمَا فِي النَّارِ خَالِدَيْنِ فِيهَا ] سه‌ره‌نجامی ئه‌و كه‌سه‌ی كه كوفر ئه‌كات له‌گه‌ڵ شه‌یتاندا هه‌ردووكیان سه‌ره‌نجامیان چوونه ناو ئاگری دۆزه‌خه به نه‌مری و هه‌میشه‌یی تیایدا ئه‌مێننه‌وه [ وَذَلِكَ جَزَاءُ الظَّالِمِينَ (١٧) ] كه ئه‌مه‌یش سزای ئه‌و كه‌سه ستهمكارو موشریكانهیه.
(18) [ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اتَّقُوا اللَّهَ وَلْتَنْظُرْ نَفْسٌ مَا قَدَّمَتْ لِغَدٍ ] ئه‌ی باوه‌ڕداران ته‌قوای خوای گه‌وره بكه‌ن و خۆتان له سزای خوای گه‌وره بپارێزن به‌وه‌ی خۆتان بپارێزن له تاوان و سه‌رپێچی، وه با كه‌سێك له ئێوه ته‌ماشا بكات و بزانێ له پێش خۆیه‌وه چی كرده‌وه‌ى چاكى بۆ سبه‌ینێ ناردووه، واته: بۆ ڕۆژی قیامه‌ت، له‌به‌ر نزیكییه‌كه‌ی خوای گه‌وره به سبه‌ینێ ناوی بردووه [ وَاتَّقُوا اللَّهَ ] وه خوای گه‌وره جه‌خت ئه‌كاته‌وه ته‌قوای خوای گه‌وره بكه‌ن [ إِنَّ اللَّهَ خَبِيرٌ بِمَا تَعْمَلُونَ (١٨) ] به دڵنیایی خوای گه‌وره زۆر زانیاریه‌كی وردی هه‌یه سه‌باره‌ت به‌و كرده‌وانه‌ی كه ئێوه ئه‌یكه‌ن.
(19) [ وَلَا تَكُونُوا كَالَّذِينَ نَسُوا اللَّهَ فَأَنْسَاهُمْ أَنْفُسَهُمْ ] وه ئێوه وه‌ك ئه‌و كه‌سانه مه‌بن كه خوای گه‌وره‌یان له یاد كرد وه خوای گه‌وره‌ش وای لێ كردن كه خۆیان له یاد بكه‌ن و كرده‌وه‌ى چاك نه‌كه‌ن كه بۆ قیامه‌ت سوودیان پێده‌گه‌یه‌نێت [ أُولَئِكَ هُمُ الْفَاسِقُونَ (١٩) ] ئا ئه‌م كه‌سانه به‌ڕاستی ده‌رچوونه له گوێڕایه‌ڵی خوای گه‌وره.
(20) { به‌هه‌شتى و دۆزه‌خى یه‌كسان نین} [ لَا يَسْتَوِي أَصْحَابُ النَّارِ وَأَصْحَابُ الْجَنَّةِ ] هاوه‌ڵانی ئاگری دۆزه‌خ و هاوه‌ڵانی به‌هه‌شت یه‌كسان نین له فه‌زڵ و چاكه‌و پله‌و پایه‌دا [ أَصْحَابُ الْجَنَّةِ هُمُ الْفَائِزُونَ (٢٠) ] به‌ڵكو ئه‌وانه‌ی كه ئه‌چنه به‌هه‌شته‌وه ئه‌وان سه‌ركه‌وتوو و سه‌رفرازو ڕزگاربوون له سزاى خواى گه‌وره.
(21) [ لَوْ أَنْزَلْنَا هَذَا الْقُرْآنَ عَلَى جَبَلٍ لَرَأَيْتَهُ خَاشِعًا مُتَصَدِّعًا مِنْ خَشْيَةِ اللَّهِ ] ئه‌گه‌ر ئه‌م قورئانه پیرۆزه‌مان دابه‌زاندایه‌ته سه‌ر شاخه‌كان ئه‌وا ئه‌تانبینی ئه‌و شاخانه ورد‌و خاش ئه‌بوون و تێكئه‌شكان له ترسی خوای گه‌وره، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قورئانی پیرۆز ئایه‌تی زۆرى تیادایه كه باسی گه‌وره‌یی خوای گه‌وره‌و سزای خوای گه‌وره ئه‌كات، به‌ڵام دیاره ئێوه دڵتان له‌و شاخانه ڕه‌قتره [ وَتِلْكَ الْأَمْثَالُ نَضْرِبُهَا لِلنَّاسِ لَعَلَّهُمْ يَتَفَكَّرُونَ (٢١) ] وه ئێمه ئه‌م نموونانه بۆ خه‌ڵكی ئه‌هێنینه‌وه به‌ڵكو خه‌ڵكی بیر بكه‌نه‌وه‌و په‌ندو ئامۆژگاری وه‌ربگرن.
(22) { هه‌ندێك له ناوه جوانه‌كانى خواى گه‌وره} [ هُوَ اللَّهُ الَّذِي لَا إِلَهَ إِلَّا هُوَ عَالِمُ الْغَيْبِ وَالشَّهَادَةِ ] زاتی پیرۆزی (اللَّه) ئه‌و خوایه‌یه كه هیچ په‌رستراوێك به حه‌ق نیه شایه‌نی په‌رستن بێ جگه له زاتی پیرۆزی (اللَّه) نه‌بێت كه ئه‌و خوایه زانای نهێنی و په‌نهان و ئاشكراكانه‌و هیچ شتێكى لێناشاردرێته‌وه [ هُوَ الرَّحْمَنُ الرَّحِيمُ (٢٢) ] وه هه‌ر خوای گه‌وره خوایه‌كی زۆر به‌ڕه‌حم و سۆز‌و به‌زه‌یی و میهره‌بانه، یان وتراوه: (الرَّحْمَنُ) بۆ دونیایه ڕه‌حم به كافرو موسڵمانیش ئه‌كات (الرَّحِيمُ) تایبه‌ته به قیامه‌ت ڕهحمهكهی له‌وێ تایبه‌ته به باوه‌ڕداران و له قیامه‌تدا خوای گه‌وره ڕه‌حم به كافر ناكات.
(23) [ هُوَ اللَّهُ الَّذِي لَا إِلَهَ إِلَّا هُوَ الْمَلِكُ ] خوای گه‌وره زاتی پیرۆزی (اللَّه) ئه‌و خوایه‌یه كه هیچ په‌رستراوێك به حه‌ق نیه شایه‌نی په‌رستن بێ جگه له زاتی پیرۆزی (اللَّه) نه‌بێت كه خوای گه‌وره مه‌لیك و پاشایه‌و خاوه‌نى هه‌موو بوونه‌وه‌ره‌و ته‌نها خۆى هه‌ڵسوكه‌وتى تێدا ده‌كات [ الْقُدُّوسُ ] وه خوای گه‌وره پاكه له هه‌موو كه‌موكوڕی و نوقستانی و عه‌یبێك، یاخود موباره‌ك و پیرۆزه [ السَّلَامُ ] وه خوای گه‌وره سه‌لامه‌ت و پارێزراوه له هه‌موو كه‌موكوڕی و عه‌یبێك، یاخود وتراوه: دروستكراوه‌كانی سه‌لامه‌تن له‌وه‌ی كه خوای گه‌وره زوڵمیان لێ بكات و زوڵم له كه‌س ناكات [ الْمُؤْمِنُ ] وه خوای گه‌وره ئه‌من و ئاسایشی به به‌نده‌كانی به‌خشیوه له‌وه‌ی كه زوڵمیان لێ ناكات، یاخود به‌ڕاستدانه‌ری پێغه‌مبه‌رانێتی به‌وه‌ی كه موعجیزه‌كانیان بۆ ئاشكرا ئه‌كات و پاڵپشتیان ئه‌كات پێى، وه باوه‌ڕدارانیش به‌و به‌ڵێنانه‌ی كه پێی داون به پاداشت بۆیان جێبه‌جێ ئه‌كات [ الْمُهَيْمِنُ ] وه خوای گه‌وره شایه‌ته به‌سه‌ر كرده‌وه‌ی به‌نده‌كانی وه چاودێر‌و موڕاقیبه به‌سه‌ریانه‌وه [ الْعَزِيزُ ] وه خوای گه‌وره زۆر باڵاده‌ست و به‌عیززه‌ته [ الْجَبَّارُ ] وه خوای گه‌وره له‌وپه‌ڕی توانا‌و ده‌سه‌ڵاتدایه، یاخود (الْجَبَّارُ) به‌مانای ئه‌وه‌یش دێت كه چاككاری كاروباری دروستكراوه‌كانێتی [ الْمُتَكَبِّرُ ] خوای گه‌وره گه‌وره‌یه له هه‌موو خراپه‌یه‌ك، وه گه‌وره‌یه له‌وه‌ی كه هه‌ر شتێك كه شایه‌نی ئه‌و نه‌بێت، وه خۆبه‌گه‌وره‌زانین بۆ خوای گه‌وره سیفه‌تێكی مه‌دحه، به‌ڵام بۆ خه‌ڵكى سیفه‌تێكی زه‌مكراو و خراپه [ سُبْحَانَ اللَّهِ عَمَّا يُشْرِكُونَ (٢٣) ] وه پاك و مونه‌ززه‌هی بۆ خوای گه‌وره له هه‌موو كه‌موكوڕیه‌ك له‌وه‌ی كه موشریكان ئه‌یده‌نه پاڵ خوای گه‌وره‌و شه‌ریك بۆ خوای گه‌وره بڕیار ئه‌ده‌ن.
(24) [ هُوَ اللَّهُ الْخَالِقُ ] خوای گه‌وره دروستكاره، یان ته‌قدیری شته‌كان ئه‌كات به گوێره‌ی ویست و ئیراده‌ی خۆی [ الْبَارِئُ ] ئه‌وه‌ی كه خوای گه‌وره ته‌قدیری كردووه ئه‌یهێنێته بوون و دروستی ئه‌كات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو كه‌سێك ناتوانێ ئه‌و شته‌ی كه دایئه‌نێ و ته‌قدیری ئه‌كات دواتر دروستی بكات و بیهێنێته بوون ئه‌مه ته‌نها بۆ خوای گه‌وره‌یه [ الْمُصَوِّرُ ] وه خوای گه‌وره وێنه‌كێشه وێنه‌ی دروستكراوه‌كان ئه‌كێشێ به جوانترین شێواز [ لَهُ الْأَسْمَاءُ الْحُسْنَى ] هه‌رچی ناوه جوانه‌كان هه‌یه بۆ خوای گه‌وره‌یه‌و خوای گه‌وره ناوی جوانی زۆره كه خۆى نه‌بێت كه‌س نازانێت ژماره‌یان چه‌نده، چونكه هه‌ندێك ناوى لاى خۆى هێشتۆته‌وه‌و به هیچ پێغه‌مبه‌رێكى نه‌ووتووه‌و له هیچ كتابێكیشدا داینه‌به‌زاندووه [ يُسَبِّحُ لَهُ مَا فِي السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ ] هه‌رچی له ئاسمانه‌كان و زه‌وی هه‌یه هه‌ر هه‌موویان زیكر‌و ته‌سبیحاتی خوای گه‌وره ئه‌كه‌ن، وه خوای گه‌وره به پاك ڕائه‌گرن له هه‌موو كه‌موكوڕیه‌ك جا به زمانی حاڵ بێ یان به زمانی وته [ وَهُوَ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ (٢٤) ] وه خوای گه‌وره زۆر به‌عیززه‌ت و كاربه‌جێ و دانایه، والله أعلم.