(1) سووره‌تی (سه‌به‌ء) (ناوچه‌یه‌كه له یه‌مه‌ن) سووره‌تێكى مه‌ككى یه ته‌نها ئایه‌تى (٦) نه‌بێت كه مه‌ده‌نى یه‌و (٥٤) ئایه‌ته بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ [ الْحَمْدُ لِلَّهِ الَّذِي لَهُ مَا فِي السَّمَاوَاتِ وَمَا فِي الْأَرْضِ ] حه‌مدو سه‌ناو ستایش بۆ (الله) ئه‌و خوایه‌ی كه هه‌رچی له ئاسمانه‌كان و زه‌ویه‌كانه هه‌مووی موڵكی خوای گه‌وره‌یه‌و له ژێر ده‌سه‌ڵاتی خوای گه‌وره‌دایه‌و به ته‌نها هه‌ڵسوكه‌وتى تێدا ده‌كات [ وَلَهُ الْحَمْدُ فِي الْآخِرَةِ ] وه له ڕۆژی قیامه‌تیشدا باوه‌ڕداران هه‌ر حه‌مدو سه‌ناو ستایشی خوای گه‌وره ئه‌كه‌ن كاتێك كه ئه‌چنه به‌هه‌شته‌وه [ وَهُوَ الْحَكِيمُ الْخَبِيرُ (١) ] وه خوای گه‌وره زۆر كاربه‌جێ و دانایه له وته‌و كرده‌وه‌و شه‌رع و بڕیاریدا، وه زۆر زانیاریه‌كی وردی هه‌یه به دروستكراوه‌كانی.
(2) {زانیاری فراوانی خوای گەورە} [ يَعْلَمُ مَا يَلِجُ فِي الْأَرْضِ ] وه خوای گه‌وره زانیاری هه‌یه به ژماره‌ى هه‌موو ئه‌و دڵۆپه بارانانه‌ى كه ئه‌چێته ناو زه‌وییه‌وه، وه به ژماره‌ى هه‌موو ئه‌و مردووانه‌ى كه ده‌خرێنه ناو زه‌وییه‌وه [ وَمَا يَخْرُجُ مِنْهَا ] وه زانیارى هه‌یه به ژماره‌و چۆنێتى و سیفاتى هه‌موو ئه‌وه ڕووه‌ك و دانه‌وێڵانه‌ى كه له زه‌وی ده‌رئه‌چێ [ وَمَا يَنْزِلُ مِنَ السَّمَاءِ ] وه زانیارى هه‌یه به ژماره‌و چۆنێتى هه‌موو ئه‌و به‌فرو باران و ته‌رزه‌یه‌ى كه له ئاسمانه‌وه دائه‌به‌زێ [ وَمَا يَعْرُجُ فِيهَا ] وه ئه‌وه‌ی كه به‌رز ئه‌بێته‌وه بۆ ئاسمان له فریشته‌كان و كرده‌وه‌ی به‌نده‌كان [ وَهُوَ الرَّحِيمُ الْغَفُورُ (٢) ] وه خوای گه‌وره زۆر به‌ڕه‌حم و سۆز‌و به‌زه‌ییه به به‌نده‌كانی وه زۆر لێخۆشبووه به تاوانه‌كانیان.
(3) [ وَقَالَ الَّذِينَ كَفَرُوا لَا تَأْتِينَا السَّاعَةُ ] كافران ئه‌یانووت: ڕۆژی قیامه‌ت نایات و زیندوو بوونه‌وه نیه‌و نكوڵیان لێ ده‌كرد [ قُلْ بَلَى وَرَبِّي لَتَأْتِيَنَّكُمْ ] خواى گه‌وره فه‌رمووى: ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - بڵێ: به‌ڵێ سوێند بێ به په‌روه‌ردگارم به‌دڵنیایی قیامه‌ت به‌سه‌رتاندا دێت و زیندوو ئه‌بنه‌وه، (ئه‌م ئایه‌ته یه‌كێكه له‌و سێ ئایه‌ته‌ى كه خواى گه‌وره فه‌رمان ده‌كات به پێغه‌مبه‌رى خوا - صلی الله علیه وسلم - سوێند بخوات به خوای گه‌وره له‌سه‌ر زیندووبوونه‌وه كاتێك كه كافران نكوڵى لێ ده‌كه‌ن، ئایه‌تى دووه‌م له سووره‌تى (یونس)ه: [ وَيَسْتَنْبِئُونَكَ أَحَقٌّ هُوَ قُلْ إِي وَرَبِّي إِنَّهُ لَحَقٌّ وَمَا أَنْتُمْ بِمُعْجِزِينَ (٥٣) ] وه ئایه‌تى سێیه‌م له سووره‌تى (التغابن)ه: [ زَعَمَ الَّذِينَ كَفَرُوا أَنْ لَنْ يُبْعَثُوا قُلْ بَلَى وَرَبِّي لَتُبْعَثُنَّ ثُمَّ لَتُنَبَّؤُنَّ بِمَا عَمِلْتُمْ وَذَلِكَ عَلَى اللَّهِ يَسِيرٌ (٧) ] كه ئه‌مه‌یش به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه ده‌بێت ته‌نها سوێند به خواى گه‌وره بخورێت [ عَالِمِ الْغَيْبِ لَا يَعْزُبُ عَنْهُ مِثْقَالُ ذَرَّةٍ فِي السَّمَاوَاتِ وَلَا فِي الْأَرْضِ ] خوای گه‌وره زانای نهێنیه‌كانه و هیچ شتێك له خوای گه‌وره ناشاردرێته‌وه ئه‌گه‌ر به ئه‌ندازه‌ی مێرووله‌یه‌كی وردی بچو‌وكیش بێت، یان به ئه‌ندازه‌ی مسقالی گه‌ردێك بێت له ئاسمانه‌كان بێت یان له زه‌وی بێ ئیلا خواى گه‌وره زانیارى پێى هه‌یه [ وَلَا أَصْغَرُ مِنْ ذَلِكَ وَلَا أَكْبَرُ ] یان له‌مه بچووكتر بێ یان گه‌وره‌تر بێت [ إِلَّا فِي كِتَابٍ مُبِينٍ (٣) ] ئیلا هه‌مووی له كتابێكی ئاشكرا جێگیر كراوه‌و نووسراوه كه (لوح المحفوظ)ه.
(4) [ لِيَجْزِيَ الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ ] بۆیه قیامه‌ت دێت تا خوای گه‌وره پاداشتی ئه‌و كه‌سانه بداته‌وه كه ئیمانیان هێناوه‌و كرده‌وه‌ی چاكیان كردووه (كرده‌وه‌ى چاك ئه‌وه‌یه كه بۆ خوا بێت و بۆ ریا نه‌بێت، وه له‌سه‌ر سوننه‌ت بێت و بیدعه نه‌بێت) [ أُولَئِكَ لَهُمْ مَغْفِرَةٌ وَرِزْقٌ كَرِيمٌ (٤) ] ئه‌مانه لێخۆشبوونی خوای گه‌وره‌یان بۆ هه‌یه بۆ تاوانه‌كانیان وه ڕزق و ڕۆزیه‌كی به‌تام و باش و به‌ڕێزیان بۆ هه‌یه له به‌هه‌شتدا.
(5) [ وَالَّذِينَ سَعَوْا فِي آيَاتِنَا ] وه ئه‌و كه‌سانه‌یشی كه هه‌وڵ و كۆششیان كردووه بۆ ئه‌وه‌ی كه ئایه‌ت و نیشانه‌كانی ئێمه به‌تاڵ بكه‌نه‌وه‌و رێگرى له دین بكه‌ن و پێغه‌مبه‌ران به درۆ بزانن [ مُعَاجِزِينَ ] ئه‌وانه بێ ده‌سه‌ڵاتن وه ڕزگاریان نابێ له سزای خوای گه‌وره [ أُولَئِكَ لَهُمْ عَذَابٌ مِنْ رِجْزٍ أَلِيمٌ (٥) ] وه ئه‌مانه سزایان بۆ هه‌یه به‌ڵام خراپترین و سه‌ختترین سزا سزایه‌كی زۆر به ئێش و ئازاریان بۆ هه‌یه.
(6) [ وَيَرَى الَّذِينَ أُوتُوا الْعِلْمَ الَّذِي أُنْزِلَ إِلَيْكَ مِنْ رَبِّكَ هُوَ الْحَقَّ ] به‌ڵام زانا باوه‌ڕداره‌كان وا ئه‌بینن وه باوه‌ڕیان وایه وه ئه‌زانن كه ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگاره‌وه بۆت دابه‌زیوه ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - ئه‌وه حه‌قه، وه له‌قیامه‌تیش به (عین الیقین )ده‌یبینن، كه لێره زانایان مه‌به‌ست پێی صه‌حابه‌یه، یان مه‌به‌ست پێی باوه‌ڕدارانی ئه‌هلی كتابه [ وَيَهْدِي إِلَى صِرَاطِ الْعَزِيزِ الْحَمِيدِ (٦) ] وه ئه‌زانن كه ئه‌م قورئانه ڕێنمایی خه‌ڵكى ئه‌كات بۆ ڕێگای راستى خوای گه‌وره كه خوایه‌كی زۆر به عیززه‌ت و باڵاده‌سته وه زۆر سوپاسكراوه.
(7) [ وَقَالَ الَّذِينَ كَفَرُوا هَلْ نَدُلُّكُمْ عَلَى رَجُلٍ يُنَبِّئُكُمْ إِذَا مُزِّقْتُمْ كُلَّ مُمَزَّقٍ إِنَّكُمْ لَفِي خَلْقٍ جَدِيدٍ (٧) ] وه كافران وه‌كو گاڵته‌جاری و سووكایه‌تی ئه‌یانووت: ئایا ڕێنماییتان بكه‌ین بۆ پیاوێك كه مه‌به‌ستیان پێی پێغه‌مبه‌ره - صلی الله علیه وسلم - كه ئه‌م پیاوه هه‌واڵتان پێ ئه‌دات و پێتان ئه‌ڵێ: كاتێك كه ئێوه دوای ئه‌وه‌ی كه ده‌مرن و له‌ناو زه‌ویدا ده‌ڕزێن وه نامێنن و ده‌بن به خۆڵ سه‌رله‌نوێ ئه‌بن به دروستكراوێكی تازه‌و له‌ناو گۆڕه‌كانتاندا زیندوو ئه‌كرێنه‌وه.
(8) [ أَفْتَرَى عَلَى اللَّهِ كَذِبًا ] ئه‌یانووت: ئایا ئه‌مه درۆی بۆ خوای گه‌وره هه‌ڵبه‌ستووه [ أَمْ بِهِ جِنَّةٌ ] یاخود شێت بووه [ بَلِ الَّذِينَ لَا يُؤْمِنُونَ بِالْآخِرَةِ فِي الْعَذَابِ ] خوای گه‌وره ئه‌فه‌رمووێ: وانیه به‌ڵكو ئه‌وانه‌ی كه باوه‌ڕیان به ڕۆژی دوایی نیه ئه‌وان له سزای به ئێش و ئازاردان [ وَالضَّلَالِ الْبَعِيدِ (٨) ] وه له گومڕاییه‌كی زۆر دووردان و حه‌قیقه‌ت و ڕاستی شته‌كانیان لێ ون بووه.
(9) [ أَفَلَمْ يَرَوْا إِلَى مَا بَيْنَ أَيْدِيهِمْ وَمَا خَلْفَهُمْ مِنَ السَّمَاءِ وَالْأَرْضِ ] خوای گه‌وره ئه‌فه‌رمووێ: ئایا نابینن و ته‌ماشا ناكه‌ن ئه‌وه‌ی كه له‌پێش و پاشیانه‌وه‌یه له ئاسمانه‌كان و زه‌وی بۆ ته‌ماشا ناكه‌ن چۆن خوای گه‌وره ئه‌و دروستكراوانه‌ی دروست كردووه تا بیانگه‌یه‌نێ به ڕاستێتی ئیمان هێنان به خوای گه‌وره [ إِنْ نَشَأْ نَخْسِفْ بِهِمُ الْأَرْضَ ] ئه‌گه‌ر ویستمان لێ بێت به ناخی زه‌ویدا ده‌یانبه‌ینه خواره‌وه‌و ڕۆئه‌چن به زه‌ویدا [ أَوْ نُسْقِطْ عَلَيْهِمْ كِسَفًا مِنَ السَّمَاءِ ] یاخود به‌شێك له ئاسمان ئه‌ڕوخێنین به‌سه‌ریاندا [ إِنَّ فِي ذَلِكَ لَآيَةً لِكُلِّ عَبْدٍ مُنِيبٍ (٩) ] به دڵنیایى ئه‌مانه هه‌مووی نیشانه‌و به‌ڵگه‌یه‌كی ڕوون و ئاشكرایه بۆ هه‌موو به‌نده‌یه‌ك كه گه‌ڕابێته‌وه بۆ لای خوای گه‌وره به ته‌وبه كردن.
(10) {هەندێك لە فەزڵ و بەخششەكانی خوای گەورە بۆ داود پێغەمبەر - صلی الله علیه وسلم -} [ وَلَقَدْ آتَيْنَا دَاوُودَ مِنَّا فَضْلًا ] وه به‌دڵنیایی ئێمه فه‌زڵ و چاكه‌ی خۆمان به داود پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - به‌خشی كه پێغه‌مبه‌رایه‌تی و (زه‌بور)و موڵك و سه‌ربازو ده‌نگخۆشى و ئه‌م شتانه‌ی تریش بووه كه ئێستا باسی ئه‌كه‌ین [ يَا جِبَالُ أَوِّبِي مَعَهُ وَالطَّيْرَ ] خوای گه‌وره فه‌رمووی: ئه‌ی شاخه‌كان و باڵنده‌كان له‌گه‌ڵ داود پێغه‌مبه‌ردا - صلی الله علیه وسلم - ته‌سبیحات و زیكری خوای گه‌وره بكه‌ن [ وَأَلَنَّا لَهُ الْحَدِيدَ (١٠) ] وه ئاسنیشمان بۆی نه‌رم كردبوو وه‌كو هه‌ویر به‌بێ ئه‌وه‌ی كه پێویستى به ئاگرو لێدانى چه‌كوش بێت تا به ئاسانى بۆ خۆی به‌كاری بهێنێت
(11) [ أَنِ اعْمَلْ سَابِغَاتٍ ] كه قه‌ڵغانی درێژ‌و فراوان دروست بكه تا هه‌موو لاشه‌ى جه‌نگاوه‌ران داپۆشێت [ وَقَدِّرْ فِي السَّرْدِ ] وه بزمارو زنجیره‌كانى ته‌قدیر بكه به ئه‌ندازه‌ی خۆیان نه زۆر بچووك و لاواز بێت و به‌رگه نه‌گرێت، وه نه زۆر گه‌وره‌یش بێ كه بۆیان هه‌ڵنه‌گیرێ [ وَاعْمَلُوا صَالِحًا ] وه كرده‌وه‌ی چاكیش بكه‌ن [ إِنِّي بِمَا تَعْمَلُونَ بَصِيرٌ (١١) ] من زۆر بینام به كرده‌وه‌كانتان.
(12) {هەندێك لە فەزڵ و بەخششەكانی خوای گەورە بۆ سولەیمان پێغەمبەر - صلی الله علیه وسلم –} [ وَلِسُلَيْمَانَ الرِّيحَ ] وه سوله‌یمان پێغه‌مبه‌ریش - صلی الله علیه وسلم - كه كوڕى داود پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - بوو خوای گه‌وره بای بۆ ژێربار كردبوو له ژێر ده‌سه‌ڵاتیدا بوو [ غُدُوُّهَا شَهْرٌ وَرَوَاحُهَا شَهْرٌ ] به به‌یانیان ماوه‌ی مانگێك ڕێى ده‌بڕى و ئه‌ڕۆی، وه به ئێوارانیش ماوه‌ی مانگێك ڕێى ده‌بڕى و ئه‌ڕۆی، واته له رۆژێكدا ماوه‌ى دوو مانگ ڕێى ده‌بڕى و به وڵاتاندا ده‌گه‌ڕا و بایه‌كه هه‌ڵیده‌گرت و ده‌یبرد [ وَأَسَلْنَا لَهُ عَيْنَ الْقِطْرِ ] وه مسیشمان بۆی نه‌رم كردبوو چۆن ئاسنمان بۆ داود پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - نه‌رم كردبوو [ وَمِنَ الْجِنِّ مَنْ يَعْمَلُ بَيْنَ يَدَيْهِ بِإِذْنِ رَبِّهِ ] وه جنیه‌كانیشمان ژێربار كردبوو خستبوومانه ژێر ده‌سه‌ڵاتیه‌وه كه ئیشیان بۆی ئه‌كرد به ئیزنی خوای گه‌وره [ وَمَنْ يَزِغْ مِنْهُمْ عَنْ أَمْرِنَا ] وه هه‌ر كه‌سێك له‌و جنیانه بێ ئه‌مری سوله‌یمان پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - بكات [ نُذِقْهُ مِنْ عَذَابِ السَّعِيرِ (١٢) ] ئه‌وه له دونیادا سزای ئه‌ده‌ین وه له قیامه‌تیشدا ئه‌یخه‌ینه ناو ئاگرێكی سووتێنه‌ره‌وه.
(13) [ يَعْمَلُونَ لَهُ مَا يَشَاءُ مِنْ مَحَارِيبَ ] ئه‌و جنیانه ئیشیان بۆ سوله‌یمان پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - ئه‌كردو ئه‌وه‌ی كه ویستی لێ بوایه بۆیان دروست ده‌كرد له كۆشكی گه‌وره، یاخود مزگه‌وت، یاخود میحرابی مزگه‌وت، (بۆیه به شوێنى نوێژكردنى ئیمام ده‌وترێت شه‌ڕگه (میحراب) چونكه شوێنى شه‌ڕكردنه له‌گه‌ڵ شه‌یتان) [ وَتَمَاثِيلَ ] وه په‌یكه‌ریشیان بۆی دروست ئه‌كرد كه له شه‌ریعه‌تی ئه‌وان دروست بووه‌و له شه‌ریعه‌تی ئێمه‌دا حه‌رام كراوه‌و زۆر فه‌رمووده‌ی له‌سه‌ر هاتووه [ وَجِفَانٍ كَالْجَوَابِ ] وه قاپ و مه‌نجه‌ڵی زۆر گه‌وره‌شیان بۆ دروست ئه‌كرد وه‌كو حه‌وزی حوشتر چه‌ندێك گه‌وره‌یه ئاوا گه‌وره بۆیان دروست ئه‌كرد تا خه‌ڵكێكی زۆر خواردنی له‌سه‌ر بخوات [ وَقُدُورٍ رَاسِيَاتٍ ] وه قاپی زۆر گه‌وره‌یان دروست ئه‌كرد كه له‌به‌ر گه‌وره‌یی هه‌ڵنه‌ئه‌گیراو جێگیر بوو له‌سه‌ر زه‌ویه‌كه دانرابوو [ اعْمَلُوا آلَ دَاوُودَ شُكْرًا ] ئه‌ی ئالی داود زۆر سوپاسگوزارو شوكرانه‌بژێری خوای گه‌وره بكه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو نیعمه‌ته‌ی كه پێی به‌خشیوون، (سوپاس كردن به كرده‌وه‌یش ده‌بێت هه‌روه‌كو به وته‌و نیه‌ت ده‌بێت، نوێژ كردن و رۆژوو گرتن و هه‌موو كرده‌وه‌یه‌كى چاك سوپاسكردنى خواى گه‌وره‌یه)، داود پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - شه‌ونوێژى دهكردو رۆژنارۆژێك به رۆژوو ده‌بوو، وه له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى دوژمن‌دا هه‌رگیز هه‌ڵناهات و رایناكرد [ وَقَلِيلٌ مِنْ عِبَادِيَ الشَّكُورُ (١٣) ] به‌ڵام كه‌مێك هه‌ن له به‌نده‌كانی من كه شوكرانه‌بژێری من ئه‌كه‌ن.
(14) {جن و شەیتان غەیب نازانن} [ فَلَمَّا قَضَيْنَا عَلَيْهِ الْمَوْتَ ] كاتێك كه بڕیاری مردنمان به‌سه‌ر سوله‌یمان پێغه‌مبه‌ردا - صلی الله علیه وسلم - دا كه خۆی دابوو به‌سه‌ر گۆچانه‌كه‌یدا [ مَا دَلَّهُمْ عَلَى مَوْتِهِ إِلَّا دَابَّةُ الْأَرْضِ تَأْكُلُ مِنْسَأَتَهُ ] جنیه‌كان هه‌موویان ئیشیان ئه‌كرد كه‌سیان نه‌یانزانی كه سوله‌یمان پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - مردووه ته‌نها (مۆرانه) نه‌بێ كاتێك كه گۆچانه‌كه‌ی خوارد ئه‌و كاته سوله‌یمان پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - كه‌وته سه‌رزه‌وی [ فَلَمَّا خَرَّ ] كاتێك كه گۆچانه‌كه‌ی نه‌ما سوله‌یمان پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - كه‌وته سه‌ر زه‌وی [ تَبَيَّنَتِ الْجِنُّ أَنْ لَوْ كَانُوا يَعْلَمُونَ الْغَيْبَ مَا لَبِثُوا فِي الْعَذَابِ الْمُهِينِ (١٤) ] ئه‌و كاته جن بۆیان ده‌ركه‌وت كه ئه‌گه‌ر ئێمه غه‌یبمان بزانیایه ئه‌مانزانی چه‌ندێكه مردووه‌و له‌و ئیشه قورسانه‌دا نه‌ئه‌ماینه‌وه كه سوله‌یمان پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - پێی ده‌كردین، دوای ئه‌وه‌ی كه مرد ئیتر ڕۆیشتن وازیان له ئیش كردن هێنا (ابن عباس و مجاهدو قتاده‌و حسن) ئه‌ڵێن: نزیكه‌ی ساڵێك بووه مردووه ئینجا جنییه‌كان زانیویانه.
(15) {مەملەكەتی (سەبەء)} [ لَقَدْ كَانَ لِسَبَإٍ فِي مَسْكَنِهِمْ ] پرسیار له پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - كرا ئایا (سه‌به‌ء) زه‌ویه یان ئافره‌ته؟ فه‌رمووى: (نه زه‌ویه‌و نه ئافره‌ته به‌ڵكو پیاوێك بووه ده كوڕى هه‌بووه، شه‌شیان چوونه بۆ یه‌مه‌ن و چواریان چوونه بۆ شام، ئه‌وانه‌ى چوونه بۆ شام: لخم و جذام وعامله‌و غسان بوونه، وه ئه‌وانه‌ى چوونه بۆ یه‌مه‌ن كنده‌و ئه‌شعه‌ریه‌كان و أزد و مذحج و حمیر و أنمار بوونه)، واته: بنچینه‌ى هۆزه‌كانى عه‌ره‌ب له یه‌مه‌ن ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌م ده كه‌سه، وه (سه‌به‌ء) پاشا‌و هۆزێك بوونه له یه‌مه‌ن شوێنی نیشته‌جێ بوونیان (مه‌ئریب) بووه‌و نێوان (مه‌ئریب و صه‌نعا) سێ قۆناغ بووه، ئێستا ناوچه‌یه‌كه له یه‌مه‌ن [ آيَةٌ جَنَّتَانِ عَنْ يَمِينٍ وَشِمَالٍ ] ئه‌میش نیشانه‌و به‌ڵگه‌ی ده‌سه‌ڵات و توانای خوای گه‌وره بووه كه دوو باخیان هه‌بووه له‌لای ڕاست و له‌لای چه‌پیانه‌وه كه جۆره‌ها به‌رووبوومی هه‌بووه [ كُلُوا مِنْ رِزْقِ رَبِّكُمْ وَاشْكُرُوا لَهُ ] خوای گه‌وره ئه‌فه‌رمووێ: بخۆن له‌و ڕزق و ڕۆزیه‌ی كه په‌روه‌ردگار پێی به‌خشیوون وه سوپاسی خوای گه‌وره‌شی له‌سه‌ر بكه‌ن [ بَلْدَةٌ طَيِّبَةٌ ] شار‌و وڵاتێكی خۆش له‌به‌ر زۆری دار‌و به‌رهه‌م و خۆشى ئاوهه‌وایان ته‌نانه‌ت وتراوه مێش و مه‌گه‌زو كێچ و ئه‌و شتانه‌شیان نه‌بووه، (ئافره‌تیان به ژێر داره‌كاندا تێده‌په‌ڕى و سه‌به‌ته‌كه‌ى له بان سه‌رى بوو به‌بێ ئه‌وه‌ى خۆى به‌رهه‌م و میوه لێبكاته‌وه سه‌به‌ته‌كه‌ى پڕ ده‌بوو له زۆرى و چڕى به‌رهه‌م و میوه‌كان خۆیان به‌رده‌بوونه‌وه) [ وَرَبٌّ غَفُورٌ (١٥) ] وه په‌روه‌ردگارێكی زۆر لێخۆش‌بوو بۆ تاوانه‌كانتان.
(16) [ فَأَعْرَضُوا ] به‌ڵام ئه‌وان پشتیان كرد له شوكرانه‌بژێری خوای گه‌وره [ فَأَرْسَلْنَا عَلَيْهِمْ سَيْلَ الْعَرِمِ ] خوای گه‌وره‌ش به‌نداوی (مه‌ئریب)ی ته‌قانده‌وه‌و هه‌موویانی داپۆشی و نوقم بوون [ وَبَدَّلْنَاهُمْ بِجَنَّتَيْهِمْ جَنَّتَيْنِ ] پێشتر ئه‌و هه‌موو باخ و باخاته‌یان هه‌بوو دواتر خوای گه‌وره له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شوكرانه‌بژێری خوای گه‌وره‌یان نه‌كرد ئه‌وانه‌ی له‌ناوبردو له جیاتی دوو ئه‌و باخه دوو باخی تری پێ به‌خشین كه بێ خێر‌و بێ سوود بوون [ ذَوَاتَيْ أُكُلٍ خَمْطٍ ] كه دارێكیان تاڵ و دڕكاوی بووه وه‌كو گوژاڵك [ وَأَثْلٍ ] وه ئه‌وه‌ى تریش دار گه‌زی پێ ئه‌ڵێن كه دارێكى بێ خێره [ وَشَيْءٍ مِنْ سِدْرٍ قَلِيلٍ (١٦) ] وه دار سیدر هه‌ندێك سوودی هه‌یه، خوای گه‌وره هه‌ندێك له دار سیدریشی پێ به‌خشین.
(17) [ ذَلِكَ جَزَيْنَاهُمْ بِمَا كَفَرُوا ] به‌م شێوازه ئێمه سزامان دان به‌هۆی كوفری خۆیانه‌وه [ وَهَلْ نُجَازِي إِلَّا الْكَفُورَ (١٧) ] وه ئێمه سزای هیچ كه‌سێك ناده‌ین جگه له كافران ئه‌وانه‌ی كه كوفرانه‌ی نیعمه‌تی خوای گه‌وره ئه‌كه‌ن.
(18) [ وَجَعَلْنَا بَيْنَهُمْ وَبَيْنَ الْقُرَى الَّتِي بَارَكْنَا فِيهَا قُرًى ظَاهِرَةً ] وه له نێوان ئه‌مان و ئه‌و دێیانه‌ی تر كه به‌ره‌كه‌تمان ڕژاندبوو به‌سه‌ریاندا كه دێیه‌كانی شام بوو چه‌ند دێیه‌كی تر هه‌بوو كه ئاشكرا‌و ناسراو و زانراو بوون له نێوانیاندا تا ئه‌گه‌یشتنه شام دێی تر زۆر هه‌بووه له نزیك یه‌ك له‌ژێر سێبه‌رى داره‌كانیاندا رۆیشتوونه [ وَقَدَّرْنَا فِيهَا السَّيْرَ ] وه بۆ خۆیان له‌م دێ¬یانه لایانئه‌داو ده‌مانه‌وه تا ئه‌گه‌یشتنه شام پێویستیان به‌وه نه‌بووه له‌گه‌ڵ خۆیان خواردن و ئاو ببه‌ن [ سِيرُوا فِيهَا لَيَالِيَ وَأَيَّامًا آمِنِينَ (١٨) ] تیایدا بڕۆن چه‌ند شه‌و و ڕۆژێك به ئه‌مینی، واته: كاتێك كه ڕۆیشتوونه ئه‌مین بوونه‌و ترسیان نه‌بووه نه به‌شه‌و و نه به رۆژ، وه نه برسی بوونه‌و نه تینوو.
(19) [ فَقَالُوا رَبَّنَا بَاعِدْ بَيْنَ أَسْفَارِنَا ] به‌ڵام ئه‌مان له جیاتی شوكرانه‌ژێری خوای گه‌وره بكه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و نیعمه‌تانه وتیان: ئه‌ی په‌روه‌ردگار ماوه‌ی نێوان سه‌فه‌ره‌كانمان دوور بكه‌ره‌وه، حه‌زیان له رۆیشتن بوو له بیاباندا كه ئاوه‌دان نه‌بێت و پێویستیان به خواردن و خواردنه‌وه بێت و له‌گه‌ڵ خۆیان بیبه‌ن و له گه‌رماو ترس‌دا سه‌فه‌ر بكه‌ن [ وَظَلَمُوا أَنْفُسَهُمْ ] وه زوڵمیان له خۆیان كرد به هۆى ناشوكریه‌وه [ فَجَعَلْنَاهُمْ أَحَادِيثَ ] كارێكمان به‌سه‌ریان هێنا بوونه مایه‌ی ئه‌وه‌ی كه خه‌ڵكى باسیان بكات [ وَمَزَّقْنَاهُمْ كُلَّ مُمَزَّقٍ ] وه پارچه پارچه‌و به‌ش به‌شمان كردن [ إِنَّ فِي ذَلِكَ لَآيَاتٍ لِكُلِّ صَبَّارٍ شَكُورٍ (١٩) ] ئه‌م گۆڕانكارى و سزایانه‌ى كه روویدا به‌ڕاستی نیشانه‌و به‌ڵگه‌ی ڕوون و ئاشكرایه بۆ هه‌موو كه‌سانێك كه زۆر ئارامگر‌و زۆر شوكرانه‌بژێری خوای گه‌وره بكه‌ن.
(20) [ وَلَقَدْ صَدَّقَ عَلَيْهِمْ إِبْلِيسُ ظَنَّهُ فَاتَّبَعُوهُ ] وه ئه‌و گومانه‌شی كه ئیبلیس پێیانی هه‌بوو كه گومڕایان ئه‌كات ئه‌وان ئه‌و گومانه‌ی ئیبلیسیان هێنایه دی و به‌ڕاستیان دانا وه شوێنی ئیبلیس كه‌وتن و گومڕا بوون [ إِلَّا فَرِيقًا مِنَ الْمُؤْمِنِينَ (٢٠) ] ته‌نها كۆمه‌ڵێك له باوه‌ڕداران نه‌بێت.
(21) [ وَمَا كَانَ لَهُ عَلَيْهِمْ مِنْ سُلْطَانٍ ] وه ئیبلیسیش هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی نه‌بووه‌و ده‌سه‌ڵاتى به‌سه‌ریاندا نه‌بووه ته‌نها وه‌سوه‌سه‌ی بۆ دروست كردوون و بانگی كردوون و ئه‌وانیش شوێنی كه‌وتوون [ إِلَّا لِنَعْلَمَ مَنْ يُؤْمِنُ بِالْآخِرَةِ مِمَّنْ هُوَ مِنْهَا فِي شَكٍّ ] تاقیمان كردنه‌وه‌و شه‌یتانمان زاڵ كرد به‌سه‌ریاندا تا بزانین و ده‌ركه‌وێت كێ باوه‌ڕی به ڕۆژی دوایی هه‌یه وه كێ گومانی هه‌یه [ وَرَبُّكَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ حَفِيظٌ (٢١) ] وه په‌روه‌ردگارت هه‌موو شتێك ئه‌پارێزێت.
(22) {بێدەسەڵاتی خوا پوچەڵەكان} [ قُلِ ادْعُوا الَّذِينَ زَعَمْتُمْ مِنْ دُونِ اللَّهِ ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - به كافرانی قوڕه‌یش بڵێ: ئه‌وانه‌ی كه ئێوه جگه له خواى گه‌وره كردووتانن به‌خواو ئه‌یانپه‌رستن بانگیان بكه‌ن ئه‌و برسیه‌تیه‌ی كه تووشتان بووه با له‌سه‌رتانی لاده‌ن [ لَا يَمْلِكُونَ مِثْقَالَ ذَرَّةٍ فِي السَّمَاوَاتِ وَلَا فِي الْأَرْضِ ] ئه‌وان به ئه‌ندازه‌ی مێرووله‌یه‌كی بچووك یان ئه‌ندازه‌ی گه‌ردێك له ئاسمانه‌كان و زه‌ویدا موڵكیان نیه‌و جگه له خوای گه‌وره كه‌س موڵكی نیه به تایبه‌تی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه كردووتانن به خوا [ وَمَا لَهُمْ فِيهِمَا مِنْ شِرْكٍ ] نه‌ك خۆیان موڵكیان نیه به‌ڵكو شه‌ریكی خوای گه‌وره‌ش نین [ وَمَا لَهُ مِنْهُمْ مِنْ ظَهِيرٍ (٢٢) ] نه‌ك شه‌ریك نین به‌ڵكو یارمه‌تیده‌ری خوای گه‌وره‌ش نین و خوای گه‌وره پشتیان پێ نابه‌ستێ و پێویستى پێیان نیه.
(23) [ وَلَا تَنْفَعُ الشَّفَاعَةُ عِنْدَهُ إِلَّا لِمَنْ أَذِنَ لَهُ ] نه‌ك هه‌ر خوای گه‌وره داوای یارمه‌تیان لێ ناكات و یارمه‌تیده‌ری خوا نین و خواى گه‌وره پێویستى پێیان نیه به‌ڵكو خوای گه‌وره شه‌فاعه‌ت و تكایشیان قبووڵ ناكات، شه‌فاعه‌تی ئه‌و كه‌سانه لای خوای گه‌وره سوودی نیه ته‌نها ئه‌گه‌ر كه‌سێك خوای گه‌وره خۆی ئیزنی دابێ وه‌كو پێغه‌مبه‌ران و مه‌لائیكه‌ته‌كان و شه‌هیده‌كان و پیاوچاكان و منداڵى موسڵمانان، كه ئه‌مانه به‌ڵگه‌یان له‌سه‌ر هاتووه [ حَتَّى إِذَا فُزِّعَ عَنْ قُلُوبِهِمْ قَالُوا مَاذَا قَالَ رَبُّكُمْ قَالُوا الْحَقَّ ] كاتێك كه خوای گه‌وره له ئاسمان قسه ده‌كات و بڕیارێك ده‌رئه‌كات مه‌لائیكه‌ت هه‌موویان سوجده بۆ خوای گه‌وره ئه‌به‌ن و ئه‌ترسێن تا ترسه‌كه له‌سه‌ر دڵیان لائه‌چێت دواتر به جبریل یان به هه‌ڵگرانى عه‌رشى خواى گه‌وره ئه‌ڵێن په‌روه‌ردگار چی فه‌رموو؟ ئه‌فه‌رمووێ: حه‌قی فه‌رموو (وه‌كو له بوخاریدا هاتووه) [ وَهُوَ الْعَلِيُّ الْكَبِيرُ (٢٣) ] وه خوای گه‌وره زۆر به‌رزه له زاتی پیرۆزی له‌سه‌رووی عه‌رشی خۆیه‌تی، وه له ناو و سیفات و كرده‌وه‌كانی، وه خوای گه‌وره زۆر گه‌وره‌یه.
(24) [ قُلْ مَنْ يَرْزُقُكُمْ مِنَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - پێیان بڵێ: كێ هه‌یه ڕزقی ئێوه بدات له ئاسمانه‌كان به باران بارین، وه له زه‌وی به ڕووه‌ك و دانه‌وێڵه؟ [ قُلِ اللَّهُ ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - پێیان بڵێ: ته‌نها خوای گه‌وره‌یه [ وَإِنَّا أَوْ إِيَّاكُمْ لَعَلَى هُدًى أَوْ فِي ضَلَالٍ مُبِينٍ (٢٤) ] وه ئێمه‌ى موسڵمان و ئێوه‌ى كافران یان ئه‌وه‌تا له‌سه‌ر هیدایه‌تین یان له‌سه‌ر گومڕاییه‌كی ئاشكراین، واته: ئێمه له‌سه‌ر هیدایه‌تین و به‌ڵگه‌مان هێنایه‌وه، وه ئێوه له‌سه‌ر گومڕاییه‌كی ئاشكران و بێ به‌ڵگه‌ن.
(25) [ قُلْ لَا تُسْأَلُونَ عَمَّا أَجْرَمْنَا ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - پێیان بڵێ: ئێوه پرسیارتان لێ ناكرێ له تاوانی ئێمه ئه‌گه‌ر تاوانمان كردبێت [ وَلَا نُسْأَلُ عَمَّا تَعْمَلُونَ (٢٥) ] وه ئێمه‌ش پرسیارمان لێ ناكرێ له تاوانی ئێوه، (ئه‌مه به‌ڕائه‌ت كردنه له موشریكان).
(26) [ قُلْ يَجْمَعُ بَيْنَنَا رَبُّنَا ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - بڵێ: له ڕۆژی قیامه‌ت په‌روه‌ردگار كۆمان ئه‌كاته‌وه [ ثُمَّ يَفْتَحُ بَيْنَنَا بِالْحَقِّ ] پاشان بڕیار له نێوانماندا ئه‌دات به حه‌ق و دادپه‌روه‌رى ئه‌وه‌ی چاكه‌كار بێ پاداشتی ئه‌داته‌وه، وه ئه‌وه‌ی خراپه‌كار بێ سزای ئه‌دات [ وَهُوَ الْفَتَّاحُ الْعَلِيمُ (٢٦) ] وه خوای گه‌وره بڕیارده‌ری حه‌ق و داده‌روه‌ره وه زۆر زانایه.
(27) [ قُلْ أَرُونِيَ الَّذِينَ أَلْحَقْتُمْ بِهِ شُرَكَاءَ ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - پێیان بڵێ: ئه‌و كه‌سانه‌ی كه كردووتانن به شه‌ریك بۆ خوای گه‌وره نیشانم بده‌ن [ كَلَّا ] نه‌خێر خواى گه‌وره هیچ هاوشێوه‌و هاوه‌ڵ و شه‌ریكى نیه [ بَلْ هُوَ اللَّهُ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ (٢٧) ] به‌ڵكو خوای گه‌وره‌یه زۆر به‌عیززه‌ت و باڵاده‌سته، وه زۆر كاربه‌جێیه‌و په‌رستراوی تاك و ته‌نهایه.
(28) {پێغەمبەری خوا - صلی الله علیه وسلم - بۆ لای سەرجەم خەڵكی نێردراوە} [ وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا كَافَّةً لِلنَّاسِ بَشِيرًا وَنَذِيرًا ] وه ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - تۆمان نه‌ناردووه ئیلا بۆ لاى سه‌رجه‌م و تێكڕای خه‌ڵكی نه‌بێت كه موژده‌ده‌ریت به به‌هه‌شت بۆ گوێڕایه‌ڵان، وه ترسێنه‌ریت به دۆزه‌خ بۆ سه‌رپێچیكاران، به‌ڵام پێغه‌مبه‌رانى تر ته‌نها بۆ لاى شارێك یان دێیه‌ك یان هۆزو عه‌شیره‌تێك ده‌نێردران [ وَلَكِنَّ أَكْثَرَ النَّاسِ لَا يَعْلَمُونَ (٢٨) ] به‌ڵام زۆربه‌ی خه‌ڵكی ئه‌م شته نازانن.
(29) [ وَيَقُولُونَ مَتَى هَذَا الْوَعْدُ إِنْ كُنْتُمْ صَادِقِينَ (٢٩) ] وه كافرانى قوڕه‌یش ئه‌ڵێن: ئه‌م وه‌عدو به‌ڵێنه‌ی كه ئه‌یده‌ن كه قیامه‌ت دێت كه‌یه ئه‌گه‌ر ئێوه ڕاستگۆن؟
(30) [ قُلْ لَكُمْ مِيعَادُ يَوْمٍ لَا تَسْتَأْخِرُونَ عَنْهُ سَاعَةً وَلَا تَسْتَقْدِمُونَ (٣٠) ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - پێیان بڵێ: ئێوه كاتێكی دیاریكراوتان هه‌یه كه ڕۆژی قیامه‌ته‌و كه‌مترین كات نه دوا ده‌خرێن لێی، وه نه‌پێش ده‌خرێن به‌ڵكو له كاتی دیاریكراوی خۆیدا دێت.
(31) {مشتومڕی سەركردەو شوێنكەوتوانیان لە رۆژی قیامەت} [ وَقَالَ الَّذِينَ كَفَرُوا لَنْ نُؤْمِنَ بِهَذَا الْقُرْآنِ وَلَا بِالَّذِي بَيْنَ يَدَيْهِ ] وه كافران وتیان: ئێمه نه باوه‌ڕمان به‌م قورئانه هه‌یه نه به‌و كتێبه ئاسمانیانه‌ی تر كه له پێش قورئان دابه‌زیوه وه‌كو ته‌ورات و ئینجیل [ وَلَوْ تَرَى إِذِ الظَّالِمُونَ مَوْقُوفُونَ عِنْدَ رَبِّهِمْ ] ئای ئه‌گه‌ر ئه‌بینی له رۆژى قیامه‌ت له‌و كاته‌ی كه سته‌مكاران له‌لای په‌روه‌ردگاریان ڕاوه‌ستێندراون بۆ لێپرسینه‌وه كه به‌راستى دیمه‌نێكی زۆر ترسناك ئه‌بینی [ يَرْجِعُ بَعْضُهُمْ إِلَى بَعْضٍ الْقَوْلَ ] كه له نێوان خۆیاندا قسه ئه‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ لاى یه‌كترى و ده‌مه‌قاڵێ ده‌كه‌ن و لۆمه‌ی یه‌كتری ئه‌كه‌ن [ يَقُولُ الَّذِينَ اسْتُضْعِفُوا لِلَّذِينَ اسْتَكْبَرُوا ] لاواز‌و بێده‌سه‌ڵات و شوێنكه‌وتوان به گه‌وره‌و سه‌ركرده‌كان ئه‌ڵێن: [ لَوْلَا أَنْتُمْ لَكُنَّا مُؤْمِنِينَ (٣١) ] ئه‌گه‌ر ئێوه نه‌بوونایه ئێمه ئیمانمان به خوا‌و به پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - ئه‌هێنا، ئێوه هۆكارو رێگر بوون له ئیمان نه‌هێنانى ئێمه.
(32) [ قَالَ الَّذِينَ اسْتَكْبَرُوا لِلَّذِينَ اسْتُضْعِفُوا ] ئینجا ده‌سه‌ڵاتداران و خۆبه‌گه‌وره‌زانان به لاواز‌و بێده‌سه‌ڵات و شوێنكه‌وتووان ئه‌ڵێن: [ أَنَحْنُ صَدَدْنَاكُمْ عَنِ الْهُدَى بَعْدَ إِذْ جَاءَكُمْ ] ئایا ئێمه ڕێگریمان كردن له‌و هیدایه‌ته كاتێك كه بۆتان هات [ بَلْ كُنْتُمْ مُجْرِمِينَ (٣٢) ] به‌ڵكو ئێوه خۆتان تاوانبار بوون و له‌سه‌ر كوفر به‌رده‌وام بوون و هیدایه‌ته‌كه‌تان وه‌رنه‌گرت و شوێن پێغه‌مبه‌ران نه‌كه‌وتن خۆ ئێمه زۆرمان لێ نه‌كردن به‌ڵكو ته‌نها بانگمان كردن ئێوه‌یش به‌بێ به‌ڵگه شوێنمان كه‌وتن.
(33) [ وَقَالَ الَّذِينَ اسْتُضْعِفُوا لِلَّذِينَ اسْتَكْبَرُوا ] دیسان لاواز‌و شوێنكه‌وتووان به ده‌سه‌ڵاتدارو خۆبه‌گه‌وره‌زانان ئه‌ڵێن: [ بَلْ مَكْرُ اللَّيْلِ وَالنَّهَارِ ] به‌ڵكو ئێوه به شه‌و و به ڕۆژ فڕوفێڵتان لێ ده‌كردین و ئێمه‌تان ئه‌خه‌ڵه‌تاندو ئه‌تانووت ئێمه له‌سه‌ر حه‌قین [ إِذْ تَأْمُرُونَنَا أَنْ نَكْفُرَ بِاللَّهِ وَنَجْعَلَ لَهُ أَنْدَادًا ] كاتێك فه‌رمانتان پێده‌كردین كه كوفر به خوای گه‌وره بكه‌ین و شه‌ریكى بۆ بڕیار بده‌ین و گومانتان بۆ دروست ده‌كردین، ئێستا ده‌ركه‌وت هه‌مووى درۆ و پوچه‌ڵ و بێ بنه‌ماو بێ به‌ڵگه بوو [ وَأَسَرُّوا النَّدَامَةَ لَمَّا رَأَوُا الْعَذَابَ ] وه هه‌ردوولایان كاتێك كه سزای خوای گه‌وره ئه‌بینن په‌شیمانی ئه‌شارنه‌وه كه چه‌ندێك په‌شیمانن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له دونیا كوفریان كردووه‌و شه‌ریكیان بۆ خوای گه‌وره بڕیار داوه، به‌ڵام په‌شیمانى له‌و رۆژه‌دا هیچ سودى نیه، ده‌بێت مرۆڤ له دونیادا په‌شیمان بێته‌وه له شه‌ریك دانان بۆ خوا‌و ته‌وبه بكات پێش مردن تا خواى گه‌وره لێی خۆش بێت [ وَجَعَلْنَا الْأَغْلَالَ فِي أَعْنَاقِ الَّذِينَ كَفَرُوا ] وه ئێمه كۆت و زنجیرمان كردۆته گه‌رده‌نی كافران [ هَلْ يُجْزَوْنَ إِلَّا مَا كَانُوا يَعْمَلُونَ (٣٣) ] ئایا هیچ سزایه‌ك ئه‌درێنه‌وه ته‌نها به‌هۆی كرده‌وه خراپه‌كانی خۆیانه‌وه نه‌بێ، واته: سزا نادرێن به گوێره‌ى كرده‌وه‌كانى خۆتان نه‌بێت، وه سته‌متان لێناكرێت
(34) [ وَمَا أَرْسَلْنَا فِي قَرْيَةٍ مِنْ نَذِيرٍ إِلَّا قَالَ مُتْرَفُوهَا إِنَّا بِمَا أُرْسِلْتُمْ بِهِ كَافِرُونَ (٣٤) ] وه ئێمه بۆ هیچ شارێك ترسێنه‌رو ئاگاداركه‌رو پێغه‌مبه‌رێكمان نه‌ناردووه ئیلا ده‌وڵه‌مه‌ندو ده‌سه‌ڵاتداره خراپه‌كان وتوویانه ئێمه بێباوه‌ڕین به‌و ته‌وحیدو ئیمان و دینه‌ی كه ئێوه‌ی پێ نێردراون و باوه‌ڕمان پێی نیه‌و شوێنى نه‌كه‌وتوون، به‌ڵكو خه‌ڵكى هه‌ژارو لاواز‌و چه‌وساوه شوێنى كه‌وتوون.
(35) [ وَقَالُوا نَحْنُ أَكْثَرُ أَمْوَالًا وَأَوْلَادًا وَمَا نَحْنُ بِمُعَذَّبِينَ (٣٥) ] وه ئه‌وان شانازیان به زۆرى ماڵ و منداڵیانه‌وه دهكردو وایان ده‌زانى به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر خۆشویستنى خواى گه‌وره بۆیان و ئه‌یانووت: خوای گه‌وره فه‌زڵی ئێمه‌ی داوه به‌سه‌ر ئێوه‌دا ئه‌وه‌تا ئێمه ماڵ و منداڵمان له ئێوه زیاتره له دونیا، وه ئه‌گه‌ر له ڕۆژی قیامه‌تیش زیندوو بوونه‌وه هه‌بێ ئه‌وا ئێمه سزا نادرێین.
(36) [ قُلْ إِنَّ رَبِّي يَبْسُطُ الرِّزْقَ لِمَنْ يَشَاءُ وَيَقْدِرُ ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - پێیان بڵێ: به‌ڕاستی په‌روه‌ردگارم ڕزقی خۆی فراوان ئه‌كات به فه‌زڵى خۆى بۆ هه‌ر كه‌سێك كه ویستی لێ بێ، وه كه‌م و ته‌سكی ئه‌كاته‌وه بۆ هه‌ر كه‌سێك كه ویستی لێ بێ به گوێره‌ى حیكمه‌تى خۆى، وه زۆری ڕزق و ڕۆزی و ماڵ و منداڵ به‌ڵگه نیه له‌سه‌ر خۆشوویستنی خوای گه‌وره بۆ ئه‌و كه‌سه [ وَلَكِنَّ أَكْثَرَ النَّاسِ لَا يَعْلَمُونَ (٣٦) ] به‌ڵام زۆربه‌ی خه‌ڵكی ئه‌م شته نازانن.
(37) [ وَمَا أَمْوَالُكُمْ وَلَا أَوْلَادُكُمْ بِالَّتِي تُقَرِّبُكُمْ عِنْدَنَا زُلْفَى ] وه ماڵ و منداڵتان ئه‌و شته نیه كه له ئێمه‌تان نزیك بكاته‌وه، واته: وا نیه كه كه‌سێك ماڵ و منداڵی زۆر بێ له ئێمه نزیك بێت و ئه‌وه‌ی نه‌یبێت یان كه‌مى هه‌بێت له ئێمه دوور بێت نه‌خێر وانیه‌و ئه‌م پێوه‌ره هه‌ڵه‌یه‌و خواى گه‌وره ته‌ماشاى ماڵ و منداڵ و لاشه‌تان ناكات به‌ڵكو ته‌ماشاى دڵ و كرده‌وه‌تان ده‌كات [ إِلَّا مَنْ آمَنَ وَعَمِلَ صَالِحًا ] مه‌گه‌ر كه‌سێك ئیماندار بێت و كرده‌وه‌ی چاك بكات و منداڵه‌كانی جوان په‌روه‌رده بكات له‌سه‌ر خواپه‌رستى، وه ماڵى له ڕێی خوای گه‌وره سه‌رف بكات ئه‌و كاته له ئێمه‌ی نزیك ئه‌كاته‌وه (كرده‌وه‌ى چاك ئه‌وه‌یه كه بۆ خوا بێت و بۆ ریا نه‌بێت، وه له‌سه‌ر سوننه‌ت بێت و بیدعه نه‌بێت) [ فَأُولَئِكَ لَهُمْ جَزَاءُ الضِّعْفِ بِمَا عَمِلُوا وَهُمْ فِي الْغُرُفَاتِ آمِنُونَ (٣٧) ] ئا ئه‌مانه پاداشتی چه‌ند قاتێكیان بۆ هه‌یه یه‌ك به ده تا یه‌ك به حه‌وت سه‌د تا زیاتر، وه له‌ناو ژووره‌كانی به‌هه‌شتدا ئه‌مین و پارێزراون له سزا.
(38) [ وَالَّذِينَ يَسْعَوْنَ فِي آيَاتِنَا مُعَاجِزِينَ ] وه ئه‌و كه‌سانه‌ی كه هه‌وڵ ده‌ده‌ن و كۆشش ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ئایه‌ته‌كانی ئێمه ڕه‌ت بكه‌نه‌وه‌و تانه‌و ته‌شه‌ری لێ بده‌ن و رێگرى له دین بكه‌ن ئه‌وانه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئێمه ڕزگاریان نابێت [ أُولَئِكَ فِي الْعَذَابِ مُحْضَرُونَ (٣٨) ] ئه‌مانه له‌ناو سزای ئاگرى دۆزه‌خدا ئاماده‌ن و سزایان ده‌ده‌ین.
(39) [ قُلْ إِنَّ رَبِّي يَبْسُطُ الرِّزْقَ لِمَنْ يَشَاءُ مِنْ عِبَادِهِ وَيَقْدِرُ لَهُ ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - بڵێ: به دڵنیایى په‌روه‌ردگارم به فه‌زڵى خۆى ڕزق و ڕۆزی خۆی فراوان ئه‌كات بۆ هه‌ر كه‌سێك كه ویستی لێ بێت له به‌نده‌كانی، وه بۆ هه‌ر كه‌سێكیش كه ویستی لێ بێت كه‌می ئه‌كات به گوێره‌ی حیكمه‌تی خۆی [ وَمَا أَنْفَقْتُمْ مِنْ شَيْءٍ فَهُوَ يُخْلِفُهُ ] وه هه‌ر شتێك كه ئێوه له پێناو خوای گه‌وره‌دا بیبه‌خشن ئه‌وا خوای گه‌وره له دونیا جێگه‌تان بۆ پڕ ئه‌كاته‌وه، وه له قیامه‌تیش پاداشتان ئه‌داته‌وه [ وَهُوَ خَيْرُ الرَّازِقِينَ (٣٩) ] وه خوای گه‌وره باشترین ڕۆزیده‌ره.
(40) [ وَيَوْمَ يَحْشُرُهُمْ جَمِيعًا ] وه له ڕۆژی قیامه‌ت خوای گه‌وره هه‌موو خه‌ڵكی كۆ ئه‌كاته‌وه به ده‌سه‌ڵاتدارو بێ ده‌سه‌ڵاته‌وه، به په‌رستراو و په‌رسته‌ره‌وه [ ثُمَّ يَقُولُ لِلْمَلَائِكَةِ أَهَؤُلَاءِ إِيَّاكُمْ كَانُوا يَعْبُدُونَ (٤٠) ] پاشان خوای گه‌وره وه‌كو سه‌رزه‌نشت كردن بۆ موشریكان به فریشته‌كان ئه‌ڵێ: ئایا ئه‌مانه بوون كه ئێوه‌یان ئه‌په‌رست.
(41) [ قَالُوا سُبْحَانَكَ أَنْتَ وَلِيُّنَا مِنْ دُونِهِمْ ] مه‌لائیكه‌ته‌كان ئه‌ڵێن: ئه‌ی په‌روه‌ردگار پاك و مونه‌ززه‌هى بۆ تۆ له‌وه‌ى كه شه‌ریكت هه‌بێت، ئێمه داوامان نه‌كردووه له‌وان كه ئێمه بپه‌رستن، هه‌ر تۆ دۆست و پشتیوان و په‌رستراوی ئێمه‌یت و ئێمه به‌رین له‌وان [ بَلْ كَانُوا يَعْبُدُونَ الْجِنَّ ] به‌ڵكو ئه‌وان زۆربه‌یان شه‌یتانیان ئه‌په‌رست، واته: شه‌یتان په‌رستنى جگه له خواى گه‌وره‌ى بۆ رازاندبوونه‌وه [ أَكْثَرُهُمْ بِهِمْ مُؤْمِنُونَ (٤١) ] وه زۆربه‌یان باوه‌ڕیان به شه‌یتان هه‌بوو.
(42) [ فَالْيَوْمَ لَا يَمْلِكُ بَعْضُكُمْ لِبَعْضٍ نَفْعًا وَلَا ضَرًّا ] وه ئه‌مڕۆ هه‌ندێكتان ناتوانن سوودو زیان به هه‌ندێكتان بگه‌یه‌نن [ وَنَقُولُ لِلَّذِينَ ظَلَمُوا ذُوقُوا عَذَابَ النَّارِ الَّتِي كُنْتُمْ بِهَا تُكَذِّبُونَ (٤٢) ] وه به‌و سته‌مكاره موشریكانه ئه‌ڵێین: ده‌ی بچێژن ئه‌و سزای ئاگری دۆزه‌خه‌ی كه ئێوه له دونیا باوه‌ڕتان پێی نه‌بوو به درۆتان ئه‌زانی.
(43) [ وَإِذَا تُتْلَى عَلَيْهِمْ آيَاتُنَا بَيِّنَاتٍ ] وه كاتێك ئایه‌ته ڕوون و ئاشكراكانی ئێمه‌یان به‌سه‌ردا بخوێندرایه‌ته‌وه [ قَالُوا مَا هَذَا إِلَّا رَجُلٌ يُرِيدُ أَنْ يَصُدَّكُمْ عَمَّا كَانَ يَعْبُدُ آبَاؤُكُمْ ] ئه‌یانووت: پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - هیچ شتێك نیه ته‌نها پیاوێكه ئه‌یه‌وێ ڕێگریتان بكات له‌وه‌ی كه باوك و باپیرانتان په‌رستوویانه [ وَقَالُوا مَا هَذَا إِلَّا إِفْكٌ مُفْتَرًى ] وه ئه‌یانووت: ئه‌م قورئانه هیچ شتێك نیه ته‌نها درۆ ههڵبهستنێكهو محمد - صلی الله علیه وسلم - هه‌ڵیبه‌ستووه [ وَقَالَ الَّذِينَ كَفَرُوا لِلْحَقِّ لَمَّا جَاءَهُمْ إِنْ هَذَا إِلَّا سِحْرٌ مُبِينٌ (٤٣) ] وه كافران به‌و دینه حه‌قه‌ی كه له‌لایه‌ن خواى گه‌وره‌وه بۆیان هاتبوو ئه‌یانووت: ئه‌مه هیچ شتێك نیه ته‌نها سیحر‌و جادوویه‌كی زۆر ئاشكرا نه‌بێ.
(44) [ وَمَا آتَيْنَاهُمْ مِنْ كُتُبٍ يَدْرُسُونَهَا ] وه ئێمه پێش قورئان هیچ كتابێكى ترمان بۆ قوڕه‌یش دانه‌به‌زاندووه كه دیراسه‌ی بكه‌ن و بیخوێننه‌وه [ وَمَا أَرْسَلْنَا إِلَيْهِمْ قَبْلَكَ مِنْ نَذِيرٍ (٤٤) ] وه له پێش تۆشدا ئه‌ى محمد - صلی الله علیه وسلم - هیچ پێغه‌مبه‌رێكمان بۆیان نه‌ناردووه كه بیانترسێنێ، ئیتر چۆن قورئان و تۆ به درۆ ئه‌زانن و ئینكاری ئه‌كه‌ن، یاخود پێش هاتنى پێغه‌مبه‌رو - صلی الله علیه وسلم - قورئان ئه‌یانووت ئه‌گه‌ر كتاب و پێغه‌مبه‌رمان بۆ بێت ئه‌وا له هه‌موو كه‌س باشتر شوێنى ده‌كه‌وین ئه‌ى ئێستا كه بۆیان هاتووه بۆ شوێنى ناكه‌ون.
(45) [ وَكَذَّبَ الَّذِينَ مِنْ قَبْلِهِمْ ] وه ئوممه‌تانی پێشتریش پێغه‌مبه‌رانی خۆیان به‌درۆزانی [ وَمَا بَلَغُوا مِعْشَارَ مَا آتَيْنَاهُمْ فَكَذَّبُوا رُسُلِي ] به‌ڵام كافرانی قوڕه‌یش نه‌گه‌یشتوونه به ده یه‌كی ئه‌وان له زۆری ماڵ و منداڵ و هێزو توانایان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش خوای گه‌وره ئه‌وانی له‌ناوبرد چۆن ئه‌مان له‌ناو نابات [ فَكَيْفَ كَانَ نَكِيرِ (٤٥) ] وه بزانه چۆن خوای گه‌وره ئینكاری له كافران كرد‌و سزای دان.
(46) {هاندان بۆ بیركردنەوەو تێڕامان} [ قُلْ إِنَّمَا أَعِظُكُمْ بِوَاحِدَةٍ ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - ئه‌و كافرانه‌ى كه تۆمه‌تبارت ده‌كه‌ن به شێتى پێیان بڵێ: من ئامۆژگاریتان ئه‌كه‌م به یه‌ك شتێك [ أَنْ تَقُومُوا لِلَّهِ مَثْنَى وَفُرَادَى ثُمَّ تَتَفَكَّرُوا ] یه‌ك یه‌ك و دوو دوو ڕابوه‌ستن نه‌ك به قه‌ڵه‌باڵه‌غی، وه له‌به‌ر خوا نه‌ك بۆ هه‌واو ئاره‌زوو ده‌مارگیرى، پاشان بیر بكه‌نه‌وه [ مَا بِصَاحِبِكُمْ مِنْ جِنَّةٍ ] كه ئه‌م هاوه‌ڵه‌ی خۆتان كه محمده - صلی الله علیه وسلم - هیچ شێت نیه به‌ڵكو له‌وپه‌ڕی عاقڵیدایه [ إِنْ هُوَ إِلَّا نَذِيرٌ لَكُمْ بَيْنَ يَدَيْ عَذَابٍ شَدِيدٍ (٤٦) ] محمده - صلی الله علیه وسلم - هیچ شتێك نیه ته‌نها ترسێنه‌رێكه كه له پێش ده‌ستی خۆی پێش هاتنی قیامه‌ت ئاگادارتان ئه‌كاته‌وه به سزایه‌كی زۆر سه‌خت ئه‌گه‌ر ئیمان نه‌هێنن.
(47) [ قُلْ مَا سَأَلْتُكُمْ مِنْ أَجْرٍ فَهُوَ لَكُمْ ] ئه‌ى محمد - صلی الله علیه وسلم - پێیان بڵێ: من داوای هیچ ئه‌جرو پاداشتێكم له ئێوه نه‌كردووه له‌سه‌ر گه‌یاندنى دین، وه ئه‌گه‌ر داوای هه‌ر شتێكم لێكردوون ئه‌وه بۆ خۆتان و من نامه‌وێ [ إِنْ أَجْرِيَ إِلَّا عَلَى اللَّهِ ] به‌ڵكو ئه‌جرو پاداشتی من ته‌نها لای خوای گه‌وره‌یه [ وَهُوَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ شَهِيدٌ (٤٧) ] وه خوای گه‌وره شاهیدو ئاگادار‌و زانایه به‌سه‌ر هه‌موو شتێكه‌وه.
(48) [ قُلْ إِنَّ رَبِّي يَقْذِفُ بِالْحَقِّ عَلَّامُ الْغُيُوبِ (٤٨) ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - بڵێ: په‌روه‌ردگارم حه‌ق تێ ئه‌گرێت و به حه‌ق قسه ئه‌كات و ئه‌و قورئانه وه‌حیه‌و فه‌رمووده‌ی خوای گه‌وره‌یه، به حه‌ق ناردوویه‌تی له‌سه‌ر زمانی پێغه‌مبه‌ران كه خوای گه‌وره‌ش خوایه‌كه زۆر زانای نهێنیه‌كانه.
(49) [ قُلْ جَاءَ الْحَقُّ وَمَا يُبْدِئُ الْبَاطِلُ وَمَا يُعِيدُ (٤٩) ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - بڵێ: ئه‌وه حه‌ق هات كه ئیسلام و قورئان و ته‌وحیده، وه باتڵ جارێكی تر ده‌ست پێ ناكاته‌وه‌و ناگه‌ڕێته‌وه‌و كۆتایی هاتووه، پێغه‌مبه‌رى خوا - صلی الله علیه وسلم - له فه‌تحى مه‌ككه چووه ناو كه‌عبه‌ى پیرۆز‌و بته‌كانى دهشكاندو ئه‌م ئایه‌ته‌ى ده‌خوێنده‌وه.
(50) [ قُلْ إِنْ ضَلَلْتُ ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - دیسان پێیان بفه‌رموو: ئه‌گه‌ر من له ڕێگای ڕاست لامدابێت [ فَإِنَّمَا أَضِلُّ عَلَى نَفْسِي ] ئه‌وه تاوانه‌كه‌ی ته‌نها بۆ خۆمه [ وَإِنِ اهْتَدَيْتُ ] وه ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ڕێگای هیدایه‌تیش بم [ فَبِمَا يُوحِي إِلَيَّ رَبِّي ] ئه‌وه به‌هۆی ئه‌و وه‌حیه‌وه‌یه كه خوای گه‌وره بۆمی ئه‌نێرێ [ إِنَّهُ سَمِيعٌ قَرِيبٌ (٥٠) ] وه به دڵنیایى خوای گه‌وره زۆر بیسه‌ره وه زۆر لێمان نزیكه به بیستن و بینین و زانیاری و توانا‌و ده‌سه‌ڵاتی.
(51) {چەند دیمەنێكی ترسناكی رۆژی قیامەت} [ وَلَوْ تَرَى إِذْ فَزِعُوا فَلَا فَوْتَ وَأُخِذُوا مِنْ مَكَانٍ قَرِيبٍ (٥١) ] ئای ئه‌ى محمد - صلی الله علیه وسلم - ئه‌گه‌ر ببینی كاتێك كه كافران ئه‌ترسێن له كاتی گیانكێشاندا یان له ڕۆژی قیامه‌تدا دیمه‌نێكی زۆر ترسناك ئه‌بینی كه ڕزگاریان نابێت وه له شوێنێكی زۆر نزیكه‌وه له‌ناو گۆڕه‌كانیانه له‌وێشه‌وه ئه‌برێن بۆ ساحه‌ی مه‌حشه‌ر.
(52) [ وَقَالُوا آمَنَّا بِهِ ] وه ئه‌و كاته ئه‌ڵێن: ئیمانمان هێناوه به پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - [ وَأَنَّى لَهُمُ التَّنَاوُشُ مِنْ مَكَانٍ بَعِيدٍ (٥٢) ] ئه‌له‌و كاته و شوێنه دووره‌وه كه ڕۆژی قیامه‌ته ئیمان هێنان چۆن سوودی بۆیان ده‌بێت، واته: ئه‌بوایه له دونیا ئیمانیان بهێنایه.
(53) [ وَقَدْ كَفَرُوا بِهِ مِنْ قَبْلُ ] وه پێشتر له دونیادا كوفریان پێی كرد [ وَيَقْذِفُونَ بِالْغَيْبِ مِنْ مَكَانٍ بَعِيدٍ (٥٣) ] وه گومانیان ئه‌بردو ته‌نها به گومان ئه‌یانووت: زیندوو بوونه‌وه‌و به‌هه‌شت و دۆزه‌خ نیه له شوێنێكی دووره‌وه، واته: هیچ به‌ڵگه‌یه‌كیان نه‌بووه.
(54) [ وَحِيلَ بَيْنَهُمْ وَبَيْنَ مَا يَشْتَهُونَ ] وه له ڕۆژی قیامه‌تدا ڕێگری ئه‌كرێ له نێوان ئه‌وان و ئه‌و شته‌ی كه ئاره‌زووی ئه‌كه‌ن له ماڵ و منداڵ، یان گه‌ڕاندنه‌وه بۆ دونیا‌و ته‌وبه كردن و ئیمان هێنان [ كَمَا فُعِلَ بِأَشْيَاعِهِمْ مِنْ قَبْلُ ] هه‌روه‌كو چۆن به‌هاوشێوه‌ی ئه‌مانیش كراوه له پێشتردا له كافرانی ئوممه‌تانی پێشتر [ إِنَّهُمْ كَانُوا فِي شَكٍّ مُرِيبٍ (٥٤) ] ئه‌مان له دونیادا له گوماندا بوونه له زیندوو بوونه‌وه‌و قیامه‌ت و یه‌كخواپه‌رستی خوای گه‌وره، والله أعلم.