(1) سووره‌تی (صافات) واته: پۆله رێكه‌كان بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ [ وَالصَّافَّاتِ صَفًّا (١) ] خوای گه‌وره سوێند ئه‌خوات به فریشته‌كان كه له ئاسماندا پۆلیان به‌ستووه و پۆل پۆل به ڕێكی ڕاوه‌ستاون وه‌كو پۆلى موسڵمانان له نوێژدا.
(2) [ فَالزَّاجِرَاتِ زَجْرًا (٢) ] وه سوێند بێت به‌و فریشتانه‌ى كه هه‌وره‌كان به‌ڕێوه ئه‌به‌ن، یان به‌رهه‌ڵستى ئه‌و خراپه‌كاریانه ده‌كه‌ن كه خواى گه‌وره له قورئاندا قه‌ده‌غه‌ى كردوون.
(3) [ فَالتَّالِيَاتِ ذِكْرًا (٣) ] وه سوێند بێت به‌و فریشتانه‌ی كه قورئان ئه‌خوێنن، یان زیكر‌و عیباده‌تی خوای گه‌وره ئه‌كه‌ن، وه له‌لایه‌ن خواى گه‌وره‌وه قورئان بۆ خه‌ڵكى دێنن.
(4) [ إِنَّ إِلَهَكُمْ لَوَاحِدٌ (٤) ] ئه‌مه وه‌ڵامی سوێند خواردنه‌كه‌یه: به‌دڵنیایى په‌روه‌ردگارو په‌رستراو و خوای ئێوه ته‌نها په‌رستراوێكه كه زاتی پیرۆزی (الله)یه‌و په‌رستراوی حه‌قه‌و تاك و ته‌نهاو بێ شه‌ریكه.
(5) [ رَبُّ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَمَا بَيْنَهُمَا وَرَبُّ الْمَشَارِقِ (٥) ] ئه‌و (الله)یه په‌روه‌ردگاری ئاسمانه‌كان و زه‌وی و ئه‌وه‌ی نێوانیان و په‌روه‌ردگاری ڕۆژهه‌ڵاته‌كانیشه، بۆیه ده‌فه‌رمێت: ڕۆژهه‌ڵاته‌كان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو ڕۆژێك كه خۆر هه‌ڵدێت ڕۆژهه‌ڵاتێكی هه‌یه به ئه‌ندازه‌ی ژماره‌ی ڕۆژه‌كانی ساڵ چونكه هه‌موو رۆژێك له شوێنێكى جیاوازه‌وه هه‌ڵدێت، وه باسى رۆژئاواى نه‌كردووه چونكه له ئایه‌تى تر باسى كردووه.
(6) [ إِنَّا زَيَّنَّا السَّمَاءَ الدُّنْيَا بِزِينَةٍ الْكَوَاكِبِ (٦) ] ئێمه ئاسمانی دونیامان ڕازاندۆته‌وه به‌و ئه‌ستێره جوانانه.
(7) {ئاسمان پارێزراوه له شه‌یتان } [ وَحِفْظًا مِنْ كُلِّ شَيْطَانٍ مَارِدٍ (٧) ] وه به‌و ئه‌ستێرانه پاراستویشمانه له هه‌موو شه‌یتانێكی سه‌ركه‌ش و ده‌رچوو له گوێڕایه‌ڵی خوای گه‌وره، كه بیانه‌وێت هه‌واڵى ئاسمان بدزن و بۆ فاڵچى و جادووگه‌رانى بێنن ئه‌وا به‌و ئه‌ستێرانه لێیان ده‌درێت و ده‌سوتێنرێن.
(8) [ لَا يَسَّمَّعُونَ إِلَى الْمَلَإِ الْأَعْلَى ] ناتوانن گوێ بگرن له فریشته‌كانى سه‌ره‌وه [ وَيُقْذَفُونَ مِنْ كُلِّ جَانِبٍ (٨) ] كه ئه‌گه‌ر گوێ بگرن ئه‌وه له هه‌موو لایه‌كه‌وه ئه‌و ئه‌ستێرانه‌یان تێده‌گیرێت.
(9) [ دُحُورًا ] تێكئه‌شكێندرێن و له‌ناوئه‌برێن [ وَلَهُمْ عَذَابٌ وَاصِبٌ (٩) ] وه له رۆژى قیامه‌تیش سزایه‌كی هه‌میشه‌یی و به‌ئێش و ئازاریان بۆ هه‌یه.
(10) [ إِلَّا مَنْ خَطِفَ الْخَطْفَةَ ] ته‌نها ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌و شه‌یتانانه قسه‌یه‌ك له قسه‌ی فریشته‌كان بڕفێنێت و بیداته شه‌یتانى خوار خۆى [ فَأَتْبَعَهُ شِهَابٌ ثَاقِبٌ (١٠) ] ئه‌وه دیسانه‌وه ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌شی سووتێنه‌ر پێی ده‌گات و ئه‌یسووتێنێ.
(11) [ فَاسْتَفْتِهِمْ أَهُمْ أَشَدُّ خَلْقًا أَمْ مَنْ خَلَقْنَا ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - پرسیار له كافران بكه ئایا دروستكردنی ئه‌وان گه‌وره‌ترو به‌هێزتره، یاخود ئه‌و زه‌وی و ئاسمان و فریشته‌و دروستكراوه گه‌ورانه‌ی كه دروستمان كردووه، كه دان به‌م شته‌دا ده‌نێن ئیتر بۆ باوه‌ڕتان به زیندوو بوونه‌وه نیه؟ [ إِنَّا خَلَقْنَاهُمْ مِنْ طِينٍ لَازِبٍ (١١) ] ئێمه ئاده‌ممان دروست كردووه له قوڕێكی لینج كه ئه‌نووسێ به ده‌سته‌وه، واته: مرۆڤ دروستكراوێكی لاوازه بۆ باوه‌ڕیان به زیندووبوونه‌وه‌و توانا‌و ده‌سه‌ڵاتی خواى گه‌وره نیه.
(12) [ بَلْ عَجِبْتَ وَيَسْخَرُونَ (١٢) ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - تۆ سه‌رت سوڕئه‌مێنێ له توانا‌و ده‌سه‌ڵاتی خوای گه‌وره، به‌ڵام ئه‌وان گاڵته به قسه‌كانی تۆ ئه‌كه‌ن سه‌باره‌ت به زیندوو بوونه‌وه.
(13) [ وَإِذَا ذُكِّرُوا لَا يَذْكُرُونَ (١٣) ] وه كاتێكیش كه به په‌ندو ئامۆژگاری یادیان بخه‌یته‌وه ئه‌وان یاد ناكه‌نه‌وه‌و سوود وه‌رناگرن.
(14) [ وَإِذَا رَأَوْا آيَةً يَسْتَسْخِرُونَ (١٤) ] وه ئه‌گه‌ر هه‌ر موعجیزه‌و به‌ڵگه‌یه‌كی ڕوون و ئاشكراش ببینن ئه‌وان زیادڕه‌وی ئه‌كه‌ن له گاڵته‌پێكردنداو گاڵته‌ی پێ ئه‌كه‌ن.
(15) [ وَقَالُوا إِنْ هَذَا إِلَّا سِحْرٌ مُبِينٌ (١٥) ] وه ئه‌ڵێن: ئه‌مه هیچ نیه ته‌نها جادوویه‌كی زۆر ئاشكرایه‌و محمد - صلی الله علیه وسلم - جادوو سیحری لێ كردووین.
(16) [ أَإِذَا مِتْنَا وَكُنَّا تُرَابًا وَعِظَامًا أَإِنَّا لَمَبْعُوثُونَ (١٦) ] به‌دووری ئه‌زانن زیندوو ببنه‌وه‌و به‌درۆى ده‌زانن و ده‌ڵێن: كه ئێمه مردین و بووین به خۆڵ و ئێسقانه‌كانمان ڕزی ئایا له دوای ئه‌وه ئێمه زیندوو ئه‌كرێینه‌وه؟
(17) [ أَوَآبَاؤُنَا الْأَوَّلُونَ (١٧) ] ئایا باوك و باپیره سه‌ره‌تاكانیشمان ئه‌وانیش زیندوو ئه‌كرێنه‌وه كه ئێستا ڕزیون له‌ناو خۆڵدا؟
(18) [ قُلْ نَعَمْ وَأَنْتُمْ دَاخِرُونَ (١٨) ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - بڵێ: به‌ڵێ ئێوه زیندوو ئه‌كرێنه‌وه به‌ڵام به زه‌لیلی و ڕیسوایی و سه‌رشۆڕی ده‌خرێنه ناو ئاگرى دۆزه‌خه‌وه.
(19) {حاڵى كافران له رۆژى قیامه‌ت} [ فَإِنَّمَا هِيَ زَجْرَةٌ وَاحِدَةٌ ] ئه‌مه ته‌نها یه‌ك ده‌نگێكه كاتێك كه ئیسرافیل فووى دووه‌م ئه‌كات به كه‌ڕه‌نادا [ فَإِذَا هُمْ يَنْظُرُونَ (١٩) ] ئه‌وان هه‌ر هه‌موویان زیندوو ئه‌بنه‌وه‌و له گۆڕه‌كانیان ده‌رده‌چن، وه سزای خوای گه‌وره به چاوی خۆیان ئه‌بینن و ته‌ماشای ئه‌كه‌ن.
(20) [ وَقَالُوا يَا وَيْلَنَا هَذَا يَوْمُ الدِّينِ (٢٠) ] ئه‌و كاته كافران كه باوه‌ڕیان به زیندوو بوونه‌وه نه‌بووه په‌شیمان ده‌بنه‌وه له رۆژیكدا كه په‌شیمانى دادى هیچ كه‌سێك نادات و سودى نیه‌و ئه‌ڵێن: هاوار بۆ خۆمان ئا ئه‌مه ڕۆژی سزا وه‌رگرتنه.
(21) [ هَذَا يَوْمُ الْفَصْلِ الَّذِي كُنْتُمْ بِهِ تُكَذِّبُونَ (٢١) ] باوه‌ڕداران و فریشته‌كانیش وه‌كو سه‌رزه‌نشت كردن پێیان ئه‌ڵێن: ئه‌مه ڕۆژی بڕیاردان و یه‌كلا كردنه‌وه‌یه كه ئێوه له دونیادا به درۆتان ئه‌زانی
(22) [ احْشُرُوا الَّذِينَ ظَلَمُوا وَأَزْوَاجَهُمْ ] خوای گه‌وره فه‌رمان به فریشته‌كان ده‌كات كه كافران و موسڵمانان له یه‌كتر جیابكه‌نه‌وه‌و سته‌مكاران و كافران و هاوشێوه‌كانیان حه‌شر بكه‌ن و هه‌موویان كۆبكه‌نه‌وه به‌یه‌كه‌وه، یان زیناكار له‌گه‌ڵ زیناكارو، ریباخۆر له‌گه‌ڵ ریباخۆرو، مه‌ی خۆر له‌گه‌ڵ مه‌ى خۆردا حه‌شر بكه‌ن [ وَمَا كَانُوا يَعْبُدُونَ (٢٢) مِنْ دُونِ اللَّهِ ] وه ئه‌وانه‌یشی ئه‌مان جگه له خوای گه‌وره په‌رستوویانن خۆیان و په‌رستراوه‌كانیان كۆ بكه‌نه‌وه.
(23) [ فَاهْدُوهُمْ إِلَى صِرَاطِ الْجَحِيمِ (٢٣) ] وه ڕێنماییان بكه‌ن بۆ ڕێگای دۆزه‌خ و به‌ره‌و ڕێگای دۆزه‌خ به‌ڕێیان بكه‌ن.
(24) [ وَقِفُوهُمْ إِنَّهُمْ مَسْئُولُونَ (٢٤) ] وه ڕایانبگرن و به‌ندیان بكه‌ن بۆ لێپرسینه‌وه له وته‌و كرده‌وه‌كانی دونیایان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مانه لێپرسراون، له مافى خواى گه‌وره یه‌كه‌م شت پرسیار له مرۆڤ ده‌كرێت له‌سه‌ر نوێژه‌كانى، وه له مافى خه‌ڵكى پرسیارى لێده‌كرێت له‌سه‌ر خوێن رژاندن و كوشتن، وه دوو پێى هیچ كه‌سێك ناجولێت تا پرسیارى ته‌مه‌ن و گه‌نجێتى لێنه‌كرێت له چیدا به‌سه‌ری بردووه، وه ماڵ و سه‌روه‌ت و سامانى چۆن په‌یداى كردووه‌و له چیدا سه‌رفى كردووه، وه زانست و زانیاریه‌كه‌ى گه‌یاندۆتى و كارى پێكردووه یان نا، وه پرسیارى هاوڕێكانى لێده‌كرێت هاوڕێتى كه‌سانى دیندارو خواپه‌رست و ره‌وشت به‌رزى كردووه یان به پێچه‌وانه‌وه.
(25) [ مَا لَكُمْ لَا تَنَاصَرُونَ (٢٥) ] ئه‌وه چیتانه بۆ ئێستا هه‌ندێكتان هه‌ندێكتان سه‌رناخه‌ن وه‌كو له دونیا ده‌تانكردو ده‌تانووت.
(26) [ بَلْ هُمُ الْيَوْمَ مُسْتَسْلِمُونَ (٢٦) ] به‌ڵكو ئه‌مڕۆ ئه‌وان ته‌سلیم و ملكه‌چى فه‌رمانى خواى گه‌وره بوونه‌و بێده‌سه‌ڵاتن و هیچ توانایه‌كیان نیه.
(27) {مشتومڕو گفتوگۆى سه‌ركرده‌كان و شوێنكه‌وتوانیان له‌ناو ئاگرى دۆزه‌خدا} [ وَأَقْبَلَ بَعْضُهُمْ عَلَى بَعْضٍ يَتَسَاءَلُونَ (٢٧) ] وه شوێنكه‌وتوان و سه‌ركرده‌كان هه‌ندێكیان پرسیار له هه‌ندێكی تریان ئه‌كه‌ن وه‌كو لۆمه‌و سه‌رزه‌نشت كردن.
(28) [ قَالُوا إِنَّكُمْ كُنْتُمْ تَأْتُونَنَا عَنِ الْيَمِينِ (٢٨) ] شوێنكه‌وتوان به ده‌سه‌ڵاتداران ده‌ڵێن: ئێوه له‌لای ڕاسته‌وه بۆمان ئه‌هاتن و واتان نیشان ئه‌دا كه دینی حه‌ق و ڕاست لای ئێوه‌یه‌و نه‌تانهێشت ئێمه موسڵمان بین و ئیمان بێنین و كرده‌وه‌ى چاك بكه‌ین، یاخود ئێوه توانا‌و ده‌سه‌ڵاتتان هه‌بوو ئێمه بێده‌سه‌ڵات بووین و به‌زۆر زاڵ بوون به‌سه‌رماندا، یاخود كافران به شه‌یتانه‌كان ده‌ڵێن: ئێوه له لاى خێر‌و حه‌ق و چاكه‌وه بۆ ئێمه هاتن و ئێمه‌تان سارد ده‌كرده‌وه لێى و قه‌ده‌غه‌تان ده‌كردین لێى و باتڵتان بۆ ده‌رازاندینه‌وه تا بچینه سه‌رى.
(29) [ قَالُوا بَلْ لَمْ تَكُونُوا مُؤْمِنِينَ (٢٩) ] ئه‌وانیش وه‌ڵامیان ئه‌ده‌نه‌وه‌و ئه‌ڵێن: نه‌خێر ئێوه هه‌ر خۆتان له بنچینه‌دا باوه‌ڕدار نه‌بوون.
(30) [ وَمَا كَانَ لَنَا عَلَيْكُمْ مِنْ سُلْطَانٍ ] وه ئێمه هیچ توانا‌و ده‌سه‌ڵاتێكمان به‌سه‌ر ئێوه‌دا نه‌بوو كه به زۆر كافرتان بكه‌ین، یان هیچ به‌ڵگه‌مان پێ نه‌بوو له‌سه‌ر راستێتى ئه‌وه‌ى كه ئێوه‌مان بانگ كرد بۆى [ بَلْ كُنْتُمْ قَوْمًا طَاغِينَ (٣٠) ] به‌ڵكو ئێوه خۆتان كه‌سانێك بوون سنووری خوای گه‌وره‌تان به‌زاندبوو له كوفر‌و گومڕاییدا، بۆ وه‌ڵامى ئێمه‌تان دایه‌وه‌و شوێنمان كه‌وتن؟
(31) [ فَحَقَّ عَلَيْنَا قَوْلُ رَبِّنَا إِنَّا لَذَائِقُونَ (٣١) ] ئێستاش وشه‌ی خوای گه‌وره به‌سه‌ر ئێمه‌دا جێبه‌جێ بووه‌و ئه‌بێ سزای خوای گه‌وره بچێژین.
(32) [ فَأَغْوَيْنَاكُمْ ] به‌ڵێ ئێمه گومڕامان كردن [ إِنَّا كُنَّا غَاوِينَ (٣٢) ] به دڵنیایى ئێمه خۆمان گومڕا بووین.
(33) [ فَإِنَّهُمْ يَوْمَئِذٍ فِي الْعَذَابِ مُشْتَرِكُونَ (٣٣) ] خوای گه‌وره ئه‌فه‌رمووێ: له‌و ڕۆژه‌دا شوێنكه‌وتوان و سه‌ركرده‌كان هه‌ردوولایان له سزای خوای گه‌وره‌دا به‌شدارن هه‌ركه‌س به گوێره‌ى كوفر‌و تاوانى خۆى.
(34) [ إِنَّا كَذَلِكَ نَفْعَلُ بِالْمُجْرِمِينَ (٣٤) ] ئێمه به‌م شێوازه سزای تاوانباران ئه‌ده‌ین.
(35) [ إِنَّهُمْ كَانُوا إِذَا قِيلَ لَهُمْ لَا إِلَهَ إِلَّا اللَّهُ يَسْتَكْبِرُونَ (٣٥) ] ئه‌وان له دونیادا كاتێك كه پێیان بووترایه بڵێن: (لا إله إلا الله) خۆیان به گه‌وره ئه‌زانی له وه‌رگرتنی حه‌ق و (لا إله إلا الله) دا‌و نه‌یانده‌وت و شوێنی نه‌ده‌كه‌وتن.
(36) [ وَيَقُولُونَ أَئِنَّا لَتَارِكُو آلِهَتِنَا لِشَاعِرٍ مَجْنُونٍ (٣٦) ] وه ئه‌یانووت: ئایا ئێمه واز له خواكانی خۆمان بێنین له‌به‌ر قسه‌ی شاعیرێكی شێت، كه مه‌به‌ستیان پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - بوو.
(37) [ بَلْ جَاءَ بِالْحَقِّ وَصَدَّقَ الْمُرْسَلِينَ (٣٧) ] خوای گه‌وره به‌رگرى له پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ى - صلی الله علیه وسلم - ده‌كات و به درۆیان ده‌خاته‌وه‌و ئه‌فه‌رمووێ: به‌ڵكو پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - حه‌ق و ته‌وحیدی هێناوه وه پێغه‌مبه‌رانی پێش خۆیشی به‌ڕاست داناوه.
(38) [ إِنَّكُمْ لَذَائِقُو الْعَذَابِ الْأَلِيمِ (٣٨) ] به دڵنیایى ده‌بێت ئێوه ئه‌و سزا به‌ئێش و ئازاره‌ى ئاگرى دۆزه‌خ بچێژن[ وَمَا تُجْزَوْنَ إِلَّا مَا كُنْتُمْ تَعْمَلُونَ (٣٩) ] وه سزایش ناچێژن و سزاش نادرێنه‌وه ته‌نها به‌هۆی ئه‌و كرده‌وه خراپانه‌ی خۆتانه‌وه نه‌بێت له كوفر‌و تاوان و سه‌رپێچی.
(39) [ وَمَا تُجْزَوْنَ إِلَّا مَا كُنْتُمْ تَعْمَلُونَ (٣٩) ] وه سزایش ناچێژن و سزاش نادرێنه‌وه ته‌نها به‌هۆی ئه‌و كرده‌وه خراپانه‌ی خۆتانه‌وه نه‌بێت له كوفر‌و تاوان و سه‌رپێچی.
(40) [ إِلَّا عِبَادَ اللَّهِ الْمُخْلَصِينَ (٤٠) ] ته‌نها به‌نده دڵسۆزه‌كانی خوای گه‌وره نه‌بێت كه به تاك و ته‌نها خوایان په‌رستووه به دڵسۆزی و نیازپاكى یه‌وه ئه‌وان سزا ناچێژن و لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ناكرێت، به‌ڵكو خواى گه‌وره لێیان خۆش ده‌بێت.
(41) {پاداشتى باوه‌ڕداره دڵسۆز‌و نیازپاكه‌كان} [ أُولَئِكَ لَهُمْ رِزْقٌ مَعْلُومٌ (٤١) ] وه ئه‌مانه له‌ناو به‌هه‌شتدا ڕزق و ڕۆزیه‌كی به‌رده‌وام و زانراویان بۆ هه‌یه كه نابڕێته‌وه.
(42) [ فَوَاكِهُ وَهُمْ مُكْرَمُونَ (٤٢) ] وه جۆره‌ها میوه‌یان بۆ هه‌یه وه خوای گه‌وره ڕێزیان لێ ئه‌گرێ به جۆره‌ها ڕێز.
(43) [ فِي جَنَّاتِ النَّعِيمِ (٤٣) ] له به‌هه‌شت و باخ و باخاتێكدا كه پڕه له نازو نیعمه‌ت.
(44) [ عَلَى سُرُرٍ مُتَقَابِلِينَ (٤٤) ] له‌سه‌ر جێگای به‌رز دانیشتوونه وه به‌رامبه‌ر یه‌كن و ڕوویان له یه‌كه.
(45) [ يُطَافُ عَلَيْهِمْ بِكَأْسٍ مِنْ مَعِينٍ (٤٥) ] وه خزمه‌تكاران به‌سه‌ریاندا ئه‌سووڕێنه‌وه به گڵاسێك له مه‌ى به‌هه‌شت كه سه‌رچاوه‌ی هه‌یه‌و هه‌ڵئه‌قوڵێت و كۆتایی نایات.
(46) [ بَيْضَاءَ لَذَّةٍ لِلشَّارِبِينَ (٤٦) ] وه زۆر سپیه وه زۆر به‌تام و چێژ‌و به‌له‌زه‌ته بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ئه‌یخۆنه‌وه.
(47) [ لَا فِيهَا غَوْلٌ ] به‌ڵام عه‌قڵیان له ده‌ست ناده‌ن و بێ عه‌قڵ و سه‌رخۆش و بێ هۆش نابن [ وَلَا هُمْ عَنْهَا يُنْزَفُونَ (٤٧) ] وه تووشی سه‌ر ئێشه‌و سك ئێشه‌و ئازاریان ناكات و وه‌كو عه‌ره‌ق و مه‌ی دونیا نیه.
(48) [ وَعِنْدَهُمْ قَاصِرَاتُ الطَّرْفِ عِينٌ (٤٨) ] وه حۆریان بۆ هه‌یه كه چاویان كورت ئه‌كه‌نه‌وه له‌سه‌ر مێرده‌كانیان و ته‌نها ته‌ماشای ئه‌وان ده‌كه‌ن و بۆ لای جگه له‌وان ناچن، (عین) یش واته: چاویان یه‌كجار گه‌وره‌و جوانه.
(49) [ كَأَنَّهُنَّ بَيْضٌ مَكْنُونٌ (٤٩) ] سپین وه‌كو دوڕڕو مراوری، یان سپین وه‌كو سپێنه‌ى هێلكه، یاخود له زه‌ردیدا سپی بوونه كه جوانترین ڕه‌نگه، وه پارێزراون و كه‌س ده‌ستى بۆ نه‌بردوون.
(50) {خۆپاراستن له هاوڕێى خراپ} [ فَأَقْبَلَ بَعْضُهُمْ عَلَى بَعْضٍ يَتَسَاءَلُونَ (٥٠) ] ئینجا به‌هه‌شتیانیش روو له یه‌كترى ده‌كه‌ن و هه‌ندێكیان پرسیار له هه‌ندێكی تریان ئه‌كه‌ن: ئه‌وه ئێوه له دونیا چۆن بوونه؟
(51) [ قَالَ قَائِلٌ مِنْهُمْ إِنِّي كَانَ لِي قَرِينٌ (٥١) ] یه‌كێكیان ئه‌ڵێ: من له دونیادا هاوڕێیه‌كى كافرم هه‌بوو.
(52) [ يَقُولُ أَإِنَّكَ لَمِنَ الْمُصَدِّقِينَ (٥٢) ] باوه‌ڕى به زیندوو بوونه‌وه نه‌بوو، له دونیا پێی ده‌وتم: ئایا تۆ باوه‌ڕت به زیندوو بوونه‌وه هه‌یه؟!
(53) [ أَإِذَا مِتْنَا وَكُنَّا تُرَابًا وَعِظَامًا أَإِنَّا لَمَدِينُونَ (٥٣) ] ئایا ئێمه ئه‌گه‌ر بمرین و ببین به خۆڵ و ئێسقانه‌كانمان بڕزێ ئایا ئێمه سه‌رله‌نوێ زیندوو ئه‌بینه‌وه‌و لێپرسینه‌وه‌مان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت و سزا ده‌درێین له‌سه‌ر كرده‌وه‌كانمان؟!
(54) [ قَالَ هَلْ أَنْتُمْ مُطَّلِعُونَ (٥٤) ] ئه‌و باوه‌ڕداره به هاوڕێیانى به‌هه‌شتى ده‌ڵێ: وه‌رن له‌گه‌ڵمدا با ته‌ماشا بكه‌ین و بزانین له‌ناو دۆزه‌خدا ئه‌و هاوڕێیه‌م ئه‌دۆزینه‌وه‌و ئه‌یبینین
(55) [ فَاطَّلَعَ فَرَآهُ فِي سَوَاءِ الْجَحِيمِ (٥٥) ] ته‌ماشای ئاگری دۆزه‌خ ده‌كه‌ن ده‌بینن له ناوه‌ڕاستی ئاگری دۆزه‌خدایه‌و ده‌سوتێت و سزا ده‌درێت.
(56) [ قَالَ تَاللَّهِ إِنْ كِدْتَ لَتُرْدِينِ (٥٦) ] قسه‌ی له‌گه‌ڵدا ئه‌كات و ئه‌ڵێ: سوێند به‌خوای گه‌وره نزیك بوو منیش له‌گه‌ڵ خۆتدا فڕێ بده‌یته ناو ئاگری دۆزه‌خه‌وه ئه‌گه‌ر به قسه‌تم بكردایه‌و شوێنت بكه‌وتمایه، (ئه‌م ئایه‌ته به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى به‌هه‌شتیان ده‌توانن ته‌ماشاى ناو دۆزه‌خ بكه‌ن و دۆزه‌خیه‌كان ببینن و بیانناسنه‌وه‌و قسه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن).
(57) [ وَلَوْلَا نِعْمَةُ رَبِّي لَكُنْتُ مِنَ الْمُحْضَرِينَ (٥٧) ] وه ئه‌گه‌ر فه‌زڵ و چاكه‌و ڕه‌حمه‌ت و نیعمه‌تی خوای گه‌وره نه‌بوایه به‌سه‌ر منه‌وه كه هیدایه‌تی دام و رێنمایى كردم بۆ یه‌كخواپه‌رستى وه پاراستمی له گومڕایی ئه‌وه منیش ئێستا له‌گه‌ڵ تۆدا له‌ناو ئاگری دۆزه‌خدا ئاماده ئه‌بووم و له ئاماده بووان ئه‌بووم، (پێویسته مرۆڤى موسڵمان خۆى له هاوڕێى خراپ دوور بخاته‌وه تا له‌گه‌ڵ خۆیدا بۆ دۆزه‌خى نه‌بات).
(58) [ أَفَمَا نَحْنُ بِمَيِّتِينَ (٥٨) ] باوه‌ڕداره‌كه له خۆشی‌دا ده‌ڵێت: ئایا ئیتر له‌مه‌ودوا ئێمه نامرین و مردنمان به‌سه‌ردا نایات و به هه‌میشه‌یی له‌م نازو نیعمه‌ته‌ی به‌هه‌شتدا ئه‌بین.
(59) [ إِلَّا مَوْتَتَنَا الْأُولَى ] ته‌نها مردنی یه‌كه‌م جارمان نه‌بێ كه له دونیادا مردین [ وَمَا نَحْنُ بِمُعَذَّبِينَ (٥٩) ] وه له‌مه‌ودوا ئێمه سزا نادرێین هه‌روه‌كو چۆن كافران سزا ئه‌درێن.
(60) [ إِنَّ هَذَا لَهُوَ الْفَوْزُ الْعَظِيمُ (٦٠) ] به‌ڕاستی ئه‌مه‌یه بردنه‌وه‌ی هه‌ر گه‌وره كه مرۆڤ بچێته به‌هه‌شته‌وه و به نه‌مرى و هه‌میشه‌یی تیایدا بمێنێته‌وه.
(61) [ لِمِثْلِ هَذَا فَلْيَعْمَلِ الْعَامِلُونَ (٦١) ] خواى گه‌وره‌یش ده‌فه‌رمێت: ئه‌وانه‌ی كه كرده‌وه‌ى چاك ئه‌كه‌ن با بۆ ئه‌م پاداشته گه‌وره‌و بازرگانیه سه‌ركه‌وتووه كار بكه‌ن نه‌ك بۆ دونیایه‌ك كه كۆتایی دێت و ئه‌بڕێته‌وه.
(62) {دارى شه‌قنه‌بوت خۆراكى دۆزه‌خییه‌كانه} [ أَذَلِكَ خَيْرٌ نُزُلًا أَمْ شَجَرَةُ الزَّقُّومِ (٦٢) ] ئایا ئه‌م به‌هه‌شته كه پڕه له نازو نیعمه‌ت و شوێنی ڕێز لێنانه باشتره یاخود ئاگرى دۆزه‌خ كه داری زه‌قومى تیایه‌و خواردنی دۆزه‌خیه‌كانه؟
(63) [ إِنَّا جَعَلْنَاهَا فِتْنَةً لِلظَّالِمِينَ (٦٣) ] ئێمه ئه‌و داره‌مان كردووه به تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ سته‌مكاران كه ئه‌یانووت: چۆن ئه‌بێ دار له‌ناو دۆزه‌خدا هه‌بێت!؟ ئه‌وه توانا‌و ده‌سه‌ڵاتی خوای گه‌وره‌یه.
(64) [ إِنَّهَا شَجَرَةٌ تَخْرُجُ فِي أَصْلِ الْجَحِيمِ (٦٤) ] ئه‌وه دارێكه له بنی دۆزه‌خه‌وه رواوه‌و ده‌رچووه‌و ده‌رئه‌كه‌وێت.
(65) [ طَلْعُهَا كَأَنَّهُ رُءُوسُ الشَّيَاطِينِ (٦٥) ] لق و چڵه‌كانی وه‌كو سه‌ری شه‌یتان ناشیرینه هه‌ر چه‌نده شه‌یتان نه‌بینراوه به‌ڵام هه‌موو كه‌سێك ئه‌زانێ كه ناشیرینه.
(66) [ فَإِنَّهُمْ لَآكِلُونَ مِنْهَا فَمَالِئُونَ مِنْهَا الْبُطُونَ (٦٦) ] دۆزه‌خییه‌كان له‌و داری زه‌قوم و ژه‌قنه‌بووته ئه‌خۆن تا سكیانی لێ پڕ ئه‌كه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆر برسیانه‌و هیچ خواردنێكى تر‌ى لێ نییه.
(67) [ ثُمَّ إِنَّ لَهُمْ عَلَيْهَا لَشَوْبًا مِنْ حَمِيمٍ (٦٧) ] پاشان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه زۆر له‌و داره ئه‌خۆن ئینجا تینوویانه پاشان خوای گه‌وره ئاوێكی كوڵاویان ئه‌داتێ كه به ئاگری دۆزه‌خ كوڵاوه‌و تێكه‌ڵ به برین و زوخاوى دۆزه‌خیه‌كان كراوه كه له‌لاشه‌یان ده‌چۆڕێته‌وه‌و هه‌موو لاشه و پێست و ناو سكیان ئه‌تاوێنێته‌وه، پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - ئه‌م ئایه‌ته‌ى خوێنده‌وه‌و فه‌رمووی: (ئه‌گه‌ر ته‌نها دڵۆپێكی ئه‌و زه‌قومه بخرێته ناو ده‌ریاكانی دونیاوه ئه‌وه ژیان له خه‌ڵكی سه‌ر رووى زه‌وی تێك ئه‌دات، ئه‌ی ئیتر چۆن ئه‌گه‌ر كه‌سێك ئه‌وه خواردنه‌كه‌ی بێت) په‌نا به‌خوای گه‌وره‌و بمانپارێزێت.
(68) [ ثُمَّ إِنَّ مَرْجِعَهُمْ لَإِلَى الْجَحِيمِ (٦٨) ] له پاش ئه‌و خواردن و خواردنه‌وه‌یه‌ی ناو دۆزه‌خ گه‌ڕانه‌وه‌یان هه‌ر بۆ ناو ئاگرى سوتێنه‌رى دۆزه‌خه‌و هه‌ر جاره‌و به شێوازێك سزا ده‌درێن.
(69) [ إِنَّهُمْ أَلْفَوْا آبَاءَهُمْ ضَالِّينَ (٦٩) ] بۆیه ئه‌م سزا قورسه‌مان دان چونكه ئه‌وان باوك و باپیرانی خۆیان بینیه‌وه له‌سه‌ر گومڕایی و به‌بێ به‌ڵگه شوێنیان كه‌وتن و لاساییان كردنه‌وه.
(70) [ فَهُمْ عَلَى آثَارِهِمْ يُهْرَعُونَ (٧٠) ] وه ئه‌وان له‌و گومڕاییه به خێرایی به شوێنه‌واری باوك و باپیرانیاندا ڕۆیشتن.
(71) [ وَلَقَدْ ضَلَّ قَبْلَهُمْ أَكْثَرُ الْأَوَّلِينَ (٧١) ] وه پێش ئه‌مانیش ئوممه‌تانی پێشتریش زۆرێكیان گومڕا بوونه‌و له ڕێگا لایانداوه‌و هاوبه‌شیان بۆ خواى گه‌وره بڕیار داوه.
(72) [ وَلَقَدْ أَرْسَلْنَا فِيهِمْ مُنْذِرِينَ (٧٢) ] وه ئێمه پێغه‌مبه‌ران و ترسێنه‌رانمان ناردۆته ناویان تا بیانترسێنن و حه‌قیان بۆ ڕوون بكه‌نه‌وه.
(73) [ فَانْظُرْ كَيْفَ كَانَ عَاقِبَةُ الْمُنْذَرِينَ (٧٣) ] تۆ ته‌ماشا بكه‌و ببینه‌و بزانه سه‌ره‌نجامی ئه‌و كه‌سانه چۆن بووه كه پێغه‌مبه‌ران ئاگاداریان كردوونه‌ته‌وه‌و چۆن سزامان دان و له‌ناومان بردن.
(74) [ إِلَّا عِبَادَ اللَّهِ الْمُخْلَصِينَ (٧٤) ] ته‌نها به‌نده دڵسۆزه‌كانی خوای گه‌وره نه‌بێ كه ئیمانیان هێناوه‌و به تاك و ته‌نها خواى گه‌وره‌یان په‌رستووه به‌دڵسۆزییه‌وه ئه‌وانمان رزگار كردووه‌و سه‌رمان خستوون.
(75) {وه‌ڵامدانه‌وه‌ى نوح پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - } [ وَلَقَدْ نَادَانَا نُوحٌ فَلَنِعْمَ الْمُجِيبُونَ (٧٥) ] وه كاتێكیش كه نوح - صلی الله علیه وسلم - نۆسه‌دو په‌نجا ساڵ بانگه‌وازى نه‌ته‌وه‌كه‌ى كرد ته‌نها كه‌مێكیان باوه‌ڕیان هێناو لێیان بێ‌ئومێد بوو، بانگی له ئێمه كرد‌و لێمان پاڕایه‌وه ئێمه‌یش باشترین وه‌ڵامده‌ره‌وه بووین بۆ نوح و - صلی الله علیه وسلم - دوعاكه‌یمان قبووڵ كرد‌و قه‌ومه‌كه‌یمان له‌ناوبرد.
(76) [ وَنَجَّيْنَاهُ وَأَهْلَهُ مِنَ الْكَرْبِ الْعَظِيمِ (٧٦) ] وه خۆی و شوێنكه‌وتوانیمان ڕزگار كرد له‌و ناخۆشیه قورسه گه‌وره‌یه كه ئازاردان و به درۆزانین بوو، یان نوقم كردن و غه‌رق بوون بوو له‌ناو ئاوه‌كه‌دا.
(77) [ وَجَعَلْنَا ذُرِّيَّتَهُ هُمُ الْبَاقِينَ (٧٧) ] وه نه‌وه‌كانیمان هێشته‌وه ئه‌وانه‌ی كه باوه‌ڕیان پێی هێنابوو له‌ناو كه‌شتیه‌كه‌دا ئه‌وان مانه‌وه به‌ڵام خێزان و منداڵی خۆی ئه‌وانه‌ی كه كافر بوون نقوم بوون.
(78) [ وَتَرَكْنَا عَلَيْهِ فِي الْآخِرِينَ (٧٨) ] وه تا ڕۆژی قیامه‌تیش نه‌وه‌یان مایه‌وه، یان به باشه باس ده‌كرێت.
(79) [ سَلَامٌ عَلَى نُوحٍ فِي الْعَالَمِينَ (٧٩) ] هه‌موو ئوممه‌تان له هه‌موو جیهاندا سڵاو له نوح - صلی الله علیه وسلم - ده‌كه‌ن.
(80) [ إِنَّا كَذَلِكَ نَجْزِي الْمُحْسِنِينَ (٨٠) ] ئێمه به‌م شێوازه پاداشتی چاكه‌كاران ئه‌ده‌ینه‌وه كه له پاش خۆیشى به چاكه باس ده‌كرێت.
(81) [ إِنَّهُ مِنْ عِبَادِنَا الْمُؤْمِنِينَ (٨١) ] كه نوحیش - صلی الله علیه وسلم - له به‌نده باوه‌ڕداره یه‌كخواپه‌رسته‌كانی ئێمه بوو.
(82) [ ثُمَّ أَغْرَقْنَا الْآخَرِينَ (٨٢) ] پاشان ئه‌وانه‌ی تر كه ئیمانیان پێ نه‌هێنابوو هه‌موومان نوقم كردن له‌ناو ئاوه‌كه‌دا وه له‌ناومان بردن.
(83) {به‌سه‌رهاتى ئیبراهیم پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - و قه‌ومه‌كه‌ى} [ وَإِنَّ مِنْ شِيعَتِهِ لَإِبْرَاهِيمَ (٨٣) ] وه ئیبراهیمش - صلی الله علیه وسلم - له‌سه‌ر دین و په‌یڕه‌و و رێبازه‌كه‌ی نوح - صلی الله علیه وسلم - بووه له ته‌وحیدو یه‌كخواپه‌رستی و ئیمان هێنان و كرده‌وه‌ى چاك.
(84) [ إِذْ جَاءَ رَبَّهُ بِقَلْبٍ سَلِيمٍ (٨٤) ] كاتێك هات بۆ لای په‌روه‌ردگاری به دڵێكی ساغ و سه‌لیمه‌وه كه پڕ بوو له (لا إله إلا الله) و یه‌قین، وه پارێزراو بووه له شیرك و گومان، وه له‌به‌ر خوا ئامۆژگاری خه‌ڵكی كردووه.
(85) [ إِذْ قَالَ لِأَبِيهِ وَقَوْمِهِ مَاذَا تَعْبُدُونَ (٨٥) ] كاتێك كه به‌رهه‌ڵستى له باوكی و قه‌ومه‌كه‌ی كرد كه بت په‌رست بوون پێى وتن: ئایا ئێوه عیبادهت بۆ چ شتێك ئه‌كه‌ن و چ شتێك ئه‌په‌رستن.
(86) [ أَئِفْكًا آلِهَةً دُونَ اللَّهِ تُرِيدُونَ (٨٦) ] ئایا جگه له زاتی پیرۆزی (الله) درۆتان هه‌ڵبه‌ستووه‌و عیبادهت بۆ جگه له خواى گه‌وره ئه‌كه‌ن.
(87) [ فَمَا ظَنُّكُمْ بِرَبِّ الْعَالَمِينَ (٨٧) ] ئه‌ی ئێوه گومانتان چیه به په‌روه‌ردگارى هه‌موو جیهان كاتێك رووبه‌ڕووی ببنه‌وه چیتان به‌سه‌ر بێنێ كه ئێوه عیباده‌تی جگه له‌و ئه‌كه‌ن، واته: چاوه‌ڕوانى سزاى سه‌خت و هه‌میشه‌یى ئاگرى دۆزه‌خ بن.
(88) [ فَنَظَرَ نَظْرَةً فِي النُّجُومِ (٨٨) ] تێڕوانینێك ته‌ماشای ئه‌ستێره‌كانی كرد‌و بیرى كرده‌وه.
(89) [ فَقَالَ إِنِّي سَقِيمٌ (٨٩) ] كاتێك ئه‌وان جه‌ژنیان هه‌بوو وتیان ئه‌چینه ده‌ره‌وه‌ى شار بۆ ئاهه‌نگ گێڕان تۆیش له‌گه‌ڵماندا وه‌ره، ئیبراهیم - صلی الله علیه وسلم - وتی: من نه‌خۆشم، یاخود نه‌خۆشی تاعونم هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌وان وازى لێبێنن و له ترسى تووش بوون لێى دوور بكه‌ونه‌وه، یاخود واته: من لاوازم، یاخود مه‌به‌ستى نه‌خۆشى مردن بوو له داهاتوودا، یاخود دڵم نه‌خۆشه له‌و بتانه‌ى كه ئێوه ده‌یانپه‌رستن، پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - ده‌فه‌رمێت: (ئیبراهیم - صلی الله علیه وسلم - ته‌نها سێ جار ناڕاستى وتووه: دووانیان له‌به‌ر خوا بوو كه وتى: نه‌خۆشم، وه بته‌كانى شكاند وتى: بته گه‌وره‌كه شكاندوونى، وه جارێكیش بۆ پاراستنى ساره‌ى خێزانى بوو له ده‌ستى پاشاكه كه وتى: خوشكمه) و مه‌به‌ستى خوشكى دینى بوو
(90) [ فَتَوَلَّوْا عَنْهُ مُدْبِرِينَ (٩٠) ] بۆیه ئه‌وانیش وازیان لێ هێناو پشتیان تێكردو ڕۆیشتن بۆ چه‌ژن و ئاهه‌نگ گێڕانیان.
(91) [ فَرَاغَ إِلَى آلِهَتِهِمْ ] كاتێك كه كه‌س دیار نه‌ما ئه‌میش به خێرایى و نهێنى ڕۆیشت بۆ لای خواكانیان [ فَقَالَ أَلَا تَأْكُلُونَ (٩١) ] خواردنێكی زۆریان بۆ دانرابوو ئه‌میش وه‌كو گاڵته‌پێكردن و سووكایه‌تی پێكردن پێی وتن ئایا ئێوه له‌م خواردنانه ناخۆن؟
(92) [ مَا لَكُمْ لَا تَنْطِقُونَ (٩٢) ] ئه‌وه چیتانه بۆ قسه ناكه‌ن؟
(93) {ئیبراهیم پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - بته‌كان ده‌شكێنێت} [ فَرَاغَ عَلَيْهِمْ ضَرْبًا بِالْيَمِينِ (٩٣) ] به ده‌ستی ڕاستی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌هێزتره لێی دان و كه‌وته شكاندنی بته‌كان.
(94) [ فَأَقْبَلُوا إِلَيْهِ يَزِفُّونَ (٩٤) ] دوای ئه‌وه‌ی كه گه‌ڕانه‌وه‌و زانیان چی كردووه به بته‌كانیان به‌خێرایی هاتن بۆ لای (له سووره‌تى ئه‌نبیاء ئه‌م چیرۆكه به درێژتر باسكراوه).
(95) [ قَالَ أَتَعْبُدُونَ مَا تَنْحِتُونَ (٩٥) ] ئه‌میش پێی وتن ئایا ئێوه عیبادهت بۆ هه‌ندێك بت ئه‌كه‌ن كه به ده‌ستی خۆتان هه‌ڵیئه‌كۆڵن و دایئه‌تاشن.
(96) [ وَاللَّهُ خَلَقَكُمْ وَمَا تَعْمَلُونَ (٩٦) ] له كاتێكدا خوای گه‌وره ئێوه‌و كرده‌وه‌كانیشی دروست كردوون، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر خوای گه‌وره دروستكاره.
(97) {هه‌وڵى سوتاندنى ئیبراهیم پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - ده‌درێت} [ قَالُوا ابْنُوا لَهُ بُنْيَانًا فَأَلْقُوهُ فِي الْجَحِيمِ (٩٧) ] ئه‌وانیش وتیان: خانوو خه‌نده‌قێكى گه‌وره‌ی بۆ دروست بكه‌ن وه ئاگرێكی گه‌وره‌ی تیا بكه‌نه‌وه وه له دووره‌وه هه‌ڵی بده‌نه ناویه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئاگره‌كه یه‌كجار گه‌وره بوو نه‌یانئه‌توانی لێی نزیك ببنه‌وه‌و هه‌ڵی بده‌نه ناوی، بۆیه له دووره‌وه به مه‌نجه‌نیق هه‌ڵیاندایه ناوى
(98) [ فَأَرَادُوا بِهِ كَيْدًا فَجَعَلْنَاهُمُ الْأَسْفَلِينَ (٩٨) ] ئه‌وان نه‌خشه‌و پیلانیان دانا به‌ڵام ئێمه ئه‌وانمان ژێر خست و هیچیان بۆ نه‌كرا، وه ئاگره‌كه سارد‌و سه‌لامه‌ت بوو ئیبراهیم - صلی الله علیه وسلم - لێی هاته ده‌ره‌وه.
(99) [ وَقَالَ إِنِّي ذَاهِبٌ إِلَى رَبِّي سَيَهْدِينِ (٩٩) ] وه وتی: من ئه‌ڕۆم كۆچ ئه‌كه‌م بۆ لای په‌روه‌ردگار به‌ڵكو خوای گه‌وره هیدایه‌تم بدات و ڕێنماییم بكات له شوێنێك بتوانم عیباده‌تی بكه‌م.
(100) [ رَبِّ هَبْ لِي مِنَ الصَّالِحِينَ (١٠٠) ] ئه‌ی په‌روه‌ردگار له جیاتى هۆزو نه‌ته‌وه‌كه‌م كه به‌جێم هێشتن منداڵی صاڵحم پێ ببه‌خشه یارمه‌تیده‌رم بێت له‌سه‌ر گوێڕایه‌ڵى و عیباده‌تى تۆ.
(101) [ فَبَشَّرْنَاهُ بِغُلَامٍ حَلِيمٍ (١٠١) ] منداڵێكمان پێی به‌خشی كه ئیسماعیل - صلی الله علیه وسلم - بوو كه دواتر منداڵێكی حه‌لیم و هێمن و ئارام و له‌سه‌رخۆ بوو، ئارامى گرت و رازى بوو كه باوكى سه‌ری ببڕێت، وه یه‌كه‌م منداڵى بوو، وه له ئیسحاق - صلی الله علیه وسلم - گه‌وره‌تر بوو.
(102) {ئیبراهیم پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - له خه‌ودا ئیسماعیلى كوڕى - صلی الله علیه وسلم - سه‌رده‌بڕێت} [ فَلَمَّا بَلَغَ مَعَهُ السَّعْيَ قَالَ يَا بُنَيَّ إِنِّي أَرَى فِي الْمَنَامِ أَنِّي أَذْبَحُكَ فَانْظُرْ مَاذَا تَرَى ] كاتێك كه ئیسماعیل - صلی الله علیه وسلم - پێ گه‌یشت وه له‌گه‌ڵیدا ئه‌هات و ئه‌ڕۆیشت ئیبراهیم - صلی الله علیه وسلم - وتی: ئه‌ی كوڕی خۆم من له خه‌ودا ئه‌بینم كه سه‌رت ئه‌بڕم تۆیش ته‌ماشا بكه بزانه بۆچوونت چیه‌و وه‌ڵامت چیه؟ (له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌وی پێغه‌مبه‌ران وه‌حیه‌و له‌لایه‌ن خوای گه‌وره‌وه‌یه) [ قَالَ يَا أَبَتِ افْعَلْ مَا تُؤْمَرُ ] ئه‌ویش به بێ دوودڵى فه‌رمووی: ئه‌ی باوكی خۆم ئه‌وه‌ی فه‌رمانت پێكراوه له‌لایه‌ن خوای گه‌وره‌وه جێبه‌جێی بكه [ سَتَجِدُنِي إِنْ شَاءَ اللَّهُ مِنَ الصَّابِرِينَ (١٠٢) ] (إن شا‌ء الله) ئه‌بینی من له ئارامگرانم و ئارام ئه‌گرم له‌سه‌ر فه‌رمانی خوای گه‌وره‌و سه‌رم ببڕه.
(103) [ فَلَمَّا أَسْلَمَا ] كاتێك كه هه‌ردووكیان ملكه‌چ و ته‌سلیمی فه‌رمانی خوای گه‌وره بوون [ وَتَلَّهُ لِلْجَبِينِ (١٠٣) ] وه له‌سه‌ر ناوچه‌وان و ڕووی ڕایخست له‌سه‌ر زه‌ویه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی له پشته‌وه سه‌ری ببڕێ و ده‌موچاوى نه‌بینێت تا ئاسانتر بێت، كه له (مینا) بووه.
(104) [ وَنَادَيْنَاهُ أَنْ يَا إِبْرَاهِيمُ (١٠٤) ] خوای گه‌وره ئه‌فه‌رمووێ: بانگمان كرد ئه‌ی ئیبراهیم - صلی الله علیه وسلم - .
(105) [ قَدْ صَدَّقْتَ الرُّؤْيَا ] به‌ڕاستی تۆ خه‌وه‌كه‌ت جێبه‌جێ كرد‌و ڕاستگۆ بوویت و خه‌وه‌كه‌ت به‌ڕاست دانا [ إِنَّا كَذَلِكَ نَجْزِي الْمُحْسِنِينَ (١٠٥) ] ئێمه به‌م شێوازه پاداشتی چاكه‌كاران ئه‌ده‌ینه‌وه‌و ئه‌وه‌ى گوێڕایه‌ڵیمان بكات ناخۆشى و ته‌نگانه‌ى له‌سه‌ر لاده‌به‌ین و ده‌روى خێرى لێده‌كه‌ینه‌وه.
(106) [ إِنَّ هَذَا لَهُوَ الْبَلَاءُ الْمُبِينُ (١٠٦) ] ئه‌مه به‌ڕاستی تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی زۆر ئاشكرا بوو بۆ ئیبراهیم و ئیسماعیل (عَلَيْهِما الصَّلَاةُ وَالسَّلَامُ)، وه له‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌دا سه‌ركه‌وتن و ناجیح بوون.
(107) {خواى گه‌وره له جیاتى ئیسماعیل - صلی الله علیه وسلم - به‌رانێك ده‌نێرێت} [ وَفَدَيْنَاهُ بِذِبْحٍ عَظِيمٍ (١٠٧) ] وه خوای گه‌وره له جیاتی ئیسماعیل - صلی الله علیه وسلم - به‌رانێكی شاخدارى له به‌هه‌شته‌وه بۆ ئیبراهیم - صلی الله علیه وسلم - نارد تا له جیاتی ئیسماعیلی كوڕی - صلی الله علیه وسلم - سه‌ری ببڕێت، (له‌م كاته‌وه قوربانى كردن ته‌شریع بووه‌و عیباده‌تێكى گه‌وره‌یه‌و پێغه‌مبه‌رى خوا - صلی الله علیه وسلم - هه‌موو ساڵێك دوو به‌رانى شاخدارى ره‌ش و سپى كردووه به قوربانى و پێویسته ئه‌وه‌ى تواناى هه‌بێت قوربانى بكات).
(108) [ وَتَرَكْنَا عَلَيْهِ فِي الْآخِرِينَ (١٠٨) ] وه ڕێز‌و مه‌دح و سه‌ناو ستایشیمان له‌ناو ئوممه‌ته‌كانی دواتردا به‌جێهێشت كه مه‌دحی بكه‌ن.
(109) [ سَلَامٌ عَلَى إِبْرَاهِيمَ (١٠٩) ] سڵاو له ئیبراهیم - صلی الله علیه وسلم - بێت.
(110) [ كَذَلِكَ نَجْزِي الْمُحْسِنِينَ (١١٠) ] ئێمه به‌م شێوازه پاداشتی چاكه‌كاران ئه‌ده‌ینه‌وه.
(111) [ إِنَّهُ مِنْ عِبَادِنَا الْمُؤْمِنِينَ (١١١) ] به‌ڕاستی ئیبراهیم له به‌نده باوه‌ڕداره‌كانی ئێمه بوو.
(112) [ وَبَشَّرْنَاهُ بِإِسْحَاقَ نَبِيًّا مِنَ الصَّالِحِينَ (١١٢) ] وه له دوای ئیسماعیل - صلی الله علیه وسلم - موژده‌مان پێدا به كوڕێكی تر كه ناوی ئیسحاق - صلی الله علیه وسلم - بووه، وه له داهاتوودا ده‌بێت به پێغه‌مبه‌رێك له پیاوچاكان.
(113) [ وَبَارَكْنَا عَلَيْهِ وَعَلَى إِسْحَاقَ ] وه به‌ره‌كه‌تیشمان دابه‌زانده سه‌ریان و خسته ناو نه‌وه‌كانیه‌وه‌و منداڵمان زۆر كردن، وه له نه‌وه‌ی ئیسحاقیش كه‌سانی تر ده‌بن به پێغه‌مبه‌ر [ وَمِنْ ذُرِّيَّتِهِمَا مُحْسِنٌ وَظَالِمٌ لِنَفْسِهِ مُبِينٌ (١١٣) ] له نه‌وه‌ی ئه‌مانیش هه‌بووه چاكه‌كار بووه، وه هه‌یشبووه تاوانبار‌و خراپه‌كار بووه، وه‌كو یه‌هودو نه‌صارا له نه‌وه‌ی ئیسحاق بوونه‌و خراپه‌كار بوونه كه به ئاشكرا خراپه‌یان كردووه
(114) [ وَلَقَدْ مَنَنَّا عَلَى مُوسَى وَهَارُونَ (١١٤) ] وه ئێمه نیعمه‌تی خۆمان ڕژاند به‌سه‌ر موسى و هاروندا (عَلَيْهِما الصَّلَاةُ وَالسَّلَامُ).
(115) [ وَنَجَّيْنَاهُمَا وَقَوْمَهُمَا مِنَ الْكَرْبِ الْعَظِيمِ (١١٥) ] وه خۆیان و قه‌ومه‌كه‌یانمان له‌و ناخۆشیه گه‌وره‌یه ڕزگار كرد كه فیرعه‌ون كردبوونی به كۆیله، یاخود له غه‌رق كردنی ئاوه‌كه ڕزگارمان كردن.
(116) [ وَنَصَرْنَاهُمْ فَكَانُوا هُمُ الْغَالِبِينَ (١١٦) ] وه ئه‌مانمان سه‌رخست و ئه‌مان زاڵ و سه‌ركه‌وتوو بوون به‌سه‌ر فیرعه‌وندا.
(117) [ وَآتَيْنَاهُمَا الْكِتَابَ الْمُسْتَبِينَ (١١٧) ] وه كتابێكی ئاشكراشمان پێ به‌خشین كه ته‌ورات بوو.
(118) [ وَهَدَيْنَاهُمَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ (١١٨) ] وه هیدایه‌تیشمان دان بۆ ڕێگا ڕاسته‌كه‌ی خوای گه‌وره.
(119) [ وَتَرَكْنَا عَلَيْهِمَا فِي الْآخِرِينَ (١١٩) ] وه مه‌دح و سه‌ناو ستایشى ئه‌مانیش له‌ناو ئوممه‌تانی دواتردا هه‌ر مایه‌وه‌و به باشه باس ئه‌كران.
(120) [ سَلَامٌ عَلَى مُوسَى وَهَارُونَ (١٢٠) ] سڵاوی خوای گه‌وره له موسى و هارون بێت(عَلَيْهِما الصَّلَاةُ وَالسَّلَامُ).
(121) [ إِنَّا كَذَلِكَ نَجْزِي الْمُحْسِنِينَ (١٢١) ] ئێمه به‌م شێوازه پاداشتی چاكه‌كاران ئه‌ده‌ینه‌وه.
(122) [ إِنَّهُمَا مِنْ عِبَادِنَا الْمُؤْمِنِينَ (١٢٢) ] ئه‌مان هه‌ردووكیان له به‌نده باوه‌ڕداره‌كانی ئێمه بوون.
(123) {بانگه‌وازى ئیلیاس پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - } [ وَإِنَّ إِلْيَاسَ لَمِنَ الْمُرْسَلِينَ (١٢٣) ] وه ئیلیاسیش - صلی الله علیه وسلم - پێغه‌مبه‌رێكی تر بووه له پێغه‌مبه‌ره‌كانی به‌نى ئیسرائیل، یان وتراوه: ئیدریس - صلی الله علیه وسلم - بووه.
(124) [ إِذْ قَالَ لِقَوْمِهِ أَلَا تَتَّقُونَ (١٢٤) ] كاتێك كه به قه‌ومه‌كه‌ی خۆی فه‌رموو ئه‌وه بۆ ته‌قوای خوای گه‌وره ناكه‌ن و بۆچی عیباده‌تی جگه له خوای گه‌وره ئه‌كه‌ن.
(125) [ أَتَدْعُونَ بَعْلًا ] ئایا ئێوه عیبادهت بۆ (به‌عل) ئه‌كه‌ن كه ناوی بتێك بووه، یان ناوی ئافره‌تێك بووه په‌رستوویانه، یان ناوی په‌روه‌ردگار بووه‌و بتێكتان كردووه به په‌روه‌ردگار [ وَتَذَرُونَ أَحْسَنَ الْخَالِقِينَ (١٢٥) ] وه وازتان له باشترین دروستكار هێناوه كه خوای گه‌وره‌یه‌و عیباده‌تی ئه‌و ناكه‌ن، كه ته‌نها ئه‌و په‌رستراوى حه‌قه‌و شایانى په‌رستنه‌و په‌رستراوه‌كانى تر پوچه‌ڵ و بێبنه‌مان.
(126) [ اللَّهَ رَبَّكُمْ وَرَبَّ آبَائِكُمُ الْأَوَّلِينَ (١٢٦) ] هه‌ر (الله)یه كه په‌روه‌ردگاری ئێوه‌و په‌روه‌ردگاری باوك و باپیرانی پێشینیشتانه.
(127) [ فَكَذَّبُوهُ فَإِنَّهُمْ لَمُحْضَرُونَ (١٢٧) ] ئه‌وان به‌درۆیان زانی، وه ئه‌بێ ئاماده‌ی سزای خوای گه‌وره بن له ڕۆژی قیامه‌ت.
(128) [ إِلَّا عِبَادَ اللَّهِ الْمُخْلَصِينَ (١٢٨) ] ته‌نها به‌نده دڵسۆزه‌كانی خوای گه‌وره نه‌بێت ئه‌وانه‌ی كه ئیمانیان پێی هێناوه ڕزگاریان ئه‌بێ له سزا.
(129) [ وَتَرَكْنَا عَلَيْهِ فِي الْآخِرِينَ (١٢٩) ] وه ئه‌میش له‌ناو ئوممه‌تانی دواتردا مه‌دح و سه‌ناو ستایش ده‌كرێت و باش باس ده‌كرێت و ڕێزی ئه‌مێنێت.
(130) [ سَلَامٌ عَلَى إِلْ يَاسِينَ (١٣٠) ] وه سڵاوی خوای گه‌وره له (ئیل یاسین) بێت واته: له (ئیلیاس) - صلی الله علیه وسلم - بێت كه هه‌ردووكیان یه‌كن.
(131) [ إِنَّا كَذَلِكَ نَجْزِي الْمُحْسِنِينَ (١٣١) ] ئێمه به‌م شێوازه پاداشتی چاكه‌كاران ئه‌ده‌ینه‌وه.
(132) [ إِنَّهُ مِنْ عِبَادِنَا الْمُؤْمِنِينَ (١٣٢) ] به دڵنیایى ئه‌میش یه‌كێك بووه له به‌نده باوه‌ڕداره‌كانی ئێمه.
(133) {خێزانه‌كه‌ى لوط پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - له‌ناو سزادراواندا ده‌بێت} [ وَإِنَّ لُوطًا لَمِنَ الْمُرْسَلِينَ (١٣٣) ] وه لوطيش - صلی الله علیه وسلم - یه‌كێك بووه له پێغه‌مبه‌رانی خوای گه‌وره.
(134) [ إِذْ نَجَّيْنَاهُ وَأَهْلَهُ أَجْمَعِينَ (١٣٤) ] كه خۆی و كه‌سوكاره باوه‌ڕداره‌كانی ئه‌وه‌ی كه شوێنی كه‌وتبوون هه‌موویانمان ڕزگار كرد.
(135) [ إِلَّا عَجُوزًا فِي الْغَابِرِينَ (١٣٥) ] ته‌نها پیرێژنێك نه‌بێ كه له‌ناو سزادا مایه‌وه كه خێزانه‌كه‌ی بوو كافر بوو باوه‌ڕی پێ نه‌هێنا.
(136) [ ثُمَّ دَمَّرْنَا الْآخَرِينَ (١٣٦) ] پاشان ئه‌وانه‌ی ترمان هه‌موو له‌ناوبرد.
(137) [ وَإِنَّكُمْ لَتَمُرُّونَ عَلَيْهِمْ مُصْبِحِينَ (١٣٧) ] ئه‌ی خه‌ڵكی مه‌ككه ئێوه به به‌یانیان به شوێنه‌واری ئه‌وان و ماڵه‌كانیاندا تێئه‌په‌ڕن.
(138) [ وَبِاللَّيْلِ ] وه به شه‌وانیش هه‌ر به گه‌ڕانه‌وه‌تان له شامدا به‌سه‌ریاندا تێئه‌په‌ڕن [ أَفَلَا تَعْقِلُونَ (١٣٨) ] ئه‌وه بۆ په‌ندو ئامۆژگاری وه‌رناگرن بزانن خوای گه‌وره چۆن سزای دان دوایی سزای ئێوه‌ش ئه‌دات ئه‌گه‌ر ئیمان نه‌هێنن، خواى گه‌وره شوێنه‌كه‌ى كردن به ده‌ریاچه‌یه‌كى پیسى بۆگه‌نى ناشیرین.
(139) {یونس پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - فڕێ ده‌درێته ناو ده‌ریاوه} [ وَإِنَّ يُونُسَ لَمِنَ الْمُرْسَلِينَ (١٣٩) ] وه (یونس)یش - صلی الله علیه وسلم - كه (ذا النون)ی پێ وتراوه به دڵنیایى یه‌كێك بووه له پێغه‌مبه‌رانی خوای گه‌وره.
(140) [ إِذْ أَبَقَ إِلَى الْفُلْكِ الْمَشْحُونِ (١٤٠) ] كاتێك كه وایزانی خوای گه‌وره سزای قه‌ومه‌كه‌ی ئه‌دات كه سزاكه دواكه‌وت ئه‌م قه‌ومه‌كه‌ی خۆی به‌جێ هێشت و چووه ناو كه‌شتییه‌كه‌وه كه كه‌شتییه‌كه پڕ بوو له شتومه‌ك.
(141) [ فَسَاهَمَ ] نزیك بووه كه‌شتییه‌كه نوقم بێت تیر‌و پشكیان كرد بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موویان نقوم نه‌بن كه‌سێك فڕێ بده‌نه ناو ئاوه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی كه‌شتیه‌كه ڕزگاری بێت [ فَكَانَ مِنَ الْمُدْحَضِينَ (١٤١) ] كاتێك كه تیروپشك كرا سآ جار یونس - صلی الله علیه وسلم - ده‌رچوو وه فڕێیان دایه ناو ده‌ریاكه‌وه.
(142) [ فَالْتَقَمَهُ الْحُوتُ وَهُوَ مُلِيمٌ (١٤٢) ] وه خوای گه‌وره نه‌هه‌نگێكی نارد‌و قوتی دا، چونكه یونس - صلی الله علیه وسلم - قه‌ومه‌كه‌ى به‌جێهێشت و لۆمه كرا.
(143) [ فَلَوْلَا أَنَّهُ كَانَ مِنَ الْمُسَبِّحِينَ (١٤٣) ] ئه‌گه‌ر یونس - صلی الله علیه وسلم - له‌ناو سكی نه‌هه‌نگه‌كه ته‌سبیحاتی خوای گه‌وره‌ی نه‌كردایه یان نوێژی نه‌كردایه، ئه‌ووترێ: پێشتر‌و له‌ناو سكى نه‌هه‌نگه‌كه‌یش نوێژ‌و زیكری خوای گه‌وره‌ی كردووه.
(144) [ لَلَبِثَ فِي بَطْنِهِ إِلَى يَوْمِ يُبْعَثُونَ (١٤٤) ] ئه‌وه له‌ناو سكی ئه‌و نه‌هه‌نگه‌دا ئه‌مایه‌وه تا ڕۆژی زیندوو بوونه‌وه، واته: ناو سكی نه‌هه‌نگه‌كه ئه‌بووه گۆڕی.
(145) {یونس پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - رزگارى ده‌بێت} [ فَنَبَذْنَاهُ بِالْعَرَاءِ وَهُوَ سَقِيمٌ (١٤٥) ] خوای گه‌وره فه‌رمانی كرد به نه‌هه‌نگه‌كه له ده‌مییه‌وه فڕێی دایه ده‌شت و شوێنێكی چۆڵه‌وه كه هیچ رووه‌كى لێنه‌بوو، وه لاواز‌و نه‌خۆش بوو جلوبه‌رگی له‌به‌ردا نه‌مابوو.
(146) [ وَأَنْبَتْنَا عَلَيْهِ شَجَرَةً مِنْ يَقْطِينٍ (١٤٦) ] وه دارێكمان بۆی ڕوواند كه سێبه‌ری بۆ بكات كه ئه‌ووترێ: كوله‌كه بووه.
(147) [ وَأَرْسَلْنَاهُ إِلَى مِائَةِ أَلْفٍ أَوْ يَزِيدُونَ (١٤٧) ] پاشان ناردمان بۆ لای خه‌ڵكی (نه‌ینه‌وا) كه سه‌د هه‌زار كه‌س یاخود زیاتر بوون.
(148) [ فَآمَنُوا ] دوای ئه‌وه‌ی كه نیشانه‌ی پێغه‌مبه‌رایه‌تیان بینی، یاخود هه‌ندێك له نیشانه‌كانی سزای خوای گه‌وره‌یان بینی هه‌موویان ئیمانیان هێناو خوای گه‌وره سزای نه‌دان [ فَمَتَّعْنَاهُمْ إِلَى حِينٍ (١٤٨) ] وه ژیانماندن تا كۆتایی ئه‌جه‌ل و كاتی دیاریكراوی خۆیان.
(149) {كافران بوهتان بۆ خواى گه‌وره ده‌كه‌ن } [ فَاسْتَفْتِهِمْ ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - تۆ پرسیار له كافرانى قوڕه‌یش بكه وه‌كو به‌رهه‌ڵستى كردن و نكوڵى كردن [ أَلِرَبِّكَ الْبَنَاتُ وَلَهُمُ الْبَنُونَ (١٤٩) ] ئایا ئه‌وان بۆچى ئه‌ڵێن: مه‌لائیكه‌ت كچی خوای گه‌وره‌یه له‌كاتێكدا بۆ خۆیان ڕازی نابن كچیان ببێت و كچ زینده به‌چاڵ ئه‌كه‌ن ئایا خوای گه‌وره كچی هه‌یه‌و ئه‌وان كوڕیان هه‌یه! چۆن به شتێك بۆ خۆیان ڕازی نابن ئه‌یده‌نه پاڵ خوای گه‌وره.
(150) [ أَمْ خَلَقْنَا الْمَلَائِكَةَ إِنَاثًا وَهُمْ شَاهِدُونَ (١٥٠) ] یاخود ئایا ئه‌گه‌ر مه‌لائیكه‌ت كچ بن ئێمه كاتێك مه‌لائیكه‌تمان دروست كردووه ئه‌وان ئاگادار بوونه‌و بینیویانه چۆن ئه‌زانن مه‌لائیكه‌ت كچه.
(151) [ أَلَا إِنَّهُمْ مِنْ إِفْكِهِمْ لَيَقُولُونَ (١٥١) ] نه‌خێر ئه‌مه ته‌نها درۆهه‌ڵبه‌ستن و بوهتانێكه‌و له بوهتان كردن‌دا ئه‌وان ئه‌ڵێن:
(152) [ وَلَدَ اللَّهُ ] خوای گه‌وره منداڵی بووه (وَالْعِيَاذُ بِالله) [ وَإِنَّهُمْ لَكَاذِبُونَ (١٥٢) ] وه به دڵنیایی ئه‌وان درۆ ئه‌كه‌ن.
(153) [ أَصْطَفَى الْبَنَاتِ عَلَى الْبَنِينَ (١٥٣) ] ئایا خوای گه‌وره كچی هه‌ڵبژاردووه به‌سه‌ر كوڕدا له كاتێك ئێوه خۆتان به كچ ڕازی نین.
(154) [ مَا لَكُمْ كَيْفَ تَحْكُمُونَ (١٥٤) ] ئه‌وه چیتانه‌و چۆن بڕیارێكه بۆ خوای گه‌وره‌ی ئه‌ده‌ن.
(155) [ أَفَلَا تَذَكَّرُونَ (١٥٥) ] ئه‌وه بۆ بیر ناكه‌نه‌وه‌و په‌ندو ئامۆژگاری وه‌رناگرن له‌سه‌ر پووچه‌ڵی و به‌تاڵی ئه‌و قسه‌یه‌ی خۆتان.
(156) [ أَمْ لَكُمْ سُلْطَانٌ مُبِينٌ (١٥٦) ] یاخود به‌ڵگه‌یه‌كی ڕوون و ئاشكراتان هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌م قسانه‌ی كه ئێوه ئه‌یكه‌ن.
(157) [ فَأْتُوا بِكِتَابِكُمْ إِنْ كُنْتُمْ صَادِقِينَ (١٥٧) ] ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌یه‌ك و كتابێكى ئاسمانیتان هه‌یه ئه‌م شتانه‌ی تیا نووسراوه‌ته‌وه بیهێنن ئه‌گه‌ر ئێوه ڕاستگۆن.
(158) [ وَجَعَلُوا بَيْنَهُ وَبَيْنَ الْجِنَّةِ نَسَبًا ] ئه‌یانووت: خوای گه‌وره له‌گه‌ڵ جنیه‌كاندا نه‌سه‌ب له نێوانیاندا هه‌یه (وَالْعِيَاذُ بِالله) ئه‌یانووت: ژن و ژنخوازی له نێوانیاندا هه‌یه خوای گه‌وره داوای جنی كردووه جنیان داوه‌ته‌وه خوای گه‌وره‌و مه‌لائیكه‌تیش له‌و بووه (وَالْعِيَاذُ بِالله) [ وَلَقَدْ عَلِمَتِ الْجِنَّةُ إِنَّهُمْ لَمُحْضَرُونَ (١٥٨) ] له كاتێكدا كه جنیه كافره‌كانیش ئه‌زانن ئاماده‌ی ئاگری دۆزه‌خ و سزای خوای گه‌وره ئه‌بن له‌سه‌ر ئه‌م درۆ هه‌ڵبه‌ستنانه.
(159) [ سُبْحَانَ اللَّهِ عَمَّا يَصِفُونَ (١٥٩) ] پاك و مونه‌ززه‌هی بۆ خوای گه‌وره له‌و وه‌سفانه‌ی كه ئه‌وان ئه‌یده‌نه پاڵ خوای گه‌وره كه خوای گه‌وره پاك و بێگه‌رده له‌وه‌ی كه خێزان یان منداڵی هه‌بێت.
(160) [ إِلَّا عِبَادَ اللَّهِ الْمُخْلَصِينَ (١٦٠) ] ته‌نها به‌نده دڵسۆزه‌كانی خوای گه‌وره ئاماده‌ی سزای خوای گه‌وره نابن، یاخود ئه‌و وه‌سفانه ناده‌نه پاڵ خوای گه‌وره به‌ڵكو به‌تاك و ته‌نها خوای گه‌وره ئه‌په‌رستن و خوای گه‌وره به پاك ڕائه‌گرن له هه‌موو وه‌سفێك كه شایانى خواى گه‌وره نه‌بێت.
(161) [ فَإِنَّكُمْ وَمَا تَعْبُدُونَ (١٦١) ] ئێوه خۆتان و خواكانتان.
(162) [ مَا أَنْتُمْ عَلَيْهِ بِفَاتِنِينَ (١٦٢) ] ناتوانن كه‌س گومڕا بكه‌ن و كه‌س شوێنتان ناكه‌وێت.
(163) [ إِلَّا مَنْ هُوَ صَالِ الْجَحِيمِ (١٦٣) ] ته‌نها مه‌گه‌ر كه‌سێك خۆی به‌رده‌وام بێ له‌سه‌ر كوفر‌و خۆی بیه‌وێ بچێته دۆزه‌خه‌وه‌و دۆزه‌خ هه‌ڵبژێرێ.
(164) [ وَمَا مِنَّا إِلَّا لَهُ مَقَامٌ مَعْلُومٌ (١٦٤) ] فریشته‌كان ئه‌ڵێن: وه هیچ كه‌سێك له ئێمه نیه ته‌نها شوێنی دیاریكراوی خۆمان هه‌یه له ئاسماندا خوای گه‌وره‌ى لێ ده‌په‌رستین و ئه‌و شوێنه تێناپه‌ڕێنین.
(165) [ وَإِنَّا لَنَحْنُ الصَّافُّونَ (١٦٥) ] وه ئێمه هه‌موومان پۆل پۆل ڕاوه‌ستاوین له ئاسمان عیباده‌تی خوای گه‌وره ئه‌كه‌ین هه‌روه‌كو چۆن باوه‌ڕدارانیش له نوێژه‌كاندا پۆل پۆل ڕائه‌وه‌ستن و عیباده‌تی خوای گه‌وره ئه‌كه‌ن.
(166) [ وَإِنَّا لَنَحْنُ الْمُسَبِّحُونَ (١٦٦) ] وه ئێمه ته‌سبیحات و نوێژ‌و عیبادهت و زیكری خوای گه‌وره ئه‌كه‌ین، واته: ئێمه كچی خوای گه‌وره نین به‌ڵكو به‌نده‌ی ملكه‌چ و گوێڕایه‌ڵى خوای گه‌وره‌ین.
(167) [ وَإِنْ كَانُوا لَيَقُولُونَ (١٦٧) ] هه‌ر چه‌نده موشریكان ئه‌یانووت:
(168) [ لَوْ أَنَّ عِنْدَنَا ذِكْرًا مِنَ الْأَوَّلِينَ (١٦٨) ] ئه‌گه‌ر كتابێكمان هه‌بوایه وه‌ك ئه‌وه‌ی بۆ ئوممه‌تانی پێشتر هاتووه وه‌ك ته‌ورات و ئینجیل.
(169) [ لَكُنَّا عِبَادَ اللَّهِ الْمُخْلَصِينَ (١٦٩) ] ئه‌وه ئێمه‌ش ئه‌بووینه به‌نده‌ی دڵسۆزی خوای گه‌وره‌و به دڵسۆزی عیباده‌تی خوای گه‌وره‌مان ئه‌كردو كوفرمان نه‌ئه‌كرد.
(170) [ فَكَفَرُوا بِهِ ] به‌ڵام كاتێك كه كتابیان بۆ هات له‌لایه‌ن خوای گه‌وره‌وه كه قورئان بوو ئه‌وان كوفریان پێ كرد [ فَسَوْفَ يَعْلَمُونَ (١٧٠) ] ئه‌وه له داهاتوودا سه‌ره‌نجامی كوفره‌كه‌یان ئه‌زانن كه خوای گه‌وره چۆن سزایان ئه‌دات.
(171) [ وَلَقَدْ سَبَقَتْ كَلِمَتُنَا لِعِبَادِنَا الْمُرْسَلِينَ (١٧١) ] خوای گه‌وره ئه‌فه‌رمووێ: وه به دڵنیایى پێشتریش ئێمه وشه‌و قسه‌ى خۆمان پێش خستووه بۆ به‌نده نێردراوه‌كانی خۆمان بۆ پێغه‌مبه‌ران كه ئه‌بێ ئه‌وان سه‌ركه‌ون.
(172) [ إِنَّهُمْ لَهُمُ الْمَنْصُورُونَ (١٧٢) ] ئه‌مانن كه سه‌رئه‌كه‌ون به‌سه‌ر دوژمنه‌كانیاندا وه زاڵ ئه‌بن.
(173) [ وَإِنَّ جُنْدَنَا لَهُمُ الْغَالِبُونَ (١٧٣) ] وه سه‌ربازه‌كانی ئێمه ئه‌وانیش سه‌ركه‌وتوون وه زاڵن به‌سه‌ر كافران و بێباوه‌ڕاندا.
(174) [ فَتَوَلَّ عَنْهُمْ حَتَّى حِينٍ (١٧٤) ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - پشتیان تێ بكه‌و ئارام بگره له‌سه‌ر ئازاریان تا كاتی دیاریكراویان دێت كه خوای گه‌وره له‌ناویان ئه‌بات.
(175) [ وَأَبْصِرْهُمْ ] وه كاتێك كه سزای خوای گه‌وره دێت به كوشتن و به دیل گرتن، یان له رۆژى قیامه‌ت تۆ ته‌ماشایان بكه [ فَسَوْفَ يُبْصِرُونَ (١٧٥) ] ئه‌وانیش به چاوی خۆیان ئه‌و شته ئه‌بینن و ته‌ماشای ئه‌كه‌ن به‌ڵام سوودیان پێ ناگه‌یه‌نێت.
(176) [ أَفَبِعَذَابِنَا يَسْتَعْجِلُونَ (١٧٦) ] ئایا ئه‌وان په‌له‌ی سزای ئێمه ئه‌كه‌ن و داوای سزای ئێمه ئه‌كه‌ن و ئه‌ڵێن: كه‌ی سزای خوا دێت.
(177) [ فَإِذَا نَزَلَ بِسَاحَتِهِمْ ] كاتێك سزای ئێمه دائه‌به‌زێ بۆ گۆڕه‌پان و ماڵ و شوێنی ئه‌وان له كاتی جه‌نگدا [ فَسَاءَ صَبَاحُ الْمُنْذَرِينَ (١٧٧) ] ئه‌وه خراپترین به‌یانیه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ئاگادار كراونه‌ته‌وه كه تیایدا تێكئه‌شكێن.
(178) [ وَتَوَلَّ عَنْهُمْ ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - وه تۆ پشتیان تێ بكه [ حَتَّى حِينٍ (١٧٨) ] تا كاتی دیاریكراویان كه خوای گه‌وره سزایان ئه‌دات و تێكیانئه‌شكێنێ.
(179) [ وَأَبْصِرْ ] وه تۆ ته‌ماشا بكه كاتێك كه تێكئه‌شكێن و ئه‌كوژرێن له جه‌نگى به‌در [ فَسَوْفَ يُبْصِرُونَ (١٧٩) ] وه خۆیشیان به چاوی خۆیان ئه‌و شته ئه‌بینن به‌ڵام سوودیان پێ ناگه‌یه‌نێ.
(180) [ سُبْحَانَ رَبِّكَ رَبِّ الْعِزَّةِ عَمَّا يَصِفُونَ (١٨٠) ] پاك و مونه‌ززه‌هی بۆ په‌روه‌ردگارت ئه‌و په‌روه‌ردگاره‌ی كه به عیززه‌ته له هه‌موو ئه‌و وه‌سفه ناشیرینانه‌ی كه كافران و موشریكان ئه‌یده‌نه پاڵ خوای گه‌وره.
(181) [ وَسَلَامٌ عَلَى الْمُرْسَلِينَ (١٨١) ] وه سڵاوی خوای گه‌وره له‌سه‌ر پێغه‌مبه‌ران و نێردراوانی خوای گه‌وره بێت له دونیا‌و قیامه‌تدا.
(182) [ وَالْحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ (١٨٢) ] وه حه‌مدو سه‌ناو ستایش بۆ په‌روه‌ردگاری هه‌موو جیهان له‌سه‌ر هه‌موو نیعمه‌ته‌كانی له‌سه‌رخستنی پێغه‌مبه‌ران و تێكشكاندنی كافران، والله أعلم.