(1) سووره‌تی (حه‌دید) (واته: ئاسن) سووره‌تێكى مه‌ده‌نى یه‌و (٢٩) ئایه‌ته بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ [ سَبَّحَ لِلَّهِ مَا فِي السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ ] هه‌رچی له ئاسمانه‌كان و زه‌وی هه‌یه به مرۆڤ و جن و ئاژه‌ڵ و باڵنده‌و هه‌موو دروستكراوه‌كانی تر هه‌موویان خوای گه‌وره به پاك و مونه‌ززه‌هـ ڕائه‌گرن و ته‌سبیحات و زیكری خوای گه‌وره ئه‌كه‌ن به‌ڵام ئێوه هه‌ستی پێ ناكه‌ن [ وَهُوَ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ (١) ] وه خوای گه‌وره زۆر به‌عیززه‌ت و كاربه‌جێ و دانایه.
(2) [ لَهُ مُلْكُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ يُحْيِي وَيُمِيتُ ] هه‌رچی موڵكی ئاسمانه‌كان و زه‌وی هه‌یه هه‌مووی موڵكی خوای گه‌وره‌یه‌و به‌تاك و ته‌نها خۆى هه‌ڵسوكه‌وتى تێدا ده‌كات، وه ژیان و مردنی ئێمه ته‌نها به‌ده‌ست ئه‌وه‌و ئه‌و ده‌مانژێنێت و ده‌مانمرێنێ [ وَهُوَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ (٢) ] وه هه‌ر خواى گه‌وره توانا‌و ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هه‌موو شتێك‌دا هه‌یه.
(3) [ هُوَ الْأَوَّلُ وَالْآخِرُ ] وه هه‌ر خوای گه‌وره‌یه سه‌ره‌تاو یه‌كه‌م بووه پێش هه‌موو كه‌س و شتێك، وه كۆتاییشه دوای هه‌موو كه‌س و شتێك به‌ته‌نها ئه‌مێنێته‌وه دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو دروستكراوان له‌ناوده‌چێت و نامێنێ [ وَالظَّاهِرُ ] وه خوای گه‌وره به‌رزو باڵاده‌سته به‌سه‌ر هه‌موو شتێك‌دا [ وَالْبَاطِنُ ] وه زانایه به‌و شتانه‌ی كه نهێنیه، یاخود به‌و شتانه‌ى كه له دونیادا نادیاره‌و له پێش چاو نابینرێت، پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - ده‌فه‌رمێت: (اللّهُمَّ أنتَ الأولُ فَليسَ قَبلكَ شَيء، وأنتَ الآخِرُ فَليسَ بعدكَ شَيء، وأنتَ الظاهِرُ فَليسَ فَوقَكَ شَيء، وأنتَ الباطِنُ فَليسَ دونَكَ شَيء) رواه مسلم . واته: خوایه هه‌ر تۆ سه‌ره‌تاو یه‌كه‌م بوویته‌و پێش تۆ هیچ كه‌س و شتێك نه‌بووه، وه هه‌ر تۆ كۆتایى و دواهه‌مینیت و به ته‌نها ده‌مێنیته‌وه دواى له‌ناوچوونى هه‌موو دروستكراوه‌كان، وه هه‌ر تۆ باڵاده‌ستیت به‌سه‌ر هه‌موو دروستكراوه‌كاندا، وه هه‌ر تۆ زانایت به نهێنیه‌كان و هیچ شتێك نیه كه نهێنى بێت و تۆ نه‌یبیستیت یان نه‌یبینیت یان زانیاریت پێى نه‌بێت و ئاگادارى نه‌بیت [ وَهُوَ بِكُلِّ شَيْءٍ عَلِيمٌ (٣) ] وه خوای گه‌وره زۆر زانایه به‌هه‌موو شتێك و هیچ شتێك له خوای گه‌وره ناشاردرێته‌وه.
(4) {خواى گه‌وره له‌سه‌ر عه‌رشى پیرۆزه} [ هُوَ الَّذِي خَلَقَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ فِي سِتَّةِ أَيَّامٍ ثُمَّ اسْتَوَى عَلَى الْعَرْشِ ] خوای گه‌وره ئه‌و خوایه‌یه كه ئاسمانه‌كان و زه‌وی دروست كرد له شه‌ش ڕۆژدا پاشان به‌رز بووه‌وه بۆ سه‌ر عه‌رشی پیرۆزی خۆی، به‌رزبوونه‌وه‌یه‌ك كه شایه‌ن و لایه‌ق و گونجاوه به گه‌وره‌یی و عه‌زه‌مه‌تى خوای گه‌وره‌و له به‌رزبوونه‌وه هیچ له دروستكراوه‌كان ناچێت، وه چۆنێتیه‌كه‌یشی خوای گه‌وره خۆی نه‌بێ كه‌س نایزانێ، پرسیارى (الإستواء) له ئیمامى (مالیك) كرا فه‌رمووى: (الإستواء غير مجهول، والكيف غير معقول، والإيمان به واجب، والسؤال عنه بدعة) واته: ئیستوا زانراوه، چونكه لهقورئاندا باسكراوه، وه چۆنێتیه‌كه‌ى نه‌زانراوه، چونكه باس نه‌كراوه، وه ئیمان هێنان پێى واجبه، چونكه ئایه‌تى قورئانى پیرۆزه، وه پرسیار كردن له چۆنێتى به‌رز بوونه‌وه‌ى خواى گه‌وره بۆ سه‌ر عه‌رشى پیرۆزى بیدعه‌یه، چونكه هاوه‌ڵان ئه‌و پرسیاره‌یان له پێغه‌مبه‌رى خوا - صلی الله علیه وسلم - نه‌كردووه، وه چواندنى به به‌رزبوونه‌وه‌ى دروستكراوه‌كان كوفره، چونكه ته‌شبیهـ كردنى خواى گه‌وره‌ى خالقه به دروستكراوى لاوازى بێده‌سه‌ڵاتى مه‌خلوق، وه گۆڕینى ماناكه‌ى حه‌رامه، چونكه مه‌به‌ست نیه‌و هه‌ڵه‌یه، وه‌كو گۆرینى بۆ (استولى) كه به ماناى زاڵ بوون و ده‌ستبه‌سه‌راگرتن دێت هه‌ڵه‌یه، چونكه به گوێره‌ى ئه‌م ته‌ئویله فاسیده بێت واته پێش خواى گه‌وره كه‌سێكى تر ده‌ستى به‌سه‌ر عه‌رشدا گرتووه كه مرۆڤى ژیر قسه‌ى واناكات، (ابن القیم) ده‌فه‌رمێت: ئه‌م لامه‌ى كه زیادى ده‌كه‌ن و (استوى) ده‌كه‌ن به (استولى) چه‌ند له‌و (نون)ه ده‌چێت كه به‌نو ئیسرائیل زیادیان كرد كه خواى گه‌وره پێى فه‌رموون: بڵێن: (حطة) ئه‌وان وتیان: (حنطة) وه خواى گه‌وره غه‌زه‌بى لێگرتن، ئه‌و كه‌سانه‌یشى كه سیفاتى خواى گه‌وره ته‌ئویل ده‌كه‌ن و ماناكه‌ى ده‌گۆڕن با له خواى گه‌وره بترسن نه‌ك وه‌ك به‌نو ئیسرائیل خواى گه‌وره غه‌زه‌بیان لێ بگرێت، وه قسه كردن له سیفاته‌كانى خواى گه‌وره به‌شێكه له قسه كردن له زاتى پیرۆزى خواى گه‌وره، چۆن باوه‌ڕمان به خواى گه‌وره هه‌یه‌و نازانین چۆنه، به‌هه‌مان شێوه باوه‌ڕمان به هه‌موو سیفاته‌كانى هه‌یه كه له قورئان و سوننه‌تدا باسكراوه‌و نازانین چۆنه. {زانیارى فراوانى خواى گه‌وره} [ يَعْلَمُ مَا يَلِجُ فِي الْأَرْضِ وَمَا يَخْرُجُ مِنْهَا ] هه‌رچی ئه‌چێته ناو زه‌وییه‌وه له تۆ‌و و دانه‌وێڵه‌و باران خوای گه‌وره زانیارى به ژماره‌ى هه‌مووی هه‌یه، وه ئه‌وه‌یشی كه له زه‌وی ده‌رئه‌چێ له ڕووه‌ك و دانه‌وێڵه‌و به‌رووبووم خوای گه‌وره زانیاری به ژماره‌ى هه‌مووى هه‌یه [ وَمَا يَنْزِلُ مِنَ السَّمَاءِ وَمَا يَعْرُجُ فِيهَا ] وه ئه‌وه‌ی له ئاسمانه‌وه دائه‌به‌زێته سه‌ر زه‌وی له باران و به‌فرو ته‌رزه‌و ئه‌و قه‌ده‌رو بڕیار‌و حوكمه شه‌رعیانه‌ی كه خوای گه‌وره دایناوه خوای گه‌وره زانیارى به‌هه‌مووی هه‌یه، وه ئه‌وه‌یشی به‌رز ئه‌بێته‌وه بۆ ئاسمان له فریشته‌كان و كرده‌وه‌كانی ئاده‌میزاد خوای گه‌وره زانیارى به‌هه‌مووی هه‌یه، (هیچ دڵۆپه بارانێك له ئاسمانه‌وه دانابه‌زێت ئیلا فریشته‌یه‌كى له‌گه‌ڵدایه له‌و شوێنه دایده‌به‌زێنێت كه خواى گه‌وره فه‌رمانى پێ كردووه) [ وَهُوَ مَعَكُمْ أَيْنَ مَا كُنْتُمْ ] وه ئێوه له هه‌ر شوێنێك بن خوای گه‌وره له گهڵتاندایه به زانست و زانیاری و بیستن و بینین و توانا‌و ده‌سه‌ڵاتی، به‌ڵام وه‌كو زاتی پیرۆزی خۆی له‌سه‌ر عه‌رشی پیرۆزه وه‌كو له ئایه‌ته‌كه‌ی پێشتر باسمان كرد [ وَاللَّهُ بِمَا تَعْمَلُونَ بَصِيرٌ (٤) ] وه هه‌رچی كرده‌وه‌یه‌ك كه ئێوه ئه‌یكه‌ن خوای گه‌وره زۆر بینایه‌و هه‌مووی ئه‌بینێ و هیچی لێناشاردرێته‌وه.
(5) [ لَهُ مُلْكُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَإِلَى اللَّهِ تُرْجَعُ الْأُمُورُ (٥) ] موڵكی ئاسمانه‌كان و زه‌وی هه‌مووی موڵكى خوای گه‌وره‌یه‌و به‌تاك و ته‌نها خۆى هه‌ڵسوكه‌وتى تێدا ده‌كات، وه له رۆژى قیامه‌ت هه‌موو كاروبارێك ته‌نها بۆ لای خوای گه‌وره ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌و هه‌ر خۆى بڕیار له نێوان خه‌ڵكیدا ده‌دات و سته‌م له كه‌س ناكات.
(6) [ يُولِجُ اللَّيْلَ فِي النَّهَارِ وَيُولِجُ النَّهَارَ فِي اللَّيْلِ ] خوای گه‌وره شه‌و تێكه‌ڵ به ڕۆژ ئه‌كات وه ڕۆژ تێكه‌ڵ به شه‌و ئه‌كات، هیچ ناوبڕێك له نێوانیاندا نیه وه خۆی ته‌قدیری درێژی و كورتیان ئه‌كات، جاری وا هه‌یه شه‌و درێژتره جاری وا هه‌یه ڕۆژ [ وَهُوَ عَلِيمٌ بِذَاتِ الصُّدُورِ (٦) ] وه خوای گه‌وره زۆر زانایه به‌و دڵه‌ی كه له‌ناو سینگدایه‌و ئه‌وه‌ی كه مرۆڤـ له دڵیدا ئه‌یشارێته‌وه.
(7) [ آمِنُوا بِاللَّهِ وَرَسُولِهِ وَأَنْفِقُوا مِمَّا جَعَلَكُمْ مُسْتَخْلَفِينَ فِيهِ ] ئێوه ئیمان بێنن به خوای گه‌وره‌و به‌تاك و ته‌نها خوای گه‌وره بپه‌رستن وه پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی - صلی الله علیه وسلم - به‌ڕاست دابنێن وه شوێنی بكه‌ون و دامه‌زراو و به‌رده‌وام بن، وه له‌وه‌ی كه خوای گه‌وره به ئێوه‌ی به‌خشیوه‌و ئێوه‌ی كردۆته جێ‌نشین تیایدا له‌و ماڵ و پاره‌و سه‌روه‌ت و سامانه ئێوه لێی ببه‌خشن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ماڵ ماڵی خوای گه‌وره‌یه، وه ئێوه‌ی كردۆته جێنشینی ئه‌وانه‌ی پێش خۆتان ئێوه به میراتی له‌وانتان وه‌رگرتووه، وه دواتر ئێوه‌ش به میراتی به‌جێی دێلن بۆ كه‌سانى تر، بۆیه ڕه‌زیلی لێ مه‌كه‌ن و لێی ببه‌خشن [ فَالَّذِينَ آمَنُوا مِنْكُمْ وَأَنْفَقُوا لَهُمْ أَجْرٌ كَبِيرٌ (٧) ] ئه‌وانه‌ی كه له ئێوه ئیمانیان هێناوه‌و له پێناو خوای گه‌وره‌دا ماڵیان به‌خشیوه ئه‌وانه ئه‌جرو پاداشتێكی زۆر گه‌وره‌یان بۆ هه‌یه كه بریتییه له به‌هه‌شت.
(8) [ وَمَا لَكُمْ لَا تُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ وَالرَّسُولُ يَدْعُوكُمْ لِتُؤْمِنُوا بِرَبِّكُمْ ] ئه‌وه ئێوه چیتانه‌و چی ڕێگریتان لێ ئه‌كات له‌وه‌ی كه ئیمان بێنن به خوای گه‌وره؟ وه پێغه‌مبه‌ری خواش - صلی الله علیه وسلم - بانگتان ئه‌كات بۆ ئیمان هێنان به په‌روه‌ردگارتان و به‌تاك و ته‌نها په‌رستنى [ وَقَدْ أَخَذَ مِيثَاقَكُمْ إِنْ كُنْتُمْ مُؤْمِنِينَ (٨) ] وه به دڵنیایی پێغه‌مبه‌رى خوا - صلی الله علیه وسلم - به‌ڵێن و په‌یمان و به‌یعه‌تى لێ وه‌رگرتوون، یاخود خوای گه‌وره به‌ڵێنى لێوه‌رگرتوون كه ئێوه له پشتی ئاده‌م بوون و هه‌مووتانی دهركردو ئیمانتان به تاك و ته‌نهایى خوای گه‌وره هێنا.
(9) [ هُوَ الَّذِي يُنَزِّلُ عَلَى عَبْدِهِ آيَاتٍ بَيِّنَاتٍ لِيُخْرِجَكُمْ مِنَ الظُّلُمَاتِ إِلَى النُّورِ ] خوای گه‌وره ئه‌و خوایه‌یه كه ئه‌و هه‌موو موعجیزه‌و ئایه‌ته ڕوون و ئاشكرایانهى دابه‌زاندووه بۆ سه‌ر پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - كه له هه‌موویان گه‌وره‌تر قورئانی پیرۆزه بۆ ئه‌وه‌ی به‌هۆی ئه‌و موعجیزانهو قورئانه‌وه ئێوه له تاریكییه‌كانی شیرك و كوفر‌و تاوان و سه‌رپێچی ده‌ربكات بۆ ڕووناكی ئیسلام و ئیمان و سوننه‌ت و گوێڕایه‌ڵى [ وَإِنَّ اللَّهَ بِكُمْ لَرَءُوفٌ رَحِيمٌ (٩) ] وه به دڵنیایى خوای گه‌وره زۆر به ڕه‌ئفه‌ت و به‌ڕه‌حم و به‌زه‌یی و میهره‌بانه له‌گه‌ڵتاندا.
(10) [ وَمَا لَكُمْ أَلَّا تُنْفِقُوا فِي سَبِيلِ اللَّهِ وَلِلَّهِ مِيرَاثُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ ] ئه‌وه ئێوه چیتانه‌و چی ڕێگریتان لێ ئه‌كات و چ بیانوویه‌كتان هه‌یه له‌وه‌ی كه نابه‌خشن له پێناو خوای گه‌وره له كاتێكدا هه‌رچی له ئاسمانه‌كان و زه‌وی هه‌یه هه‌مووی موڵكی خوای گه‌وره‌یه، واته: ببه‌خشن و ترسى هه‌ژاریتان نه‌بێت و خوای گه‌وره پێتان ئه‌به‌خشێ [ لَا يَسْتَوِي مِنْكُمْ مَنْ أَنْفَقَ مِنْ قَبْلِ الْفَتْحِ وَقَاتَلَ ] له پێش صوڵحی (حوده‌یبیه)، یاخود له پێش فه‌تحی مه‌ككه‌دا ئه‌وه‌ی كه له پێناو خوای گه‌وره‌دا ماڵی خۆی به‌خشیوه‌و له پێناو خوای گه‌وره‌دا كوشتاری كردووه وه‌ك ئه‌و كه‌سانه نین كه له دوای فه‌تحی مه‌ككه‌وه كوشتاریان كردووه‌و به‌خشیویانه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له پێش فه‌تحی مه‌ككه‌دا زیاتر موسڵمانان پێویستیان به به‌خشین بووه له پێناو دینه‌كه‌ی خوای گه‌وره‌و له پێناو خوای گه‌وره، وه زیاتر پێویستیان به‌وه بوو كه پشتیوانی بكرێن، (ئه‌بو به‌كرى صدیق له هه‌موو كه‌س زیاتر ئه‌م ئایه‌ته ده‌یگرێته‌وه چونكه هه‌موو ماڵه‌كه‌ى له پێناو خواى گه‌وره‌دا به‌خشى) [ أُولَئِكَ أَعْظَمُ دَرَجَةً مِنَ الَّذِينَ أَنْفَقُوا مِنْ بَعْدُ وَقَاتَلُوا ] ئه‌وانه‌ی له پێش فه‌تحی مه‌ككه به‌خشیویانه‌و كوشتاریان كردووه ئه‌وانه ئه‌جرو پاداشتیان یه‌كجار گه‌وره‌تره له‌و كه‌سانه‌ی كه له دوای فه‌تحی مه‌ككه‌دا به‌خشیویانه‌و كوشتاریان كردووه له پێناو خوای گه‌وره { موژده‌دانى به‌هه‌شت به هاوه‌ڵان} [ وَكُلًّا وَعَدَ اللَّهُ الْحُسْنَى ] به‌ڵام خوای گه‌وره به‌ڵێنی به‌هه‌شتی به‌هه‌ردوولایان داوه هه‌ر چه‌نده پله‌یشیان جیاوازه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پله‌كانی به‌هه‌شتیش جیاوازه، (ئه‌م ئایه‌ته به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر فه‌زڵ و پله‌و پایه‌ى صه‌حابه، چونكه خواى گه‌وره موژده‌ى به‌هه‌شتى به هه‌موویان داوه، ئیتر چۆن ده‌بێت قسه به كه‌سانێكى ئاوا بكرێت كه خواى گه‌وره مژده‌ى به‌هه‌شتى پێداون؟!!) [ وَاللَّهُ بِمَا تَعْمَلُونَ خَبِيرٌ (١٠) ] وه خوای گه‌وره زۆر زانیاری وردی هه‌یه سه‌باره‌ت به كرده‌وه‌كانی ئێوه وه هیچ شتێك له خوای گه‌وره ناشاردرێته‌وه.
(11) [ مَنْ ذَا الَّذِي يُقْرِضُ اللَّهَ قَرْضًا حَسَنًا فَيُضَاعِفَهُ لَهُ وَلَهُ أَجْرٌ كَرِيمٌ (١١) ] كێ هه‌یه قه‌رزێكی باش بدات به خوای گه‌وره، واته: ماڵه‌كه‌ی له پێناو خوای گه‌وره‌دا ببه‌خشێ و چاوه‌ڕێی پاداشتی خوای گه‌وره بێ و منه‌ت به‌سه‌ر خه‌ڵكدا نه‌كات ئه‌وه خوای گه‌وره چه‌ند ئه‌وه‌نده پاداشتى ده‌داته‌وه له دونیادا، وه له قیامه‌تیشدا ئه‌جرو پاداشتێكی زۆر به‌ڕێزی بۆ هه‌یه كه بریتییه له به‌هه‌شت، كه ئه‌م ئایه‌ته دابه‌زى (ئه‌بو دهحداحى ئه‌نصارى) وتى: ئه‌ى پێغه‌مبه‌رى خوا - صلی الله علیه وسلم - خواى گه‌وره قه‌رزى له ئێمه ده‌وێت؟ پێغه‌مبه‌رى خوا - صلی الله علیه وسلم - فه‌رمووى: (به‌ڵێ، ئه‌ى ئه‌بو ده‌حداح)، وتى: ئه‌ى پێغه‌مبه‌رى خوا - صلی الله علیه وسلم - ده‌ستتم بده‌رێ، ئه‌ویش ده‌ستى پێدا، وتى ئه‌وا من ئه‌م باخه‌م به قه‌رز ده‌ده‌م به خواى گه‌وره، كه شه‌ش سه‌د دار خورماى تێدا بوو، وه خێزان و منداڵه‌كانیشى تێدا بوو، بانگى كردن و وتی: وه‌رنه ده‌ره‌وه ئه‌وا من ئه‌م باخه‌م به‌قه‌رز دا به خواى گه‌وره، خێزانه‌كه‌یشى شتومه‌ك و منداڵه‌كانى دهركردو وتى: كڕین و فرۆشتنه‌كه‌ت قازانجى كرد ئه‌ى ئه‌بو ده‌حداح، پێغه‌مبه‌رى خوایش - صلی الله علیه وسلم - فه‌رمووى: (ئه‌بو ده‌حداح چه‌نده‌ها دارخورماى گه‌وره‌ى چڕ‌و پڕى له به‌هه‌شتدا هه‌یه، كه لقه‌كانى دوڕڕو مروارییه)، (ئافره‌تى باوه‌ڕدار ده‌بێت به‌م شێوازه هاوكارى هاوسه‌ره‌كه‌ى بكات له‌سه‌ر به‌خشین له پێناو خواى گه‌وره‌و كرده‌وه‌ى چاك و خواپه‌رستى، نه‌ك رێگرى لێبكات).
(12) {نورو روناكى باوه‌ڕداران له قیامه‌تدا} [ يَوْمَ تَرَى الْمُؤْمِنِينَ وَالْمُؤْمِنَاتِ يَسْعَى نُورُهُمْ بَيْنَ أَيْدِيهِمْ وَبِأَيْمَانِهِمْ بُشْرَاكُمُ الْيَوْمَ جَنَّاتٌ تَجْرِي مِنْ تَحْتِهَا الْأَنْهَارُ خَالِدِينَ فِيهَا ] له ڕۆژی قیامه‌تدا له‌سه‌ر پردى (صیرات) ئه‌بینی باوه‌ڕداران به پیاو و ئافره‌ته‌وه نوورو ڕووناكیه‌كه‌یان له‌به‌ر ده‌ست و پێشیانهوهو به‌ڵای ڕاستیاندا ئه‌ڕوات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كتابه‌كانیان به ده‌ستی ڕاستیان پێدراوه، وه پێیان ئه‌ووترێ: موژده بێ لێتان ئه‌مڕۆ خوای گه‌وره ئه‌تانخاته به‌هه‌شتانێك كه پڕه له باخ و باخات وه جۆگه‌له ئاو به ژێر دار‌و باخه‌كاندا ئه‌ڕوات به نه‌مری و هه‌میشه‌یی تیایدا ئه‌مێننه‌وه، (ئیبنو مه‌سعود) ده‌فه‌رمێت: (به گوێره‌ى كرده‌وه‌كانیان به‌سه‌ر پرده‌كه‌دا ده‌په‌ڕنه‌وه‌و نورو رووناكییان به گوێره‌ى ئیمان و كرده‌وه‌ى چاكیانه، هه‌یه نورو روناكییهكهى به ئه‌ندازه‌ى شاخێكه، وه هه‌یه به ئه‌ندازه‌ى دارخورمایه‌كه، وه هه‌یه به ئه‌ندازه‌ى پیاوێكه، وه كه‌مترینیان به په‌نجه گهورهكهوهیهتى) [ ذَلِكَ هُوَ الْفَوْزُ الْعَظِيمُ (١٢) ] به‌ڕاستی ئه‌مه بردنه‌وه‌ی هه‌ره گه‌وره‌یه كه هیچ بردنه‌وه‌و سه‌ركه‌وتنێك له‌مه گه‌وره‌تر نیه.
(13) { مونافیقان نورو روناكییان نیه} [ يَوْمَ يَقُولُ الْمُنَافِقُونَ وَالْمُنَافِقَاتُ لِلَّذِينَ آمَنُوا انْظُرُونَا نَقْتَبِسْ مِنْ نُورِكُمْ ] له‌و ڕۆژه‌دا مونافیقانی پیاو و ئافره‌ت به باوه‌ڕداران ئه‌ڵێن: چاوه‌ڕێمان بكه‌ن تا ئێمه‌یش له‌و نوورو ڕووناكییه‌ی ئێوه وه‌ربگرین ئێمه‌یش ڕێگای خۆمانی پێ ڕووناك بكه‌ینه‌وه، (به‌ڵام سودمه‌ند نابن له نورو رووناكى باوه‌ڕداران هه‌روه‌كو چۆن كوێر سودمه‌ند نابێت له چاو و روناكى كه‌سێكى بینا) [ قِيلَ ارْجِعُوا وَرَاءَكُمْ فَالْتَمِسُوا نُورًا ] كاتێك كه ئه‌بینن نووری ئه‌مان ئه‌كوژێته‌وه‌و ئیمانداران نووریان به‌رده‌وامه‌و به‌ره‌و به‌هه‌شت پێی به‌ڕێ ئه‌كه‌ون داوا ئه‌كه‌ن كه ئێمه‌ش سوودمه‌ند بین لێی به‌ڵام باوه‌ڕداران پێیان ئه‌ڵێن: بگه‌ڕێنه‌وه دواوه، واته: بگه‌ڕێنه‌وه بۆ دونیا له‌وێ ئیمان بێنن و كرده‌وه‌ی چاك بكه‌ن تا لێره نوورتان هه‌بێت، یاخود بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌و شوێنه‌ی كه نووری لێ دابه‌شكرا به‌ڵكو له‌وێ ده‌ستتان بكه‌وێت هه‌ر چه‌نده نیه‌و ده‌ستیان ناكه‌وێت [ فَضُرِبَ بَيْنَهُمْ بِسُورٍ لَهُ بَابٌ بَاطِنُهُ فِيهِ الرَّحْمَةُ وَظَاهِرُهُ مِنْ قِبَلِهِ الْعَذَابُ (١٣) ] خوای گه‌وره له نێوانیاندا، یاخود له نێوان به‌هه‌شت و دۆزه‌خدا دیوارێك یان به‌ربه‌ستێك دائه‌نێ كه ده‌رگاى هه‌یه‌و ده‌رگاكه ناوه‌وه‌ی ڕه‌حمه‌ت و میهره‌بانی تیادایه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌لای به‌هه‌شته‌وه‌یه كه به‌هه‌شت پڕه له نازو نیعمه‌ت، وه ڕووكه‌ش و لای ده‌ره‌وه‌ى لای دۆزه‌خه‌وه‌یه كه دۆزه‌خ پڕه له سزا.
(14) [ يُنَادُونَهُمْ أَلَمْ نَكُنْ مَعَكُمْ ] مونافیقان بانگ له باوه‌ڕداران ئه‌كه‌ن ئایا ئێمه له دونیا له‌گه‌ڵ ئێوه نه‌بووین؟ له‌گه‌ڵتان نه‌هاتینه مزگه‌وت و ئاماده‌ى نوێژى به كۆمه‌ڵ و جومعه نابووین لهگهڵتانداو وه‌ك ئێوه كرده‌وه‌ى چاكمان ناكرد؟ [ قَالُوا بَلَى ] ئه‌ڵێن: به‌ڵێ وابوو ڕاست ئه‌كه‌ن به ڕووكه‌شی له‌گه‌ڵ ئێمه بوون [ وَلَكِنَّكُمْ فَتَنْتُمْ أَنْفُسَكُمْ ] به‌ڵام ئێوه خۆتان تووشی فیتنه كرد به‌وه‌ی كه مونافیق بوون و ته‌نها به‌ڕووكه‌شی باوه‌ڕتان هێنابوو له دڵه‌وه باوه‌ڕتان نه‌بوو وه شوێنی شه‌هوه‌ت و هه‌واو ئاره‌زوو كه‌وتبوون [ وَتَرَبَّصْتُمْ وَارْتَبْتُمْ ] وه چاوه‌ڕێ بوون پێغه‌مبه‌ری خوا‌و - صلی الله علیه وسلم - باوه‌ڕداران تیا بچن، یاخود ته‌وبه كردنتان دواخست و چاوه‌ڕێ بوون و هه‌ر ئه‌تانووت: ڕۆژێك دێت و ته‌وبه ده‌كه‌ین به‌ڵام وا مردن یه‌خه‌ی گرتن و ته‌وبه‌تان نهكردو ئێستا حاڵتان وایه [ وَغَرَّتْكُمُ الْأَمَانِيُّ ] وه هیواو ئومێد درێژیش ئێوه‌ی له خشته بردبوو كه ئه‌تانووت: به‌م زووانه نامرین و جارێ گه‌نجین، یان ئه‌تانووت: خوای گه‌وره به‌ڕه‌حم و به‌زه‌ییه‌و لێمان خۆش ئه‌بێ ئه‌وانه ئێوه‌ی له خشته بردبوو [ حَتَّى جَاءَ أَمْرُ اللَّهِ وَغَرَّكُمْ بِاللَّهِ الْغَرُورُ (١٤) ] تا فه‌رمانی خوای گه‌وره هات كه مردنه، یان تا فڕێ درانه ناو ئاگری دۆزه‌خه‌وه ئێستا كه‌س فریاتان ناكه‌وێ، وه شه‌یتانیش فێڵی لێ كردن و له خشته‌ی بردن و نه‌تانزانی كه خوای گه‌وره ئاواتان پێ ئه‌كات.
(15) [ فَالْيَوْمَ لَا يُؤْخَذُ مِنْكُمْ فِدْيَةٌ وَلَا مِنَ الَّذِينَ كَفَرُوا ] ئه‌مڕۆ فیدیه له ئێوه‌و له كافرانیش وه‌رناگیرێ و شتێك نیه كه خۆتانی پێ بكڕنه‌وه‌و له ئاگری دۆزه‌خ خۆتانی پێ ڕزگار بكه‌ن (ئه‌گه‌ر به پڕایى زه‌ویش ئاڵتون ببه‌خشن لێتان وه‌رناگیرێت و سودى نیه) [ مَأْوَاكُمُ النَّارُ هِيَ مَوْلَاكُمْ وَبِئْسَ الْمَصِيرُ (١٥) ] شوێنی مانه‌وه‌ی ئێوه ئاگری دۆزه‌خه، وه ئه‌مه له پێشتره بۆ ئێوه كه خراپترین سه‌ره‌نجامه بۆی ئه‌ڕۆن.
(16) {كاتى ئه‌وه‌یه دڵتان بۆ قورئان نه‌رم بێت} [ أَلَمْ يَأْنِ لِلَّذِينَ آمَنُوا أَنْ تَخْشَعَ قُلُوبُهُمْ لِذِكْرِ اللَّهِ وَمَا نَزَلَ مِنَ الْحَقِّ ] ئایا كاتی ئه‌وه نه‌هاتووه باوه‌ڕداران دڵیان نه‌رم بێ له كاتى زیكری خوای گه‌وره‌و بیستنى قورئان و خوێندنه‌وه‌ى، وه له‌و حه‌قه‌ی كه قورئانه‌و بۆیان دابه‌زیوه تا ملكه‌چ و گوێڕایه‌ڵ بن بۆى، (ئیبنو مه‌سعود) ده‌فه‌رمێت: (ته‌نها چوار ساڵ بوو موسڵمان ببوین خواى گه‌وره به‌م ئایه‌ته گله‌یی لێكردین) [ وَلَا يَكُونُوا كَالَّذِينَ أُوتُوا الْكِتَابَ مِنْ قَبْلُ فَطَالَ عَلَيْهِمُ الْأَمَدُ فَقَسَتْ قُلُوبُهُمْ وَكَثِيرٌ مِنْهُمْ فَاسِقُونَ (١٦) ] وه وه‌ك ئه‌و كه‌سانه نه‌بن كه ئه‌هلی كتابن له جووله‌كه‌و گاوره‌كان كه پێش ئه‌وه‌ی قورئان دابه‌زێ ئه‌مان كتابیان بۆ هاتبوو به‌ڵام كه سه‌رده‌میان دووركه‌وته‌وه له پێغه‌مبه‌رانیان دڵیان ڕه‌ق بوو، وه زۆرێك له‌وان فاسق بوون و له ڕێگای ڕاست و گوێڕایه‌ڵی خوای گه‌وره ده‌رچوو بوون، (خواى گه‌وره به‌رهه‌ڵستى له موسڵمان ده‌كات له خۆچواندنیان به گاور‌و جوله‌كه كه ده‌ستكارى كتابى خواى گه‌وره‌یان كرد‌و دونیایان پێ كڕى و پشتگوێ‌یان خست و وازیان لێهێناو روویان له بیر‌و بۆچوونى خه‌ڵكى كرد‌و لاسایی كوێرانه‌یان كردنه‌وه خواى گه‌وره‌یش دڵى ره‌ق كردن).
(17) [ اعْلَمُوا أَنَّ اللَّهَ يُحْيِ الْأَرْضَ بَعْدَ مَوْتِهَا ] ئێوه بزانن به‌ڕاستی خوای گه‌وره ئه‌و زه‌ویه مردووه له پاش ئه‌وه‌ی كه ڕه‌قه خوای گه‌وره بارانی بۆ ئه‌بارێنێ وه زیندووی ئه‌كاته‌وه، وه هه‌ر ئه‌و خوایه‌ش توانای هه‌یه ئێوه له دوای مردن زیندوو بكاته‌وه، یان له دوای دڵڕه‌قی دڵتان نه‌رم بكات به زیكر‌و یادی خوای گه‌وره‌و به قورئان خوێندن [ قَدْ بَيَّنَّا لَكُمُ الْآيَاتِ لَعَلَّكُمْ تَعْقِلُونَ (١٧) ] ئێمه ئایه‌ته‌كانی خۆمانتان به‌م شێوازه بۆ ڕوون ئه‌كه‌ینه‌وه به‌ڵكو بیر بكه‌نه‌وه‌و تێ بگه‌ن و په‌ندو ئامۆژگاری وه‌ربگرن.
(18) [ إِنَّ الْمُصَّدِّقِينَ وَالْمُصَّدِّقَاتِ ] ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له پێناو خوای گه‌وره‌دا ئه‌به‌خشن به پیاو و ژنه‌وه [ وَأَقْرَضُوا اللَّهَ قَرْضًا حَسَنًا ] وه قه‌رزو به‌خشینێكی باش له پێناو خوای گه‌وره‌دا به‌خشیویانه‌و چاوه‌ڕێی پاداشتن له خوای گه‌وره‌و منه‌ت به‌سه‌ر خه‌ڵكدا ناكه‌ن و باسی ناكه‌ن [ يُضَاعَفُ لَهُمْ وَلَهُمْ أَجْرٌ كَرِيمٌ (١٨) ] به دڵنیایى خواى گه‌وره چه‌ند قاتێك ئه‌جرو پاداشتی ئه‌وانه ده‌داته‌وه: یه‌ك به ده تا یه‌ك به حه‌وت سه‌د تا زیاتر، وه ئه‌جرو پاداشتێكی به‌ڕێزو چاكیان بۆ هه‌یه كه به‌هه‌شته.
(19) [ وَالَّذِينَ آمَنُوا بِاللَّهِ وَرُسُلِهِ أُولَئِكَ هُمُ الصِّدِّيقُونَ ] وه ئه‌وانه‌یشی كه ئیمانیان به‌خواو پێغه‌مبه‌رانی خوا هێناوه ئا ئه‌مانه زۆر ڕاستگۆ‌و به‌ڕاستدانه‌رى پێغه‌مبه‌رانن [ وَالشُّهَدَاءُ عِنْدَ رَبِّهِمْ ] وه ئه‌و كه‌سانه‌یشی له پێناو خوای گه‌وره‌دا شه‌هید بوونه [ لَهُمْ أَجْرُهُمْ وَنُورُهُمْ ] ئه‌م دوو پۆله له خه‌ڵكی ئه‌جرو پاداشتی خۆیان بۆ هه‌یه، وه نوورو رووناكى ڕۆژی قیامه‌تیان بۆ هه‌یه كه ڕێی خۆیانی پێ ڕووناك ئه‌كه‌نه‌وه‌و له‌سه‌ر پردی (سیراط) پێی ئهپهڕنهوهو به‌ره‌و به‌هه‌شت پێی ده‌ڕۆن [ وَالَّذِينَ كَفَرُوا وَكَذَّبُوا بِآيَاتِنَا أُولَئِكَ أَصْحَابُ الْجَحِيمِ (١٩) ] وه ئه‌وانه‌یشی كه كوفریان كردووه‌و ئایه‌ته‌كانی ئێمه‌یان به‌درۆ زانیوه ئا ئه‌وانه هاوه‌ڵی ئاگری دۆزه‌خن و له ئاگری دۆزه‌خدا به هه‌میشه‌یى و نه‌مرى ئه‌مێننه‌وه.
(20) {نمونه‌ى ژیانى دونیا} [ اعْلَمُوا أَنَّمَا الْحَيَاةُ الدُّنْيَا لَعِبٌ وَلَهْوٌ وَزِينَةٌ وَتَفَاخُرٌ بَيْنَكُمْ وَتَكَاثُرٌ فِي الْأَمْوَالِ وَالْأَوْلَادِ ] بزانن كه ژیانی دونیا ته‌نها بریتییه له یاری كردن و گاڵته‌كردن و كات به‌سه‌ر بردن، وه شتێكه كه ئه‌ڕوات و كۆتایی پێ دێت، وه جوانی و ڕازاوه‌یی و فه‌خرو شانازی كردنه به‌سه‌ر یه‌كتریدا به‌و شته دونیاییانه‌ی كه هه‌تانه، وه فه‌خرو شانازی كردنه به‌سه‌ر یه‌كتریدا به زۆرى ماڵ و منداڵ [ كَمَثَلِ غَيْثٍ أَعْجَبَ الْكُفَّارَ نَبَاتُهُ ] نموونه‌ی ژیانى دونیا له بێنرخى و فه‌وتان و له‌ناوچوونى وه‌كو نموونه‌ی بارانێكی به‌سوود وایه كه ده‌داته سه‌ر زهویهكداو جوتیاره‌كه سه‌رسام ئه‌بێت به به‌رهه‌مه‌كه‌ی كه چه‌ند به‌جوانی هاتووه [ ثُمَّ يَهِيجُ فَتَرَاهُ مُصْفَرًّا ] پاشان سه‌وز ده‌بێت و دواتر ده‌یبینى زه‌ردو وشك ئه‌بێ [ ثُمَّ يَكُونُ حُطَامًا ] پاشان تێكئه‌شكێ و نامێنێت و له‌ناو ئه‌چێت، وه دونیاش هه‌ر به‌و شێوازه‌یه سه‌ره‌تا خۆش و جوانه وه دواتر تیا ئه‌چێ، وه مرۆڤیش وایه سه‌ره‌تا گه‌نج و لاوه تا پێ ئه‌گات دواتر پیر ئه‌بێت و ئه‌مرێت، (بۆیه به ژیانى دونیا هه‌ڵمه‌خه‌ڵه‌تێن و با فریوتان نه‌دات و وه‌كو خۆى لێى تێبگه‌ن و بزانن مه‌به‌ست له ژیانى دونیا خواپه‌رستى و كرده‌وه‌ى چاكه) [ وَفِي الْآخِرَةِ عَذَابٌ شَدِيدٌ وَمَغْفِرَةٌ مِنَ اللَّهِ وَرِضْوَانٌ ] به‌ڵام له ڕۆژی قیامه‌ت كافرو بێ باوه‌ڕ سزای سه‌ختی بۆ هه‌یه، وه باوه‌ڕدارو گوێڕایه‌ڵ لێخۆشبوو‌ن و ڕه‌زامه‌ندی خوای گه‌وره‌یان بۆ هه‌یه [ وَمَا الْحَيَاةُ الدُّنْيَا إِلَّا مَتَاعُ الْغُرُورِ (٢٠) ] وه ژیانی دونیاش هیچ شتێك نیه ته‌نها شتومهكێكهو مرۆڤ پێی له خشته ئه‌برێ و له ڕێگای ڕاست پێی ده‌رئه‌چێ و له خوای گه‌وره پێى دوور ئه‌كه‌وێته‌وه ئه‌گه‌ر وریا نه‌بێت.
(21) [ سَابِقُوا إِلَى مَغْفِرَةٍ مِنْ رَبِّكُمْ وَجَنَّةٍ عَرْضُهَا كَعَرْضِ السَّمَاءِ وَالْأَرْضِ ] ئێوه ده‌ستپێشخه‌رى و په‌له‌و پێشبڕكێ بكه‌ن به‌ره‌و لێخۆشبوونی خوای گه‌وره‌و به‌هه‌شتێك كه پانتاییه‌كه‌ی به پانایی ئاسمانه‌كان و زه‌ویه، (ئه‌ی ئه‌بێ درێژیه‌كه‌ی چه‌ند بێت؟! مه‌گه‌ر خوای گه‌وره خۆی بزانێت، خواى گه‌وره بێبه‌شمان نه‌كات لێى) [ أُعِدَّتْ لِلَّذِينَ آمَنُوا بِاللَّهِ وَرُسُلِهِ ] ئاماده‌كراوه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ئیمانیان به خوا‌و به پێغه‌مبه‌رانی خوا هێناوه، (ئه‌م ئایه‌ته‌یش به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه ئێستا به‌هه‌شت دروستكراوه‌و ئاماده‌كراوه بۆ باوه‌ڕداران) [ ذَلِكَ فَضْلُ اللَّهِ يُؤْتِيهِ مَنْ يَشَاءُ ] ئه‌مه‌یش فه‌زڵ و چاكه‌ی خوای گه‌وره‌یه ئه‌یبه‌خشێ به‌هه‌ر كه‌سێك كه ویستی لێ بێت [ وَاللَّهُ ذُو الْفَضْلِ الْعَظِيمِ (٢١) ] وه خوای گه‌وره خاوه‌نی فه‌زڵێكی یه‌كجار گه‌وره‌یه.
(22) [ مَا أَصَابَ مِنْ مُصِيبَةٍ فِي الْأَرْضِ وَلَا فِي أَنْفُسِكُمْ إِلَّا فِي كِتَابٍ مِنْ قَبْلِ أَنْ نَبْرَأَهَا ] هیچ به‌ڵاو موسیبه‌تێك له بێ بارانی و وشكه‌ساڵى و لاوازی و كه‌موكوڕی تووشتان نابێ له‌سه‌ر زه‌ویدا یان له نه‌فسی خۆتاندا به نه‌خۆشی و گرانی و نه‌بوونى و مردن ئیلا ئه‌مانه هه‌مووی له (لوح المحفوظ)دا نووسراوه‌ته‌وه پێش ئه‌وه‌ی كه دروستكراوه‌كان دروست بكه‌ین، یان پێش ئه‌وه‌ی ئه‌و موسیبه‌ته بێت [ إِنَّ ذَلِكَ عَلَى اللَّهِ يَسِيرٌ (٢٢) ] وه به‌ڕاستی ئه‌م شته لای خوای گه‌وره زۆر ئاسانه كه زانیارى به هه‌موو ئه‌و شتانه هه‌بێت و نووسیبێتى و له (لوح المحفوظ)دا جێگیری كردبێ.
(23) [ لِكَيْلَا تَأْسَوْا عَلَى مَا فَاتَكُمْ ] بۆیه ئه‌م شتانه‌تان پێ ئه‌ڵێین تا خه‌فه‌ت نه‌خۆن له شتێك كه له ده‌ستان چووه له دونیادا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خوای گه‌وره نووسیوێتی كه ئه‌و شته بۆ تۆ نابێ [ وَلَا تَفْرَحُوا بِمَا آتَاكُمْ ] وه شتێكیش كه پێتان ئه‌به‌خشین پێی دڵخۆش نه‌بن و فه‌خرو شانازى پێ نه‌كه‌ن به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به ئازایه‌تى و لێهاتوویى خۆتان په‌یداتان نه‌كردووه‌و هه‌ر ڕۆژێكیش بێ له‌ناوئه‌چێت و هه‌مووى به قه‌زاو قه‌ده‌ری خوای گه‌وره‌یه، (عیكریمه) ده‌فه‌رمێت: (هیچ كه‌سێك نیه دڵخۆش نه‌بێت و خه‌فه‌تبار نه‌بێت، به‌ڵام له دڵخۆشیدا سوپاسگوزارى خواى گه‌وره بن و له خه‌فه‌تیشدا ئارام بگرن) [ وَاللَّهُ لَا يُحِبُّ كُلَّ مُخْتَالٍ فَخُورٍ (٢٣) ] وه خوای گه‌وره ئه‌و كه‌سانه‌ی خۆش ناوێ كه لوتبه‌رزو خۆبه‌گه‌وره‌زانن و فه‌خرو شانازی به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا ئه‌كه‌ن.
(24) [ الَّذِينَ يَبْخَلُونَ وَيَأْمُرُونَ النَّاسَ بِالْبُخْلِ ] ئه‌و كه‌سانه‌ی كه خۆیان ڕه‌زیل و چرووكن، وه فه‌رمانیش ئه‌كه‌ن به خه‌ڵكی به ڕه‌زیلی و چرووكى به‌وه‌ی كه زه‌كات نه‌ده‌ن و خێر‌و صه‌ده‌قه له پێناو خوای گه‌وره‌دا نه‌كه‌ن [ وَمَنْ يَتَوَلَّ فَإِنَّ اللَّهَ هُوَ الْغَنِيُّ الْحَمِيدُ (٢٤) ] وه هه‌ر كه‌سێكیش پشت هه‌ڵكات له فه‌رمان و گوێڕایه‌ڵى خوای گه‌وره، یان له به‌خشین له پێناو خوای گه‌وره‌دا ئه‌وه خوای گه‌وره زۆر ده‌وڵه‌مه‌ندو سوپاسكراوه‌و پێویستی به خه‌ڵكی نیه.
(25) [ لَقَدْ أَرْسَلْنَا رُسُلَنَا بِالْبَيِّنَاتِ وَأَنْزَلْنَا مَعَهُمُ الْكِتَابَ وَالْمِيزَانَ لِيَقُومَ النَّاسُ بِالْقِسْطِ ] به دڵنیایى ئێمه پێغه‌مبه‌رانی خۆمان ناردووه به موعجیزه‌و شه‌ریعه‌ت و به‌ڵگه‌ی ڕوون و ئاشكرا، وه له‌گه‌ڵیشیاندا كتابمان بۆ دابه‌زاندوون، وه ته‌رازوویش واته: حه‌ق و دادپه‌روه‌ری كه بریتییه له شوێنكه‌وتنى پێغه‌مبه‌ران، یان ئه‌و ته‌رازووه‌ی كه خه‌ڵكی شتی پێ ئه‌كێشێ تا كاروباری خه‌ڵكی به دادپه‌روه‌ری بڕوات [ وَأَنْزَلْنَا الْحَدِيدَ فِيهِ بَأْسٌ شَدِيدٌ وَمَنَافِعُ لِلنَّاسِ ] وه ئاسنیشمان دابه‌زاندووه‌و دروست كردووه كه هه‌ندێك له ئامێره‌كانی جه‌نگی پێ دروست ئه‌كرێ بۆ به‌رگری كردن، وه سوودی تریشی بۆ خه‌ڵكی هه‌یه كه له ئاسن زۆر شتی تر دروست ئه‌كرێ وه‌كو ئامێره‌كانی كشتوكاڵ و بازرگانی و بیناسازی [ وَلِيَعْلَمَ اللَّهُ مَنْ يَنْصُرُهُ وَرُسُلَهُ بِالْغَيْبِ ] وه تا ده‌ركه‌وێت كه كێ دینی خوای گه‌وره‌و پێغه‌مبه‌رانی سه‌رئه‌خات به جیهاد كردن كه له‌و ئاسنه ئامێره‌كانی جه‌نگیش دروستكراوه [ إِنَّ اللَّهَ قَوِيٌّ عَزِيزٌ (٢٥) ] به‌ڕاستی خوای گه‌وره زۆر به‌هێزو باڵاده‌سته.
(26) [ وَلَقَدْ أَرْسَلْنَا نُوحًا وَإِبْرَاهِيمَ ] به دڵنیایی ئێمه نوح و ئیبراهیم پێغه‌مبه‌رمان نارد (صهڵات و سه‌لامی خوای گه‌وره‌یان له‌سه‌ر بێ) [ وَجَعَلْنَا فِي ذُرِّيَّتِهِمَا النُّبُوَّةَ وَالْكِتَابَ ] وه له نه‌وه‌ی ئه‌وانیشدا پێغه‌مبه‌رانمان هێشته‌وه‌و نه‌وه‌كانیشیان پێغه‌مبه‌ر بوونه، وه هه‌موو پێغه‌مبه‌ران له نه‌وه‌ی ئه‌و دوو پێغه‌مبه‌ره بوونه، وه كتابی ئاسمانیشمان بۆ دابه‌زاندوون [ فَمِنْهُمْ مُهْتَدٍ ] وه هه‌بووه له خه‌ڵكی هیدایه‌ته‌كه‌ی وه‌رگرتووه‌و شوێن ئه‌و كتاب و پێغه‌مبه‌رانه كه‌وتووه [ وَكَثِيرٌ مِنْهُمْ فَاسِقُونَ (٢٦) ] به‌ڵام زۆرێك له خه‌ڵكی فاسق بوونه‌و له گوێڕایه‌ڵى خوای گه‌وره ده‌رچوونه.
(27) [ ثُمَّ قَفَّيْنَا عَلَى آثَارِهِمْ بِرُسُلِنَا ] پاشان له دوای ئه‌وان به شوێنه‌واری ئه‌وانیش پێغه‌مبه‌رانی ترمان ناردووه [ وَقَفَّيْنَا بِعِيسَى ابْنِ مَرْيَمَ ] وه به دواى ئه‌واندا عیسای كوڕی مه‌ریه‌ممان - صلی الله علیه وسلم - ناردووه [ وَآتَيْنَاهُ الْإِنْجِيلَ ] وهئینجیلیشمان پێی به‌خشیوه [ وَجَعَلْنَا فِي قُلُوبِ الَّذِينَ اتَّبَعُوهُ رَأْفَةً وَرَحْمَةً ] وه ترسى خۆمان و ڕه‌حم و سۆز‌و به‌زه‌یی و میهره‌بانیمان خستۆته دڵی ئه‌وانه‌ی كه شوێنی كه‌وتوونه، واته (حه‌وارییه‌كانى) هاوهڵانى. {داهێنانى خهڵوهتگیری} [ وَرَهْبَانِيَّةً ابْتَدَعُوهَا مَا كَتَبْنَاهَا عَلَيْهِمْ إِلَّا ابْتِغَاءَ رِضْوَانِ اللَّهِ فَمَا رَعَوْهَا حَقَّ رِعَايَتِهَا ] وه گۆشه‌گیری و خهڵوهتگیریهكیان داهێنا كه خوای گه‌وره ته‌شریعی نه‌كردبوو بۆیان و فه‌رمانی پێ نه‌كردبوون و له‌سه‌ری نه‌نووسیبوون، به‌ڵام ئه‌وان خۆیان دایانهێنا بۆ ئه‌وه‌ی كه ڕه‌زامه‌ندی خوای گه‌وره‌ی پێ به‌ده‌ست بێنن، یاخود گۆشه‌گیرى و خهڵوهتگیریمان له‌سه‌ریان پێویست نه‌كردبوو به‌ڵكو ده‌ستخستنى ره‌زامه‌ندى خواى گه‌وره‌مان له‌سه‌ریان پێویست كردبوو، به‌ڵام دواتریش كه له‌سه‌ر خۆیانیان پێویست كرد نه‌یانتوانی ڕه‌چاوی بكه‌ن و به جوانی بیبه‌نه سه‌رو به جوانی عیباده‌تی خوای گه‌وره بكه‌ن، (ئه‌م ئایه‌ته به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر حه‌رامێتى بیدعه كردن و گۆشه‌گیرى و خهڵوهتگیرى، وه خهڵوهتگیرى و گۆشه‌گیرى ئه‌م ئوممه‌ته جیهاد كردنه له‌پێناو خواى گه‌وره) [ فَآتَيْنَا الَّذِينَ آمَنُوا مِنْهُمْ أَجْرَهُمْ ] ئه‌وانه‌ی كه ئیمانیان هێنابوو ئه‌جرو پاداشتی خۆیانمان دایه‌وه [ وَكَثِيرٌ مِنْهُمْ فَاسِقُونَ (٢٧) ] به‌ڵام زۆرێك له‌وان ئه‌وانه‌ی كه چووبوونه خه‌ڵوه‌ت و گۆشه‌گیریه‌وه یان ئه‌وانه‌ی كه شوێنی ئه‌و دینانه كه‌وتبوون زۆرێكیان فاسق بوون و له ڕێ ده‌رچووبوون وه ماڵی خه‌ڵكیان به ناحه‌ق ئه‌خوارد
(28) [ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اتَّقُوا اللَّهَ وَآمِنُوا بِرَسُولِهِ ] ئه‌ی باوه‌ڕداران ئێوه ته‌قوای خوای گه‌وره بكه‌ن و له خوای گه‌وره بترسێن و خۆتان له تاوان و سه‌رپێچییه‌كان بپارێزن وه ئیمان به پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی خوای گه‌وره بهێنن كه پێغه‌مبه‌ر محمده - صلی الله علیه وسلم - [ يُؤْتِكُمْ كِفْلَيْنِ مِنْ رَحْمَتِهِ ] ئه‌وه خوای گه‌وره دوو جار پاداشتی ئێوه ئه‌داته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی كه ئه‌هلی كتابن ئیمانیان به پێغه‌مبه‌ری خۆیان هێناوه ئه‌وه ئه‌جرو پاداشتێك، دواتریش كه پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - هات ئیمانی پێ بێنن ئه‌میش ئه‌جرو پاداشتێكی تر [ وَيَجْعَلْ لَكُمْ نُورًا تَمْشُونَ بِهِ وَيَغْفِرْ لَكُمْ ] وه ئه‌و نوورهیش كه باسمان كرد خوای گه‌وره ئه‌و نوورهیشتان پێ ئه‌به‌خشێ كه له‌سه‌ر پردی (سیراط) ڕێگه‌ی خۆتانی پێ بدۆزنه‌وه‌و له‌سه‌ر پرده‌كه بپه‌ڕنه‌وه به‌ره‌و به‌هه‌شت پێی بڕۆن وه خوای گه‌وره له تاوانه‌كانی پێشترتان خۆش ئه‌بێ، یاخود له دونیادا قورئانى پیرۆز نوورو رووناكییه بۆتان و رێگاى راستى پێ ده‌دۆزنه‌وه‌و له‌سه‌ر چاوڕۆشنایی ده‌ژین [ وَاللَّهُ غَفُورٌ رَحِيمٌ (٢٨) ] وه خوای گه‌وره زۆر لێخۆش‌بوو و به‌ڕه‌حم و به‌زه‌ییه.
(29) [ لِئَلَّا يَعْلَمَ أَهْلُ الْكِتَابِ أَلَّا يَقْدِرُونَ عَلَى شَيْءٍ مِنْ فَضْلِ اللَّهِ ] تا ئه‌هلی كتاب بزانن و دڵنیا بن كه ئه‌وان توانای هیچ شتێكیان نیه به‌ده‌ستی بێنن له‌و فه‌زڵ و چاكانه‌ی خوای گه‌وره ته‌نها به ئیمان هێنان نه‌بێ به پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - [ وَأَنَّ الْفَضْلَ بِيَدِ اللَّهِ يُؤْتِيهِ مَنْ يَشَاءُ ] وه فه‌زڵ و چاكه‌یش له پێغه‌مبه‌رایه‌تی و زانست و ته‌قوا هه‌مووی به‌ده‌ست خوای گه‌وره‌یه‌و ئه‌یبه‌خشێ به هه‌ر كه‌سێك كه ویستی لێ بێت [ وَاللَّهُ ذُو الْفَضْلِ الْعَظِيمِ (٢٩) ] وه خوای گه‌وره خاوه‌ن فه‌زڵێكی یه‌كجار گه‌وره‌یه، والله أعلم.