(1) سووره‌تی (قه‌له‌م) (واته: پێنووس) سووره‌تێكى مه‌ككى یه‌و (٥٢) ئایه‌ته بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ [ ن ] له‌سه‌ره‌تای سووره‌تی (به‌قهره)دا باسی ئه‌م پیتانه‌مان كرد كه له‌سه‌ره‌تای هه‌ندێك له سووره‌ته‌كانی قورئانی پیرۆزه‌وه هاتوون فه‌زڵى قه‌ڵه‌م و زانست [ وَالْقَلَمِ وَمَا يَسْطُرُونَ (١) ] خوای گه‌وره سوێند ئه‌خوات به قه‌ڵه‌م و به‌و زانست و زانیاریانه‌ی كه ئێوه به قه‌ڵه‌م ئه‌ینووسن، یاخود سوێند خواردنه به‌و قه‌ڵه‌مه‌ی كه خوای گه‌وره یه‌كه‌م شت دروستی كرد له دوای (له‌وح و كورسی و عه‌رش و ئاو) وه فه‌رمانی پێ كرد به نووسینى هه‌موو شتێك كه ڕوو ئه‌دات تا ڕۆژی قیامه‌ت، یاخود هه‌موو قه‌ڵه‌مێك ئه‌گرێته‌وه، (وریا كردنه‌وه‌ى خه‌ڵكیه كه خواى گه‌وره فێرى نوسینى كردوون كه هه‌موو زانسته‌كان به‌هۆیه‌وه ده‌ستده‌خه‌ن).
(2) [ مَا أَنْتَ بِنِعْمَةِ رَبِّكَ بِمَجْنُونٍ (٢) ] سوپاس بۆ خوا ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - به‌و نیعمه‌ته زۆرانه‌ی كه خوای گه‌وره پێى به‌خشیویت تۆ شێت نیت، به‌ڵكو تۆ له‌وپه‌ڕی عاقڵیدایت، كافران ئه‌یانووت: محمد - صلی الله علیه وسلم - تێكچووه‌و شێت بووه، خواى گه‌وره وه‌ڵامى دانه‌وه.
(3) [ وَإِنَّ لَكَ لَأَجْرًا غَيْرَ مَمْنُونٍ (٣) ] وه به دڵنیایی تۆ ئه‌جرو پاداشتێكی یه‌كجار زۆرت بۆ هه‌یه كه نابڕێ و كۆتایی نایات به‌هۆی هه‌ڵگرتنی باری قورسی پێغه‌مبه‌رایه‌تی و ئه‌و هه‌موو ئێش و ئازاره‌ی كه له پێناو خوای گه‌وره‌و گه‌یاندنی دینه‌كه‌ی هه‌ڵتگرت، وه هیچ كه‌سێكیش منه‌ت ناكات به‌سه‌رتداو خوای گه‌وره خۆی ئه‌جرو پاداشتت ئه‌داته‌وه.
(4) {ره‌وشت به‌رزى پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم -} [ وَإِنَّكَ لَعَلَى خُلُقٍ عَظِيمٍ (٤) ] وه تۆ له‌سه‌ر ڕه‌وشت و ئاكارو ئه‌ده‌ب و ئه‌خلاقێكی یه‌كجار گه‌وره‌و به‌رزی، پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - به‌شه‌رم و به‌زه‌یى و به‌ڕێزو ئازا‌و جوامێر‌و بوێر‌و هێمن و ئارام و لێبورده‌و لێخۆش‌بوو نه‌رمونیان و خۆبه‌كه‌مزان و راستگۆ وده‌ست پاك و ده‌م پاك و داوێن پاك و دڵ پاك و ده‌روون پاك بووه، یاخود (خُلُق) به مانای دینیش هاتووه تۆ له‌سه‌ر دینێكی یه‌كجار گه‌وره‌ی، ڕه‌وشت و ئه‌خلاقی پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - قورئان بووه‌و قورئانی پیرۆزی له خۆیدا جێبه‌جێ كردووه‌و بۆ ئه‌وه نێردراوه تا ره‌وشته جوانه‌كان ته‌واو بكات.
(5) [ فَسَتُبْصِرُ وَيُبْصِرُونَ (٥) ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - له ڕۆژی قیامه‌تدا كاتێك په‌رده له‌سه‌ر هه‌موو شته‌كان لائه‌برێ و حه‌قیقه‌ت و ڕاستییه‌كان ده‌رئه‌كه‌وێ ئه‌و كاته تۆیش ئه‌یبینیت و كافرانیش ئه‌یبینن.
(6) [ بِأَيِّكُمُ الْمَفْتُونُ (٦) ] كه ئایا ئێوه كامتان شێتن، ئایا تۆی شێت بوویته‌و تێكچوویته وه‌كو كافران وا ئه‌ڵێن، یاخود شێتی ڕاسته‌قینه‌و سه‌رلێشێواو و گومڕا ئه‌وانن كه دوای تۆ ناكه‌ون، له قیامه‌تدا بۆیان ده‌رئه‌كه‌وێت.
(7) [ إِنَّ رَبَّكَ هُوَ أَعْلَمُ بِمَنْ ضَلَّ عَنْ سَبِيلِهِ وَهُوَ أَعْلَمُ بِالْمُهْتَدِينَ (٧) ] به‌ڕاستی په‌روه‌ردگارت زاناتره به‌وه‌ی كه كێ له ڕێگای ڕاستی خوای گه‌وره لایداوه‌و گومڕا بووه، وه هه‌ر خوای گه‌وره زاناتره به‌و كه‌سانه‌ی كه له‌سه‌ر ڕێگای هیدایه‌تن، واته: تۆ له‌سه‌ر ڕێگای هیدایه‌ت و ڕێگای ڕاستی خوای گه‌وره‌ی، وه ئه‌وان له ڕێگای ڕاست لایانداوه‌و ڕێگای ڕاستیان ون كردووه‌و وێڵ و سه‌رگه‌ردان و گومڕابوونه.
(8) [ فَلَا تُطِعِ الْمُكَذِّبِينَ (٨) ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - تۆ گوێڕایه‌ڵی ئه‌و كه‌سانه مه‌كه كه خۆت و دینه‌كه‌ت به‌درۆ ئه‌زانن، كه بانگی پێغه‌مبه‌ریان ئه‌كرد - صلی الله علیه وسلم - بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌میش بچێته سه‌ر دینی ئه‌وان.
(9) [ وَدُّوا لَوْ تُدْهِنُ فَيُدْهِنُونَ (٩) ] ئه‌وان ئاواته‌خوازن كه‌مێك تۆ نه‌رمییان بۆ بنوێنی ئه‌وان زۆر نه‌رمی ئه‌نوێنن، یان كه‌مێك به‌ڵای ئه‌واندا بڕۆی ئه‌وان زیاتر به‌ڵای تۆدا دێن، یان كه‌مێك سازشیان بۆ بكه‌ی له حه‌قه‌كه ئه‌وان زیاتر له دینه‌كه‌ی خۆیان سازشت بۆ ئه‌كه‌ن، بۆیه شتی وا نه‌كه‌یت.
(10) {هه‌ندێك له سیفاته خراپه‌كانى (وه‌لیدی كوڕی موغیره)} [ وَلَا تُطِعْ كُلَّ حَلَّافٍ مَهِينٍ (١٠) ] وه گوێڕایه‌ڵی هیچ كه‌سێك نه‌كه‌ی كه زۆر سوێند به‌درۆ ئه‌خوات و درۆزنه، وه كه‌سێكی بێ¬ڕێز‌و بێ¬نرخ و لاواز‌و دڵ لاوازه.
(11) [ هَمَّازٍ ] كه‌سێكه ڕووبه‌ڕوو گاڵته به خه‌ڵك ئه‌كات و تانه‌و ته‌شه‌ریان لێده‌دات، (لَمَّاز) ئه‌وه‌ی كه له پاشمله گاڵته به خه‌ڵكى ده‌كات، یاخود ئه‌وه‌ی كه به‌ده‌ست و به پێڵوی چاو و به برۆ و ئه‌وانه گاڵته به خه‌ڵكى ده‌كات [ مَشَّاءٍ بِنَمِيمٍ (١١) ] ئه‌و كه‌سانه‌ی كه دووزمانی ئه‌كه‌ن و له نێوان خه‌ڵكیدا قسه دێنن و قسه ئه‌به‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كه ئاژاوه‌و كێشه بخه‌نه نێوان خه‌ڵكیه‌وه، كه ئه‌مانه ناچنه به‌هه‌شته‌وه.
(12) [ مَنَّاعٍ لِلْخَيْرِ مُعْتَدٍ أَثِيمٍ (١٢) ] وه ئه‌و كه‌سانه‌ی كه قه‌ده‌غه‌ی هه‌موو خێر‌و چاكه‌یه‌ك ئه‌كه‌ن، وه ده‌ستدرێژیكارن و سنورى خواى گه‌وره ده‌به‌زێنن، وه زۆر تاوانبارن و له حه‌رام ناگه‌ڕێنه‌وه [ عُتُلٍّ ] وه كه‌سانێكی زۆر ڕه‌ق و وشك و زمان خراپ و ڕه‌وشت خراپن، وه به‌خه‌م و هۆڵی دونیاوه‌ن و پاره كۆ ئه‌كه‌نه‌وه‌و قه‌ده‌غه‌ى خێر ئه‌كه‌ن و لێی نابه‌خشن.
(13) [ بَعْدَ ذَلِكَ زَنِيمٍ (١٣) ] زه‌نیمیش ئه‌و كه‌سه‌یه كه خۆی ئه‌داته پاڵ قه‌ومێك و له‌وان نیه، یاخود منداڵی زینایه، واته: زۆڵه.
(14) [ أَنْ كَانَ ذَا مَالٍ وَبَنِينَ (١٤) ] كه ماڵ و منداڵێكی زۆریشی هه‌یه، كه ئه‌م ئایه‌تانه مه‌به‌ست پێی (وه‌لیدی كوڕی موغیره) یه.
(15) [ إِذَا تُتْلَى عَلَيْهِ آيَاتُنَا قَالَ أَسَاطِيرُ الْأَوَّلِينَ (١٥) ] كاتێك كه ئایه‌ته‌كانی ئێمه‌ی به‌سه‌ردا بخوێندرایه‌ته‌وه ئه‌یووت ئه‌مه به‌سه‌رهات و سه‌رگوزشته‌ی ئوممه‌تانی پێشتره ئه‌مه فه‌رمووده‌و فه‌رمایشتی خوا نیه‌و له‌لایه‌ن خواوه نه‌هاتووه.
(16) [ سَنَسِمُهُ عَلَى الْخُرْطُومِ (١٦) ] خوای گه‌وره فه‌رمووی: ئه‌بێ له دونیادا لووتی دیاری و نیشان و ڕه‌ش بكه‌ین و بناسرێته‌وه پێش ئه‌وه‌ی كه له ڕۆژی قیامه‌تدا بیخه‌ینه ئاگری دۆزه‌خه‌وه، ئه‌وه‌بوو كه له جه‌نگى به‌در شمشێر به‌ر لووتی كه‌وت و لووتی بڕاو بووه نیشانه‌یه‌ك پێوه‌ی.
(17) {به‌سه‌رهاتى هاوه‌لآنى باخه‌كه} [ إِنَّا بَلَوْنَاهُمْ كَمَا بَلَوْنَا أَصْحَابَ الْجَنَّةِ ] ئێمه كافرانی مه‌ككه‌مان تاقیكرده‌وه به برسێتی و نه‌بوونی كه پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - دوعای لێ كردن، هه‌روه‌كو چۆن هاوه‌ڵانی باخه‌كه‌مان تاقیكرده‌وه، هاوه‌ڵانی باخه‌كه سێ برا بوونه له دێیه‌ك بوونه ناوی (ضهروان) بووه دوو (فه‌رسه‌خ) واته: شه‌ش میل له (صه‌نعا)ی پایته‌ختی (یه‌مه‌ن)ه‌وه دوور بووه، یاخود وتراوه: له (حه‌به‌شه) بووه، ئه‌مانه باوكێكی چاكیان هه‌بووه كه باخ و بێستانی هه‌بووه كه جۆره‌ها میوه‌و به‌روبوومى هه‌بووه‌و ساڵانه كردوویه‌تی به سێ به‌شه‌وه: به‌شێكی له ڕێی خوا كردووه به خێر‌و زه‌كاتی لێداوه، به‌شێكیشی بۆ خۆی و ماڵ و منداڵی داناوه، به‌شێكیشی بۆ بنه‌تۆو و مه‌سره‌فه‌كه‌ی بۆ ساڵی داهاتوو هه‌ڵگرتووه، كه باوكیان مرد ئه‌مان وتیان: باوكمان له هه‌ڵه‌دا بووه‌و نه‌زان بووه كه ئه‌م ماڵه‌ی ئاوا لێ كردووه ئێستا به‌رهه‌مه‌كه كه‌مه وه ماڵ و منداڵمان زۆره‌و به‌شمان ناكات، ویستوویانه فه‌قیرو هه‌ژاری لێ بێبه‌ش بكه‌ن، كه ئێستا خوای گه‌وره باسی به‌سه‌رهاته‌كه‌یان ئه‌كات [ إِذْ أَقْسَمُوا لَيَصْرِمُنَّهَا مُصْبِحِينَ (١٧) ] كاتێك له دوای وه‌فاتی باوكیان سوێندیان خوارد ئه‌بێ به‌رهه‌می باخه‌كه‌مان بڕنین له به‌ره‌به‌یانی زوودا پێش ئه‌وه‌ی كه هیچ كه‌سێك ئاگاداربێ و به‌خه‌به‌ر بێ بۆ ئه‌وه‌ی فه‌قیرو هه‌ژار نه‌چێ و داوایان لێ نه‌كات.
(18) [ وَلَا يَسْتَثْنُونَ (١٨) ] وه نه‌شیان وت (إن شا‌ء الله)، یاخود به گومانی خۆیان فه‌قیرو هه‌ژارانیان لێ بێ به‌ش كرد.
(19) [ فَطَافَ عَلَيْهَا طَائِفٌ مِنْ رَبِّكَ وَهُمْ نَائِمُونَ (١٩) ] ئه‌مان شه‌و ئه‌و بڕیاره‌یانداو خه‌وتن، له‌لایه‌ن خوای گه‌وره‌وه ئافه‌ت و به‌ڵایه‌ك یان ئاگرێك دای له باخ و بێستانه‌كه‌یان و هه‌ر هه‌مووی سووتاند، یاخود ئیمامى (قورتوبی) ده‌فه‌رمێت: جبریل باخه‌كه‌یانى له ره‌گه‌وه هه‌ڵكه‌ندو بردى بۆ مه‌ككه‌و ته‌وافى پێكرد به ده‌ورى كه‌عبه‌دا، پاشان بردى بۆ (تائیف)، هه‌ر بۆیه پێى وتراوه (تائیف) واته:ته‌وافكار، (ئه‌م ئایه‌ته به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه ئه‌گه‌ر مرۆڤ نیه‌ت و نیازێكى خراپى هه‌بێت و هه‌وڵى جێبه‌جێ كردنى بدات به‌ڵام بۆى نه‌گونجێت ئه‌وا له‌سه‌رى گوناهبار ده‌بێت و شایانى سزایه).
(20) [ فَأَصْبَحَتْ كَالصَّرِيمِ (٢٠) ] وه وه‌كو شه‌وى تاریكى لێهات، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه به‌رهه‌می ڕنرابێت و هیچ شتێكی پێوه نه‌مابێت، (تاوان و نیاز خراپى هۆكاره بۆ له‌ناوچوونى سه‌روه‌ت و سامان و به‌رهه‌م و باخ و بێستان).
(21) [ فَتَنَادَوْا مُصْبِحِينَ (٢١) ] به‌یانی زوو ئه‌مان له خه‌و هه‌ڵسان و بانگیان له یه‌كتری كرد.
(22) [ أَنِ اغْدُوا عَلَى حَرْثِكُمْ إِنْ كُنْتُمْ صَارِمِينَ (٢٢) ] وتیان: له به‌ره‌به‌یانی زوو بكه‌ونه ڕێ بۆ لای به‌رهه‌م و باخه‌كه‌تان ئه‌گه‌ر ئه‌تانه‌وێ ئێوه باخه‌كه بڕنن، (وتراوه ره‌زى ترێ بووه).
(23) [ فَانْطَلَقُوا وَهُمْ يَتَخَافَتُونَ (٢٣) ] ئه‌وان كه‌وتنه ڕێ به‌ڵام به نهێنی و چپه‌چپ له نێوان خۆیاندا قسه‌یان ئه‌كرد بۆ ئه‌وه‌ى كه‌س ده‌نگیان نه‌بیستێت و شوێنیان نه‌كه‌وێت.
(24) [ أَنْ لَا يَدْخُلَنَّهَا الْيَوْمَ عَلَيْكُمْ مِسْكِينٌ (٢٤) ] وتیان: ئه‌بێ ئه‌مڕۆ به نهێنی بڕۆین به شێوازێك كه هیچ فه‌قیرو هه‌ژارێك هه‌ستمان پێ نه‌كات وه‌كو باوكمان پێشتر فێری كردبوون، (باوكیان كه بڕۆیشتایه فه‌قیرو هه‌ژارانى ئاگادار ده‌كرده‌وه‌و له‌گه‌ڵ خۆى ده‌یبردن، سه‌ره‌ڕاى زه‌كاته‌كه یارمه‌تیشى ده‌دان و ئه‌وه‌ى له داره‌كان به‌ربوایه‌ته‌وه بۆ هه‌ژاران بوو).
(25) [ وَغَدَوْا عَلَى حَرْدٍ قَادِرِينَ (٢٥) ] ڕۆیشتن به ته‌نها خۆیان جیا كرده‌وه له قه‌ومه‌كه‌یان وه وا ڕۆیشتن كه به‌هێزو به‌توانان و توانایان هه‌یه له‌سه‌ر ڕنینه‌وه‌ی باخه‌كه‌یان.
(26) [ فَلَمَّا رَأَوْهَا قَالُوا إِنَّا لَضَالُّونَ (٢٦) ] كاتێك كه باخه‌كه‌یان بینی به‌رهه‌م و جوانى و سه‌وزى نه‌ماوه‌و ره‌ش بووه وتیان: ئێمه ڕێگه‌مان هه‌ڵه‌و ون كردووه‌و ئه‌مه باخی ئێمه نیه، نه‌یانزانی كه باخه‌كه‌ی ئه‌وانه‌و خوای گه‌وره سزاى داون و به‌ڵایه‌كی ناردۆته سه‌ری و هیچی نه‌هێشتووه.
(27) [ بَلْ نَحْنُ مَحْرُومُونَ (٢٧) ] دواتر دڵنیابوون كه ئه‌مه باخه‌كه‌ی خۆیانه‌و رێ‌یان هه‌ڵه نه‌كردووه به‌ڵام خوای گه‌وره بێ به‌شی كردوون له به‌رهه‌مه‌كه‌ی له‌به‌ر نیه‌ت خراپی خۆیان.
(28) [ قَالَ أَوْسَطُهُمْ أَلَمْ أَقُلْ لَكُمْ لَوْلَا تُسَبِّحُونَ (٢٨) ] (أَوْسَطُهُمْ) واته: ئه‌وه‌ی كه له هه‌موویان ژیرترو عاقڵترو باشتر‌و چاكتر بوو وتی: ئایا من پێم نه‌ووتن بڵێن: (إن شا‌ء الله) و (إن شا‌ء الله) بكه‌ن، وه ئێستایش په‌شیمان ببنه‌وه‌و داوای لێخۆشبوو‌ن له خوای گه‌وره بكه‌ن هه‌ر باشه.
(29) [ قَالُوا سُبْحَانَ رَبِّنَا إِنَّا كُنَّا ظَالِمِينَ (٢٩) ] ئه‌وانیش په‌شیمان بوونه‌وه‌و وتیان: پاكی و مونه‌ززه‌هی بۆ په‌روه‌ردگارمان له هه‌موو كهمو كوڕیه‌ك له‌و خراپه‌یه‌ی كه ئێمه كردمان به‌ڕاستی ئێمه سته‌ممان له خۆمان كرد كه نیه‌تمان خراپ بوو نیه‌تمان وابوو به‌شی فه‌قیرو هه‌ژاری لێ نه‌ده‌ین.
(30) [ فَأَقْبَلَ بَعْضُهُمْ عَلَى بَعْضٍ يَتَلَاوَمُونَ (٣٠) ] هه‌ندێكیان ڕوویان كرده هه‌ندێكیان و لۆمه‌و گله‌یی و گازنده‌یان له یه‌كتری ئه‌كرد.
(31) [ قَالُوا يَا وَيْلَنَا إِنَّا كُنَّا طَاغِينَ (٣١) ] وتیان: هاوار بۆ خۆمان به‌ڕاستی ئێمه ده‌ستدرێژى و سنوربه‌زاندن و سه‌ركه‌شیمان كرد.
(32) [ عَسَى رَبُّنَا أَنْ يُبْدِلَنَا خَيْرًا مِنْهَا ] وتیان: ئێمه ته‌وبه‌مان كرد‌و په‌شیمان بووینه‌وه‌و بۆ لای خوا گه‌ڕاینه‌وه به‌ڵكو خوای گه‌وره بۆمان بگۆڕێ به باشتر، وتراوه: دواى په‌شیمان بوونه‌وه‌و ته‌وبه كردنیان خواى گه‌وره باشترى پێ به‌خشیوون [ إِنَّا إِلَى رَبِّنَا رَاغِبُونَ (٣٢) ] ئێمه ده‌مانه‌وێت بۆ لای خوای گه‌وره بگه‌ڕێینه‌وه‌و به‌ڵكو خوای گه‌وره لێمان ببوورێ و لێمان خۆشبێ و به باشتر باخه‌كه‌مان بۆ بگۆڕێ.
(33) [ كَذَلِكَ الْعَذَابُ ] خوای گه‌وره ئه‌فه‌رمووێ: سزای ئێمه به‌م شێوازه‌یه بۆ كه‌سانێك كه سه‌رپێچى بكه‌ن و مافى فه‌قیرو هه‌ژار نه‌ده‌ن، چۆن سزای هاوه‌ڵانی باخمان دا ئاوایش سزای كافرانی مه‌ككه ئه‌ده‌ین [ وَلَعَذَابُ الْآخِرَةِ أَكْبَرُ لَوْ كَانُوا يَعْلَمُونَ (٣٣) ] به‌ڵام به دڵنیایى سزای ڕۆژی قیامه‌ت زۆر له‌مه گه‌وره‌ترو سه‌ختتره ئه‌گه‌ر بزانن.
(34) [ إِنَّ لِلْمُتَّقِينَ عِنْدَ رَبِّهِمْ جَنَّاتِ النَّعِيمِ (٣٤) ] به‌ڕاستی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ته‌قوای خوای گه‌وره ئه‌كه‌ن و خۆیان له تاوان ئه‌پارێزن ئه‌مانه له‌لای په‌روه‌ردگاریان له به‌هه‌شتدا باخ و باخاتیان بۆ هه‌یه كه پڕه له نازو نیعمه‌ت.
(35) {موسڵمانان و كافران یه‌كسان نین } [ أَفَنَجْعَلُ الْمُسْلِمِينَ كَالْمُجْرِمِينَ (٣٥) ] كافرانی قوڕه‌یش وتیان: ئه‌گه‌ر قیامه‌ت و به‌هه‌شتیش هه‌بێ ئه‌وه به‌هه‌شت بۆ ئێمه‌یه‌و بۆ ئه‌و خه‌ڵكه فه‌قیرو هه‌ژارو ڕه‌ش و ڕووته نیه كه دوای محمد - صلی الله علیه وسلم - كه‌وتوونه، خوای گه‌وره فه‌رمووی: به‌هه‌ڵه‌داچوون، ئایا ئێمه موسڵمانان وه‌كو تاوانباران سه‌یر ئه‌كه‌ین و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ئه‌كه‌ین؟ نه‌خێر وانیه.
(36) [ مَا لَكُمْ كَيْفَ تَحْكُمُونَ (٣٦) ] ئه‌وه ئێوه چیتانه بڕیارێكی ئاوا گێڕو ناڕێك ئه‌ده‌ن و ئه‌م گومانه خراپه ده‌به‌ن؟
(37) [ أَمْ لَكُمْ كِتَابٌ فِيهِ تَدْرُسُونَ (٣٧) ] یاخود ئایا ئێوه كتابێكتان له‌به‌رده‌ستدایه كه تیایدا بیخوێننه‌وه ئه‌وه‌ی كه گوێڕایه‌ڵی خوا ئه‌كات و موسڵمان بووه وه‌ك ئه‌و كه‌سه وایه كه خراپه‌كاره‌و له‌سه‌ر كوفر به‌رده‌وامه، شتی واتان هه‌یه؟ بێگومان نه‌خێر.
(38) [ إِنَّ لَكُمْ فِيهِ لَمَا تَخَيَّرُونَ (٣٨) ] یاخود ئایا له‌و كتابه‌دا نووسراوه‌ته‌وه كه ئێوه له ڕۆژی قیامه‌تدا خۆتان سه‌رپشكن حه‌زو ئاره‌زوو له چ شتێك بكه‌ن ئه‌وه هه‌ڵئه‌بژێرن، ئایا شتی وای تیایه؟ نه‌خێر له‌وێ به‌ویست و ئاره‌زوو نیه‌و به گوێره‌ی كرده‌وه‌ی خۆته كه له دونیا كردووته.
(39) [ أَمْ لَكُمْ أَيْمَانٌ عَلَيْنَا بَالِغَةٌ إِلَى يَوْمِ الْقِيَامَةِ إِنَّ لَكُمْ لَمَا تَحْكُمُونَ (٣٩) ] یاخود ئایا هیچ عه‌هدو به‌ڵێنێكتان له خواوه وه‌رگرتووه كه خوای گه‌وره سوێندی بۆ خواردبێتن كه ئێوه ئه‌خاته به‌هه‌شته‌وه، وه ئه‌و بڕیاره‌ی كه ئێوه داوتانه به‌و شێوازه‌یه‌و ئه‌وه‌ى ئاره‌زووى پێده‌كه‌ن ده‌ستتان ده‌كه‌وێت، ئایا شتی وا هه‌یه؟ بێگومان نه‌خێر.
(40) [ سَلْهُمْ أَيُّهُمْ بِذَلِكَ زَعِيمٌ (٤٠) ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - سه‌رزه‌نشتیان بكه‌و پرسیاریان لێ بكه‌و بزانه كێ كه‌فاله‌ت و زه‌مانه‌ت و مسۆگه‌ری ئه‌م شته ئه‌كات و كێیه ئه‌م شته‌ی بۆ مسۆگه‌ر كردوون؟ بێگومان كه‌س نیه و له‌خۆیانه‌وه قسه ئه‌كه‌ن.
(41) [ أَمْ لَهُمْ شُرَكَاءُ فَلْيَأْتُوا بِشُرَكَائِهِمْ إِنْ كَانُوا صَادِقِينَ (٤١) ] یاخود ئایا شه‌ریكیان بۆ خوای گه‌وره داناوه‌و به گومانی خۆیان كه ئه‌و شه‌ریكانه ئه‌توانن له ڕۆژی قیامه‌تدا پاداشتی ئه‌مان بده‌نه‌وه وه‌كو موسڵمانان، ده‌ی ئه‌گه‌ر ڕاست ئه‌كه‌ن با شه‌ریكه‌كانیان بێنن و فریایان بكه‌ون.
(42) [ يَوْمَ يُكْشَفُ عَنْ سَاقٍ وَيُدْعَوْنَ إِلَى السُّجُودِ ] ڕۆژی قیامه‌ت ڕۆژێكه كه خوای گه‌وره قاچی پیرۆزى خۆی هه‌ڵئه‌ماڵێ و ده‌ریئه‌خات و خه‌ڵكی ئه‌یبینن و بانگ ئه‌كرێن بۆ ئه‌وه‌ی كه سوجده بۆ خوای گه‌وره به‌رن كه ئه‌و ڕۆژه ڕۆژێكی زۆر سه‌خت و قورسه، (جێگیر كردنى سیفه‌تى قاچى تێدایه بۆ خواى گه‌وره كه له قاچى دروستكراوه‌كانى ناچێت و خواى گه‌وره خۆى نه‌بێت كه‌س چۆنێتێكه‌ى نازانێت، پێویسته وه‌كو خۆى باوه‌ڕمان پێی هه‌بێت به بێ نكوڵى كردن و چواندنى به سیفاتى دروستكراوه‌كان، وه به‌بێ گۆڕینى ماناكه‌ى بۆ مانایه‌كى تر، وه به‌بێ پرسیار كردن له چۆنێتیه‌كه‌ى، چۆن باوه‌ڕمان به خواى گه‌وره هه‌یه‌و نازانین چۆنه، به‌هه‌مان شێوه باوه‌ڕمان به هه‌موو سیفاته‌كانى هه‌یه كه له قورئان و سوننه‌تدا باسكراوه‌و نازانین چۆنه، چونكه قسه كردن له سیفاته‌كانى خواى گه‌وره به شێكه له قسه كردن له زاتى پیرۆزى خواى گه‌وره) [ فَلَا يَسْتَطِيعُونَ (٤٢) ] باوه‌ڕداران ئه‌وانه‌ی له دونیا سوجده‌یان بۆ خوا بردبێ به‌ڕاستگۆیی هه‌موویان له‌و كاته‌دا سوجده بۆ خوای گه‌وره ئه‌به‌ن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی كه له دونیا بۆ ڕیاو ناوبانگ و دونیا سوجده‌یان بردبێ وه مونافیقانیش ئه‌یانه‌وێ سوجده به‌رن ناتوانن و پشتیان ڕه‌ق و وشك ئه‌بێت و ناچه‌مێته‌وه ئه‌و كاته له باوه‌ڕداران جیا ئه‌كرێنه‌وه وه‌كو پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - له چه‌نده‌ها فه‌رمووده‌دا باسى كردووه.
(43) [ خَاشِعَةً أَبْصَارُهُمْ تَرْهَقُهُمْ ذِلَّةٌ ] ئه‌مان چاویان شۆڕو زه‌لیل و شكاوه‌و زه‌لیلی و ڕیسوایی و په‌شیمانی و خه‌فه‌ت زاڵ ئه‌بێ به‌سه‌ریاندا [ وَقَدْ كَانُوا يُدْعَوْنَ إِلَى السُّجُودِ وَهُمْ سَالِمُونَ (٤٣) ] ئه‌مان له دونیا كاتێك كه ساغ و سه‌لامه‌ت بوون بانگ ئه‌كران بۆ ئه‌وه‌ی كه سوجده به‌رن ئه‌مان سوجده‌یان بۆ خوا نه‌ئه‌برد ئێستا له ڕۆژی قیامه‌ت چۆن ئه‌توانن سوجده بۆ خوای گه‌وره به‌رن، یاخود بانگ دراوه له بانگه‌كه‌دا بانگ‌كراون وه‌رن بۆ نوێژ ئه‌وان نه‌چوونه‌و سوجده‌یان بۆ خوا نه‌بردووه له مزگه‌وتدا.
(44) [ فَذَرْنِي وَمَنْ يُكَذِّبُ بِهَذَا الْحَدِيثِ ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - لێمگه‌ڕێ و وازم لێ بێنه‌و ئه‌م كه‌سانه به من بسپێره ئه‌وه‌ی كه ئه‌م قورئانه پیرۆزه به‌درۆ ئه‌زانێ ئه‌و كه‌سانه بۆ خۆم به‌جێ بێله خۆم سزایان ئه‌ده‌م.
(45) [ سَنَسْتَدْرِجُهُمْ مِنْ حَيْثُ لَا يَعْلَمُونَ (٤٤) ] نازو نیعمه‌تیان پێ ده‌به‌خشین تا بێ‌ئاگا ئه‌بن و پله پله و ورده ورده له ناكاودا به سزا ئه‌یانبه‌ینه‌وه كه هیچ بواری گه‌ڕاندنه‌وه‌یان نه‌بێت وه هه‌ستی پێ نه‌كه‌ن، پێغه‌مبه‌رى خوا - صلی الله علیه وسلم - ده‌فه‌رمێت: (ئه‌گه‌ر بینیتان مرۆڤ تاوان ده‌كات و خواى گه‌وره پێى ده‌به‌خشێت ئه‌وا بزانن ئیستیدراجه بۆ ئه‌وه‌ى زیاتر تاوان بكات تا له ناكاو خواى گه‌وره ده‌یباته‌وه) [ وَأُمْلِي لَهُمْ ] وه زیاتر مۆڵه‌تیان ئه‌ده‌مێ و دوایان ده‌خه‌م [ إِنَّ كَيْدِي مَتِينٌ (٤٥) ] به دڵنیایی نه‌خشه‌و پیلانی من زۆر به‌هێزه‌و هیچ كه‌سێك له ده‌ست من ڕزگاری نابێ.
(46) [ أَمْ تَسْأَلُهُمْ أَجْرًا فَهُمْ مِنْ مَغْرَمٍ مُثْقَلُونَ (٤٦) ] یاخود ئایا ئه‌وان بۆ ئیمان ناهێنن خۆ تۆ داوای ئه‌جرو پاداشت و كرێت لێ نه‌كردوون و به پاره ئیمان ناهێنن تا له‌به‌ر پاره‌كه ئیمان نه‌هێنن و بكه‌ونه ژێر بارێكی قورس و گران و قه‌رزاریه‌وه‌و توانایان نه‌بێ ئیمان بێنن، خۆ داوای پاره‌ت لێنه‌كردوون.
(47) [ أَمْ عِنْدَهُمُ الْغَيْبُ فَهُمْ يَكْتُبُونَ (٤٧) ] یاخود ئایا ئه‌وان زانیاری غه‌یبیان هه‌یه‌و غه‌یب ئه‌زانن تا ئه‌وه‌ی كه خۆیان مه‌به‌ستیان بێت بینووسنه‌وه.
(48) [ فَاصْبِرْ لِحُكْمِ رَبِّكَ ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - تۆ ئارام بگره بۆ حوكم و بڕیاری په‌روه‌ردگارت له‌سه‌ر ئازاردانى نه‌ته‌وه‌كه‌ت {یونس پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم -} [ وَلَا تَكُنْ كَصَاحِبِ الْحُوتِ إِذْ نَادَى ] وه تۆ وه‌كو یونسى هاوه‌ڵی نه‌هه‌نگه‌كه - صلی الله علیه وسلم - مه‌به كه له قه‌ومه‌كه‌ی تووڕه‌بوو به‌جێی هێشتن وه دواتر له‌ناو ده‌ریاكه نه‌هه‌نگه‌كه قوتیداو دواتر له‌ناو سكى نه‌هه‌نگه‌كه داوای لێخۆشبوونی له خوای گه‌وره كرد‌و خوای گه‌وره فه‌رمانی به نه‌هه‌نگه‌كه كرد فڕێی دایه ده‌ره‌وه [ وَهُوَ مَكْظُومٌ (٤٨) ] كه ئه‌م دواتر غه‌م و په‌ژاره‌و خه‌فه‌تی خوارد، یاخود له‌ناو سكی نه‌هه‌نگه‌كه‌دا به‌ند كرا.
(49) [ لَوْلَا أَنْ تَدَارَكَهُ نِعْمَةٌ مِنْ رَبِّهِ لَنُبِذَ بِالْعَرَاءِ ] ئه‌گه‌ر نیعمه‌تی خوای گه‌وره فریای نه‌كه‌وتایه كه ته‌وبه‌ی كرد ئه‌وه فڕێ ئه‌درایه ئه‌و چۆڵی و بیابانه كه هیچ ڕووه‌كێكی لێ نه‌بوایه [ وَهُوَ مَذْمُومٌ (٤٩) ] وه زه‌م و لۆمه ئه‌كرا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه قه‌ومه‌كه‌ی به‌جێ هێشت.
(50) [ فَاجْتَبَاهُ رَبُّهُ فَجَعَلَهُ مِنَ الصَّالِحِينَ (٥٠) ] له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ته‌وبه‌ی كرد دووباره خوای گه‌وره هه‌ڵیبژارده‌وه بۆ پێغه‌مبه‌رایه‌تی، وه داینا له‌وانه‌ی كه زۆر چاكه‌كارو پیاوچاكن، وه پێغه‌مبه‌رایه‌تیه‌كه‌ی بۆ گه‌ڕانده‌وه‌و گه‌ڕایه‌وه ناو قه‌ومه‌كه‌ی، وه سه‌د هه‌زار كه‌س بوون هه‌ر هه‌موویان ئیمانیان پێی هێنا.
(51) {چاو و نه‌فه‌س و خۆپاراستن لێى } [ وَإِنْ يَكَادُ الَّذِينَ كَفَرُوا لَيُزْلِقُونَكَ بِأَبْصَارِهِمْ لَمَّا سَمِعُوا الذِّكْرَ ] وه نزیكه كافران كه قورئانی پیرۆز ئه‌بیستن به چاویان زه‌ره‌رو زیان به تۆ بگه‌یه‌نن له رق و كینه‌و حه‌سوودیدا [ وَيَقُولُونَ إِنَّهُ لَمَجْنُونٌ (٥١) ] وه ئه‌ڵێن: محمد - صلی الله علیه وسلم - تێكچووه‌و شێت بووه.
(52) [ وَمَا هُوَ إِلَّا ذِكْرٌ لِلْعَالَمِينَ (٥٢) ] وه ئه‌م قورئانه ته‌نها زیكر‌و یادخستنه‌وه‌یه بۆ هه‌موو جیهان، كه پێغه‌مبه‌رى خوا - صلی الله علیه وسلم - زۆر دوعا‌و ڕوقیه‌ی ئه‌خوێند بۆ خۆپاراستن له چاوی جنی و مرۆڤ، به‌ڵام كاتێك كه سووره‌تی (ناس و فه‌له‌ق) دابه‌زی وازی له هه‌مووی هێنا ته‌نها بۆ خۆپاراستن ئه‌م دوو سووره‌ته‌ی ئه‌خوێند، وه ده‌فه‌رمێت: (نه‌فه‌س و چاوپیسى حه‌قه، وه ئه‌گه‌ر شتێك پێش قه‌ده‌ر بكه‌وتایا ئه‌وا نه‌فه‌س و چاو پێشى ده‌كه‌وت)، وه ده‌فه‌رمێت: (نه‌فه‌س و چاوپیسى مرۆڤ ده‌كوژێت و ده‌یخاته گۆڕه‌وه، وه وشتریش ده‌خاته ناو مه‌نجه‌ڵه‌وه)، وه ده‌فه‌رمێت: (په‌نا بگرن به خوا چونكه نه‌فه‌س و چاوپیسى حه‌قیقه‌تى هه‌یه‌و كاریگه‌رى هه‌یه)، وه ده‌فه‌رمێت: (زۆربه‌ى ئه‌ممه‌ته‌كه‌م له پاش قه‌زاو قه‌ده‌ر به هۆى نه‌فه‌س و چاوپیسى¬یه‌وه ده‌مرن) خۆپاراستن له چاوپیسان به خوێندنى زیكره‌كانى به‌یانیان و ئێواران و خه‌وتنان و زیكره‌كانى تر ده‌بێت، به تایبه‌تى خوێندنى سوره‌تى (ناس و فه‌له‌ق)، وه كه‌سێك توشى كردبوویت داواى ئاوى ده‌ستنوێژه‌كه‌ى بكه‌و خۆتى پێبشۆره (إن شا‌ء الله) چاك ده‌بێت، وه بۆ ئه‌وه‌ى تۆ زیان به خه‌ڵكى نه‌گه‌یه‌نیت هه‌ر نازو نیعمه‌تێكت بینى دوعاى خێر‌و به‌ره‌كه‌ت و پارێزراوى بۆ خاوه‌نه‌كه‌ى بكه‌و بڵێ: (ما شا‌ء الله لا قوة إلا بالله)، والله أعلم.