(1) سووره‌تی (شهمس) (واته: خۆر) سووره‌تێكى مه‌ككى یه‌و (١٥) ئایه‌ته بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ [ وَالشَّمْسِ وَضُحَاهَا (١) ] خوای گه‌وره سوێند ئه‌خوات به خۆر‌و ڕووناكییه‌كه‌ى، یاخود به (ضُحَى) واته: كاتی چێشته‌نگاو كاتێك كه خۆر به‌ئه‌ندازه‌ى ڕمێك به‌رز ئه‌بێته‌وه‌و ڕووناكییه‌كه‌ی ده‌رئه‌كه‌وێ.
(2) [ وَالْقَمَرِ إِذَا تَلَاهَا (٢) ] وه سوێند بێ به مانگ كاتێك كه به‌دوای خۆردا دێت كاتێك كه خۆر ئاوابێ مانگی یه‌ك شه‌وه ئه‌بیندرێت و به‌دوایدا دێت و ده‌رئه‌كه‌وێت، یاخود له (لَيالي البِيض) واته: شه‌وانی سیانزه‌و چوارده‌و پانزه كه خۆر ئاوابێ له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه مانگ به‌ته‌واوی ده‌رئه‌كه‌وێ.
(3) [ وَالنَّهَارِ إِذَا جَلَّاهَا (٣) ] وه سوێند بێت به ڕۆژ كاتێك كه ڕووناكییه‌كه‌ی ده‌رئه‌كه‌وێت و ڕۆژ ڕووناك ئه‌بێته‌وه.
(4) [ وَاللَّيْلِ إِذَا يَغْشَاهَا (٤) ] وه سوێند بێت به شه‌و كاتێك كه ڕووناكی ڕۆژ دائه‌پۆشێت و تاریك ئه‌بێت.
(5) [ وَالسَّمَاءِ وَمَا بَنَاهَا (٥) ] وه سوێند بێت به ئاسمان و دروستكاره‌كه‌ی كه خوای گه‌وره‌یه، یان ئاسمان و دروست كردنه‌كه‌ی، به هه‌ردووكی ته‌فسیر كراوه.
(6) [ وَالْأَرْضِ وَمَا طَحَاهَا (٦) ] وه سوێند بێت به زه‌وی كه چۆن خوای گه‌وره بۆى ڕاخستوون تا سوودی لێ ببینن.
(7) [ وَنَفْسٍ وَمَا سَوَّاهَا (٧) ] وه سوێند بێت به نه‌فس كه چۆن خوای گه‌وره مرۆڤی ڕێكخستووه، یاخود سوێند بێت به نه‌فس كه خوای گه‌وره سه‌ره‌تا مرۆڤی دروست كردووه له‌سه‌ر نه‌فسێكی پاك و له‌سه‌ر فیتره‌تی پاكی ئیسلام دروستی كردووه.
(8) [ فَأَلْهَمَهَا فُجُورَهَا وَتَقْوَاهَا (٨) ] وه خوای گه‌وره ڕێنمایی مرۆڤی كردووه بۆ هه‌ردوو ڕێگاكه: ڕێگای خراپ و ڕێگای چاك، كامه خراپه‌كارییه‌و كامه ته‌قوای خوای گه‌وره‌یه ڕێگای خێر‌و شه‌ڕی به مرۆڤ ناساندووه‌و بۆی ڕوون كردۆته‌وه، وه فه‌رمانی پێ كردووه كه ڕێگای چاك بگرێته‌به‌رو خۆی له ڕێگای خراپ دوور بگرێ.
(9) {پاك كردنه‌وه‌ى دڵ و ده‌رون} [ قَدْ أَفْلَحَ مَنْ زَكَّاهَا (٩) ] به‌دڵنیایی هه‌ر كه‌سێك ته‌زكیه‌ی نه‌فسی خۆی بكات و ده‌روونی خۆی پاك بكاته‌وه له هه‌موو تاوان و سه‌رپێچی و خراپه‌كاریه‌ك ئه‌و كه‌سانه به‌دڵنیایی سه‌ربه‌رزو سه‌رفراز بوونه، پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - خۆی دوعای ئه‌كردو ده‌یفه‌رموو: (اللَّهُمَّ آتِ نَفْسِي تَقْوَاهَا وَزَكِّهَا أَنْتَ خَيْرُ مَنْ زَكَّاهَا، أَنْتَ وَلِيُّهَا وَمَوْلَاهَا) واته: خوایه ته‌قوا به نه‌فسم ببه‌خشه‌و نه‌فسم پاك بكه‌وه هه‌ر تۆی كه به باشترین شێواز پاكی ئه‌كه‌یته‌وه، وه هه‌ر تۆی كه سه‌رپه‌رشتی ئه‌كه‌یت.
(10) [ وَقَدْ خَابَ مَنْ دَسَّاهَا (١٠) ] وه ئه‌وانه‌یشی كه نه‌فسی خۆیان وێڵ و گومڕاو سه‌رگه‌ردان ئه‌كه‌ن به دڵنیایى ئه‌وانه زه‌ره‌رمه‌ند بوونه‌و زه‌ره‌رمه‌ندی ڕاسته‌قینه ئه‌وانه‌ن كه نه‌فسیان هان ناده‌ن بۆ گوێڕایه‌ڵى خوای گه‌وره‌و كرده‌وه‌ی چاك، به‌ڵكو جڵه‌وی نه‌فسیان به‌ر ئه‌ده‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه هه‌موو خراپه‌كاری و تاوان و سه‌رپێچییه‌ك بكات ئه‌وانه زه‌ره‌رمه‌ندن.
(11) [ كَذَّبَتْ ثَمُودُ بِطَغْوَاهَا (١١) ] قه‌ومی (ثهمود) كه خوای گه‌وره صاڵح پێغه‌مبه‌ری - صلی الله علیه وسلم - بۆ ناردن ئه‌وان توغیان و سه‌ركه‌شیان كرد‌و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌یان به‌درۆ زانی و سنووریان به‌زاند له تاوان و سه‌رپێچیدا.
(12) [ إِذِ انْبَعَثَ أَشْقَاهَا (١٢) ] كاتێك كه خراپترینی هۆزه‌كه كه (قه‌دداری كوڕی سالیف) بووه هه‌ستا چوو ئه‌و حوشتره‌ی سه‌ربڕی كه خوای گه‌وره وه‌كو موعجیزه‌یه‌ك له تاوێره‌كه‌وه بۆی ده‌ركردن.
(13) [ فَقَالَ لَهُمْ رَسُولُ اللَّهِ ] پێغه‌مبه‌ری خوا كه مه‌به‌ست پێی صاڵح پێغه‌مبه‌ره - صلی الله علیه وسلم - پێی فه‌رموون [ نَاقَةَ اللَّهِ ] واز له‌و حوشتره بێنن كه خوای گه‌وره وه‌كو موعجیزه بۆی ناردوون، وه ئاگاداری بن و لێی نزیك نه‌كه‌ونه‌وه [ وَسُقْيَاهَا (١٣) ] وه نزیك مه‌كه‌ونه‌وه‌و ده‌ستدرێژى مه‌كه‌نه سه‌رى له‌و ڕۆژه‌ی كه تیایدا ئاو ده‌خواته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئاوه‌كه ڕۆژێك بۆ حوشتره‌كه بوو ڕۆژێك بۆ ئه‌وان بوو.
(14) [ فَكَذَّبُوهُ فَعَقَرُوهَا ] ئه‌وان پێغه‌مبه‌ری خوایان به‌درۆ زانی و حوشتره‌كه‌یان سه‌ربڕی [ فَدَمْدَمَ عَلَيْهِمْ رَبُّهُمْ بِذَنْبِهِمْ ] خوای گه‌وره غه‌زه‌بی لێ گرتن و سزای بۆ ناردن و له‌ناوی بردن به‌هۆی تاوانی خۆیانه‌وه [ فَسَوَّاهَا (١٤) ] به‌شێوه‌یه‌ك سزای دان كه هه‌موویانی گرته‌وه‌و زه‌ویه‌كه‌ی ته‌خت كرد لێیان، واته: سزایه‌كی وای دان كه خستیانییه ژێر خۆڵه‌وه.
(15) [ وَلَا يَخَافُ عُقْبَاهَا (١٥) ] وه خوای گه‌وره له‌سه‌ره‌نجامی كاره‌كانی ناترسێ و ترسی هیچ كه‌سێكی نیه‌و هه‌رچیه‌ك بكات به‌بێ ترس ئه‌یكات، والله أعلم.