(1) سووره‌تی (فه‌جر) (واته: سپێده) سووره‌تێكى مه‌ككى یه‌و (٣٠) ئایه‌ته بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ [ وَالْفَجْرِ (١) ] خوای گه‌وره سوێند ئه‌خوات به به‌ره‌به‌یان، یاخود مه‌به‌ست پێی نوێژی به‌یانی¬یه، یاخود مه‌به‌ست پێی به‌یانی ڕۆژی جه‌ژنی قوربانه، هه‌موو ئه‌و ته‌فسیرانه كراوه.
(2) فه‌زڵى نۆمینه‌ى حاجییان [ وَلَيَالٍ عَشْرٍ (٢) ] وه خوای گه‌وره سوێند ئه‌خوات به ده شه‌وه‌كه، كه وتراوه: مه‌به‌ست پێی ده ڕۆژی یه‌كه‌می مانگی ڕه‌مه‌زانه، یان ده ڕۆژی سه‌ره‌تای مانگی موحه‌ڕه‌مه، یاخود ده ڕۆژی سه‌ره‌تای مانگی (ذی الحجه)یه كه خۆمان پێی ئه‌ڵێین: نۆمینه‌ی حاجیان له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م ڕۆژی جه‌ژنی قورباندا، ئه‌مه‌یان ته‌واوتره له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ناو ڕۆژه‌كاندا خۆشه‌ویستترین ڕۆژ لای خوای گه‌وره ئه‌و ده ڕۆژه‌ی سه‌ره‌تای مانگی (ذی الحجه)یه كه هیچ ڕۆژێك لای خوای گه‌وره كرده‌وه‌ی چاك خۆشه‌ویستتر نیه له‌و ده ڕۆژه‌دا، وتیان: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - ته‌نانه‌ت جیهاد كردنیش له پێناوی خوای گه‌وره؟ فه‌رمووی: (ته‌نانه‌ت جیهاد كردنیش له پێناو خوای گه‌وره‌دا ناگاته كرده‌وه‌ی چاك له‌و ده ڕۆژه‌دا مه‌گه‌ر كه‌سێك له پێناو خوای گه‌وره‌دا نه‌فس و ماڵی ببه‌خشێ و هیچی نه‌گه‌ڕێنێته‌وه مه‌گه‌ر ئه‌وه بگاته عیبادهت و كرده‌وه‌ی چاك له‌و ده ڕۆژه‌دا كه ئه‌وه‌نده لای خوای گه‌وره خۆشه‌ویسته)، به‌ڵام له شه‌وه‌كاندا خۆشه‌ویستترین شه‌و لاى خواى گه‌وره ده شه‌وی كۆتایی مانگی ڕه‌مه‌زانه.
(3) [ وَالشَّفْعِ وَالْوَتْرِ (٣) ] چه‌ند تهفسیرێكی بۆ كراوه وتراوه: (الشَّفْعِ) مه‌به‌ست پێی ڕۆژی جه‌ژنی قوربانه كه ئه‌كاته ده‌ی (ذی الحجه)، ده جووته، وه (الْوَتْرِ) بریتییه له ڕۆژی عه‌ره‌فه كه نۆیه‌و تاكه، یاخود وتراوه: به پێچه‌وانه‌وه (الشَّفْعِ) ڕۆژی عه‌ره‌فه‌یه (الْوَتْرِ) شه‌وی جه‌ژنی قوربانه، یاخود وتراوه: مه‌به‌ست له (الشَّفْعِ) ناوه‌ڕاستی (أَيَّامُ التَّشْرِيق) ه، ڕۆژی جه‌ژنی قوربان یه‌كه‌م ڕۆژ ئه‌وه جه‌ژنی قوربانه دووه‌م ڕۆژی ئه‌وه شهفعهكهیه وه كۆتا ڕۆژیشی ئه‌وه وهترهكهیه به‌و شێوازه‌یش ته‌فسیر كراوه، یاخود وتراوه: (الشَّفْعِ) دروستكراوه‌كانه ئێمه‌ین كه خوای گه‌وره هه‌موو شتێكی به جووت دروست كردووه وه‌كو: زه‌وی و ئاسمان و وشكانی و ده‌ریاو مرۆڤ و جنی و خۆر‌و مانگ به‌و شێوازه (الْوَتْرِ) وترهكهیش خوای گه‌وره خۆیه‌تی، یاخود وتراوه: مه‌به‌ست له (الشَّفْعِ) نوێژی به‌یانی یه كه جووته، وه وهترهكهیش نوێژی مه‌غریبه كه تاكه، یاخود له شه‌ونوێژدا جوتهكان (الشَّفْعِ)ه و تاكه‌كه (الْوَتْرِ)ه، یاخود وتراوه: مه‌به‌ست ژماره‌یه ژماره‌كان هه‌ندێكی جووته‌و هه‌ندێكی تاكه، هه‌موو ئه‌و ته‌فسیرانه‌ی بۆ كراوه كه خوای گه‌وره سوێند ئه‌خوات به جووت و تاك.
(4) [ وَاللَّيْلِ إِذَا يَسْرِ (٤) ] وه خوای گه‌وره سوێند ئه‌خوات به‌شه‌و كاتێك كه ئه‌ڕوات و پشت هه‌ڵئه‌كات، یاخود كاتێك كه دێت ئه‌مه‌یان گونجاوترو ته‌واوتره.
(5) [ هَلْ فِي ذَلِكَ قَسَمٌ لِذِي حِجْرٍ (٥) ] (حِجْرٍ) واته: عه‌قل، واته: هه‌ر كه‌سێك خاوه‌ن عه‌قڵ بێ ئه‌زانێ كه ئه‌مه‌ی خوای گه‌وره سوێندی پێ ئه‌خوات شایه‌نی ئه‌وه‌یه كه سوێندی پێ بخورێ، وه بۆیه به عه‌قل وتراوه: (حِجْرٍ) له‌به‌ر ئه‌وه‌ی (حِجْرٍ) واته: مه‌نع و قه‌ده‌غه‌كردن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر كه‌سێك عه‌قڵی هه‌بێ عه‌قڵی مه‌نعی ئه‌كات له‌وه‌ی كه قسه یان كرده‌وه‌یه‌ك بكات كه ناشیاو و حه‌رام بێت و له‌سه‌ری تاوانبار بێت و ڕووبه‌ڕووی سزای ڕۆژی قیامه‌ت ببێته‌وه.
(6) {به‌هێزى قه‌ومى عادو سه‌مود} [ أَلَمْ تَرَ كَيْفَ فَعَلَ رَبُّكَ بِعَادٍ (٦) ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - ئایا نابینی خوای گه‌وره چی له قه‌ومی (عاد) كرد كه خوای گه‌وره (هود) پێغه‌مبه‌ری - صلی الله علیه وسلم - بۆ ناردن، [ إِرَمَ ] وتراوه: ناوێكی تری قه‌ومی (عاد) بووه، یاخود باپیره گه‌وره‌یان بووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه ئه‌ووترێ: شوێنه‌كه‌یان بووه‌و له دیمه‌شق بوونه ئه‌و بۆچوونه زۆر ته‌واو نیه به‌ڵكو مه‌به‌ست پێی (عاد)ی سه‌ره‌تایه كه خوای گه‌وره (هود) پێغه‌مبه‌ری - صلی الله علیه وسلم - بۆ ناردن و ئه‌وان به‌درۆیان زانیوه‌و شوێنی نه‌كه‌وتوونه.
(7) [ ذَاتِ الْعِمَادِ (٧) ] عامودو مێخی زۆریان هه‌بووه كه به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ژماره‌یان زۆر بووه، یاخود گه‌ڕاون له شوێنانداو مێخیان چه‌قاندووه‌و خێمه‌یان داكوتیوه‌و دواتر ڕۆیشتوونه‌و ئه‌و شوێنه‌یان به‌جێ هێشتووه، یاخود وتراوه: عامودی زۆر به‌هێزیان هه‌بووه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆیان زۆر به‌هێز بوونه‌و پێكهاته‌ی له‌شیان زۆر به‌هێز بووه.
(8) [ الَّتِي لَمْ يُخْلَقْ مِثْلُهَا فِي الْبِلَادِ (٨) ] كه خوای گه‌وره له به‌هێزیدا هاوشێوه‌ی قه‌ومی (عاد)ی دروست نه‌كردووه، واته: زۆر زۆر به‌هێز بوونه‌و ئه‌یانووت كێ هه‌یه له ئێمه به‌هێزتر بێت و شانازیان ئه‌كرد به به‌هێزییانه‌وه به‌ڵام كه ئیمانیان نه‌هێنا به‌هێزییه‌كه‌یان سوودی پێ نه‌گه‌یاندن و خوای گه‌وره له‌ناوی بردن، یاخود وتراوه: (إِرَمَ ذَاتِ الْعِمَادِ) (ئیڕهم) مه‌مله‌كه‌ت و شوێنی (عاد) بووه، به‌و شێوازه‌یش ته‌فسیر كراوه.
(9) [ وَثَمُودَ الَّذِينَ جَابُوا الصَّخْرَ بِالْوَادِ (٩) ] وه قه‌ومی (ثهمود)یش كه خوای گه‌وره صاڵح پێغه‌مبه‌ری - صلی الله علیه وسلم - بۆ ناردن، ئه‌وانیش به‌هه‌مان شێوه به‌هێز بوونه‌و به‌ردو تاوێریان ئه‌هێناو شاخه‌كانیان كون ئه‌كردو ههڵئهكۆڵی و تیایدا خانوویان دروست ئه‌كرد، وه وتراوه: شوێنه‌كانیشیان له (وادی القرى) بووه له ڕێگای شام له‌لای مه‌دینه‌وه، وه وتراوه: قه‌ومی ثهمود عه‌ره‌ب بوونه.
(10) [ وَفِرْعَوْنَ ذِي الْأَوْتَادِ (١٠) ] وه قه‌ومی فیرعه‌ونیش كه ئه‌وانیش خاوه‌ن مێخ بوونه، واته: مه‌به‌ست پێی ئه‌هرامه‌كانه كه دروستیان كردووه بۆ ئه‌وه‌ی ببێ به گۆڕیان، یاخود (الْأَوْتَادِ) مه‌به‌ست ئه‌وه بووه كه سه‌ربازیان یه‌كجار زۆر بووه‌و خێمه‌یان یه‌كجار زۆر بووه‌و مێخیان داكوتیوه بۆ خێمه‌كانیان له‌به‌ر زۆری سه‌ربازه‌كانیان، واته: ئاماژه‌یه بۆ زۆری سه‌ربازه‌كانیان، یاخود خه‌ڵكیان به مێخ دائهكوتا و سزای خه‌ڵكیان ئه‌دا، هه‌روه‌كو ده‌وترێت: (ئاسیا)ى خێزانیشی داكوتیوه به چوار مێخه‌وه.
(11) [ الَّذِينَ طَغَوْا فِي الْبِلَادِ (١١) ] كه ئه‌مانه زۆر توغیان و سه‌ركه‌شیان كرد‌و سنووریان به‌زاند له شاره‌كاندا.
(12) [ فَأَكْثَرُوا فِيهَا الْفَسَادَ (١٢) ] وه فه‌سادی زۆریان له‌سه‌ر زه‌ویدا نایه‌وه به شه‌ریك دانان بۆ خوای گه‌وره‌و به تاوان و سه‌رپێچى و ئازاردانی خه‌ڵكی.
(13) [ فَصَبَّ عَلَيْهِمْ رَبُّكَ سَوْطَ عَذَابٍ (١٣) ] وه خوای گه‌وره قامچی سزای خۆی پێدا كێشان و له ئاسمانه‌وه سزای بۆ ناردن كه سزای خوای گه‌وره‌ش هات كه‌س ناتوانێ بیگه‌ڕێنێته‌وه.
(14) [ إِنَّ رَبَّكَ لَبِالْمِرْصَادِ (١٤) ] به‌ڕاستی په‌روه‌ردگارت له بۆسه‌و كه‌میندایه بۆیه هه‌ر تاوان و خراپه‌یه‌ك بكه‌ن خوای گه‌وره ئه‌یبیستێ و ئه‌یبینێ و ئاگای لێیه‌و سزایان ئه‌دات له دونیا‌و قیامه‌تدا به دادپه‌روه‌ری خۆی ئه‌وه‌نده‌ی كه شایه‌نی سزا بن وه زوڵم و سته‌م له هیچ كه‌سێك ناكات.
(15) {بوونى نازو نیعمه‌ت نیشانه‌ى خۆشویستنى خوا نیه} [ فَأَمَّا الْإِنْسَانُ إِذَا مَا ابْتَلَاهُ رَبُّهُ فَأَكْرَمَهُ وَنَعَّمَهُ ] خوای گه‌وره باسی مرۆڤ ئه‌كات كه دوو جۆره: ئه‌گه‌ر خوای گه‌وره مرۆڤ تاقی بكاته‌وه به‌وه‌ی كه ڕێزی لێ بنێت و نازو نیعمه‌تی خۆی پێ ببه‌خشێ له سه‌روه‌ت و سامان و ده‌وڵه‌مه‌ندی و له‌شساغی و ده‌سه‌ڵات و ئه‌و شتانه [ فَيَقُولُ رَبِّي أَكْرَمَنِ (١٥) ] ئه‌ڵێ: ئه‌وه خوای گه‌وره ڕێزی لێگرتووم، واته: دڵخۆشه به‌و نیعمه‌ته دونیاییانه‌ی كه خوای گه‌وره پێی ئه‌به‌خشێ وا ئه‌زانێ ئه‌مه نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه خوای گه‌وره ڕێزی لێناوه‌و خۆشی ویستووه، نازانێ ئه‌مه تاقیكردنه‌وه‌یه‌و خوای گه‌وره به‌مه تاقی ئه‌كاته‌وه.
(16) [ وَأَمَّا إِذَا مَا ابْتَلَاهُ فَقَدَرَ عَلَيْهِ رِزْقَهُ ] به‌ڵام ئه‌گه‌ر خوای گه‌وره تاقی بكاته‌وه‌و ڕزق و ڕۆزی لێ ته‌سك و ته‌نگ بكاته‌وه‌و كه‌می پێ ببه‌خشێ و بۆی فراوان نه‌كات [ فَيَقُولُ رَبِّي أَهَانَنِ (١٦) ] ئه‌ڵێ: په‌روه‌ردگارم منی سه‌رشۆڕو زه‌لیل و ڕیسوا كردووه، به‌ڵام وتمان: به‌خشین و نه‌به‌خشین په‌یوه‌ندی به خۆشوویستن و ڕێزی خوای گه‌وره‌وه نیه به‌ڵكو هه‌ر كه‌سێك خوای گه‌وره مۆفه‌قی بكات بۆ تاعه‌ت و عیباده‌تی خۆی ئه‌وه خوای گه‌وره ڕێزی له‌و كه‌سه ناوه‌و ئه‌و كه‌سه‌ی خۆشوویستووه، به‌ڵام كه‌سێك كه چه‌ندێك خوای گه‌وره سه‌روه‌ت و سامان و نازو نیعمه‌ت و ده‌سه‌ڵات و له‌شساغی پێ ببه‌خشێ ئه‌گه‌ر له تاعه‌ت و عیباده‌تی خوای گه‌وره به‌كاری نه‌هێنێت و نه‌یكاته هۆكارێك بۆ نزیك بوونه‌وه له خوا‌و په‌رستنی خوای گه‌وره ئه‌وه خوای گه‌وره ڕێزی له‌و كه‌سه نه‌گرتووه‌و خۆشی نه‌وویستووه.
(17) [ كَلَّا ] واته: نه‌خێر وانیه به‌م شێوازه نیه كه ئێوه بۆی ئه‌چن و بیری لێ ئه‌كه‌نه‌وه [ بَلْ لَا تُكْرِمُونَ الْيَتِيمَ (١٧) ] وه ئێوه ڕێز له مرۆڤی بێ باوك و هه‌تیو ناگرن، كه ئه‌مه‌یش ئاماژه‌و فه‌رمان كردنه به‌وه‌ی كه ڕێز له هه‌تیو و بێ باوك بگرن، وه هه‌ر كه‌سێك سه‌رپه‌رشتی منداڵی بێ باوك و هه‌تیو بكات و خزمه‌تیان بكات پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - ئه‌فه‌رمووێ: (من و سه‌رپه‌رشتیاری هه‌تیو له به‌هه‌شتدا به‌م شێوازهین كه په‌نجه‌ی ناوه‌ڕاست و په‌نجه‌ی شایه‌تمانی لێك نزیك كرده‌وه).
(18) [ وَلَا تَحَاضُّونَ عَلَى طَعَامِ الْمِسْكِينِ (١٨) ] وه ئێوه هانی خۆتان و جگه له خۆتان ناده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كه خواردنی فه‌قیرو هه‌ژاران بده‌ن و چاكه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن.
(19) [ وَتَأْكُلُونَ التُّرَاثَ ] وه ئێوه میراتی ئه‌خۆن به ناحه‌ق، یان ماڵی هه‌تیو و ئافره‌ت و لاوازه‌كان ئه‌وه‌ی كه به میراتی ئه‌مێنێته‌وه ئێوه به‌ناحه‌ق ئه‌یخۆن [ أَكْلًا لَمًّا (١٩) ] زۆر به‌هێزی ئه‌یخۆن یان به‌هه‌ر شێوازێك ده‌ستتان بكه‌وێ به حه‌ڵاڵ و حه‌رام ئه‌یخۆن و لێی ناگه‌ڕێنه‌وه.
(20) [ وَتُحِبُّونَ الْمَالَ حُبًّا جَمًّا (٢٠) ] وه ماڵیشتان خۆش ئه‌وێ خۆشوویستنێكی یه‌كجار زۆر‌و خراپ.
(21) [ كَلَّا إِذَا دُكَّتِ الْأَرْضُ دَكًّا دَكًّا (٢١) ] (كَلَّا) واته: نه‌خێر نابێت وابن، یاخود واته: له راستیدا، كاتێك كه زه‌وی ڕائه‌خرێ و ڕێك ئه‌خرێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شاخه‌كانی تیادا نامێنێ و ههڵئهكۆڵدرێ و یه‌ك پارچه ته‌خت ئه‌بێ وه خه‌ڵكی له گۆڕه‌كانیان به‌رز ئه‌بنه‌وه‌و ده‌رئه‌چن به‌ره‌و ساحه‌ی مه‌حشه‌ر كه هاتنی ڕۆژی قیامه‌ته.
(22) [ وَجَاءَ رَبُّكَ ] وه په‌روه‌ردگاریشت دێت هاتنێك كه شایه‌ن و لایه‌ق و گونجاوه به گه‌وره‌یی خوای گه‌وره كه له هاتنی هیچ له دروستكراوه‌كان ناچێ، كاتێك كه خوای گه‌وره دێت بۆ بڕیاردان له نێوان خه‌ڵكیدا له دوای ئه‌وه‌ی كه خه‌ڵكی له ساحه‌ی مه‌حشه‌ر ئه‌چنه خزمه‌ت پێغه‌مبه‌رانی (ئولول عه‌زم) و داوایان لێ ئه‌كه‌ن كه شه‌فاعه‌تیان بۆ بكه‌ن به‌ڵام هه‌موویان ئه‌گه‌ڕێنه‌وه‌و عوزر دێننه‌وه تا دێنه خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - ئه‌فه‌رمووێ: من ئه‌و شته ئه‌كه‌م، وه ئه‌چێت شه‌فاعه‌ت ئه‌كات و لای عه‌رشی خوای گه‌وره سوجده بۆ خوای گه‌وره ئه‌بات و حه‌مدو سه‌ناو ستایشى خواى گه‌وره ده‌كات به شێوازێك كه پێشتر نهیزانیووهو له‌وێ خواى گه‌وره خۆى فێرى ده‌كات، وه خوای گه‌وره ئه‌و كاته شه‌فاعه‌تی پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - قبووڵ ئه‌كات كه شه‌فاعه‌تی هه‌ره گه‌وره‌ی پێ ئه‌ووترێ، وه ده‌فه‌رمێت: (ئه‌ى محمد - صلی الله علیه وسلم - سه‌رت به‌رز بكه‌وه، وه داوا بكه پێت ده‌به‌خشرێت، وه تكا بكه‌و تكات وه‌رده‌گیرێت) وه خوای گه‌وره دێت بۆ بڕیاردان له نێوان خه‌ڵكی، له‌و ساحه‌ی مه‌حشه‌ره خۆر نزیك بۆته‌وه‌و خه‌ڵكى عاره‌قیان كردووه‌و له عاره‌قی خۆیاندا نوقم بوونه بۆ ئه‌وه‌ى له‌و دیمه‌نه ناخۆش و ترسناكه ڕزگاریان بێت و خوای گه‌وره بڕیار له نێوانیاندا بدات [ وَالْمَلَكُ صَفًّا صَفًّا (٢٢) ] وه فریشته‌كانیش پۆل پۆل دێن له‌به‌ر ده‌ستی خوای گه‌وره‌دا ڕائه‌وه‌ستن .
(23) [ وَجِيءَ يَوْمَئِذٍ بِجَهَنَّمَ ] وه له‌و ڕۆژه‌یشدا جه‌هه‌ننه‌م ڕائه‌كێشرێ، وه‌كو پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - ئه‌فه‌رمووێ: (دۆزه‌خ ئه‌هێنرێ حه‌فتا هه‌زار قوڵفی هه‌یه، هه‌ر قوڵفێك حه‌فتا هه‌زار مه‌لائیكه‌ت ڕای ئه‌كێشێ)، مه‌گه‌ر خوای گه‌وره بزانێ ئه‌و مه‌لائیكه‌تانه چه‌ندێك گه‌وره‌ن، هه‌ر قوڵفێك جێگای حه‌فتا هه‌زار مه‌لائیكه‌تی گه‌وره‌ی هه‌بێ ڕای بكێشێ ئه‌بێ جه‌هه‌ننه‌م چه‌ندێك گه‌وره بێ كه خۆیشی حه‌فتا هه‌زار قوڵفی هه‌یه، (خواى گه‌وره په‌نامان بدات و بمانپارێزێت) [ يَوْمَئِذٍ يَتَذَكَّرُ الْإِنْسَانُ ] له‌و ڕۆژه‌دا مرۆڤ بیر ئه‌كاته‌وه له‌و كرده‌وانه‌ی كه له دونیادا كردوویه‌تی له تاوان و سه‌رپێچی و كوفر‌و خراپه‌كاری [ وَأَنَّى لَهُ الذِّكْرَى (٢٣) ] به‌ڵام ئه‌و یادكردنه‌وه‌یه چۆن سوودی پێ بگه‌یه‌نێ، واته: هیچ سوودێكی پێ ناگه‌یه‌نێ.
(24) [ يَقُولُ يَا لَيْتَنِي قَدَّمْتُ لِحَيَاتِي (٢٤) ] په‌شیمان ئه‌بێته‌وه‌و ئه‌ڵێ: خۆزگه بۆ ئه‌م ژیانه‌ی ئه‌م دونیا‌م كرده‌وه‌ی چاكم پێشكه‌ش بكردایه، واته: په‌شیمانه له‌وه‌ی كه تاوان و سه‌رپێچی كردووه، وه ئه‌وه‌یشی كه چاكه‌كار بێ په‌شیمانه‌و ئه‌ڵێ: خۆزگه تاعه‌ت و عیباده‌تی خوای گه‌وره‌م زیاتر بكردایه، واته: هه‌موو كه‌سێك له ڕۆژی قیامه‌تدا په‌شیمانه، چاكه‌كار ئه‌ڵێ: بۆ زیاترم نه‌كرد، خراپه‌كار ئه‌ڵێ: بۆ چاكه‌م نه‌كرد.
(25) [ فَيَوْمَئِذٍ لَا يُعَذِّبُ عَذَابَهُ أَحَدٌ (٢٥) ] له‌و ڕۆژه‌دا خوای گه‌وره سزایه‌كی ئه‌دا كه هیچ كه‌سێك سزای وه‌كو سزای خوای گه‌وره قورس و سه‌خت نیه بۆ كافران و تاوانباران.
(26) [ وَلَا يُوثِقُ وَثَاقَهُ أَحَدٌ (٢٦) ] وه فریشته‌كان كۆت و زنجیری ئه‌كه‌ن هیچ كه‌سێك نیه كۆت و زنجیر كردنی وه‌كو كۆت و زنجیر كردنی ده‌رگاوانی دۆزه‌خ بێ بۆ كافران و بێباوه‌ڕان.
(27) {نه‌فسى هێمن و ئارام} [ يَا أَيَّتُهَا النَّفْسُ الْمُطْمَئِنَّةُ (٢٧) ] ئه‌ی ئه‌و نه‌فسه‌ی كه هێمن و ئارام بوویته له دونیادا كه دڵت هێمن و ئارام بووه به ئیمان هێنان و ته‌وحیدو یه‌كخواپه‌رستی و زیكر‌و یادی خوای گه‌وره‌و به تاعه‌ت و عیبادهت و ڕازی بوون به بڕیاره‌كانی خوای گه‌وره.
(28) [ ارْجِعِي إِلَى رَبِّكِ رَاضِيَةً مَرْضِيَّةً (٢٨) ] بگه‌ڕێره‌وه بۆ لای خوای گه‌وره، تۆ له نه‌فسی خۆتدا ڕازیت و له خواش ڕازی بوویته، وه خوای گه‌وره له تۆ ڕازیه‌و تۆش له خوا ڕازی بوویته وه خوای گه‌وره ئه‌وه‌نده‌ی پێ ئه‌به‌خشێ تا ڕازی ئه‌كات.
(29) [ فَادْخُلِي فِي عِبَادِي (٢٩) ] تۆ وه‌ره ناو كۆی به‌نده چاكه‌كانی منه‌وه.
(30) [ وَادْخُلِي جَنَّتِي (٣٠) ] وه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا وه‌ره ناو به‌هه‌شتی منه‌وه، جا هه‌یه له زانایان ئه‌فه‌رموون: ئه‌مه له‌سه‌ر ئیمامی ئه‌بوبه‌كر دابه‌زیوه، یان له‌سه‌ر ئیمامی عوسمان، یان له‌سه‌ر حه‌مزه‌ی مامی پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - ، به‌ڵام بۆ گشتییه‌و بۆ سه‌رجه‌م باوه‌ڕدارانه ئه‌وه‌ی كه حاڵی به‌و شێوازه بێ خوای گه‌وره به‌و شێوازه له ڕۆژی قیامه‌ت مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ئه‌كات، والله أعلم.