(1) سووره‌تی (حوجورات) (واته: ژووره‌كان) سووره‌تێكى مه‌ده‌نى یه، (١٨) ئایه‌ته بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ {پێچه‌وانه‌ى قورئان و سوننه‌ت مه‌كه‌ن} [ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا تُقَدِّمُوا بَيْنَ يَدَيِ اللَّهِ وَرَسُولِهِ ] ئه‌ی باوه‌ڕداران ئێوه قسه‌و كرده‌وه‌تان مه‌خه‌نه پێش ده‌ستى خوا‌و پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - ، واته: پێچه‌وانه‌ی قورئان و سوننه‌ت هیچ شتێك مه‌ڵێن و هیچ كرده‌وه‌یه‌ك مه‌كه‌ن و هیچ بڕیارێك مه‌ده‌ن، وه ته‌نها شوێن قورئان و سوننه‌ت بكه‌ون و پێشیان مه‌كه‌ون، (وه جێگیر كردنى سیفه‌تى ده‌ستى تیادایه بۆ خواى گه‌وره كه پێویسته باوه‌ڕمان پێى هه‌بێت وه‌كو خۆى و نكوڵى لێ نه‌كه‌ین و نه‌یچوێنین به سیفاتى دروستكراوه‌كان و ماناكه‌ى نه‌گۆڕین و پرسیار له چۆنێتییه‌كه‌ى نه‌كه‌ین چونكه خواى گه‌وره خۆى نه‌بێت كه‌س چۆنێتییه‌كه‌ى نازانێت، وه قسه كردن له سیفاتى خواى گه‌وره به‌شێكه له قسه كردن له زاتى خواى گه‌وره، چۆن باوه‌ڕمان به زاتى پیرۆزى خواى گه‌وره هه‌یه و نازانین چۆنه به‌هه‌مان شێوه باوه‌ڕمان به سیفاته‌كانیشى هه‌یه‌و نازانین چۆنه) [ وَاتَّقُوا اللَّهَ إِنَّ اللَّهَ سَمِيعٌ عَلِيمٌ (١) ] وه ته‌قوای خوای گه‌وره بكه‌ن چونكه به‌ڕاستی خوای گه‌وره زۆر بیسه‌رو زانایه.
(2) {ده‌نگ به‌رز نه‌كردنه‌وه به‌سه‌ر ده‌نگى پێغه‌مبه‌رى خوا - صلی الله علیه وسلم -} [ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا تَرْفَعُوا أَصْوَاتَكُمْ فَوْقَ صَوْتِ النَّبِيِّ وَلَا تَجْهَرُوا لَهُ بِالْقَوْلِ كَجَهْرِ بَعْضِكُمْ لِبَعْضٍ أَنْ تَحْبَطَ أَعْمَالُكُمْ وَأَنْتُمْ لَا تَشْعُرُونَ (٢) ] ئه‌ی باوه‌ڕداران كاتێك كه قسه ئه‌كه‌ن ده‌نگتان به‌رز مه‌كه‌نه‌وه به‌سه‌رووی ده‌نگی پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - وه با ده‌نگتان له‌سه‌رووی ده‌نگی ئه‌و نه‌بێ وه‌كو چۆن هه‌ندێكتان له‌گه‌ڵ هه‌ندێكی ترتاندا به ده‌نگى به‌رز قسه ئه‌كه‌ن، واته: به‌ڕێزو ئیحتیرامه‌وه له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - قسه بكه‌ن، یان كه بانگتان كرد مه‌ڵێن: ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - به‌ڵكو بڵێن: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - ، چونكه له‌وانه‌یه پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - تووڕه‌بێ به تووڕه‌بوونی ئه‌ویش خوای گه‌وره تووڕه‌بێت و كرده‌وه‌كانتان به‌تاڵ بێته‌وه‌و ئێوه هه‌ست نه‌كه‌ن، ئه‌م ئایه‌ته له‌سه‌ر (ئه‌بوبه‌كرو عومه‌ر) (خوایان لێ ڕازی بێت) دابه‌زی له ساڵى (نۆ)ى كۆچى كه وه‌فدی (به‌نی ته‌میم) هات ئه‌بوبه‌كر (خوا لێی ڕازی بێت) فه‌رمووی: (قه‌عقاعی كوڕی مه‌عبه‌د)یان له‌گه‌ڵدا بنێره، ئیمامی عومه‌ر فه‌رمووی: به‌ڵكو (ئه‌قره‌عی كوڕی حابیس) یان له‌گه‌ڵدا بنێره، ئیمامى ئه‌بو به‌كر فه‌رمووى: ته‌نها تۆ مه‌به‌ستت ئه‌وه بوو كه پێچه‌وانه‌ى من قسه بكه‌یت، ئیمامى عومه‌ر فه‌رمووى: مه‌به‌ستم پێچه‌وانه كردنى تۆ نه‌بوو، ئیتر ده‌نگیان به‌رز بووه‌وه تا خوای گه‌وره ئه‌م ئایه‌ته‌ی دابه‌زاند، وه كه ئه‌م ئایه‌ته دابه‌زى (سابتى كوڕى قه‌یس) كه پیاوێكى ده‌نگ به‌رز بوو له ماڵ ده‌رنه‌چوو به‌رده‌وام ده‌گریا كه پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - پرسیارى كرد وتیان به‌رده‌وام خه‌ریكى گریانه‌و ده‌ڵێت من ده‌نگم به‌سه‌ر پێغه‌مبه‌ری خوادا - صلی الله علیه وسلم - به‌رز كردۆته‌وه‌و كرده‌وه‌م به‌تاڵ بۆته‌وه‌و من دۆزه‌خیم، پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - فه‌رمووى: بڕۆن بۆ لاى پێى بڵێن: تۆ دۆزه‌خى نیت به‌ڵكو به‌هه‌شتیت، دواتر له جه‌نگى یه‌مامه شه‌هید بوو.
(3) [ إِنَّ الَّذِينَ يَغُضُّونَ أَصْوَاتَهُمْ عِنْدَ رَسُولِ اللَّهِ أُولَئِكَ الَّذِينَ امْتَحَنَ اللَّهُ قُلُوبَهُمْ لِلتَّقْوَى ] ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ده‌نگیان نزم ئه‌كه‌نه‌وه له خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خوادا - صلی الله علیه وسلم - ئه‌وانه خوای گه‌وره دڵی تاقیكرونه‌ته‌وه بۆ ته‌قواو ته‌قوای ئه‌و كه‌سانه ده‌ركه‌وتووه‌و له تاقیكردنه‌وه‌كه سه‌ركه‌وتوو بوونه، كه دواتر ئه‌بوبه‌كرو عومه‌ر (خوایان لێی ڕازی بێت) زۆر به نزمی له خزمه‌ت پێغه‌مبه‌رى خوادا - صلی الله علیه وسلم - قسه‌یان ئه‌كرد، وه ئیمامى عومه‌ر گوێى له ده‌نگى دوو پیاو بوو له مزگه‌وتى پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - به ده‌نگى به‌رز قسه‌یان ده‌كرد، پێى فه‌رموون: ئایا ئێوه ده‌زانن له كوێ قسه ده‌كه‌ن؟ پاشان فه‌رمووى: ئێوه خه‌ڵكى كوێن؟ وتیان (تائیف)، فه‌رمووى ئه‌گه‌ر خه‌ڵكى مه‌دینه بوونایه ئه‌وا لێمده‌دان و ئازارم پێ ده‌گه‌یاندن، زانایان ده‌فه‌رموون: نابێت له لاى گوڕى پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - ده‌نگ به‌رز بكرێته‌وه‌و ده‌بێت به زیندوویی و مردوویى رێزى لێبگیرێت، وه له كاتى بیستنى فه‌رمووده‌كانیشى ده‌بێت موسڵمان بێده‌نگ بێت و به‌ڕێزو ئیحترام و به‌گه‌وره‌زانینه‌وه گوێى لێبگرێت [ لَهُمْ مَغْفِرَةٌ وَأَجْرٌ عَظِيمٌ (٣) ] ئه‌مانه لێخۆشبوونی خوای گه‌وره‌و ئه‌جرو پاداشتێكی زۆر گه‌وره‌یان بۆ هه‌یه.
(4) [ إِنَّ الَّذِينَ يُنَادُونَكَ مِنْ وَرَاءِ الْحُجُرَاتِ أَكْثَرُهُمْ لَا يَعْقِلُونَ (٤) ] (ئه‌قره‌عى كوڕى حابیس) له پشت ژووره‌كانى خێزانه‌كانى پێغه‌مبه‌ری خواوه - صلی الله علیه وسلم - بانگى ده‌كرد: ئه‌ى محمد ئه‌ى محمد، خواى گه‌وره ئه‌م ئایه‌ته‌ى دابه‌زاند: ئه‌وانه‌ی له پشت ژووره‌كانه‌وه بانگت لێ ئه‌كه‌ن و له دووره‌وه هاوار ئه‌كه‌ن ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - ئه‌وانه زۆربه‌یان نه‌زانن و نه‌زانی به‌سه‌ریاندا زاڵه.
(5) [ وَلَوْ أَنَّهُمْ صَبَرُوا حَتَّى تَخْرُجَ إِلَيْهِمْ لَكَانَ خَيْرًا لَهُمْ ] وه ئه‌گه‌ر ئه‌وان ئارامیان بگرتایه تا خۆت ئه‌چوویته ده‌ره‌وه بۆ لایان ئه‌وه باشتر بوو بۆیان [ وَاللَّهُ غَفُورٌ رَحِيمٌ (٥) ] وه خوای گه‌وره زۆر لێخۆش‌بوو به‌به‌زه‌ییه.
(6) {دڵنیا بوون له هه‌واڵ} [ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِنْ جَاءَكُمْ فَاسِقٌ بِنَبَإٍ فَتَبَيَّنُوا أَنْ تُصِيبُوا قَوْمًا بِجَهَالَةٍ فَتُصْبِحُوا عَلَى مَا فَعَلْتُمْ نَادِمِينَ (٦) ] ئه‌ی باوه‌ڕداران ئه‌گه‌ر كه‌سێكی فاسق و ده‌رچوو له گوێڕایه‌ڵی خوای گه‌وره هه‌واڵێكی بۆ هێنان ئێوه ته‌به‌یون و ته‌ثهبوت بكه‌ن و په‌له مه‌كه‌ن له بڕیارداندا تا دڵنیابن كه ئه‌و هه‌واڵه ڕاسته چونكه دواتر له‌وانه‌یه كه‌سانێك به نه‌زانی تووشی زه‌ره‌رو زیان بكه‌ن وه هه‌ڵه‌تان لێ ڕووبدات وه دواتریش په‌شیمان ئه‌بنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی كه كردووتانه، كه وتراوه: له‌سه‌ر (وه‌لیدی كوڕی عوقبه‌ی كوڕی ئه‌بی موعه‌يط) دابه‌زیوه كه پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - ناردوویه‌تی بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زه‌كاتی (به‌نی موسته‌لیق).
(7) [ وَاعْلَمُوا أَنَّ فِيكُمْ رَسُولَ اللَّهِ لَوْ يُطِيعُكُمْ فِي كَثِيرٍ مِنَ الْأَمْرِ لَعَنِتُّمْ ] وه ئێوه بزانن كه پێغه‌مبه‌ری خواتان له‌ناودایه - صلی الله علیه وسلم - رێزى بگرن و به گه‌وره‌ى بزانن، ئه‌گه‌ر گوێڕایه‌ڵی ئێوه بكات له زۆرێك له كاروباره‌كانتاندا له‌و هه‌واڵانه‌ی كه پێی ئه‌ده‌ن ئه‌وه تووشی بارگرانى و سهغڵهتى و ناڕه‌حه‌تی ئه‌بن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جاری وا هه‌یه هه‌واڵی نادروست ئه‌هێنن [ وَلَكِنَّ اللَّهَ حَبَّبَ إِلَيْكُمُ الْإِيمَانَ وَزَيَّنَهُ فِي قُلُوبِكُمْ ] به‌ڵام خوای گه‌وره ئیمانی له‌لا خۆشه‌ویست كردوون و ڕازاندوویه‌تیه‌وه له دڵتان‌دا [ وَكَرَّهَ إِلَيْكُمُ الْكُفْرَ وَالْفُسُوقَ وَالْعِصْيَانَ ] وه كوفر‌و له‌ڕێ ده‌رچوون و سه‌رپێچی و تاوانیشی له‌لا بێزێندراو كردوون [ أُولَئِكَ هُمُ الرَّاشِدُونَ (٧) ] ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ئه‌م سیفه‌تانه‌یان تیابێ ئه‌وانه له‌سه‌ر ڕێگای ڕاستن.
(8) [ فَضْلًا مِنَ اللَّهِ وَنِعْمَةً ] ئه‌مه فه‌زڵ و نیعمه‌تی خوای گه‌وره‌یه كه ئه‌و شتانه‌ی له‌لا خۆشه‌ویست كردوون، ئه‌م خراپانهیشی له‌لا بێزێندراو كردوون [ وَاللَّهُ عَلِيمٌ حَكِيمٌ (٨) ] وه خوای گه‌وره زۆر زانا‌و كاربه‌جێیه.
(9) {سوڵح و ئاشته‌وایی له نێوان موسڵماناندا} [ وَإِنْ طَائِفَتَانِ مِنَ الْمُؤْمِنِينَ اقْتَتَلُوا فَأَصْلِحُوا بَيْنَهُمَا ] به پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - وترا بۆ سه‌ردانى (عبدالله¬ى كوڕى ئوبه‌ى كوڕى سه‌لول) ناكه‌یت، پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - له‌سه‌ر گو‌ێدرێژێك له‌گه‌ڵ موسڵمانان سه‌ردانیان كرد، ئه‌ویش وتى: لیم دوربكه‌وه سوێند به خوا بۆنى گوێدرێژه‌كه‌ت ئازارى دام، پیاوێك له ئه‌نصارێكان وتى: سوێند به خوا گوێدرێژه‌كه‌ى پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - بۆنى له تۆ خۆشتره، كه‌سانێك له قه‌ومه‌كه‌ى بۆ (عبدالله) توڕه بوون و كه‌سانێكى تریش بۆ ئه‌م پیاوه تووڕه بوون تا به په‌له دارخورماو نه‌عل و ده‌ست له‌یه‌كتریاندا، خواى گه‌وره ئه‌م ئایه‌ته‌ى دابه‌زاند: ئه‌گه‌ر دوو كۆمه‌ڵ له باوه‌ڕداران كوشتاری یه‌كیان كرد‌و شه‌ڕیان كرد ئه‌وه ئێوه صوڵح و ئاشته‌وایی بكه‌ن له نێوانیاندا، (ئه‌م ئایه‌ته به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه مرۆڤـ به تاوانى گه‌وره له دین و ئیمان ده‌رناچێت و كافر نابێت، ئه‌وه‌تا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى كوشتارى یه‌كترى ده‌كه‌ن خواى گه‌وره هه‌ر به ئیماندار ناویان ده‌بات، به پێچه‌وانه‌ى خه‌واریج و موعته‌زیله‌و هاوبیروڕاكانیان كه به تاوانى گه‌وره موسڵمان كافر ده‌كه‌ن و له دین و ئیمان ده‌رى ده‌كه‌ن) [ فَإِنْ بَغَتْ إِحْدَاهُمَا عَلَى الْأُخْرَى فَقَاتِلُوا الَّتِي تَبْغِي حَتَّى تَفِيءَ إِلَى أَمْرِ اللَّهِ ] وه ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵێكیشیان زوڵم و سته‌می له‌وه‌ی تر كرد ئه‌وه ئێوه كوشتاری ئه‌و كۆمه‌ڵه بكه‌ن كه زوڵم ئه‌كات تا ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ فه‌رمانی خوای گه‌وره [ فَإِنْ فَاءَتْ فَأَصْلِحُوا بَيْنَهُمَا بِالْعَدْلِ وَأَقْسِطُوا ] وه ئه‌گه‌ر گه‌ڕایه‌وه ئه‌و كاته ئێوه صوڵح و ئاشته‌وایی له نێوانیاندا بكه‌ن به دادپه‌روه‌ری وه دادپه‌روه‌ر بن له نێوانیاندا [ إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُقْسِطِينَ (٩) ] له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ڕاستی خوای گه‌وره ئه‌و كه‌سانه‌ی خۆش ئه‌وێ كه دادپه‌روه‌رن له كاتی بڕیارداندا.
(10) {ته‌نها باوه‌ڕداران براى راسته‌قینه‌ى یه‌كترن} [ إِنَّمَا الْمُؤْمِنُونَ إِخْوَةٌ ] ته‌نها باوه‌ڕداران برای ڕاسته‌قینه‌ی یه‌كترن [ فَأَصْلِحُوا بَيْنَ أَخَوَيْكُمْ ] ئێوه‌یش صوڵح و ئاشته‌وایی بكه‌ن له نێوان براكانتاندا [ وَاتَّقُوا اللَّهَ لَعَلَّكُمْ تُرْحَمُونَ (١٠) ] وه ته‌قوای خوای گه‌وره بكه‌ن به‌ڵكو خوای گه‌وره ره‌حمتان پێ بكات.
(11) {گاڵته به یه‌كترى مه‌كه‌ن} [ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا يَسْخَرْ قَوْمٌ مِنْ قَوْمٍ عَسَى أَنْ يَكُونُوا خَيْرًا مِنْهُمْ ] ئه‌ی باوه‌ڕداران با كه‌سانێك گاڵته به كه‌سانێكی تر نه‌كه‌ن له‌وانه‌یه گاڵته‌پێكراوه‌كه لای خوای گه‌وره له‌وه باشتر بێ كه گاڵته‌ی پێ ئه‌كات [ وَلَا نِسَاءٌ مِنْ نِسَاءٍ عَسَى أَنْ يَكُنَّ خَيْرًا مِنْهُنَّ ] وه با ئافره‌تانیش گاڵته نه‌كه‌ن به ئافره‌تانێكی تر له‌وانه‌یه ئافره‌ته گاڵته‌پێكراوه‌كان لای خوای گه‌وره باشتر بن له‌وانه‌ی كه گاڵته‌یان پێ ئه‌كه‌ن {تانه‌وته‌شه‌ر له یه‌كترى مه‌ده‌ن} [ وَلَا تَلْمِزُوا أَنْفُسَكُمْ ] وه تانه‌و ته‌شه‌ر له خۆتان مه‌ده‌ن، واته: تانه‌و ته‌شه‌ر له یه‌كتری مه‌ده‌ن، (چونكه ئه‌گه‌ر تانه‌و ته‌شه‌رت له خه‌ڵكیدا وه‌ك ئه‌وه وایه تانه‌و ته‌شه‌رت له خۆت دابێت و ته‌نها خۆت زه‌ره‌رمه‌ند و تاوانبار ده‌بیت) {ناو و ناتۆره‌ى ناشیرین له یه‌كتر مه‌نێن} [ وَلَا تَنَابَزُوا بِالْأَلْقَابِ ] وه ناو و ناتۆره‌ی ناشیرین له یه‌كتری مه‌نێن، (ابو جبيرة بن الضحاك) ده‌فه‌رمێت: ئه‌م ئایه‌ته ده‌رباره‌ى ئێمه‌ى (به‌نى سه‌لیمه) دابه‌زى، پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - هاته مه‌دینه هیچ پیاوێك له ئێمه نه‌بوو ئیلا دوو سێ ناوى هه‌بوو، كه به‌و ناوانه بانگ بكرایه پێى ناخۆش بوو، خواى گه‌وره ئه‌م ئایه‌ته‌ى دابه‌زاند [ بِئْسَ الِاسْمُ الْفُسُوقُ بَعْدَ الْإِيمَانِ ] له دوای ئیمان هێنان خراپترین ناو ئه‌وه‌یه كه ناو و ناتۆره‌ی خراپ له یه‌كتری بنێن وه ئه‌وه فیسق و له ڕێ ده‌رچوونه [ وَمَنْ لَمْ يَتُبْ فَأُولَئِكَ هُمُ الظَّالِمُونَ (١١) ] وه هه‌ر كه‌سێكیش ته‌وبه نه‌كات ئه‌وا ئه‌و كه‌سانه سته‌مكارن.
(12) {گومانى خراپ به یه‌كتر مه‌به‌ن} [ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اجْتَنِبُوا كَثِيرًا مِنَ الظَّنِّ إِنَّ بَعْضَ الظَّنِّ إِثْمٌ ] ئه‌ی باوه‌ڕداران خۆتان دووربخه‌نه‌وه له زۆرێك له گومان به‌تایبه‌تی گومان بردنی خراپ به كه‌سانی چاك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ندێك له گومان تاوانه، پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - ده‌فه‌رمێت: (ئاگادارتان ده‌كه‌مه‌وه له گومان بردنى خراپ چونكه درۆترین قسه‌یه)، وه ئیمامى عومه‌ر ده‌فه‌رمێت: (گومانى باش نه‌بێت به قسه‌ى برا باوه‌ڕداره‌كه‌تى مه‌به، له كاتێكدا تۆ ده‌توانێت گومانى باشى پێببه‌یت و به جوانى بۆى لێكبده‌یته‌وه‌و ماناى بكه‌یت) {جاسوسی له‌سه‌ر یه‌كتری مه‌كه‌ن} [ وَلَا تَجَسَّسُوا ] وه جاسوسی له‌سه‌ر یه‌كتری مه‌كه‌ن، (ته‌جه‌سوس) زیاتر بۆ خراپه به‌كاردێت، (ته‌حه‌سوس) زیاتر بۆ چاكه به‌كار دێت، وه‌كو پێغه‌مبه‌ر یه‌عقوب - صلی الله علیه وسلم - به كوڕه‌كانى فه‌رموو: بڕۆن (ته‌حه‌سوس) بكه‌ن له یوسف و براكه‌ى، پیاوێكیان هێنا بۆ لاى (ابن مسعود) وتیان: ئه‌مه فڵانه كه‌سه مه‌ى به ریشیدا ده‌چۆڕێته‌وه، فه‌رمووى: قه‌ده‌غه كراوین له جاسوسى و سیخوڕ‌ى، به‌ڵام به ئاشكرا شتێك ببینین ئه‌وا سزاى ده‌ده‌ین، (دخین)ى نوسهرى (عوقبه) ده‌ڵێت: به (عوقبه)م وت: دراوسێیه‌كمان هه‌یه مه‌ى ده‌خۆنه‌وه منیش پۆلیسیان لێ ئاگادار ده‌كه‌مه‌وه بیانبه‌ن، (عوقبه) وتى: وا مه‌كه به‌ڵام ئامۆژگاریان بكه‌و هه‌ڕه‌شه‌یان لێبیكه، وایشى كرد هه‌ر وازیان نه‌هێنا، وتى ده‌چم پۆلیس ئاگادار ده‌كه‌مه‌وه، (عوقبه) وتى: هاوار بۆ خۆت نه‌كه‌یت، من گوێم له پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - بووه قه‌ده‌غه‌ى كردووه دواى تاوانى خه‌ڵكى بكه‌ویت {غه‌یبه‌تی یه‌كتری مه‌كه‌ن} [ وَلَا يَغْتَبْ بَعْضُكُمْ بَعْضًا ] وه غه‌یبه‌تی یه‌كتری مه‌كه‌ن، باسی برایه‌كت بكه‌ی به شتێك كه تیایدا بێت و پێی ناخۆش بێت ئه‌وه غه‌یبه‌ته، وه ئه‌گه‌ر تیایدا نه‌بێت ئه‌وه بوهتانهو گه‌وره‌تره، (عائیشه) ته‌نها به (صه‌فیه)ى وت: باڵاكورته، پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - فه‌رمووى: (قسه‌یه‌كت كرد ئه‌گه‌ر بیكه‌یته ناو ئاوى ده‌ریاوه بۆگه‌نى ده‌كات) [ أَيُحِبُّ أَحَدُكُمْ أَنْ يَأْكُلَ لَحْمَ أَخِيهِ مَيْتًا ] ئایا یه‌كێك له ئێوه پێی خۆشه گۆشتی براكه‌ی بخوات به مردوویه‌تی؟ ئه‌و كه‌سه‌یش كه لێره نیه وه‌ك ئه‌وه وایه مردوو بێت و ناتوانێ به‌رگری له خۆی بكات [ فَكَرِهْتُمُوهُ ] ئێوه پێتان ناخۆشه‌و لاتان بێزێندراوه [ وَاتَّقُوا اللَّهَ إِنَّ اللَّهَ تَوَّابٌ رَحِيمٌ (١٢) ] وه ئێوه ته‌قوای خوای گه‌وره بكه‌ن به‌ڕاستی خوای گه‌وره زۆر ته‌وبه‌ی ئه‌و كه‌سانه قبووڵ ئه‌كات كه ته‌وبه ئه‌كه‌ن، وه زۆر به‌ره‌حم و به به‌زه‌ییه.
(13) [ يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ وَأُنْثَى ] ئه‌ی خه‌ڵكی ئێمه ئێوه‌مان دروست كردووه له نێر‌و مێیه‌ك كه ئاده‌م و حه‌وا بووه [ وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا ] وه ئێوه‌مان كردووه به چه‌ند گه‌ل و هۆزێكه‌وه تا یه‌كتری بناسن {به‌ڕێزترینتان لای خوای گه‌وره به‌ته‌قواترینتانه} [ إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ ] به‌ڕێزترینتان لای خوای گه‌وره ئه‌و كه‌سه‌یه كه له هه‌موو كه‌س به‌ته‌قواتر بێت ئه‌وه لای خوای گه‌وره له هه‌موو كه‌س به‌ڕێزتره [ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ (١٣) ] به دڵنیایى خوای گه‌وره زۆر زانایه وه زانیاریه‌كی زۆر وردی هه‌یه.
(14) {جیاوازى نێوان ئیسلام و ئیمان} [ قَالَتِ الْأَعْرَابُ آمَنَّا ] ده‌شتنشینه‌كان وتیان: ئێمه ئیمانمان هێناوه، له‌سه‌ر (به‌نى ئه‌سه‌د بن خوزه‌یمه) دابه‌زى كه بانگه‌شه‌ى پله‌ى ئیمانیان كرد كه له پله‌ى ئیسلام به‌رزتره [ قُلْ لَمْ تُؤْمِنُوا ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - پێیان بڵێ: هێشتا ئێوه ئیمان له دڵتان‌دا جێگیر نه‌بووه به‌ڵام موسڵمان بوونه، ئیسلام شته دیار‌و ڕووكه‌شیه‌كانه‌و ئیمانیش له دڵدایه‌و بریتیه له به‌راستدانانى دڵ و داننان به زمان و ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌كان به‌لاشه [ وَلَكِنْ قُولُوا أَسْلَمْنَا ] به‌ڵكو ئێوه بڵێن: ئێمه موسڵمان بووینه [ وَلَمَّا يَدْخُلِ الْإِيمَانُ فِي قُلُوبِكُمْ ] وه هێشتا ئیمان له دڵتان‌دا جێگیر نه‌بووه، (ئیمان له ئیسلام تایبه‌تتره) [ وَإِنْ تُطِيعُوا اللَّهَ وَرَسُولَهُ لَا يَلِتْكُمْ مِنْ أَعْمَالِكُمْ شَيْئًا ] وه ئه‌گه‌ر ئێوه گوێڕایه‌ڵی خوا‌و پێغه‌مبه‌ری خوا بكه‌ن - صلی الله علیه وسلم - ئه‌وه هیچ شتێك له پاداشتی كرده‌وه باشه‌كانتان لێ كه‌م ناكات [ إِنَّ اللَّهَ غَفُورٌ رَحِيمٌ (١٤) ] به دڵنیایی خوای گه‌وره زۆر لێخۆش‌بوو به‌به‌زه‌ییه.
(15) [ إِنَّمَا الْمُؤْمِنُونَ الَّذِينَ آمَنُوا بِاللَّهِ وَرَسُولِهِ ] ته‌نها ئیمانداری ڕاسته‌قینه ئه‌و كه‌سانه‌ن كه ئیمانیان به خوا‌و پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - هێناوه [ ثُمَّ لَمْ يَرْتَابُوا وَجَاهَدُوا بِأَمْوَالِهِمْ وَأَنْفُسِهِمْ فِي سَبِيلِ اللَّهِ ] پاشان هیچ گومانێك تێكه‌ڵ به‌و ئیمانه‌یان نه‌بووه وه جیهادیان كردووه له پێناو خوای گه‌وره به ماڵ و گیانیان [ أُولَئِكَ هُمُ الصَّادِقُونَ (١٥) ] ئا ئه‌و كه‌سانه ڕاستگۆن له ئیمان هێنانیان، نه‌ك ئه‌و دهشتنشینانهى كه بانگه‌شه‌ى باوه‌ڕ ده‌كه‌ن.
(16) [ قُلْ أَتُعَلِّمُونَ اللَّهَ بِدِينِكُمْ ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - پێیان بڵێ: ئایا ئێوه خوای گه‌وره فێری دینه‌كه‌تان ئه‌كه‌ن و ئێوه هه‌واڵی دین به خوای گه‌وره ئه‌ده‌ن له‌وه‌ى كه له دڵدا شاردوتانه‌ته‌وه [ وَاللَّهُ يَعْلَمُ مَا فِي السَّمَاوَاتِ وَمَا فِي الْأَرْضِ ] له كاتێكدا هه‌رچی له ئاسمانه‌كان و زه‌وی هه‌یه خوای گه‌وره زانیاری به‌هه‌مووی هه‌یه‌و هیچ شتێك له خواى گه‌وره ناشاردرێته‌وه [ وَاللَّهُ بِكُلِّ شَيْءٍ عَلِيمٌ (١٦) ] وه خوای گه‌وره زۆر زانایه به هه‌موو شتێك، وه هیچ شتێكی لێ ناشاردرێته‌وه.
(17) [ يَمُنُّونَ عَلَيْكَ أَنْ أَسْلَمُوا ] (به‌نو ئه‌سه‌د) هاتن بۆ لاى پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - وتیان: ئیمه موسڵمان بووین و كوشتارمان نه‌كردیت و عه‌ره‌ب كوشتاریان كردیت، خواى گه‌وره ئه‌م ئایه‌ته‌ى دابه‌زاند: ئه‌ى پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - منه‌تت به‌سه‌ردا ئه‌كه‌ن كاتێك كه موسڵمان بوونه [ قُلْ لَا تَمُنُّوا عَلَيَّ إِسْلَامَكُمْ ] بڵێ: ئێوه منه‌ت مه‌كه‌ن به‌سه‌ر مندا كه موسڵمان بوونه [ بَلِ اللَّهُ يَمُنُّ عَلَيْكُمْ أَنْ هَدَاكُمْ لِلْإِيمَانِ إِنْ كُنْتُمْ صَادِقِينَ (١٧) ] به‌ڵكو خوای گه‌وره منه‌ت ئه‌كات به‌سه‌ر ئێوه‌دا كه هیدایه‌تی داون بۆ ئیمان وه ئیمانی خستۆته دڵتانه‌وه ئه‌گه‌ر ئێوه ڕاستگۆن.
(18) [ إِنَّ اللَّهَ يَعْلَمُ غَيْبَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَاللَّهُ بَصِيرٌ بِمَا تَعْمَلُونَ (١٨) ] به دڵنیایی خوای گه‌وره نهێنی و په‌نهانی ئاسمانه‌كان و زه‌ویه‌كان ئه‌زانێ و هیچ شتێكی لێ ناشاردرێته‌وه، وه خوای گه‌وره زۆر بینایه به‌و كرده‌وانه‌ی كه ئێوه ئه‌نجامی ئه‌ده‌ن، والله أعلم.