(1) سووره‌تی (زومهر) (واته: پۆل پۆل و كۆمه‌ڵ كۆمه‌ڵ) سووره‌تێكى مه‌ككى یه ته‌نها ئایه‌ته‌كانى (٥٢-٥٤) نه‌بێت كه مه‌ده‌نى یه‌و (٧٥) ئایه‌ته پێغه‌مبه‌ری خوا -صلی الله علیه وسلم - هیچ شه‌وێك ناخه‌وت تا سووره‌تی (زومهرو ئیسراء)ی نه‌خوێندایه بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ [ تَنْزِيلُ الْكِتَابِ مِنَ اللَّهِ الْعَزِيزِ الْحَكِيمِ (١) ] ئه‌م قورئانه پیرۆزه دابه‌زێنراوه له‌لایه‌ن خوای گه‌وره‌وه كه خوایه‌كی زۆر به‌عیززه‌ت و باڵاده‌ست و كاربه‌جێیه له وته‌و كرده‌وه‌و شه‌رع و قه‌ده‌ریدا.
(2) [ إِنَّا أَنْزَلْنَا إِلَيْكَ الْكِتَابَ بِالْحَقِّ ] ئه‌ى محمد -صلی الله علیه وسلم - ئێمه ئه‌م قورئانه پیرۆزه‌مان بۆ تۆ دابه‌زاندووه كه هه‌رچی تیایه هه‌مووى حه‌قه له ته‌وحیدو ئیمان و شه‌رع و هه‌واڵ [ فَاعْبُدِ اللَّهَ مُخْلِصًا لَهُ الدِّينَ (٢) ] تۆش عیباده‌تی خوای گه‌وره بكه به ئیخلاص و دڵسۆزی و نیازپاكیهوه.
(3) [ أَلَا لِلَّهِ الدِّينُ الْخَالِصُ ] ئایا په‌رستنی پاك و بێگه‌رد له شیرك و ڕیا ته‌نها بۆ خوای گه‌وره نیه، (واته: خواى گه‌وره، په‌رستن و كرده‌وه‌یه‌ك قبوڵ ده‌كات و وه‌رده‌گرێت كه ته‌نها له‌به‌ر ره‌زامه‌ندى ئه‌و ئه‌نجام درابێت) [ وَالَّذِينَ اتَّخَذُوا مِنْ دُونِهِ أَوْلِيَاءَ ] وه ئه‌وانه‌یشی كه جگه له خوای گه‌وره هه‌ندێك ئه‌ولیاو شتی تریان داناوه‌و ئه‌یپه‌رستن كه پێیان بڵێی بۆچی جگه له خوای گه‌وره ئه‌مانه ئه‌په‌رستن [ مَا نَعْبُدُهُمْ إِلَّا لِيُقَرِّبُونَا إِلَى اللَّهِ زُلْفَى ] ئه‌وان ئه‌ڵێن: ئێمه ئه‌زانین ئه‌مانه ئێمه‌یان دروست نه‌كردووه‌و ڕزقی ئێمه ناده‌ن به‌ڵام نایانپه‌رستین ته‌نها بۆ ئه‌وه نه‌بێ كه له خوای گه‌وره نزیكمان بكه‌نه‌وه‌و شه‌فاعه‌تمان بۆ بكه‌ن، (خه‌ڵكى ئه‌م سه‌رده‌مه‌یش كه ده‌چنه سه‌ر دار‌و به‌ردو گۆڕ‌و په‌رستگاكان كه پێیان بڵێیت بۆ ئه‌مانه ده‌په‌رستن و عیباده‌تیان بۆ ده‌كه‌ن!؟ هه‌مان گومانى هاوبه‌شبڕیارده‌رانى سه‌رده‌مى نه‌زانى و نه‌فامى دێننه‌وه‌و ده‌ڵێن ئێمه نایانپه‌رستین ته‌نها بۆ ئه‌وه نه‌بێت له خوامان نزیك بكه‌نه‌وه‌و شه‌فاعه‌تمان بۆ بكه‌ن، قسه‌و نیه‌ت و گومان و كرداریان یه‌كه، وه سزایشان یه‌ك ده‌بێت له رۆژى قیامه‌ت) [ إِنَّ اللَّهَ يَحْكُمُ بَيْنَهُمْ فِي مَا هُمْ فِيهِ يَخْتَلِفُونَ ] به دڵنیایی خوای گه‌وره خۆی له رۆژى قیامه‌ت بڕیار له نێوان موسڵمانان و كافران و موشریكاندا ئه‌دات له‌و جیاوازى و ناكۆكییه‌ی كه له نێوانیاندا هه‌بووه له دونیادا له‌سه‌ر دین [ إِنَّ اللَّهَ لَا يَهْدِي مَنْ هُوَ كَاذِبٌ كَفَّارٌ (٣) ] به دڵنیایی خوای گه‌وره هیدایه‌تی كه‌سانێك نادات كه زۆر درۆزن و زۆر كافر بن.
(4) [ لَوْ أَرَادَ اللَّهُ أَنْ يَتَّخِذَ وَلَدًا لَاصْطَفَى مِمَّا يَخْلُقُ مَا يَشَاءُ ] ئه‌گه‌ر خوای گه‌وره بیوستایه منداڵێك بۆ خۆی بڕیار بدات ئه‌وه له‌ناو دروستكراوانی ئه‌وه‌ی كه خۆی ویستی لێبوایه ههڵیئهبژارد، (مه‌رج داده‌نرێت و مه‌رج نیه جێبه‌جێ ببێت، وه دروسته‌و ده‌گونجێت مه‌رج په‌یوه‌ست بكرێت به شتێكى موسته‌حیل و ئه‌سته‌مه‌وه له‌به‌ر مه‌به‌ستى قسه‌كه‌ر، وه ئه‌سته‌مه خواى گه‌وره منداڵ بۆ خۆى بڕیار بدات) [ سُبْحَانَهُ هُوَ اللَّهُ الْوَاحِدُ الْقَهَّارُ (٤) ] پاك و مونه‌ززه‌هی بۆ خوای گه‌وره، خوای گه‌وره پێویستی به منداڵ نیه، دروستكراو چۆن ئه‌بێ به منداڵی خالق و دروستكار هه‌ر خوای گه‌وره‌یه كه تاك و ته‌نهایه وه زۆر باڵاده‌سته.
(5) [ خَلَقَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ بِالْحَقِّ ] خوای گه‌وره ئاسمانه‌كان و زه‌ویه‌كانی دروست كردووه به حه‌ق، بێهوده‌و بێ حیكمه‌ت دروستی نه‌كردووه [ يُكَوِّرُ اللَّيْلَ عَلَى النَّهَارِ وَيُكَوِّرُ النَّهَارَ عَلَى اللَّيْلِ ] شه‌و به دوای ڕۆژدا ئه‌هێنێت و به تاریكی شه‌و ڕۆژ دائه‌پۆشێ، وه به ڕووناكی ڕۆژ شه‌و دائه‌پۆشێت و به‌خێرایی به دوای یه‌كدا دێن {خۆر‌و مانگ جێگیر نین و ده‌جولێن} [ وَسَخَّرَ الشَّمْسَ وَالْقَمَرَ ] وه خۆر‌و مانگی ژێربار كردووه بۆ به‌رژه‌وه‌ندى ئێوه [ كُلٌّ يَجْرِي لِأَجَلٍ مُسَمًّى ] هه‌ر یه‌كێك له‌مانه ئه‌ڕۆن بۆ كاتی دیاریكراوی خۆیان كه كۆتایی هاتنی دونیایه، (ئه‌م ئایه‌ته به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه خۆر‌و مانگ جێگیر نین و ده‌جولێنه‌وه) [ أَلَا هُوَ الْعَزِيزُ الْغَفَّارُ (٥) ] بزانن هه‌ر خوای گه‌وره‌یه زۆر به عیززه‌ت و لێخۆشبووه.
(6) {سێ تاریكییه‌كه} [ خَلَقَكُمْ مِنْ نَفْسٍ وَاحِدَةٍ ] له‌گه‌ڵ جیاوازى ره‌نگ و زمان و شێواز‌و رهگهزتان خوای گه‌وره ئێوه‌ی له یه‌ك نه‌فس دروست كردووه كه ئاده‌مه [ ثُمَّ جَعَلَ مِنْهَا زَوْجَهَا ] وه له په‌راسووی چه‌پى ئاده‌م حه‌وای دروست كردووه [ وَأَنْزَلَ لَكُمْ مِنَ الْأَنْعَامِ ثَمَانِيَةَ أَزْوَاجٍ ] وه له ئاژه‌ڵانیش هه‌شت جۆر‌و جووتی بۆ ئێوه دروست كردووه‌و دابه‌زاندووه له حوشتر نێر‌و مێیه‌ك، وه له مانگا نێر‌و مێیه‌ك، وه له مه‌ڕ نێر‌و مێیه‌ك، وه له بزنیش نێر‌و مێیه‌ك [ يَخْلُقُكُمْ فِي بُطُونِ أُمَّهَاتِكُمْ ] وه ئێوه دروست ده‌كات له‌ناو سكی دایكتاندا [ خَلْقًا مِنْ بَعْدِ خَلْقٍ ] دروست كردن له دوای دروست كردن، واته: قۆناغ له دواى قۆناغ، یه‌كه‌مجار دڵۆپه ئاوێكن دواتر ده‌بنه خوێنێكی مه‌یو، دواتر ده‌بنه پارچه گۆشتێك، دواتر ئێسقان و دواتر به گۆشت دایپۆشیوه [ فِي ظُلُمَاتٍ ثَلَاثٍ ] له سێ تاریكی‌دا كه تاریكی سكه وه تاریكی ڕه‌حمه وه تاریكی وێڵاشه (ئه‌و په‌رده‌یه كه منداڵی كۆرپه‌ی تیادایه) [ ذَلِكُمُ اللَّهُ رَبُّكُمْ ] ئا ئه‌م (الله) یه‌یه كه په‌روه‌ردگاری ئێوه‌یه [ لَهُ الْمُلْكُ ] موڵك هه‌ر هی خوای گه‌وره‌یه له دونیا‌و قیامه‌تدا شه‌ریكی نیه [ لَا إِلَهَ إِلَّا هُوَ ] هیچ په‌رستراوێك به حه‌ق نیه شایه‌نی په‌رستن بێ ته‌نها زاتی پیرۆزی الله نه‌بێت [ فَأَنَّى تُصْرَفُونَ (٦) ] ئه‌ی ئیتر ئێوه چۆن له عیباده‌تی خوای گه‌وره لائه‌ده‌ن بۆ عیباده‌تی جگه له خوا.
(7) [ إِنْ تَكْفُرُوا فَإِنَّ اللَّهَ غَنِيٌّ عَنْكُمْ ] ئه‌گه‌ر ئێوه كوفر بكه‌ن به سه‌ره‌تاو كۆتایى و جن و مرۆڤه‌وه ئه‌وا به‌ڕاستی خوای گه‌وره زۆر ده‌وڵه‌مه‌ندو بێ پێویسته‌و پێویستی به عیبادهت كردنی ئێوه نیه‌و هیچ له موڵكى خواى گه‌وره كه‌م ناكات، به‌ڵام [ وَلَا يَرْضَى لِعِبَادِهِ الْكُفْرَ ] وه ڕازی نابێ به‌نده‌كانی كه كوفر بكه‌ن و پێی خۆش نیه‌و فه‌رمانی پێ ناكات [ وَإِنْ تَشْكُرُوا يَرْضَهُ لَكُمْ ] به‌ڵام ئه‌گه‌ر شوكرانه‌بژێری خوای گه‌وره بكه‌ن ئه‌وه خوای گه‌وره به‌وه ڕازیه‌و ڕازی ئه‌بێ لێتان، به‌ڵام هیچ له موڵكى خواى گه‌وره زیاد ناكات. {كه‌س تاوانی كه‌س هه‌ڵناگرێ} [ وَلَا تَزِرُ وَازِرَةٌ وِزْرَ أُخْرَى ] وه كه‌س تاوانی كه‌س هه‌ڵناگرێ [ ثُمَّ إِلَى رَبِّكُمْ مَرْجِعُكُمْ ] پاشان گه‌ڕانه‌وه‌شتان هه‌ر بۆ لای خوای گه‌وره‌یه له ڕۆژی قیامه‌ت [ فَيُنَبِّئُكُمْ بِمَا كُنْتُمْ تَعْمَلُونَ ] له ڕۆژی قیامه‌تیشدا خوای گه‌وره هه‌واڵتان پێ ئه‌دات به‌و كرده‌وانه‌ی كه له دونیادا كردووتانه [ إِنَّهُ عَلِيمٌ بِذَاتِ الصُّدُورِ (٧) ] وه به دڵنیایی خوای گه‌وره زۆر زانایه به‌و دڵه‌ی كه له‌ناو سینگدایه كه چیتان تیادا شاردۆته‌وه هیچى له خواى گه‌وره ناشاردرێته‌وه.
(8) [ وَإِذَا مَسَّ الْإِنْسَانَ ضُرٌّ دَعَا رَبَّهُ مُنِيبًا إِلَيْهِ ] وه كاتێك كه مرۆڤ تووشی هه‌ر زیانێك بێت ئه‌وه ته‌نها له خوای گه‌وره ده‌پاڕێته‌وه‌و بۆ لای خوای گه‌وره ئه‌گه‌ڕێته‌وه [ ثُمَّ إِذَا خَوَّلَهُ نِعْمَةً مِنْهُ ] پاشان دواتر كه نیعمه‌تێكی پێ ئه‌به‌خشێ [ نَسِيَ مَا كَانَ يَدْعُو إِلَيْهِ مِنْ قَبْلُ ] ئه‌وه په‌روه‌ردگار له‌بیر ئه‌كات كه پێشتر دوعای لێ كردووه‌و لێى پاڕاوه‌ته‌وه‌و هاناى بۆ بردووه [ وَجَعَلَ لِلَّهِ أَنْدَادًا ] وه چه‌نده‌ها هاوبه‌ش و شه‌ریك بۆ خوای گه‌وره دائه‌نێت [ لِيُضِلَّ عَنْ سَبِيلِهِ ] تا خه‌ڵكی گومڕا بكات له ڕێگای ڕاستی خوای گه‌وره [ قُلْ تَمَتَّعْ بِكُفْرِكَ قَلِيلًا ] ئه‌ی محمد -صلی الله علیه وسلم - بڵێ: تۆ كه‌مێك له ژیانی دونیادا ڕابوێره به كوفری خۆت، (ئه‌مه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى سه‌خته) [ إِنَّكَ مِنْ أَصْحَابِ النَّارِ (٨) ] به‌ڵام له قیامه‌تدا به دڵنیایی تۆ هاوه‌ڵی ئاگری دۆزه‌خیت و ده‌چیته ئاگری دۆزه‌خه‌وه بۆ هه‌میشه‌یی.
(9) [ أَمَّنْ هُوَ قَانِتٌ آنَاءَ اللَّيْلِ سَاجِدًا وَقَائِمًا ] ئایا كه‌سێك به درێژایی كاته‌كانی شه‌و له عیباده‌تی خوای گه‌وره‌دا بێت، وه له سوجده‌دا بێت و به پێوه ڕاوه‌ستابێت و شه‌ونوێژ بكات، (ابن عمر) ده‌فه‌رمێت: (ئه‌و كه‌سه ئیمامى عوسمانه)، چونكه زۆر شه‌ونوێژى دهكردو جارێكیان له یه‌ك ركاتدا هه‌موو قورئانى خه‌تم كرد [ يَحْذَرُ الْآخِرَةَ وَيَرْجُو رَحْمَةَ رَبِّهِ ] وه له قیامه‌ت و سزاى خواى گه‌وره بترسێت و به ئومێدی ڕه‌حمه‌تی خوای گه‌وره بێت وه‌كو كه‌سێك وایه كه شه‌ریك بۆ خواى گه‌وره دا‌نێت؟ بێگومان یه‌كسان نین، ده‌بێت په‌رستن به (خه‌وف و ڕهجائهوه) به ترس و ئومێده‌وه بێت و هه‌ردووكی پێكه‌وه كۆبكرێته‌وه‌و به‌م شێوازه بێت، چونكه ترسه‌كه زیاتر بێت مرۆڤ بێ‌ئومێد ده‌كات له ره‌حمه‌تى خوا، وه ئومێده‌كه زیاتر بێت مرۆڤـ بێ‌باك ده‌كات له ئه‌نجامدانى تاوان، به‌ڵام له‌كاتى سه‌ره‌مه‌رگدا ده‌بێت رهجائو ئومێد زیاتر بێت، تا گومانى باش به خواى گه‌وره ببات و تا خواى گه‌وره‌یش به گومانى باشى خۆى له‌گه‌ڵیدا بكات {زانا‌و نه‌زان یه‌كسان نین} [ قُلْ هَلْ يَسْتَوِي الَّذِينَ يَعْلَمُونَ وَالَّذِينَ لَا يَعْلَمُونَ ] ئایا زانایان وه‌كو نه‌زانان وان له دیندا؟ واته: هه‌رگیز یه‌كسان نین [ إِنَّمَا يَتَذَكَّرُ أُولُو الْأَلْبَابِ (٩) ] به‌ڵكو ته‌نها ئه‌و كه‌سانه بیر ئه‌كه‌نه‌وه‌و په‌ندو ئامۆژگاری وه‌رئه‌گرن كه خاوه‌نی عه‌قڵ و ژیرین.
(10) [ قُلْ يَا عِبَادِ الَّذِينَ آمَنُوا اتَّقُوا رَبَّكُمْ ] ئه‌ی محمد -صلی الله علیه وسلم - پێیان بڵێ: ئه‌ی ئه‌و به‌ندانه‌ی خوای گه‌وره كه ئیمانتان هێناوه ته‌قوای خوای گه‌وره بكه‌ن [ لِلَّذِينَ أَحْسَنُوا فِي هَذِهِ الدُّنْيَا حَسَنَةٌ ] ئه‌وانه‌ی له‌م دونیایه كرده‌وه‌ى چاكیان كردبێت ئه‌وه چاكه‌یان بۆ هه‌یه له دونیا به سه‌ركه‌وتن و رزق و رۆزى فراوان، وه له قیامه‌تیش به به‌هه‌شتی پان و به‌رین و فراوان [ وَأَرْضُ اللَّهِ وَاسِعَةٌ ] وه زه‌وی خوای گه‌وره فراوانه، ئه‌گه‌ر كه‌سێك نه‌یتوانی عیباده‌تی خواى گه‌وره بكات، یان تاوان و خراپه‌و بیدعه زۆر بڵاو بوو با كۆچ بكات بۆ شوێنێك كه بتوانێ عیباده‌تی خوای گه‌وره‌ى لێ بكات و پارێزراو بێت له تاوان و بیدعه‌و خراپه‌كارى {ئارامگران پاداشتیان بێ ژماره‌یه} [ إِنَّمَا يُوَفَّى الصَّابِرُونَ أَجْرَهُمْ بِغَيْرِ حِسَابٍ (١٠) ] ته‌نها ئارامگران ئه‌جرو پاداشتی خۆیان وه‌رئه‌گرن به‌بێ ژماره، واته: ئه‌جرو پاداشتێكی یه‌كجار زۆر له به‌هه‌شتدا.
(11) [ قُلْ إِنِّي أُمِرْتُ أَنْ أَعْبُدَ اللَّهَ مُخْلِصًا لَهُ الدِّينَ (١١) ] ئه‌ی محمد -صلی الله علیه وسلم - بڵێ: من فه‌رمانم پێ كراوه له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگاره‌وه كه عیباده‌تی خوای گه‌وره بكه‌م به ئیخلاص و دڵسۆزیه‌وه دوور له شیرك و ڕیاو ڕووبینی
(12) [ وَأُمِرْتُ لِأَنْ أَكُونَ أَوَّلَ الْمُسْلِمِينَ (١٢) ] وه فه‌رمانیشم پێكراوه كه من یه‌كه‌م موسڵمان بم له‌م ئوممه‌ته.
(13) [ قُلْ إِنِّي أَخَافُ إِنْ عَصَيْتُ رَبِّي عَذَابَ يَوْمٍ عَظِيمٍ (١٣) ] وه پێیان بڵێ: من له سزای ڕۆژێكی زۆر گه‌وره ئه‌ترسێم كه ڕۆژی قیامه‌ته ئه‌گه‌ر سه‌رپێچی په‌روه‌ردگارم بكه‌م به‌وه‌ی كه نه‌یپه‌رستم به ئیخلاص و ته‌وحیده‌وه، (كه پێغه‌مبه‌ری خوا -صلی الله علیه وسلم - بترسێت ئێمه له پێشتر و شیاوترین به ترسان له سزاى رۆژى قیامه‌ت)
(14) [ قُلِ اللَّهَ أَعْبُدُ مُخْلِصًا لَهُ دِينِي (١٤) ] وه پێیان بڵێ: به‌ڵكو من به‌تاك و ته‌نها خوای گه‌وره ئه‌په‌رستم به ئیخلاص و دڵسۆزیه‌وه دوور له ڕیاو رووبینى
(15) [ فَاعْبُدُوا مَا شِئْتُمْ مِنْ دُونِهِ ] ئێوه‌ش جگه له خوای گه‌وره هه‌ر شتێك ئه‌په‌رستن بیپه‌رستن، ئه‌مه هه‌ڕه‌شه‌و سه‌رزه‌نشت كردنه [ قُلْ إِنَّ الْخَاسِرِينَ الَّذِينَ خَسِرُوا أَنْفُسَهُمْ وَأَهْلِيهِمْ يَوْمَ الْقِيَامَةِ ] وه پێیان بڵێ: زه‌ره‌رمه‌ندی ڕاسته‌قینه ئه‌و كه‌سانه‌ن كه خۆیان و كه‌سوكاریان دۆڕاندووه له ڕۆژی قیامه‌تدا كاتێك كه ئه‌خرێنه ئاگری دۆزه‌خه‌وه‌و لێك جیا ده‌كرێنه‌وه‌و له سزادا ده‌بن [ أَلَا ذَلِكَ هُوَ الْخُسْرَانُ الْمُبِينُ (١٥) ] وه بزانن زه‌ره‌رمه‌ندی ئاشكرا‌و ڕوون ئه‌مه‌یه كه مرۆڤـ خۆی و كه‌سوكاری بدۆڕێنێ و بچێته ناو ئاگری دۆزه‌خه‌وه.
(16) [ لَهُمْ مِنْ فَوْقِهِمْ ظُلَلٌ مِنَ النَّارِ ] له ناو دۆزه‌خدا له‌سه‌روویانه‌وه ئاگر سێبه‌ری بۆ كردوون و سێبه‌ریان ئاگره‌و ئاگر ده‌یانسووتێنێ [ وَمِنْ تَحْتِهِمْ ظُلَلٌ ] وه له ژێریشیانه‌وه هه‌ر سێبه‌ری ئاگره‌و ئاگر ده‌یانسوتێنێت [ ذَلِكَ يُخَوِّفُ اللَّهُ بِهِ عِبَادَهُ ] وه به‌م شێوازه خوای گه‌وره به‌نده‌كانی خۆی به ئاگری دۆزه‌خ ئه‌ترسێنێ [ يَا عِبَادِ فَاتَّقُونِ (١٦) ] ئه‌ی به‌نده‌كانم ده‌ی ته‌قوای من بكه‌ن و له‌من بترسێن و خۆتان بپارێزن له‌و ئاگره به گوێڕایه‌ڵی و عیبادهت و دووركه‌وتنه‌وه له شه‌ریك دانان و خراپه‌كارى و بیدعه‌و تاوان.
(17) [ وَالَّذِينَ اجْتَنَبُوا الطَّاغُوتَ أَنْ يَعْبُدُوهَا ] وه ئه‌و كه‌سانه‌ی كه خۆیان له په‌رستنى بت و تاغوته‌كان دوور خستۆته‌وه [ وَأَنَابُوا إِلَى اللَّهِ لَهُمُ الْبُشْرَى ] وه گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ لای خوای گه‌وره‌و ڕوویان له عیباده‌تی خوا كردووه موژده‌ی به‌هه‌شت بۆ ئه‌م كه‌سانه‌یه [ فَبَشِّرْ عِبَادِ (١٧) ] ئه‌ى محمد -صلی الله علیه وسلم - موژده بده به‌و به‌ندانه‌ی من.
(18) [ الَّذِينَ يَسْتَمِعُونَ الْقَوْلَ فَيَتَّبِعُونَ أَحْسَنَهُ ] كه گوێ له وته ئه‌گرن و لێی تێده‌گه‌ن و باشترینی هه‌ڵئه‌بژێرن و شوێنی باشترینی ئه‌كه‌ون و كارى پێ ده‌كه‌ن، یاخود باشترینی ئه‌ڵێن و قسه‌ی خراپ ناڵێن، (باشترین وته ئه‌وه‌یه بۆ خوا بێت و له‌گه‌ڵ شه‌رعدا گونجاو بێت و پێچه‌وانه نه‌بێت) [ أُولَئِكَ الَّذِينَ هَدَاهُمُ اللَّهُ ] ئا ئه‌م كه‌سانه‌ن كه خوای گه‌وره هیدایه‌تی داون له دونیا‌و قیامه‌ت [ وَأُولَئِكَ هُمْ أُولُو الْأَلْبَابِ (١٨) ] وه ئه‌مانه‌ن كه خاوه‌نی عه‌قڵی ڕاست و دروستن.
(19) [ أَفَمَنْ حَقَّ عَلَيْهِ كَلِمَةُ الْعَذَابِ أَفَأَنْتَ تُنْقِذُ مَنْ فِي النَّارِ (١٩) ] ئایا كه‌سێك كه وشه‌ی سزای خوای گه‌وره‌ى به‌سه‌ردا جێگیر‌و جێبه‌جێ بووه‌و چه‌سپاوه وه‌كو ئیبلیس و كافران ئایا تۆ ئه‌ته‌وێ كه‌سانێكی ئاوا له ئاگری دۆزه‌خ ڕزگار بكه‌یت و هیدایه‌تیان بده‌یت؟ كه پێغه‌مبه‌ر -صلی الله علیه وسلم - زۆر سوور بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه خه‌ڵكى هه‌موویان هیدایه‌ت وه‌ربگرن و ئیمان بێنن، واته: هه‌موویان ئیمان ناهێنن و هیدایه‌ت وه‌رناگرن.
(20) [ لَكِنِ الَّذِينَ اتَّقَوْا رَبَّهُمْ لَهُمْ غُرَفٌ مِنْ فَوْقِهَا غُرَفٌ مَبْنِيَّةٌ ] به‌ڵام ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ته‌قوای خوای گه‌وره‌یان كردووه له به‌هه‌شتدا ژوورى به‌رزى رازاوه‌یان بۆ هه‌یه، كه خشتێكى زێڕه‌و خشتێكى زیوه‌و ئه‌وه‌ى نێوانیان میسكه‌و خۆڵهكهیشى زهعفهرانهو له‌سه‌رووشیانه‌وه ژووری تر دروستكراوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌هه‌شت سه‌د پله‌یه‌و پله‌كان به‌ره‌و سه‌ره‌وه ئه‌ڕوات و تا به‌ره‌و سه‌ره‌وه بڕوات نازو نیعمه‌تى باشتر‌و خۆشترو چاكترى تیایه [ تَجْرِي مِنْ تَحْتِهَا الْأَنْهَارُ ] له ژێر ئه‌و ژوورانهیشهوه جۆگه‌له ئاو ئه‌ڕوات [ وَعْدَ اللَّهِ لَا يُخْلِفُ اللَّهُ الْمِيعَادَ (٢٠) ] ئه‌مه به‌ڵێنی خوای گه‌وره‌یه وه خوای گه‌وره به‌ڵێنی خۆی ئه‌باته سه‌رو وه‌عده خیلاف ناكات.
(21) [ أَلَمْ تَرَ أَنَّ اللَّهَ أَنْزَلَ مِنَ السَّمَاءِ مَاءً ] ئایا نابینی خوای گه‌وره له ئاسمانه‌وه ئاوی بۆ دابه‌زاندوون به باران بارین [ فَسَلَكَهُ يَنَابِيعَ فِي الْأَرْضِ ] وه خستوویه‌تیه ناو زه‌ویه‌وه‌و سه‌رچاوه‌ی ئاوی لێههڵئهقوڵێنێت [ ثُمَّ يُخْرِجُ بِهِ زَرْعًا مُخْتَلِفًا أَلْوَانُهُ ] پاشان به‌هۆی ئه‌و ئاوه‌وه جۆره‌ها دانه‌وێڵه‌و كشتوكاڵ ئه‌ڕوێنێ كه ڕه‌نگ و تام و بۆن و شێوه‌یان جیاوازه [ ثُمَّ يَهِيجُ ] له پاش سه‌وزى وشك ئه‌بێ [ فَتَرَاهُ مُصْفَرًّا ] وه ئه‌بینی زه‌رد هه‌ڵئه‌گه‌ڕێ [ ثُمَّ يَجْعَلُهُ حُطَامًا ] پاشانیش هه‌ڵئه‌وه‌رێت و له‌ناو ئه‌چێت و تێكئهشكێت [ إِنَّ فِي ذَلِكَ لَذِكْرَى لِأُولِي الْأَلْبَابِ (٢١) ] به دڵنیایی ئه‌مه یادخستنه‌وه‌یه‌كه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه خاوه‌نی عه‌قڵی ساغ و سه‌لیم و ته‌واون تا په‌ندو ئامۆژگارى وه‌ربگرن و بزانن خۆیشان وه‌كو ئه‌و دانه‌وێڵه‌یه سه‌ره‌تا گه‌نجن دواتر پیر ده‌بن و دواتر ده‌مرن، وه دونیایش به‌هه‌مان شێوه‌یه‌و كۆتایى دێت.
(22) [ أَفَمَنْ شَرَحَ اللَّهُ صَدْرَهُ لِلْإِسْلَامِ فَهُوَ عَلَى نُورٍ مِنْ رَبِّهِ ] ئایا كه‌سێك كه خوای گه‌وره سینگی كردۆته‌وه‌و فراوان كردووه بۆ وه‌رگرتنی ئیسلام وه له‌سه‌ر نوورو ڕووناكیه له‌لایه‌ن خوای گه‌وره‌وه وه‌كو كه‌سێكى دڵڕه‌ق وایه كه له تاریكی و گومڕاییدا بێت و دوور بێت له حه‌ق؟ نه‌خێر هه‌رگیز یه‌كسان نین {هه‌ڕه‌شه‌ى سه‌خت له دڵڕهقان} [ فَوَيْلٌ لِلْقَاسِيَةِ قُلُوبُهُمْ مِنْ ذِكْرِ اللَّهِ ] جا هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌خت بۆ ئه‌و كه‌سه دڵڕه‌قانه‌ى كه دڵیان ڕه‌قه له ئاست زیكر‌و یادی خوای گه‌وره‌و وه‌رگرتنی حه‌قدا [ أُولَئِكَ فِي ضَلَالٍ مُبِينٍ (٢٢) ] ئا ئه‌مانه له گومڕاییه‌كی ئاشكرادان.
(23) [ اللَّهُ نَزَّلَ أَحْسَنَ الْحَدِيثِ ] خوای گه‌وره ئه‌و خوایه‌یه كه باشترین فه‌رمووده‌ی دابه‌زاندووه كه قورئانه، (ئه‌م ئایه‌ته به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه قورئانى پیرۆز قسه‌و فه‌رمووده‌ى خواى گه‌وره‌یه‌و دروستكراو نیه) [ كِتَابًا مُتَشَابِهًا ] كه ئه‌و قورئانه پیرۆزه ئایه‌ته‌كانی هه‌مووی موته‌شابیهه واته: له جوانی و ڕێكی و ته‌واوی و به‌هێزیدا هه‌مووی له یه‌كتری ئه‌چێت [ مَثَانِيَ ] وه ئه‌حكام و چیرۆكه‌كانى، یان خوێندنه‌وه‌ی دووباره ئه‌بێته‌وه [ تَقْشَعِرُّ مِنْهُ جُلُودُ الَّذِينَ يَخْشَوْنَ رَبَّهُمْ ] له كاتى بیستنى قورئانى پیرۆزدا ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له خوای گه‌وره ئه‌ترسێن به زانسته‌وه پێستیان گرژ ئه‌بێته‌وه له ترسی خوای گه‌وره‌دا [ ثُمَّ تَلِينُ جُلُودُهُمْ وَقُلُوبُهُمْ إِلَى ذِكْرِ اللَّهِ ] پاشان كه گوێیان له قورئان ده‌بێت و به ئومێدى ره‌حمه‌تى خواى گه‌وره ده‌بن پێست و دڵیان نه‌رم ئه‌بێ بۆ زیكر‌و یادی خوای گه‌وره كاتێك كه زیكری خوای گه‌وره ئه‌بیستن، (باوه‌ڕداران به بیستنى قورئان دڵخۆش و دڵ‌ئارام ده‌بن و تام و چێژ وه‌رده‌گرن، به‌ڵام خراپه‌كاران به بیستنى قورئان دڵته‌نگ و بێزار ده‌بن و به‌گومانى خۆیان به بیستنى گۆرانى و موسیقاو سه‌مفۆنیا چێژ وه‌رده‌گرن!!!) [ ذَلِكَ هُدَى اللَّهِ يَهْدِي بِهِ مَنْ يَشَاءُ ] ئه‌م قورئانه هیدایه‌تی خوای گه‌وره‌یه‌و هیدایه‌تی هه‌ر كه‌سێكی پێ ئه‌دات به فه‌زڵى خۆى كه ویستی لێ بێت و شایه‌نی هیدایه‌ت بێ [ وَمَنْ يُضْلِلِ اللَّهُ فَمَا لَهُ مِنْ هَادٍ (٢٣) ] وه هه‌ر كه‌سێكیش كه خوای گه‌وره گومڕای بكات به دادپه‌روه‌رى خۆى و شایه‌نی گومڕایی بێ ئه‌وه هیچ كه‌سێك ناتوانێ هیدایه‌تی بدات.
(24) [ أَفَمَنْ يَتَّقِي بِوَجْهِهِ سُوءَ الْعَذَابِ يَوْمَ الْقِيَامَةِ ] ئایا كه‌سێك كه له سزای ڕۆژی قیامه‌ت خۆی ده‌پارێزێت به باوه‌ڕو كرده‌وه‌ى چاك و خۆپاراستن له تاوان، وه‌كو كه‌سێك وایه كه خۆی ناپارێزێ و تاوان و خراپه‌كارى ده‌كات؟ بێگومان یه‌كسان نین [ وَقِيلَ لِلظَّالِمِينَ ذُوقُوا مَا كُنْتُمْ تَكْسِبُونَ (٢٤) ] وه ئه‌و ستهمكارانهى كه خۆیان له سزای خوای گه‌وره نه‌پاراستووه به ئیمان هێنان و به كرده‌وه‌ی چاك پێیان ئه‌ووترێ: ئه‌وه‌ی كه له دونیادا به ده‌ستان هێنابوو له كرده‌وه‌ی خراپ ئێستا سزاكه‌ی بچێژن.
(25) [ كَذَّبَ الَّذِينَ مِنْ قَبْلِهِمْ ] كافرانی پێش كافرانی قوڕه‌یشیش پێغه‌مبه‌رانی خۆیان به‌درۆزانی [ فَأَتَاهُمُ الْعَذَابُ مِنْ حَيْثُ لَا يَشْعُرُونَ (٢٥) ] خوای گه‌وره سزای بۆ ناردن به شێوازێك كه هه‌ستیان پێنه‌كرد.
(26) [ فَأَذَاقَهُمُ اللَّهُ الْخِزْيَ فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا ] وه خوای گه‌وره له ژیانی دونیادا به هۆى ئه‌و سزادانه‌وه زه‌لیل و ڕیسواو سه‌رشۆڕی كردن [ وَلَعَذَابُ الْآخِرَةِ أَكْبَرُ ] وه به دڵنیایى سزای ڕۆژی قیامه‌ت گه‌وره‌ترو سه‌ختتره [ لَوْ كَانُوا يَعْلَمُونَ (٢٦) ] ئه‌گه‌ر بزانن و بیر بكه‌نه‌وه.
(27) [ وَلَقَدْ ضَرَبْنَا لِلنَّاسِ فِي هَذَا الْقُرْآنِ مِنْ كُلِّ مَثَلٍ لَعَلَّهُمْ يَتَذَكَّرُونَ (٢٧) ] وه به دڵنیایى له‌م قورئانه پیرۆزه‌دا هه‌موو نموونه‌یه‌كمان بۆ خه‌ڵكی هێناوه‌ته‌وه تا تێبگه‌ن و بیر بكه‌نه‌وه‌و په‌ندو ئامۆژگاری وه‌ربگرن.
(28) [ قُرْآنًا عَرَبِيًّا غَيْرَ ذِي عِوَجٍ ] قورئانێكه به زمانی عه‌ره‌بی ئاشكرا دابه‌زیوه هیچ گێڕی و خوارى و جیاوازی و ئاڵۆزى و دژبه‌یه‌كی تیادا نیه [ لَعَلَّهُمْ يَتَّقُونَ (٢٨) ] به‌ڵكو ته‌قوای خوای گه‌وره بكه‌ن و خۆیان بپارێزن له تاوان.
(29) {نمونه‌ى هاوبه‌شبڕیارده‌ران} [ ضَرَبَ اللَّهُ مَثَلًا رَجُلًا فِيهِ شُرَكَاءُ مُتَشَاكِسُونَ ] خوای گه‌وره نموونه‌ی مرۆڤی موشریك ئه‌هێنێته‌وه به نموونه‌ی پیاوێك كه كۆمه‌ڵێك خاوه‌نی هه‌یه كه هه‌موویان شه‌ریكن له‌م پیاوه‌ی ژێرده‌ست و كۆیله‌یان، وه خاوه‌نه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كدا ناكۆكن، وه هه‌ڵسوكه‌وت و مامه‌ڵه‌شیان له‌گه‌ڵ كۆیلهكهدا قورس و خراپ و سه‌خته، ئه‌مه نمونه‌ى مرۆڤى هاوبهشبڕیاردهره كه چه‌ند خوایه‌ك ده‌په‌رستێت و خۆى كردووه به به‌نده‌ى چه‌ند خوایه‌ك [ وَرَجُلًا سَلَمًا لِرَجُلٍ ] وه پیاوێكی تریش یه‌ك خاوه‌نێكی هه‌یه‌و خۆی ته‌سلیمی یه‌ك كه‌سێك كردووه كه له‌گه‌ڵیدا باشه‌و ئه‌زانێ به‌چی ڕازی ئه‌بێ و جێبه‌جێی ئه‌كات، ئه‌مه نمونه‌ى مرۆڤی یهكخواپهرسته كه به تاك و ته‌نها خواى گه‌وره ده‌په‌رستێت و ده‌زانێت به‌چى رازیه‌و جێبه‌جێى ده‌كات و ئه‌نجامى ده‌دات و ره‌زامه‌ندى به‌ده‌ست دێنێت [ هَلْ يَسْتَوِيَانِ مَثَلًا ] ئایا ئه‌م دوو كه‌سه یه‌كسانن؟ بێگومان یه‌كسان نین [ الْحَمْدُ لِلَّهِ ] حه‌مدو سه‌ناو ستایش بۆ خوای گه‌وره كه چۆن دینه‌كه‌ی ڕوون ئه‌كاته‌وه بۆ خه‌ڵكی و به‌ڵگه‌یان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ ده‌كات [ بَلْ أَكْثَرُهُمْ لَا يَعْلَمُونَ (٢٩) ] به‌ڵام زۆربه‌ی خه‌ڵكی نه‌زانن بۆیه هاوبه‌ش بۆ خواى گه‌وره بڕیار ده‌ده‌ن.
(30) {پێغه‌مبه‌ری خوایش -صلی الله علیه وسلم - وه‌فات ده‌كات} [ إِنَّكَ مَيِّتٌ وَإِنَّهُمْ مَيِّتُونَ (٣٠) ] ئه‌ی محمد -صلی الله علیه وسلم - تۆش ده‌مریت و ئه‌وانیش ده‌مرن، ئه‌مه هه‌واڵی وه‌فاتی پێغه‌مبه‌ری خوا بوو -صلی الله علیه وسلم - ، (ئه‌بو به‌كرى صدیق له كاتى كۆچى دوایی پێغه‌مبه‌ری خوا -صلی الله علیه وسلم - ئه‌م ئایه‌ته‌ى خوێنده‌وه‌و كردیه به‌ڵگه له‌سه‌ر وه‌فاتى پێغه‌مبه‌ری خوا -صلی الله علیه وسلم - ).
(31) [ ثُمَّ إِنَّكُمْ يَوْمَ الْقِيَامَةِ عِنْدَ رَبِّكُمْ تَخْتَصِمُونَ (٣١) ] پاشان ئێوه له ڕۆژی قیامه‌ت له‌لای خوای گه‌وره مشتومڕو ده‌مه‌قاڵێ ده‌كه‌ن و كێشه‌كانتان له‌وێ یه‌كلا ئه‌بێته‌وه، موسڵمان له‌گه‌ڵ كافر، یان موسڵمان له‌گه‌ڵ موسڵماندا، كه ئه‌م ئایه‌ته دابه‌زى (زوبێرى كوڕى عه‌ووام) فه‌رمووى: ئه‌ى پێغه‌مبه‌ری خوا -صلی الله علیه وسلم - ئایا له رۆژى قیامه‌ت دووباره كێشه‌كانى نێوانمان سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه؟ پێغه‌مبه‌ری خوا -صلی الله علیه وسلم - فه‌رمووى: به‌ڵێ، دووباره سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه تا هه‌موو خاوه‌ن مافێك مافى خۆى وه‌رده‌گرێت (زوبێر) فه‌رمووى: كه‌واته به‌ڕاستى كارێكى یه‌كجار سه‌خته، وه پێغه‌مبه‌ری خوا -صلی الله علیه وسلم - ده‌فه‌رمێت: (دراوسێكان یه‌كه‌م كه‌سن كه له رۆژى قیامه‌ت مشت‌ومڕ ده‌كه‌ن و رووبه‌ڕووى یه‌كتر ده‌كرێنه‌وه)، (ابن عمر) ده‌فه‌رمێت: (كه ئه‌م ئایه‌ته دابه‌زى نه‌مانزانى ده‌رباره‌ى چى دابه‌زى، تا فیتنه‌و كێشه‌و كوشتار له نێوان موسڵماناندا روویدا ئه‌وكاته زانیمان ئه‌مه‌یه كه خواى گه‌وره به‌ڵێنى پێداوین كه رووبه‌رووى یه‌كترى ده‌بینه‌وه له‌سه‌رى و مشت‌ومڕ ده‌كه‌ین ده‌رباره‌ى).
(32) [ فَمَنْ أَظْلَمُ مِمَّنْ كَذَبَ عَلَى اللَّهِ ] ئایا كێ له‌و كه‌سه سته‌مكارتره، واته: كه‌س سته‌مكارتر نیه له‌و كه‌سه‌ی كه درۆ بۆ خوای گه‌وره هه‌ڵئه‌به‌ستێ و به‌ناوی خوای گه‌وره‌وه قسه ئه‌كات، یان منداڵ ئه‌داته پاڵ خوای گه‌وره وه‌كو جوله‌كه‌و گاور‌و هاوبه‌شبڕیارده‌ران، یان شه‌ریك بۆ خواى گه‌وره دائه‌نێت [ وَكَذَّبَ بِالصِّدْقِ إِذْ جَاءَهُ ] وه ئه‌و ڕاستیه‌ش كه ته‌وحیدو یه‌كخواپه‌رستی خوای گه‌وره‌یه‌و له‌لایه‌ن پێغه‌مبه‌ری خواوه -صلی الله علیه وسلم - بۆی هاتووه ئه‌م به‌درۆی ئه‌زانێت و باوه‌ڕی پێ ناكات[ أَلَيْسَ فِي جَهَنَّمَ مَثْوًى لِلْكَافِرِينَ (٣٢) ] ئایا جه‌هه‌ننه‌م شوێنی مانه‌وه‌ی ئه‌و كافرانه نیه كه ئاوا شه‌ریك بۆ خوای گه‌وره دائه‌نێن و به‌ناوی خوای گه‌وره‌وه قسه ئه‌كه‌ن؟ (واته: به دڵنیایی دۆزه‌خ شوێنیانه).
(33) [ وَالَّذِي جَاءَ بِالصِّدْقِ ] وه ئه‌و كه‌سه‌ی كه ڕاستی و ته‌وحیدو یه‌كخواپه‌رستی هێناوه كه پێغه‌مبه‌ری خوایه -صلی الله علیه وسلم - ، یان جبریله، یان سه‌رجه‌م پێغه‌مبه‌رانه [ وَصَدَّقَ بِهِ ] وه ئه‌وانه‌یشی كه به‌ڕاستیان داناوه، واته: باوه‌ڕداران، یان وتراوه: مه‌به‌ست پێی (ئه‌بوبه‌كری صدیق)ه (خواى لێ رازى بێت) كه یه‌كه‌م كه‌س بوو ئیمانی هێناوه [ أُولَئِكَ هُمُ الْمُتَّقُونَ (٣٣) ] ئا ئه‌مانه به‌ڕاستی كه‌سانێكی موتته‌قی و له خواترس و خۆپارێزن.
(34) [ لَهُمْ مَا يَشَاءُونَ عِنْدَ رَبِّهِمْ ] ئه‌مانه لای خوای گه‌وره له به‌هه‌شتدا ویستیان له هه‌ر شتێك هه‌بێ بۆیان هه‌یه‌و پێیان ده‌درێت [ ذَلِكَ جَزَاءُ الْمُحْسِنِينَ (٣٤) ] ئه‌مه پاداشتی ئه‌و چاكهكارانهیه.
(35) [ لِيُكَفِّرَ اللَّهُ عَنْهُمْ أَسْوَأَ الَّذِي عَمِلُوا ] تا خوای گه‌وره لێیان خۆشبێ له خراپترین تاوان كه كردبێتیان [ وَيَجْزِيَهُمْ أَجْرَهُمْ بِأَحْسَنِ الَّذِي كَانُوا يَعْمَلُونَ (٣٥) ] وه پاداشتیشیان ئه‌داته‌وه به باشترین شێواز له‌سه‌ر ئه‌و كرده‌وه چاكانه‌ی كه كردوویانه.
(36) {باوه‌ڕداران خوایان به‌سه} [ أَلَيْسَ اللَّهُ بِكَافٍ عَبْدَهُ ] ئایا خوای گه‌وره به‌س نیه بۆ ئه‌و به‌ندانه‌ی كه ده‌یپه‌رستن و ته‌وه‌كول ئه‌كه‌نه سه‌رى؟ واته: به‌دڵنیایى خواى گه‌وره‌یان به‌سه و پێویستیان به كه‌سى تر نیه [ وَيُخَوِّفُونَكَ بِالَّذِينَ مِنْ دُونِهِ ] به‌ڵام كافران له گومڕایی و نه‌زانى و نهفامیاندا هه‌ڕه‌شه‌ت لێده‌كه‌ن و ده‌تترسێنن به‌و خوایانه‌ی كه هه‌یانه [ وَمَنْ يُضْلِلِ اللَّهُ فَمَا لَهُ مِنْ هَادٍ (٣٦) ] وه هه‌ر كه‌سێك خوای گه‌وره گومڕای بكات و شایه‌نی گومڕایی بێت كه‌س ناتوانێ هیدایه‌تی بدات
(37) [ وَمَنْ يَهْدِ اللَّهُ ] وه هه‌ر كه‌سێكیش خوای گه‌وره هیدایه‌تی بدات و شایه‌نی هیدایه‌ت بێت و ڕێگای هیدایه‌ت بگرێته به‌ر [ فَمَا لَهُ مِنْ مُضِلٍّ ] ئه‌وا كه‌س ناتوانێ گومڕای بكات [ أَلَيْسَ اللَّهُ بِعَزِيزٍ ذِي انْتِقَامٍ (٣٧) ] ئایا خوای گه‌وره زۆر به‌عیززه‌ت و تۆڵه‌سێن نیه له‌و كه‌سانه‌ی كه سه‌رپێچی ئه‌كه‌ن؟ به‌ڵێ به‌دڵنیایى خوای گه‌وره به‌و شێوازه‌یه.
(38) {كافران دان به په‌روه‌ردگارێتى خواى گه‌وره‌دا ده‌نێن} [ وَلَئِنْ سَأَلْتَهُمْ مَنْ خَلَقَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ لَيَقُولُنَّ اللَّهُ ] ئه‌ی محمد -صلی الله علیه وسلم - وه ئه‌گه‌ر پرسیار له موشریكان و كافرانى قوڕه‌یش بكه‌یت كێ ئاسمانه‌كان و زه‌وی دروست كردووه؟ ئه‌وان ئه‌ڵێن: به دڵنیایی ته‌نها خوای گه‌وره دروستی كردووه [ قُلْ أَفَرَأَيْتُمْ مَا تَدْعُونَ مِنْ دُونِ اللَّهِ إِنْ أَرَادَنِيَ اللَّهُ بِضُرٍّ هَلْ هُنَّ كَاشِفَاتُ ضُرِّهِ ] ئه‌ی محمد -صلی الله علیه وسلم - پێیان بڵێ: هه‌واڵم پێ بده‌ن ئه‌گه‌ر خوای گه‌وره بیه‌وێ من تووشی زیانێك بكات ئایا ئه‌و خوایانه‌ی كه ئێوه جگه له خوای گه‌وره ده‌یانپه‌رستن ئه‌توانن ئه‌و زه‌ره‌رو زیانه له‌سه‌ر من لابده‌ن؟ بێگومان نه‌خێر [ أَوْ أَرَادَنِي بِرَحْمَةٍ هَلْ هُنَّ مُمْسِكَاتُ رَحْمَتِهِ ] یاخود ئایا ئه‌گه‌ر خوای گه‌وره بیه‌وێ من تووشی ڕه‌حمه‌ت و نیعمه‌ت و خۆشیه‌ك بكات ئایا ئه‌وان ئه‌توانن بیگرنهوهو بیگێڕنه‌وه؟ بێگومان نه‌خێر [ قُلْ حَسْبِيَ اللَّهُ ] ئه‌ی محمد -صلی الله علیه وسلم - بڵێ: من له هه‌موو كاروبارێكمدا ته‌نها خوای گه‌وره‌م به‌سه [ عَلَيْهِ يَتَوَكَّلُ الْمُتَوَكِّلُونَ (٣٨) ] پشتبهستوان ته‌نها پشت به خوای گه‌وره ئه‌به‌ستن و هه‌موو كاروباریان ته‌نها به خوای گه‌وره ده‌سپێرن.
(39) [ قُلْ يَا قَوْمِ اعْمَلُوا عَلَى مَكَانَتِكُمْ ] ئه‌ی محمد -صلی الله علیه وسلم - بڵێ: ئه‌ی قه‌ومی خۆم ئێوه كار بكه‌ن له‌سه‌ر رێگا‌و رێچكه‌و رێبازى خۆتان، (ئه‌مه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى سه‌خته) [ إِنِّي عَامِلٌ ] منیش له‌سه‌ر رێگا‌و رێبازى خۆم عیباده‌تی خوای گه‌وره ئه‌كه‌م [ فَسَوْفَ تَعْلَمُونَ (٣٩) ] به‌ڵام له داهاتوودا له ڕۆژی قیامه‌ت سه‌ره‌نجامی ئه‌م كاره خراپانه‌تان ئه‌زانن كه شه‌ریك دانانه بۆ خواى گه‌وره.
(40) [ مَنْ يَأْتِيهِ عَذَابٌ يُخْزِيهِ ] له داهاتوودا ئه‌زانن كێیه كه سزایه‌كی بۆ دێت له‌لایه‌ن خوای گه‌وره‌وه هه‌ر له دونیادا زه‌لیل و ڕیسواو سه‌رشۆڕیان ئه‌كات [ وَيَحِلُّ عَلَيْهِ عَذَابٌ مُقِيمٌ (٤٠) ] وه له قیامه‌تیشدا سزایه‌كی هه‌میشه‌یی له‌ناو ئاگری دۆزه‌خدا ڕووبه‌ڕوویان ئه‌بێته‌وه‌و تووشیان ئه‌بێت.
(41) [ إِنَّا أَنْزَلْنَا عَلَيْكَ الْكِتَابَ لِلنَّاسِ بِالْحَقِّ ] ئه‌ی محمد -صلی الله علیه وسلم - ئێمه ئه‌م قورئانه پیرۆزه‌مان بۆ دابه‌زاندوویت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و حه‌قه بۆ خه‌ڵكى ڕوون بكه‌یته‌وه به تێكڕا، یان به حه‌ق بۆ خه‌ڵكمان دابه‌زاندووه [ فَمَنِ اهْتَدَى فَلِنَفْسِهِ ] جا هه‌ر كه‌سێك ڕێگای هیدایه‌ت بگرێته به‌ر ئه‌وه سوودو قازانجی ته‌نها بۆ خۆیه‌تی [ وَمَنْ ضَلَّ فَإِنَّمَا يَضِلُّ عَلَيْهَا ] وه هه‌ر كه‌سێكیش ڕێگای گومڕایی بگرێته به‌رو گومڕا بێت ئه‌وه زه‌ره‌رو زیانی ته‌نها بۆ خۆیه‌تی [ وَمَا أَنْتَ عَلَيْهِمْ بِوَكِيلٍ (٤١) ] وه تۆیش داوات لێ نه‌كراوه كه به زۆر هیدایه‌تیان بده‌یت، به‌ڵكو ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ت له‌سه‌ره دینه‌كه‌ی خوای گه‌وره‌یان پێ بگه‌یه‌نیت.
(42) [ اللَّهُ يَتَوَفَّى الْأَنْفُسَ حِينَ مَوْتِهَا ] خوای گه‌وره ئه‌و خوایه‌یه كه نه‌فسه‌كان ئه‌مرێنێ له كاتی خه‌وتنیانداو ڕوحیان لێ ئه‌سێنێ [ وَالَّتِي لَمْ تَمُتْ فِي مَنَامِهَا ] وه ئه‌وه‌یشی كه له خه‌وه‌كه‌یدا ئه‌جه‌لی نه‌هاتبێت ئه‌وه خوای گه‌وره ڕوحه‌كه‌ی ئه‌خاته‌وه به‌رو بۆى ده‌گه‌ڕێنێته‌وه [ فَيُمْسِكُ الَّتِي قَضَى عَلَيْهَا الْمَوْتَ ] ئه‌وه‌ی كه خوای گه‌وره بڕیاری مردنی به‌سه‌ردا داوه ئه‌وه كه خه‌وت له‌ناو خه‌ودا ڕوحه‌كه‌ی ئه‌باته‌وه‌و ئه‌گرێته‌وه [ وَيُرْسِلُ الْأُخْرَى إِلَى أَجَلٍ مُسَمًّى ] وه ئه‌وه‌یشی كه ئه‌جه‌لی نه‌هاتووه ڕوحه‌كه‌ی بۆ ئه‌گه‌ڕێنێته‌وه‌و به‌خه‌به‌ر دێت و هه‌ڵئه‌سێته‌وه تا كاتى دیاریكراوى خۆى [ إِنَّ فِي ذَلِكَ لَآيَاتٍ لِقَوْمٍ يَتَفَكَّرُونَ (٤٢) ] به دڵنیایی ئه‌مانه نیشانه‌و به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر تاك و ته‌نهایى و توانا‌و ده‌سه‌ڵاتی خوای گه‌وره بۆ كه‌سانێك كه بیر بكه‌نه‌وه‌و تێبفكرن له توانا‌و ده‌سه‌ڵاتی خوا.
(43) [ أَمِ اتَّخَذُوا مِنْ دُونِ اللَّهِ شُفَعَاءَ ] به‌ڵكو ئه‌وان جگه له خوای گه‌وره كۆمه‌ڵێك كه‌سیان داناوه كه به گومانى خۆیان تكاو شه‌فاعه‌تیان بۆ بكه‌ن [ قُلْ أَوَلَوْ كَانُوا لَا يَمْلِكُونَ شَيْئًا وَلَا يَعْقِلُونَ (٤٣) ] ئه‌ی محمد -صلی الله علیه وسلم - بڵێ: ئایا نازانن ئه‌وانه‌ی كه ئێوه كردووتانن به تكاكار لای خوای گه‌وره موڵكی هیچ شتێكیان نیه وه عه‌قڵیشیان نیه.
(44) {شه‌فاعه‌ت ته‌نها به ده‌ست خواى گه‌وره‌یه} [ قُلْ لِلَّهِ الشَّفَاعَةُ جَمِيعًا ] ئه‌ی محمد -صلی الله علیه وسلم - بڵێ: شه‌فاعه‌ت هه‌مووی بۆ خوای گه‌وره‌یه‌و به‌ده‌ست خوای گه‌وره‌یه‌و كه‌س به‌بێ ئیزن و ره‌زامه‌ندى خواى گه‌وره ناتوانێت شه‌فاعه‌ت بكات و خواى گه‌وره له كافران و خواكانیشیان رازى نیه ئیتر چۆن ده‌توانن شه‌فاعه‌تتان بۆ بكه‌ن!؟ [ لَهُ مُلْكُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ ] وه موڵكی ئاسمانه‌كان و زه‌وی هه‌مووی ته‌نها هی خوای گه‌وره‌یه [ ثُمَّ إِلَيْهِ تُرْجَعُونَ (٤٤) ] پاشان ته‌نها بۆ لای خوای گه‌وره ئه‌گه‌ڕێنه‌وه.
(45) [ وَإِذَا ذُكِرَ اللَّهُ وَحْدَهُ اشْمَأَزَّتْ قُلُوبُ الَّذِينَ لَا يُؤْمِنُونَ بِالْآخِرَةِ ] وه كاتێك كه به‌تاك و ته‌نها ناوی خوای گه‌وره بهێنرێت و باسی لا إله إلا الله و ته‌وحیدی خوای گه‌وره بكرێت ئه‌وانه‌ی كه باوه‌ڕیان به ڕۆژی دوایی نیه دڵیان ته‌سك و ته‌نگ ده‌بێت و راده‌كه‌ن و خۆیان به‌گه‌وره ده‌زانن [ وَإِذَا ذُكِرَ الَّذِينَ مِنْ دُونِهِ إِذَا هُمْ يَسْتَبْشِرُونَ (٤٥) ] وه ئه‌گه‌ر باسی جگه له خوای گه‌وره بكرێ له په‌رستراوه‌كانیان ئه‌وا دڵخۆش و خۆشحاڵ ئه‌بن.
(46) [ قُلِ اللَّهُمَّ فَاطِرَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ ] ئه‌ی محمد -صلی الله علیه وسلم - بڵێ: ئه‌ی په‌روه‌ردگاری دروستكارو به‌دیهێنه‌ری ئاسمانه‌كان و زه‌وی [ عَالِمَ الْغَيْبِ وَالشَّهَادَةِ ] ئه‌ی زانای نهێنی و ئاشكراكان [ أَنْتَ تَحْكُمُ بَيْنَ عِبَادِكَ فِي مَا كَانُوا فِيهِ يَخْتَلِفُونَ (٤٦) ] هه‌ر تۆی كه بڕیار ئه‌ده‌ی له نێوان به‌نده‌كانتدا له ڕۆژی قیامه‌ت له‌و شتانه‌ی كه له دونیادا كێشه‌و ناكۆكی و جیاوازیان هه‌بووه له‌سه‌ری، واته: نێوانی موسڵمانان و كافران.
(47) [ وَلَوْ أَنَّ لِلَّذِينَ ظَلَمُوا مَا فِي الْأَرْضِ جَمِيعًا وَمِثْلَهُ مَعَهُ لَافْتَدَوْا بِهِ مِنْ سُوءِ الْعَذَابِ يَوْمَ الْقِيَامَةِ ] وه ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی شه‌ریكیان بۆ خوای گه‌وره بڕیار داوه هه‌رچی له‌سه‌ر ڕووی زه‌وی هه‌یه هه‌ر هه‌مووی هی ئه‌وان بێ وه هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ش بیده‌یته پاڵی به‌هه‌مان شێوه هه‌ر هه‌مووی ئه‌به‌خشن ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه له خراپی سزای ڕۆژی قیامه‌ت ڕزگاریان بێت به‌ڵام ڕزگاریان نابێ ئه‌گه‌ر به پڕایی زه‌وى ئاڵتونیش ببه‌خشن [ وَبَدَا لَهُمْ مِنَ اللَّهِ مَا لَمْ يَكُونُوا يَحْتَسِبُونَ (٤٧) ] وه له‌لایه‌ن خوای گه‌وره‌وه سزای خوای گه‌وره‌یان بۆ ده‌رئه‌كه‌وێت كه ئه‌وان پێشتر حسابیان بۆی نه‌كردبوو به‌خه‌یاڵیاندا نه‌هاتبوو وه خۆیان بۆ ئاماده نه‌كردبوو.
(48) [ وَبَدَا لَهُمْ سَيِّئَاتُ مَا كَسَبُوا ] وه كرده‌وه خراپه‌كانیشیان له شیرك و تاوان بۆ ده‌رئه‌كه‌وێ و نیشانیان ئه‌درێ [ وَحَاقَ بِهِمْ مَا كَانُوا بِهِ يَسْتَهْزِئُونَ (٤٨) ] وه ئه‌و سزایه‌ی كه له دونیادا گاڵته‌یان پێ ئه‌كرد هه‌مووی تووشیان ئه‌بێ و ئه‌یانگرێته‌وه.
(49) [ فَإِذَا مَسَّ الْإِنْسَانَ ضُرٌّ دَعَانَا ] وه كاتێك كه مرۆڤـ تووشی زه‌ره‌رو زیانێك بێت له خوای گه‌وره ئه‌پاڕێته‌وه [ ثُمَّ إِذَا خَوَّلْنَاهُ نِعْمَةً مِنَّا ] پاشان ئه‌گه‌ر نیعمه‌تێكیان له‌لایه‌ن خۆمانه‌وه پێ ببه‌خشین [ قَالَ إِنَّمَا أُوتِيتُهُ عَلَى عِلْمٍ ] ئه‌ڵێ: ئه‌مه به زانیاری و لێهاتووی خۆم په‌یدام كردووه‌و ناڵێ فه‌زڵی خوای گه‌وره‌یه، یاخود ده‌ڵێن خواى گه‌وره ده‌یزانى كه من شایانیم بۆیه پێى به‌خشیوم [ بَلْ هِيَ فِتْنَةٌ ] خواى گه‌وره ده‌فه‌رمێت: وانیه به‌ڵكو ئه‌وه فیتنه‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌كه كه پێیمان به‌خشیوه تا ده‌ركه‌وێت ئایا گوێڕایه‌ڵ ده‌بێت یان سه‌رپێچیكار [ وَلَكِنَّ أَكْثَرَهُمْ لَا يَعْلَمُونَ (٤٩) ] به‌ڵام زۆربه‌ی خه‌ڵكى نازانن كه به‌خشینی خوای گه‌وره بۆ ئه‌وان تاقیكردنه‌وه‌یه‌و بزانین ئایا شوكرانه‌بژێری خوای گه‌وره ئه‌كه‌ن یان نا.
(50) [ قَدْ قَالَهَا الَّذِينَ مِنْ قَبْلِهِمْ ] كافرانی پێش ئه‌مانیش ئه‌م قسه‌یه‌یان كرد كه وتیان: ئێمه ئه‌وه‌ی كه هه‌مانه به شاره‌زایی و زانیاری و زیره‌كى و لێهاتوویی خۆمان په‌یدامان كردووه‌و به‌ده‌ستمان هێناوه [ فَمَا أَغْنَى عَنْهُمْ مَا كَانُوا يَكْسِبُونَ (٥٠) ] بۆیه كاتێك سزای خوای گه‌وره‌یان بۆ هات ئه‌وه‌ی كه به‌ده‌ستیان هێنابوو هیچ سوودی پێ نه‌گه‌یاندن و سزای خوای گه‌وره‌ی لێ نه‌گه‌ڕاندنه‌وه.
(51) [ فَأَصَابَهُمْ سَيِّئَاتُ مَا كَسَبُوا ] بۆیه سزای كرده‌وه خراپه‌كانی خۆیان تووشیان بوو [ وَالَّذِينَ ظَلَمُوا مِنْ هَؤُلَاءِ سَيُصِيبُهُمْ سَيِّئَاتُ مَا كَسَبُوا ] وه ئه‌م كافرانه‌یشى كه ئێستا هه‌ن و ئه‌م قسه‌یه ده‌كه‌ن ئه‌مانیش سزای كرده‌وه خراپه‌كانی خۆیان رووبه‌ڕوویان ئه‌بێته‌وه‌و ئه‌یانگرێته‌وه [ وَمَا هُمْ بِمُعْجِزِينَ (٥١) ] وه ئه‌و كاته ئه‌وان ڕزگاریان نابێت له سزای خوای گه‌وره.
(52) [ أَوَلَمْ يَعْلَمُوا أَنَّ اللَّهَ يَبْسُطُ الرِّزْقَ لِمَنْ يَشَاءُ وَيَقْدِرُ ] ئایا نازانن هه‌ر خوای گه‌وره‌یه به فه‌زڵ و چاكه‌ى خۆى ڕزقی خۆی فراوان ئه‌كات بۆ هه‌ر كه‌سێك كه ویستی لێ بێت، وه كه‌میشی ئه‌كاته‌وه بۆ هه‌ر كه‌سێك كه ویستی لێ بێت به گوێره‌ی حیكمه‌تی خۆی [ إِنَّ فِي ذَلِكَ لَآيَاتٍ لِقَوْمٍ يُؤْمِنُونَ (٥٢) ] به دڵنیایی ئه‌مانه هه‌مووی به‌ڵگه‌و نیشانه‌ن له‌سه‌ر تاك و ته‌نهایى و توانا‌و ده‌سه‌ڵاتی خوای گه‌وره بۆ كه‌سانێك كه باوه‌ڕیان هه‌بێت.
(53) بێ‌ئومێد نه‌بوون له ره‌حمه‌تى خوا [ قُلْ يَا عِبَادِيَ الَّذِينَ أَسْرَفُوا عَلَى أَنْفُسِهِمْ لَا تَقْنَطُوا مِنْ رَحْمَةِ اللَّهِ ] (ئیبنو عه‌بباس) ده‌فه‌رمێت: كه‌سانێك له هاوبه‌شبڕیارده‌ران خه‌ڵكیان كوشتبوو به زۆرى، وه زینایان كردبوو به زۆرى، هاتنه لاى پێغه‌مبه‌رى خوا -صلی الله علیه وسلم - وتیان ئه‌ی محمد -صلی الله علیه وسلم - ئه‌وه‌ى تۆ ده‌یڵێیت و بانگه‌وازى بۆ ده‌كه‌یت شتێكى چاكه به‌ڵام پێمان بڵێ: ئایا ئه‌و تاوانانه‌ى كه پێشتر كردوومانه ده‌سڕێته‌وه‌و خوا لێمان خۆش ده‌بێت؟ خواى گه‌وره ئه‌م ئایه‌ته‌ى دابه‌زاندو فه‌رمووى: ئه‌ی محمد -صلی الله علیه وسلم - به‌و به‌ندانه‌م بڵێ كه ئیسراف و زیادڕه‌ویان كردووه له تاوان و سه‌رپێچیدا: بێ‌ئومێد نه‌بن له ڕه‌حمه‌تی خوا [ إِنَّ اللَّهَ يَغْفِرُ الذُّنُوبَ جَمِيعًا ] به‌دڵنیایی خوای گه‌وره له هه‌موو تاوانێك خۆش ئه‌بێ ته‌نها شه‌ریك دانان نه‌بێت بۆی ئیتر له هه‌موو تاوانێكی تر خۆش ئه‌بێت، (ئه‌مه ئومێدبه‌خشترین ئایه‌ته له كتابی خوای گه‌وره، وه صه‌حابه زۆر دڵیان پێی خۆش بووه)، وه (ئه‌م ئایه‌ته بانگكردنى سه‌رجه‌م كافران و تاوانبارانه بۆ ته‌وبه كردن و گه‌ڕانه‌وه بۆ لاى خواى گه‌وره، وه ئه‌وه‌ى ته‌وبه بكات چه‌ندێك تاوانى زۆر بێت خواى گه‌وره لێى خۆش ده‌بێت، وه‌كو ئه‌و كه‌سه‌ى كه سه‌د كه‌سى كوشت و ته‌وبه‌ى كرد‌و خواى گه‌وره لێى خۆش بوو)، (ابن عباس) ده‌فه‌رمێت: (هه‌ركه‌سێك له پاش ئه‌م ئایه‌ته خه‌ڵكى بێ‌ئومێد بكات له ته‌وبه ئه‌وا باوه‌ڕى به قورئانى پیرۆز نیه) [ إِنَّهُ هُوَ الْغَفُورُ الرَّحِيمُ (٥٣) ] وه به دڵنیایی خوای گه‌وره زۆر لێخۆش‌بوو به‌ڕه‌حم و به‌زه‌ییه.
(54) [ وَأَنِيبُوا إِلَى رَبِّكُمْ وَأَسْلِمُوا لَهُ ] وه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ لای خوای گه‌وره‌و ته‌وبه بكه‌ن وه خۆتان ته‌سلیمی خوای گه‌وره بكه‌ن [ مِنْ قَبْلِ أَنْ يَأْتِيَكُمُ الْعَذَابُ ثُمَّ لَا تُنْصَرُونَ (٥٤) ] پێش ئه‌وه‌ی كه سزای خوای گه‌وره‌تان بۆ بێ له دونیادا پاشان كه‌س نیه كه سه‌رتان بخات.
(55) [ وَاتَّبِعُوا أَحْسَنَ مَا أُنْزِلَ إِلَيْكُمْ مِنْ رَبِّكُمْ ] وه شوێنی باشترین شت بكه‌ون له‌وه‌ی كه له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگارتانه‌وه بۆتان دابه‌زیوه، واته: له قورئانی پیرۆزدا كه قورئان هه‌مووی باش و چاكه، یاخود وتراوه: مه‌به‌ست پێی ئایه‌ته موحكه‌مه‌كانه‌و شوێنی ئایه‌ته موحكه‌مه‌كان بكه‌ون، یاخود شوێنی ئه‌و ئایه‌تانه بكه‌ون كه باسی لێبووردنه نه‌ك تۆڵه سه‌ندنه‌وه [ مِنْ قَبْلِ أَنْ يَأْتِيَكُمُ الْعَذَابُ بَغْتَةً وَأَنْتُمْ لَا تَشْعُرُونَ (٥٥) ] پێش ئه‌وه‌ی كه سزای خوای گه‌وره‌تان بۆ بێ له ناكاو و كتوپڕدا وه ئێوه هه‌ست نه‌كه‌ن و بێ‌ئاگا بن.
(56) {ته‌وبه كردن پێش په‌شیمان بوونه‌وه} [ أَنْ تَقُولَ نَفْسٌ يَا حَسْرَتَا عَلَى مَا فَرَّطْتُ فِي جَنْبِ اللَّهِ ] ئه‌و كاته كه رۆژى قیامه‌ته كه‌سێك بڵێت هاوار بۆ خۆم و په‌شیمانی هه‌ڵكێشێ له‌وه‌ی كه كه‌مته‌رخه‌می كردووه له په‌رستن و گوێڕایه‌ڵى خوای گه‌وره‌دا، یان له نزیكی خوای گه‌وره‌دا، یان له ته‌وبه كردن و گه‌ڕانه‌وه بۆ لاى خواى گه‌وره [ وَإِنْ كُنْتُ لَمِنَ السَّاخِرِينَ (٥٦) ] وه هه‌ر چه‌نده ئه‌م له‌و كه‌سانه بووه كه له دونیادا گاڵته‌یان به دینی خوای گه‌وره كردووه.
(57) [ أَوْ تَقُولَ لَوْ أَنَّ اللَّهَ هَدَانِي لَكُنْتُ مِنَ الْمُتَّقِينَ (٥٧) ] یان كرده‌وه‌ی چاك بكه‌ن و ته‌وبه بكه‌ن پێش ئه‌وه‌ی له ڕۆژی قیامه‌تدا بڵێی ئه‌گه‌ر خوای گه‌وره هیدایه‌تی بدامایهو ڕێنمایی بكردمایه ئه‌وا ئێستا منیش یه‌كێك ده‌بووم له‌و كه‌سانه‌ی كه ته‌قوای خوای گه‌وره‌م ئه‌كرد.
(58) [ أَوْ تَقُولَ حِينَ تَرَى الْعَذَابَ لَوْ أَنَّ لِي كَرَّةً فَأَكُونَ مِنَ الْمُحْسِنِينَ (٥٨) ] یان كاتێك كه سزای خوای گه‌وره ئه‌بینێ بڵێت ئه‌گه‌ر منیش جارێكی تر گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ هه‌بوایه بۆ دونیا ئه‌وه منیش كه‌سێكی چاكه‌كار ئه‌بووم، واته: پێش ئه‌وه‌ی ئه‌و قسانه بكه‌یت و په‌شیمان ببیته‌وه له دونیادا چاكه بكه‌و ئیمان بێنه‌و ته‌وبه بكه.
(59) [ بَلَى قَدْ جَاءَتْكَ آيَاتِي فَكَذَّبْتَ بِهَا ] خواى گه‌وره پێیان ده‌فه‌رمێت: به‌ڵێ ئایه‌ته‌كانی منت بۆ هات وه پێتگه‌یشت به‌ڵام تۆ به درۆت زانی [ وَاسْتَكْبَرْتَ ] وه خۆت به‌گه‌وره زانی و لووتبه‌رز بووی له ئاستیاندا [ وَكُنْتَ مِنَ الْكَافِرِينَ (٥٩) ] وه تۆ یه‌كێك بووی له‌وانه‌ی كه كافرو بێباوه‌ڕ بوویت پێی.
(60) {كافران و بیدعه‌چیان له رۆژى قیامه‌ت روویان ره‌ش ده‌بێت} [ وَيَوْمَ الْقِيَامَةِ تَرَى الَّذِينَ كَذَبُوا عَلَى اللَّهِ وُجُوهُهُمْ مُسْوَدَّةٌ ] وه له ڕۆژی قیامه‌تیش ئه‌وانه‌ی كه درۆیان بۆ خوای گه‌وره هه‌ڵبه‌ستووه‌و شه‌ریكیان بۆ خواى گه‌وره داناوه‌و به‌ناوی خوای گه‌وره‌و به‌ناوی دینه‌كه‌ی خوای گه‌وره‌وه قسه‌یان كردووه ده‌بینیت ڕوویان ڕه‌شه، (ابن عباس) ده‌فه‌رمێت: (ئه‌هلى بیده‌ع و ناكۆكى و جیاوازى و پارچه پارچه‌یی روویان ره‌ش ده‌بێت، وه ئه‌هلى سوننه‌و جهماعهیش روویان سپى ده‌بێت) [ أَلَيْسَ فِي جَهَنَّمَ مَثْوًى لِلْمُتَكَبِّرِينَ (٦٠) ] ئایا له جه‌هه‌ننه‌مدا شوێنی مانه‌وه نیه بۆ ئه‌و كه‌سه خۆبه‌گه‌وره‌زان و لووتبه‌رزانه كه خۆیان به‌گه‌وره ئه‌زانی له ئاست گوێڕایه‌ڵى و عیباده‌تی خوا؟ (واته: به دڵنیایى دۆزه‌خ شوێنى مانه‌وه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌یه).
(61) [ وَيُنَجِّي اللَّهُ الَّذِينَ اتَّقَوْا بِمَفَازَتِهِمْ ] وه ئه‌وانه‌یشی كه ته‌قوای خوای گه‌وره‌یان كردووه خوای گه‌وره سه‌ریان ئه‌خات و ڕزگاریان ئه‌كات له ئاگری دۆزه‌خ، وه به‌هه‌شت ئهبهنهوهو ده‌چنه ناوى [ لَا يَمَسُّهُمُ السُّوءُ ] كه هیچ خراپه‌و سزایه‌ك ئه‌مان ناگرێته‌وه [ وَلَا هُمْ يَحْزَنُونَ (٦١) ] وه خه‌فه‌تیش ناخۆن له‌وه‌ی كه له دونیا به‌جێیان هێشتووه، به‌ڵكو ئه‌مینن.
(62) [ اللَّهُ خَالِقُ كُلِّ شَيْءٍ ] خوای گه‌وره دروستكاری هه‌موو شتێكه [ وَهُوَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ وَكِيلٌ (٦٢) ] وه خوای گه‌وره توانا‌و ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هه‌موو شتێك‌دا هه‌یه‌و خۆى ئه‌م بوونه‌وه‌ره به‌ڕێوه ده‌بات و هه‌ڵسوكه‌وتى تێدا ده‌كات.
(63) [ لَهُ مَقَالِيدُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ ] وه كلیلی خه‌زێنه‌كانی ئاسمانه‌كان و زه‌وی هه‌مووی به‌ده‌ستى خوای گه‌وره‌یه [ وَالَّذِينَ كَفَرُوا بِآيَاتِ اللَّهِ أُولَئِكَ هُمُ الْخَاسِرُونَ (٦٣) ] وه ئه‌و كه‌سانه‌ی كه كوفریان كردووه به ئایه‌ته‌كانی خوای گه‌وره ئه‌وانه زه‌ره‌رمه‌ندی ڕاسته‌قینه‌ن.
(64) [ قُلْ أَفَغَيْرَ اللَّهِ تَأْمُرُونِّي أَعْبُدُ أَيُّهَا الْجَاهِلُونَ (٦٤) ] هاوبه‌شبڕیارده‌ران له نه‌زانى و نهفامییاندا داوایان له پێغه‌مبه‌رى خوا -صلی الله علیه وسلم - كرد كه خوایهكانى ئه‌وان بپه‌رستێت و ئه‌وانیش خوایهكهى ئه‌م ده‌په‌رستن، خواى گه‌وره ئه‌م ئایه‌ته‌ى دابه‌زاند: ئه‌ی محمد -صلی الله علیه وسلم - پێیان بڵێ: ئایا ئێوه فه‌رمانم پێ ئه‌كه‌م كه من عیبادهت بۆ جگه له خواى گه‌وره بكه‌م ئه‌ی نه‌زان و نه‌فامان.
(65) {هاوه‌ڵ بڕیاردان بۆ خوا كرده‌وه به‌تاڵ ده‌كاته‌وه} [ وَلَقَدْ أُوحِيَ إِلَيْكَ وَإِلَى الَّذِينَ مِنْ قَبْلِكَ لَئِنْ أَشْرَكْتَ لَيَحْبَطَنَّ عَمَلُكَ وَلَتَكُونَنَّ مِنَ الْخَاسِرِينَ (٦٥) ] وه به دڵنیایی ئه‌ی محمد -صلی الله علیه وسلم - وه‌حیمان بۆ تۆ و بۆ پێغه‌مبه‌رانی پێش تۆیش ناردووه ئه‌گه‌ر شه‌ریك بۆ خوای گه‌وره بڕیار بده‌ی ئه‌وه كرده‌وه‌كانت هه‌مووی به‌تاڵ ئه‌بێته‌وه وه له زه‌ره‌رمه‌ندان ده‌بیت، (هه‌ر چه‌نده پێغه‌مبه‌ری خوا -صلی الله علیه وسلم - دوور بووه له شه‌ریك دانان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێغه‌مبه‌ری خوا -صلی الله علیه وسلم - شه‌ریك بۆ خوا دابنێت كرده‌وه‌ی به‌تاڵ بێته‌وه ئه‌وا ئێمه له پێشترین و هه‌ڕه‌شه‌كه بۆ ئێمه‌یه).
(66) [ بَلِ اللَّهَ فَاعْبُدْ ] به‌ڵكو به‌تاك و ته‌نها خوای گه‌وره بپهرسته [ وَكُنْ مِنَ الشَّاكِرِينَ (٦٦) ] وه له‌و كه‌سانه به كه شوكرانه‌بژێری خوای گه‌وره ئه‌كه‌ن.
(67) [ وَمَا قَدَرُوا اللَّهَ حَقَّ قَدْرِهِ ] پیاوێك له ئه‌هلى كتاب هاته لاى پێغه‌مبه‌رى خوا -صلی الله علیه وسلم - وتى: ئه‌ى باوكى قاسم: ئایا پێتگه‌یشتووه خواى گه‌وره دروستكراوه‌كان ده‌خاته سه‌ر په‌نجه‌یه‌كى، وه ئاسمانه‌كان ده‌خاته سه‌ر په‌نجه‌یه‌كى، وه زه‌ویه‌كان ده‌خاته سه‌ر په‌نجه‌یه‌كى، وه داره‌كان ده‌خاته سه‌ر په‌نجه‌یه‌كى، وه ئاو و خۆڵ ده‌خاته سه‌ر په‌نجه‌یه‌كى؟! پێغه‌مبه‌رى خوا -صلی الله علیه وسلم - وه‌كو به‌راستدانانى پێكه‌نى تا ددانه‌كانى دواوه‌ى ده‌ركه‌وت، وه خواى گه‌وره ئه‌م ئایه‌ته‌ى دابه‌زاند: كافران و بێباوه‌ڕان خوای گه‌وره‌یان به گه‌وره نه‌زانیوه چه‌ندێك شایه‌نی به گه‌وره زانینه وه خوای گه‌وره‌یان وه‌كو خۆی نه‌ناسیوه كه توانا‌و ده‌سه‌ڵاتى به‌سه‌ر هه‌موو شتێك‌دا هه‌یه [ وَالْأَرْضُ جَمِيعًا قَبْضَتُهُ يَوْمَ الْقِيَامَةِ وَالسَّمَاوَاتُ مَطْوِيَّاتٌ بِيَمِينِهِ ] وه هه‌ر حه‌وت ئاسمانهكه له‌ناو مشتی خوای گه‌وره‌دایه له ڕۆژی قیامه‌ت، وه هه‌ر حه‌وت ئاسمانهكه لوول ئه‌كات و له‌ناو ده‌ستی ڕاستی خوای گه‌وره‌دایه، پێغه‌مبه‌رى خوا -صلی الله علیه وسلم - ده‌فه‌رمێت: (له‌رۆژى قیامه‌ت خواى گه‌وره زه‌وى ده‌خاته ناو دهستییهوهو ئاسمانه‌كان لوول ده‌كات به ده‌سته‌كه‌ى تر‌ى پاشان ده‌فه‌رمێت: ته‌نها من مهلیكم، كوا مه‌لیك و پاشاكانى دونیا)، كه ئه‌میش جێگیر كردنی سیفاتی ده‌ست و مشت و په‌نجه‌یه بۆ خوای گه‌وره به شێوه‌یه‌ك كه له ده‌ست و مشت و په‌نجه‌ى هیچ له دروستكراوه‌كان ناچێت وه چۆنیهتیهكهیشی خوای گه‌وره خۆی نه‌بێت كه‌سی تر نایزانێت، ده‌بێت وه‌كو خۆى باوه‌ڕمان پێى هه‌بێت چونكه ئایه‌تى قورئانى پیرۆز و فه‌رمووده‌ى صه‌حیحى پێغه‌مبه‌رى خوایه -صلی الله علیه وسلم - به بێ گۆڕینى ماناكه‌ى بۆ مانایه‌كى تر، وه به‌بێ نكوڵى كردن لێى و چواندنى به سیفاتى دروستكراوه‌كانى و پرسیار كردن له چۆنێتیه‌كه‌ى [ سُبْحَانَهُ وَتَعَالَى عَمَّا يُشْرِكُونَ (٦٧) ] پاك و مونه‌ززه‌هی و به‌رزی و بڵندی بۆ خوای گه‌وره له‌و هاوبهشبڕیاردانانهی كه هاوبه‌شبڕیارده‌ران ئه‌یده‌نه پاڵ خوای گه‌وره.
(68) [ وَنُفِخَ فِي الصُّورِ فَصَعِقَ مَنْ فِي السَّمَاوَاتِ وَمَنْ فِي الْأَرْضِ ] وه فوو ئه‌كرێ به كه‌ڕه‌ناو شه‌یپوردا له‌لایه‌ن ئیسرافیله‌وه كه فوو كردنی یه‌كه‌مه‌و هه‌رچی له ئاسمانه‌كان و زه‌وی هه‌یه هه‌ر هه‌مووی ئه‌مرێت و تیا ئه‌چێت [ إِلَّا مَنْ شَاءَ اللَّهُ ] ته‌نها ئه‌وه‌ی كه خوای گه‌وره ویستی لێ بێت، كه وتراوه: ئیسرافیل خۆیه‌تی وه دواتر خۆیشی ئه‌مرێت، یان فریشته‌ى گیانكێشانه، یان هه‌ڵگرانى عه‌رشى پیرۆزى خواى گه‌وره‌ن، یان شههیدهكانن، یان مو‌سا پێغه‌مبه‌ره -صلی الله علیه وسلم - [ ثُمَّ نُفِخَ فِيهِ أُخْرَى فَإِذَا هُمْ قِيَامٌ يَنْظُرُونَ (٦٨) ] پاشان دووه‌مجار فووی پیا ئه‌كاته‌وه خه‌ڵكی هه‌ر هه‌مووی هه‌ڵئه‌ستن و له گۆڕه‌كانیان ده‌رئه‌چن وه ته‌ماشا ئه‌كه‌ن، (نێوانى هه‌ردوو فوو كردنه‌كه چل ساڵه).
(69) [ وَأَشْرَقَتِ الْأَرْضُ بِنُورِ رَبِّهَا ] وه له رۆژى قیامه‌ت زه‌ویش ڕووناك ئه‌بێته‌وه به نووری خوای گه‌وره كاتێك كه ده‌رده‌كه‌وێت بۆ دروستكراوه‌كان بۆ بڕیاردان له نێوانیاندا [ وَوُضِعَ الْكِتَابُ ] وه كتاب و په‌ڕاوی كرده‌وه‌ی مرۆڤ دائه‌نرێت وه ئه‌درێ به ده‌ستیان [ وَجِيءَ بِالنَّبِيِّينَ وَالشُّهَدَاءِ وَقُضِيَ بَيْنَهُمْ بِالْحَقِّ وَهُمْ لَا يُظْلَمُونَ (٦٩) ] وه پێغه‌مبه‌ران ئه‌هێندرێن بۆ ئه‌وه‌ی شایه‌تی بده‌ن له‌سه‌ر ئوممه‌ته‌كانیان، وه شه‌هیده‌كان ئه‌هێندرێن ئه‌وانه‌ی كه شه‌هید بوونه له پێناو خواى گه‌وره، یان موسڵمانانى ئوممه‌تی پێغه‌مبه‌ره -صلی الله علیه وسلم - كه شایه‌تی ئه‌ده‌ن به‌سه‌ر ئوممه‌ته‌كانی تردا كه پێغه‌مبه‌رانیان په‌یامى خواى گه‌وره‌یان پێ راگه‌یاندوون، یان فریشته‌كانن كه كرده‌وه‌ى مرۆڤیان پاراستووه له چاكه‌و خراپه شایه‌تى ده‌ده‌ن له‌سه‌ریان، وه بڕیار ئه‌درێ له نێوانیاندا به حه‌ق و دادپه‌روه‌ری وه هیچ كه‌سێك له‌وێدا زوڵم و سته‌می لێ ناكرێ.
(70) [ وَوُفِّيَتْ كُلُّ نَفْسٍ مَا عَمِلَتْ ] وه هه‌موو كه‌سێك چ كرده‌وه‌ی كردووه له چاك و خراپ به ته‌واوی پاداشت یان سزاى خۆى وه‌رده‌گرێت [ وَهُوَ أَعْلَمُ بِمَا يَفْعَلُونَ (٧٠) ] وه خوای گه‌وره زاناتره به‌وه‌ی كه له دونیادا ئه‌مان چیان كردووه.
(71) {كافران پۆل پۆل به‌ره‌و دۆزه‌خ به‌ڕێ ده‌كرێن} [ وَسِيقَ الَّذِينَ كَفَرُوا إِلَى جَهَنَّمَ زُمَرًا ] وه كافرانیش پۆل پۆل به‌ره‌و دۆزه‌خ به‌ڕێ ئه‌كرێن و ئه‌برێن [ حَتَّى إِذَا جَاءُوهَا فُتِحَتْ أَبْوَابُهَا ] هه‌ر كه دێنه لای دۆزه‌خ یه‌كسه‌ر هه‌ر حه‌وت ده‌رگاكه‌ی دۆزه‌خ به خێرایى ئه‌كرێته‌وه بۆ سزادانیان [ وَقَالَ لَهُمْ خَزَنَتُهَا ] وه ده‌رگاوانانی دۆزه‌خ وه‌كو سه‌رزه‌نشت كردن پێیان ده‌ڵێن: [ أَلَمْ يَأْتِكُمْ رُسُلٌ مِنْكُمْ يَتْلُونَ عَلَيْكُمْ آيَاتِ رَبِّكُمْ وَيُنْذِرُونَكُمْ لِقَاءَ يَوْمِكُمْ هَذَا ] ئایا پێغه‌مبه‌رانێك له خۆتان نه‌هاتن بۆتان كه ئایه‌ته‌كانی خوای گه‌وره‌تان به‌سه‌ردا بخوێننه‌وه‌و له رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆژه ئاگادارتان بكه‌نه‌وه‌و بتانترسێنن [ قَالُوا بَلَى ] ئه‌وانیش ئه‌ڵێن: به‌ڵێ پێغه‌مبه‌ران هاتن وه ئاگاداریان كردینه‌وه [ وَلَكِنْ حَقَّتْ كَلِمَةُ الْعَذَابِ عَلَى الْكَافِرِينَ (٧١) ] به‌ڵام شوێنیان نه‌كه‌وتین و وشه‌ی سزا جێبه‌جێ بوو به‌سه‌ر كافرانداو شایه‌نی ئه‌م سزایه‌ین.
(72) [ قِيلَ ادْخُلُوا أَبْوَابَ جَهَنَّمَ خَالِدِينَ فِيهَا فَبِئْسَ مَثْوَى الْمُتَكَبِّرِينَ (٧٢) ] پێیان ئه‌ووترێ: ده‌ی له ده‌رگاكانی دۆزه‌خه‌وه بڕۆنه ناو دۆزه‌خه‌وه‌و به نه‌مری تیایدا بمێننه‌وه كه خراپترین شوێنی مانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌یه كه له دونیا خۆیان به‌گه‌وره زانیوه له ئاست عیبادهت و گوێڕایه‌ڵى كردنى خوای گه‌وره.
(73) {موتته‌قى و خۆپارێزان پۆل پۆل به‌ره‌و به‌هه‌شت به‌ڕێ ده‌كرێن} [ وَسِيقَ الَّذِينَ اتَّقَوْا رَبَّهُمْ إِلَى الْجَنَّةِ زُمَرًا ] وه ئه‌و كه‌سانه‌یشی كه له دونیادا ته‌قوای خوای گه‌وره‌یان كردبوو پۆل پۆل به‌ره‌و به‌هه‌شت به‌ڕێ ئه‌خرێن [ حَتَّى إِذَا جَاءُوهَا ] تا له پردى (سیڕات) ده‌په‌ڕنه‌وه‌و ئه‌گه‌نه لای به‌هه‌شت [ وَفُتِحَتْ أَبْوَابُهَا ] وه هه‌ر هه‌شت ده‌رگاكانی به‌هه‌شت ئه‌كرێته‌وه بۆ پێشوازی كردنیان، كه فراوانى و گه‌وره‌یی نێوان هه‌ردوو لاى ده‌رگایه‌كى ماوه‌ى چل ساڵه، وه فراوانه به ئه‌ندازه‌ى نێوانى شارى (مه‌ككه)و شارى (بوصرا) له شام، وه پێغه‌مبه‌رى خوا -صلی الله علیه وسلم - یه‌كه‌م كه‌سه له ده‌گاى به‌هه‌شت ده‌دات و بۆى ده‌كرێته‌وه‌و یه‌كه‌م كه‌سه كه ده‌چێته به‌هه‌شته‌وه، وه (ئه‌بو به‌كرى صدیق) له هه‌ر هه‌شت ده‌رگاكه‌ى به‌هه‌شته‌وه بانگ ده‌كرێت و پێشوازى لێ ده‌كرێت [ وَقَالَ لَهُمْ خَزَنَتُهَا سَلَامٌ عَلَيْكُمْ ] وه ده‌رگاوانه‌كانی به‌هه‌شت پێیان ئه‌ڵێن: سڵاوتان لێ بێت، یاخود ئێوه سه‌لامه‌تن له هه‌موو ناخۆشی و سزایه‌ك [ طِبْتُمْ ] له دونیادا ئێوه كه‌سانی چاك بوونه‌و وته‌و كرده‌وه‌و هه‌ولأ و كۆششتان چاك و پاك بووه‌و خۆتان پاراستووه له شه‌ریك دانان بۆ خوا، ئێستایش پاداشتى باش و پاك و چاك ده‌درێنه‌وه [ فَادْخُلُوهَا خَالِدِينَ (٧٣) ] ده‌ی فه‌رموو بچنه ناو به‌هه‌شته‌وه به نه‌مری و هه‌میشه‌یی تیایدا بمێننه‌وه، پێغه‌مبه‌رى خوا -صلی الله علیه وسلم - ده‌فه‌رمێت: (یه‌كه‌م كۆمه‌ڵ كه ده‌چنه به‌هه‌شته‌وه شێوه‌یان وه‌كو مانگى چوارده جوانه، ئه‌وانه‌ى دواى ئه‌مان وه‌كو پرشنگدارترین ئه‌ستێره‌ى گه‌شاوه‌ى ئاسمانن، تف و به‌ڵغه‌میان نیه و میزو پیسى ناكه‌ن و عاره‌قیان میسكه‌و، شانه‌و قاپیان زێڕو زیوه‌و خێزانیان حۆرییه له جوانیدا مۆخى قاچیان دیاره‌و رق و كینه له نێوانیاندا نیه‌و باڵایان به‌رزه وه‌كو ئاده‌م شه‌ست گه‌زه).
(74) [ وَقَالُوا الْحَمْدُ لِلَّهِ الَّذِي صَدَقَنَا وَعْدَهُ ] وه ئه‌مانیش ئه‌ڵێن: حه‌مدو سه‌ناو ستایش بۆ خوای گه‌وره كه ئه‌و به‌ڵێنه‌ی پێی دابووین له‌سه‌ر زمانى پێغه‌مبه‌ران به‌ڵێنه‌كه‌ی برده سه‌رو به‌ڵێنێكی ڕاست بوو [ وَأَوْرَثَنَا الْأَرْضَ نَتَبَوَّأُ مِنَ الْجَنَّةِ حَيْثُ نَشَاءُ ] وه ئێمه‌ی كرد به میراتگری زه‌وی به‌هه‌شت كه تیایدا نیشته‌جێ ئه‌بین چۆنمان ویست لێ بێت و بۆ هه‌ر شوێنێكى ویستمان لێ بێت، (خۆڵى زه‌وى به‌هه‌شت میسكه) [ فَنِعْمَ أَجْرُ الْعَامِلِينَ (٧٤) ] وه به‌ڕاستی ئه‌مه باشترین پاداشته بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له دونیادا كرده‌وه‌ی چاكیان كردووه.
(75) [ وَتَرَى الْمَلَائِكَةَ حَافِّينَ مِنْ حَوْلِ الْعَرْشِ ] وه ئه‌بینی فریشته‌كان ده‌وری عه‌رشی خوای گه‌وره‌یان داوه [ يُسَبِّحُونَ بِحَمْدِ رَبِّهِمْ ] وه عیبادهت و ته‌سبیحاتی خوای گه‌وره ئه‌كه‌ن [ وَقُضِيَ بَيْنَهُمْ بِالْحَقِّ ] وه بڕیار له نێوان بهندهكانیشدا درا به حه‌ق و دادپه‌روه‌ری [ وَقِيلَ الْحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ (٧٥) ] وه باوه‌ڕداران، یان هه‌موو دروستكراوان ئه‌ڵێن: حه‌مدو سه‌ناو ستایش بۆ په‌روه‌ردگاری هه‌موو جیهان، والله أعلم.