(1) سووره‌تی (فه‌تح) (واته: ئازاد كردن و رزگار كردن) سووره‌تێكى مه‌ده‌نى یه له كاتى گه‌ڕانه‌وه له حوده‌یبیه له‌مانگى (ذي القعدة) ساڵى (٦)ى كۆچى دابه‌زى، (٢٩) ئایه‌ته بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ {رێككه‌وتننامه‌ى حوده‌یبییه} [ إِنَّا فَتَحْنَا لَكَ فَتْحًا مُبِينًا (١) ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - ئێمه سه‌ركه‌وتن و فه‌تحمان بۆ تۆ كردووه سه‌ركه‌وتن و فه‌تحێكی زۆر ئاشكرا، كه مه‌به‌ست پێی فه‌تحی (مه‌ككه) نیه به‌ڵكو مه‌به‌ست پێی صوڵح و ڕێكه‌وتننامه‌ی (حوده‌یبیه)یه كه له ساڵی شه‌شی كۆچی‌دا پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - له (حوده‌یبیه) له‌گه‌ڵ كافرانی قوڕه‌یشدا كردی كه نابێت ئه‌م ساڵ موسڵمانان بچنه مه‌ككه‌وه‌و عومره بكه‌ن، ئیمامى عومه‌ر هات بۆ لاى پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - وتى: ئایا ئێمه له‌سه‌ر حه‌ق نین و ئه‌وان له‌سه‌ر باتڵن!؟ ئایا كوژراوانى ئێمه له‌به‌هه‌شتدا نین و كوژراوانى ئه‌وان له دۆزه‌خدا نین!؟ پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - فه‌رمووى: (به‌ڵێ)، وتى: ئه‌ى ئیتر بۆچى سازش له دینه‌كه‌مان بكه‌ین و بگه‌ڕێینه‌وه‌و هێشتا خواى گه‌وره بڕیارى له نێوانماندا نه‌داوه!؟ پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - فه‌رمووى: (ئه‌ى كوڕى خه‌تتاب من پێغه‌مبه‌رى خوام و هه‌رگیز خواى گه‌وره ده‌ستبه‌ردارم نابێت و نامفه‌وتێنێت) ئیمامى عومه‌ر به توڕه‌یی گه‌ڕایه‌وه‌و خۆى بۆ نه‌گیراو تا چوو بۆ لاى ئیمامى ئه‌بو به‌كرو وتى: ئه‌ى ئه‌بو به‌كر ئایا ئێمه له‌سه‌ر حه‌ق نین و ئه‌وان له‌سه‌ر باتڵ نین!؟ ئیمامى ئه‌بو به‌كر هه‌مان وه‌ڵامى پێغه‌مبه‌ری خواى - صلی الله علیه وسلم - دایه‌وه، وه سوره‌تى فه‌تح دابه‌زى، پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - ناردى به شوێن ئیمامى عومه‌رداو بۆى خوێنده‌وه، ئه‌ویش وتى: ئه‌ى پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - ئایا فه‌تحه؟ فه‌رمووى: به‌ڵێ، ئه‌میش پێى دڵخۆش بوو، بۆیه پێی وتراوه: فه‌تح له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كافران تێكه‌ڵ موسڵمانان ئه‌بوون و خه‌ڵكێكی یه‌كجار زۆریان موسڵمان بوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه گوێیان له موسڵمانان ئه‌بوو، وه پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - ده‌رباره‌ى ئه‌م سووره‌ته ده‌فه‌رمێت: (سووره‌تێكم به‌سه‌ردا دابه‌زیووه له دونیا‌و هه‌رچى له دونیادا هه‌یه خۆشه‌ویستتره له‌لام).
(2) [ لِيَغْفِرَ لَكَ اللَّهُ مَا تَقَدَّمَ مِنْ ذَنْبِكَ وَمَا تَأَخَّرَ ] تا خوای گه‌وره له تاوانی پێشتر‌و پاشتریشت خۆش بێت، پێشتر مه‌به‌ست پێى پێش پێغه‌مبه‌رایه‌تیه، دواتریش دواى پێغه‌مبه‌رایه‌تى، كه ئه‌مه تایبه‌تمه‌ندێتى پێغه‌مبه‌ری خوایه - صلی الله علیه وسلم - ، زانایان كۆدهنگن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - تاوانى گه‌وره‌ى نه‌كردووه، به‌ڵام بۆ تاوانى بچوك جیاوازى له نێوانیاندا هه‌یه‌و ته‌واوتر ئه‌وه‌یه كه ئه‌ویشى نه‌كردووه، به‌ڵام مه‌به‌ست پێى ئه‌و گله‌ییى و گازندانهیه كه خواى گه‌وره له پێغه‌مبه‌ری خواى - صلی الله علیه وسلم - كردووه، وه‌كو: رووگرژ كردن و پشت كردنى له پیاوه نابیناكهو، ئیزندانى دووڕووه‌كان له غه‌زاى ته‌بوك و ئازاد كردنى دیله‌كان له غه‌زاى به‌در، كه ئه‌م ئایه‌ته دابه‌زى پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - فه‌رمووى: (ئه‌م شه‌و ئایه‌تێكم به‌سه‌ردا دابه‌زیووه خۆشه‌ویستتره له لام له هه‌رچى هه‌یه له‌سه‌ر زه‌وى) پاشان ئه‌م ئایه‌ته‌ى بۆ خوێندنه‌وه، هاوه‌ڵان فه‌رموویان: پیرۆزت بێت ئه‌ى پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - خواى گه‌وره روونى كرده‌وه كه چى له تۆ ده‌كات، ئه‌ى چى له ئێمه ده‌كات؟ خواى گه‌وره ئایه‌تى (٥)ى دابه‌زاند [ وَيُتِمَّ نِعْمَتَهُ عَلَيْكَ ] وه تا نیعمه‌تی خۆی ته‌واو بڕژێنێ به‌سه‌رتدا له دونیا‌و قیامه‌ت، بۆ ئه‌وه‌ی دینه‌كه‌ت ئاشكرا بكه‌ی، یان فه‌تحی مهككهت بۆ بكات [ وَيَهْدِيَكَ صِرَاطًا مُسْتَقِيمًا (٢) ] وه هیدایه‌تت بدات بۆ ڕێگای ڕاستی خۆی، یان دامه‌زراوت بكات له‌سه‌ری.
(3) [ وَيَنْصُرَكَ اللَّهُ نَصْرًا عَزِيزًا (٣) ] وه خوای گه‌وره سه‌رت بخات سه‌ركه‌وتنێك كه زۆر به‌عیززه‌ت و زاڵ بیت.
(4) {ئیمان زیادو كه‌م ده‌كات} [ هُوَ الَّذِي أَنْزَلَ السَّكِينَةَ فِي قُلُوبِ الْمُؤْمِنِينَ لِيَزْدَادُوا إِيمَانًا مَعَ إِيمَانِهِمْ ] خوای گه‌وره ئه‌و خوایه‌یه كه هێمنی و ئارامی و ره‌حمه‌تى دابه‌زانده سه‌ر دڵی باوه‌ڕداران له (حوده‌یبیه) تا له‌گه‌ڵ ئه‌و ئیمانه‌ی كه هه‌یانه ئیمانیان زیاتر بكات، (ئه‌م ئایه‌ته به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه ئیمان زیادو كه‌م ده‌كات) [ وَلِلَّهِ جُنُودُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ ] وه هه‌رچی سه‌ربازه‌كانی ئاسمان و زه‌وی هه‌یه هه‌مووی سه‌ربازی خوای گه‌وره‌ن له با و باران و فریشته‌و موسڵمانان [ وَكَانَ اللَّهُ عَلِيمًا حَكِيمًا (٤) ] وه خوای گه‌وره زۆر زانا‌و كاربه‌جێیه.
(5) [ لِيُدْخِلَ الْمُؤْمِنِينَ وَالْمُؤْمِنَاتِ جَنَّاتٍ تَجْرِي مِنْ تَحْتِهَا الْأَنْهَارُ خَالِدِينَ فِيهَا ] تا خوای گه‌وره باوه‌ڕداران به پیاو و ئافره‌ته‌وه بخاته ناو به‌هه‌شته‌وه كه پڕه له باخ و باخات و جۆگه‌له ئاو به ژێر دار‌و خانووه‌كانیاندا ئه‌ڕوات به نه‌مری و هه‌میشه‌یی تیایدا ئه‌مێننه‌وه [ وَيُكَفِّرَ عَنْهُمْ سَيِّئَاتِهِمْ ] وه له تاوانه‌كانیشیان خۆش بێت و سزایان نه‌دات [ وَكَانَ ذَلِكَ عِنْدَ اللَّهِ فَوْزًا عَظِيمًا (٥) ] وه ئه‌میش (چوونه به‌هه‌شت و لێخۆشبوونی تاوان) به‌ڕاستی لای خوای گه‌وره بردنه‌وه‌یه‌كی یه‌كجار گه‌وره‌یه.
(6) [ وَيُعَذِّبَ الْمُنَافِقِينَ وَالْمُنَافِقَاتِ وَالْمُشْرِكِينَ وَالْمُشْرِكَاتِ الظَّانِّينَ بِاللَّهِ ظَنَّ السَّوْءِ ] وه تا خوای گه‌وره سزای دووڕوو هاوبه‌شبڕیارده‌ران بدات به پیاو و ئافره‌تانیانه‌وه ئه‌وانه‌ی كه گومانی خراپ به خوای گه‌وره ئه‌به‌ن كه گومانیان وابووه دینه‌كه‌ی خوای گه‌وره تێكئه‌شكێ [ عَلَيْهِمْ دَائِرَةُ السَّوْءِ ] ئه‌و گومانه خراپه بۆ سه‌ر خۆیان ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌و موسڵمانان به‌سه‌ریاندا زاڵ ئه‌بن [ وَغَضِبَ اللَّهُ عَلَيْهِمْ ] وه خوای گه‌وره غه‌زه‌بیان لێ ئه‌گرێ و لێیان تووڕه ئه‌بێ [ وَلَعَنَهُمْ ] وه نه‌فره‌تیان لێ ئه‌كات و له ڕه‌حمه‌تی خۆی ده‌ریان ئه‌كات [ وَأَعَدَّ لَهُمْ جَهَنَّمَ وَسَاءَتْ مَصِيرًا (٦) ] وه دۆزه‌خیشی بۆ ئاماده كردوون كه خراپترین سه‌ره‌نجامه ئه‌وان بۆی ئه‌گه‌ڕێنه‌وه.
(7) [ وَلِلَّهِ جُنُودُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ ] وه هه‌رچی سه‌ربازه‌كانی ئاسمان و زه‌وی هه‌یه هه‌مووی هی خوای گه‌وره‌یه‌و له ژێر فه‌رمانی خوای گه‌وره‌یه [ وَكَانَ اللَّهُ عَزِيزًا حَكِيمًا (٧) ] وه خوای گه‌وره زۆر به‌عیززه‌ت و كاربه‌جێیه.
(8) [ إِنَّا أَرْسَلْنَاكَ شَاهِدًا وَمُبَشِّرًا وَنَذِيرًا (٨) ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - ئێمه تۆمان ناردووه تا شایه‌ت بیت به‌سه‌ر خه‌ڵكى یه‌وه كه دینت پێیان گه‌یاندووه، وه موژده‌ده‌ر بیت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی گوێڕایه‌ڵیت ئه‌كه‌ن به به‌هه‌شت، وه ترسێنه‌ر بیت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه سه‌رپێچیت ئه‌كه‌ن به دۆزه‌خ.
(9) [ لِتُؤْمِنُوا بِاللَّهِ وَرَسُولِهِ وَتُعَزِّرُوهُ وَتُوَقِّرُوهُ وَتُسَبِّحُوهُ بُكْرَةً وَأَصِيلًا (٩) ] وه تا ئیمان به خوای گه‌وره‌و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی - صلی الله علیه وسلم - بێنن، وه پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - به‌گه‌وره بزانن وه ڕێز‌و ئیحتیرامی بگرن وه سه‌ری بخه‌ن، وه ته‌سبیحات و زیكری خوای گه‌وره بكه‌ن به به‌یانیان و به ئێواران.
(10) {به‌یعه‌تى ریزوان} [ إِنَّ الَّذِينَ يُبَايِعُونَكَ إِنَّمَا يُبَايِعُونَ اللَّهَ ] ئه‌و هاوه‌ڵانه‌ی كه له ژێر (دارى ريضوان) له (حوده‌یبیه) به‌یعه‌ت به تۆ ئه‌ده‌ن ئه‌وه به‌یعه‌تیان به خوای گه‌وره داوه، كه به‌یعه‌تیان دا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ڕانه‌كه‌ن، وه له‌سه‌ر مردن، وه بۆ تۆڵه سه‌ندنه‌وه‌ی خوێنی ئیمامی عوسمان كه هه‌واڵێك بڵاو بووه‌وه كه ئیمامی عوسمان كوژراوه‌و شه‌هید بووه كه پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - ناردی بۆ لای كافرانی مه‌ككه [ يَدُ اللَّهِ فَوْقَ أَيْدِيهِمْ ] ده‌ستی خوای گه‌وره له‌سه‌رووی ده‌ستی ئه‌وانه‌وه‌یه، (جێگیر كردنى ده‌ستى تیایه بۆ خواى گه‌وره، كه ده‌بێت وه‌كو خۆى باوه‌ڕمان پێى بێت و نكوڵى لێ نه‌كه‌ین و نه‌یچوێنین به‌ده‌ستى دروستكراوه‌كان، وه ماناكه‌ى نه‌گۆڕین و ته‌ئویلى نه‌كه‌ین، وه پرسیار له چۆنێتیه‌كه‌یشى نه‌كه‌ین، چونكه خواى گه‌وره خۆى نه‌بێت كه‌س چۆنێتێكه‌ى نازانێت، وه قسه كردن ده‌رباره‌ى سیفاته‌كانى خواى گه‌وره به‌شێكه له قسه كردن ده‌رباره‌ى خواى گه‌وره، چۆن باوه‌ڕمان به خواى گه‌وره هه‌یه‌و نازانین چۆنه به‌هه‌مان شێوه باوه‌ڕمان به سیفاته‌كانیشى هه‌یه‌و نازانین چۆنه)، وه ماناى ئه‌وه‌یشى تیایه كه خواى گه‌وره ئاگاداریانهو سه‌رخه‌رو پشتیوانیانه [ فَمَنْ نَكَثَ فَإِنَّمَا يَنْكُثُ عَلَى نَفْسِهِ ] وه هه‌ر كه‌سێكیش ئه‌و به‌یعه‌ته هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه ئه‌وه زه‌ره‌رو زیانه‌كه‌ی ته‌نها بۆ خۆی ئه‌گه‌ڕێته‌وه [ وَمَنْ أَوْفَى بِمَا عَاهَدَ عَلَيْهُ اللَّهَ فَسَيُؤْتِيهِ أَجْرًا عَظِيمًا (١٠) ] وه هه‌ركه‌سێك وه‌فای هه‌بێ به‌رامبه‌ر به‌و عه‌هدو به‌ڵێنه‌ی كه به‌خوای گه‌وره‌ی داوه ئه‌وه خوای گه‌وره ئه‌جرو پاداشتێكی زۆر گه‌وره‌ی ئه‌داته‌وه كه به‌هه‌شته.
(11) [ سَيَقُولُ لَكَ الْمُخَلَّفُونَ مِنَ الْأَعْرَابِ شَغَلَتْنَا أَمْوَالُنَا وَأَهْلُونَا ] هه‌ندێك له ده‌شتنشینه‌كان دوا كه‌وتن له غه‌زاكه‌و وتیان: ئێمه ماڵ و منداڵمان سه‌رقاڵیان كردین له‌وه‌ی كه له‌گه‌ڵتدا بێین و كه‌س نه‌بوو سه‌رپه‌رشتییان بكات [ فَاسْتَغْفِرْ لَنَا ] ئه‌ڵێن: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - داوای لێخۆشبوونمان بۆ بكه له خوای گه‌وره [ يَقُولُونَ بِأَلْسِنَتِهِمْ مَا لَيْسَ فِي قُلُوبِهِمْ ] به‌ڵام ئه‌وه‌ی به ده‌م ئه‌یڵێن له دڵیان‌دا نیه، وه‌كو مونافیقانن [ قُلْ فَمَنْ يَمْلِكُ لَكُمْ مِنَ اللَّهِ شَيْئًا إِنْ أَرَادَ بِكُمْ ضَرًّا أَوْ أَرَادَ بِكُمْ نَفْعًا ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - پێیان بڵێ: ئه‌گه‌ر خوای گه‌وره بیه‌وێ تووشی زیانێك یاخود بیه‌وێ تووشی سوودێكتان بكات، كێ هه‌یه بتوانێت شتێكتان بۆ بكات و بتانپارێزێت، واته: هه‌موو شتێك به‌ده‌ست خوای گه‌وره‌یه [ بَلْ كَانَ اللَّهُ بِمَا تَعْمَلُونَ خَبِيرًا (١١) ] به‌ڵكو خوای گه‌وره زۆر زانیارییه‌كی وردی به كرده‌وه‌كانی ئێوه هه‌یه وه ئه‌زانێ بۆچی دواكه‌وتوونه.
(12) [ بَلْ ظَنَنْتُمْ أَنْ لَنْ يَنْقَلِبَ الرَّسُولُ وَالْمُؤْمِنُونَ إِلَى أَهْلِيهِمْ أَبَدًا ] به‌ڵكو ئێوه بۆیه دواكه‌وتن گومانی ئه‌وه‌تان برد كه پێغه‌مبه‌ری خوا‌و - صلی الله علیه وسلم - باوه‌ڕداران هه‌رگیز نه‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ناو كه‌سوكاریان و كافران به‌سه‌ریاندا زاڵ ده‌بن و ڕیشه‌كێشیان ده‌كه‌ن [ وَزُيِّنَ ذَلِكَ فِي قُلُوبِكُمْ ] وه شه‌یتانیش ئه‌م شته‌ی له دڵتان‌دا ڕازانده‌وه [ وَظَنَنْتُمْ ظَنَّ السَّوْءِ وَكُنْتُمْ قَوْمًا بُورًا (١٢) ] وه ئێوه گومانی خراپتان برد، وه ئێوه به‌ڕاستی كه‌سانێكی خراپ و به‌هیلاك چوو بوون.
(13) [ وَمَنْ لَمْ يُؤْمِنْ بِاللَّهِ وَرَسُولِهِ فَإِنَّا أَعْتَدْنَا لِلْكَافِرِينَ سَعِيرًا (١٣) ] وه هه‌ر كه‌سێكیش ئیمان به‌خواو پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - نه‌هێنێ ئه‌وه ئێمه بۆ ئه‌م كه‌سه كافرانه ئاگری دۆزه‌خمان داناوه كه سووتێنه‌ره.
(14) [ وَلِلَّهِ مُلْكُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ ] وه موڵكی ئاسمانه‌كان و زه‌وی هه‌مووی ته‌نها هی خوای گه‌وره‌یه [ يَغْفِرُ لِمَنْ يَشَاءُ وَيُعَذِّبُ مَنْ يَشَاءُ ] خوای گه‌وره ویستی لێ بێت له هه‌ر كه‌سێك خۆش ئه‌بێ به فه‌زڵى خۆى ئه‌وانه‌ی كه شایه‌نی لێخۆشبوونن، وه ویستیشی لێ بێت سزای هه‌ر كه‌سێك ئه‌دات به ویست و دادپه‌روه‌رى خۆی [ وَكَانَ اللَّهُ غَفُورًا رَحِيمًا (١٤) ] وه خوای گه‌وره زۆر لێخۆش‌بوو به‌به‌زه‌ییه.
(15) {مونافیقان ته‌نها بۆ دونیا هه‌وڵ ده‌ده‌ن} [ سَيَقُولُ الْمُخَلَّفُونَ إِذَا انْطَلَقْتُمْ إِلَى مَغَانِمَ لِتَأْخُذُوهَا ذَرُونَا نَتَّبِعْكُمْ ] دوای ئه‌وه‌ی كه موسڵمانان چوون بۆ غه‌زای (خه‌یبه‌ر) وه پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - به‌ڵێنی سه‌ركه‌وتنی پێدان، ئه‌وانه‌ی كه دواكه‌وتبوون له غه‌زاكه له دووڕووه‌كان وتیان: كاتێك كه ئێوه ئه‌چن بۆ كۆكردنه‌وه‌ی غه‌نیمه‌ت ڕێگامان بده‌ن و لێمان بگه‌ڕێن با ئێمه‌ش دواتان بكه‌وین و له‌گه‌ڵتان بێین، مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌بوو غه‌نیمه‌تیان ده‌ست بكه‌وێت [ يُرِيدُونَ أَنْ يُبَدِّلُوا كَلَامَ اللَّهِ ] ئه‌مان ویستیان قسه‌ی خوای گه‌وره بگۆڕن، كه خوای گه‌وره بڕیاری دابوو ئه‌و غه‌نیمه‌یه ته‌نها بۆ ئه‌و كه‌سانه‌یه كه به‌شداری (حوده‌یبیه)یان كردووه‌و بۆ كه‌سی تر نیه [ قُلْ لَنْ تَتَّبِعُونَا ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - بڵێ: ئێوه نابێ شوێنمان بكه‌ون [ كَذَلِكُمْ قَالَ اللَّهُ مِنْ قَبْلُ ] وه پێشتریش خوای گه‌وره ئه‌م بڕیاره‌ی دابوو كه غه‌نیمه‌تی (خه‌یبه‌ر) ته‌نها بۆ ئه‌و كه‌سانه‌یه ئاماده‌ی (حوده‌یبیه) بوونه [ فَسَيَقُولُونَ بَلْ تَحْسُدُونَنَا ] مونافیقان ئه‌ڵێن: ئێوه بۆیه نایه‌لن ئێمه شوێنتان بكه‌وین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حه‌سوودیمان پێ ئه‌به‌ن [ بَلْ كَانُوا لَا يَفْقَهُونَ إِلَّا قَلِيلًا (١٥) ] به‌ڵكو ئه‌وان مونافیقان تێناگه‌ن ته‌نها كه‌مێك نه‌بێ ئه‌و كه‌مه‌یش له دونیادا نه‌ك له دیندا.
(16) [ قُلْ لِلْمُخَلَّفِينَ مِنَ الْأَعْرَابِ سَتُدْعَوْنَ إِلَى قَوْمٍ أُولِي بَأْسٍ شَدِيدٍ ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - به‌و كه‌سانه‌ی كه دواكه‌وتوونه له ده‌شتنشینه‌كان پێیان بڵێ ئێوه بانگ ئه‌كرێن بۆ جه‌نگێكی تر له‌گه‌ڵ كه‌سانێكدا كه زۆر به‌هێزن كه (هه‌وازین و غه‌ته‌فان) بوونه كه له دوای فه‌تحی مه‌ككه ساڵی هه‌شتی كۆچی بووه، یان (سه‌قیف) بوونه، یان (به‌نو حه‌نیفه) بوونه له‌وانه‌ی كه له‌گه‌ڵ (موسه‌یله‌مه‌ی درۆزن) بوونه‌و هه‌ڵگه‌ڕاونه‌ته‌وه، یاخود (ڕۆم و فارس) بوونه، یاخود (ئه‌بو هوره‌یره) ده‌فه‌رمێت: كوردن كه‌سانێكی به‌هێزن [ تُقَاتِلُونَهُمْ أَوْ يُسْلِمُونَ ] یان ئه‌وه‌تا كوشتاریان ئه‌كه‌ن یان ئه‌وه‌تا ئه‌وان به‌بێ كوشتار موسڵمان ئه‌بن به ویستى خۆیان [ فَإِنْ تُطِيعُوا يُؤْتِكُمُ اللَّهُ أَجْرًا حَسَنًا ] ئه‌گه‌ر له‌م شته‌دا ئێوه گوێڕایه‌ڵی خوای گه‌وره بكه‌ن و جیهاد بكه‌ن ئه‌وه خوای گه‌وره ئه‌جرو پاداشتێكی باشتان ئه‌داته‌وه له دونیادا به‌سه‌ركه‌وتن و غه‌نیمه‌ت له قیامه‌تیش به به‌هه‌شت [ وَإِنْ تَتَوَلَّوْا كَمَا تَوَلَّيْتُمْ مِنْ قَبْلُ يُعَذِّبْكُمْ عَذَابًا أَلِيمًا (١٦) ] وه ئه‌گه‌ر پشتیش هه‌ڵكه‌ن هه‌روه‌كو چۆن له پێشتردا له (حوده‌یبیه) پشتان هه‌ڵكرد وه ئاماده نه‌بوون ئه‌وه خوای گه‌وره سزاتان ئه‌دات سزایه‌كی زۆر به‌ئێش و ئازار له دونیا به تێكشكاندن له قیامه‌تیش به ئاگری دۆزه‌خ.
(17) {خاوه‌ن عوزره شه‌رعییه‌كان} [ لَيْسَ عَلَى الْأَعْمَى حَرَجٌ وَلَا عَلَى الْأَعْرَجِ حَرَجٌ وَلَا عَلَى الْمَرِيضِ حَرَجٌ ] كوێر‌و، شه‌ل و، نه‌خۆش عوزریان هه‌یه ئاماده‌ی غه‌زا نه‌بن، وه هیچ شتێكیان له‌سه‌ر نیه‌و تاوانبار نابن [ وَمَنْ يُطِعِ اللَّهَ وَرَسُولَهُ يُدْخِلْهُ جَنَّاتٍ تَجْرِي مِنْ تَحْتِهَا الْأَنْهَارُ ] وه هه‌ر كه‌سێك گوێڕایه‌ڵی خوا‌و پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - بكات ئه‌وه خوای گه‌وره ئه‌یخاته ناو به‌هه‌شته‌وه كه پڕه له باخ و باخات كه جۆگه‌له ئاو به ژێر دار‌و خانووه‌كانیاندا ئه‌ڕوات [ وَمَنْ يَتَوَلَّ يُعَذِّبْهُ عَذَابًا أَلِيمًا (١٧) ] وه هه‌ر كه‌سێكیش پشت بكات له گوێڕایه‌ڵی خوا‌و پێغه‌مبه‌ری خوا‌و - صلی الله علیه وسلم - جیهاد كردن ئه‌وه خوای گه‌وره سزایه‌كی زۆر به ئێش و ئازاری ئه‌دات له دونیا‌و قیامه‌ت
(18) {موژده دانى به‌هه‌شت به هه‌زارو چوارسه‌د صه‌حابه } [ لَقَدْ رَضِيَ اللَّهُ عَنِ الْمُؤْمِنِينَ إِذْ يُبَايِعُونَكَ تَحْتَ الشَّجَرَةِ ] ئه‌ى پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - به دڵنیایی خوای گه‌وره ڕازی بوو له‌و باوه‌ڕدارانه‌ی كه له ژێر ئه‌و داره‌دا به‌یعه‌ت به تۆ ئه‌ده‌ن له حوده‌یبیه كه ژماره‌یان هه‌زارو چوار سه‌د یان هه‌زارو پێنج سه‌د كه‌س بوو، پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - فه‌رمووى: (ئه‌وانه‌ى له ژێر ئه‌و داره به‌یعه‌تیاندا هیچ كه‌سێكیان ناچنه دۆزه‌خه‌وه) به‌یعه‌ته‌كه بۆ تۆڵه سه‌ندن بوو بۆ خوێنى ئیمامى عوسمان كه پڕوپاگه‌نده بڵاو بوه‌وه كه كوژراوه، كه پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - ناردى بۆ مه‌ككه بۆ ئه‌وه‌ى گفتوگۆ له‌گه‌ڵ قوڕه‌یش بكات تا رێگایان بده‌ن بچنه مه‌ككه‌وه‌و عومره بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وان رێگایان نه‌داو دواتر رێككه‌وتننامه‌ى (حوده‌یبیه) كرا، پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - ده‌ستێكى خسته ناو ده‌سته‌كه‌ى تر‌ى و فه‌رمووى: (خوایه عوسمان بۆ پێویستى خوا‌و پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - رۆیشتووه) ده‌ستى پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - بۆ عوسمان باشتر بوو له ده‌ستى ئه‌وان بۆ خۆیان، (سه‌عیدى كوڕى موسه‌ییب) ده‌فه‌رمێت: باوكم له‌و كه‌سانه بوو كه له ژێر ئه‌و داره به‌یعه‌تى به پێغه‌مبه‌ری خوادا - صلی الله علیه وسلم - ، باوكم فه‌رمووى: ساڵى دواتر رۆیشتینه‌وه بۆ حوده‌یبیه له بیرمان كرد و نه‌مانزانى كام داره بوو، سه‌عید فه‌رمووى: هاوهڵانى پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - له یادیان چوو نه‌یانزانى كام داره‌یه ئێستا ئێوه ده‌یزانن!؟ (خواى گه‌وره له بیرى بردنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى كه خه‌ڵكى نه‌چنه سه‌رى و نه‌یپه‌رستن، كه ئه‌و داره دروست نه‌بێت بپه‌رسترێت و بچیته سه‌رى دار‌و به‌ردى تر چۆن دروسته!!؟) {شایه‌تى دانى خواى گه‌وره بۆ صه‌حابه} [ فَعَلِمَ مَا فِي قُلُوبِهِمْ ] خوای گه‌وره زانی چی له دڵیان‌دا هه‌یه له ڕاستگۆیی و به ئه‌مه‌كى و گوێڕایه‌ڵى و دامه‌زراوی [ فَأَنْزَلَ السَّكِينَةَ عَلَيْهِمْ ] خوای گه‌وره‌ش هێمنی و ئارامی دابه‌زانده سه‌ر دڵیان [ وَأَثَابَهُمْ فَتْحًا قَرِيبًا (١٨) ] وه دواتریش پاداشتی دانه‌وه به فه‌تحێكی نزیك كه فه‌تحی خه‌یبه‌رو فه‌تحی مه‌ككه‌و شوێنه‌كانى تر بوو.
(19) [ وَمَغَانِمَ كَثِيرَةً يَأْخُذُونَهَا ] وه غه‌نیمه‌تێكی یه‌كجار زۆریان ده‌ست كه‌وت له خه‌یبه‌ردا كه بۆ خۆیان بردیان [ وَكَانَ اللَّهُ عَزِيزًا حَكِيمًا (١٩) ] وه خوای گه‌وره زۆر به‌عیززه‌ت و كاربه‌جێیه.
(20) [ وَعَدَكُمُ اللَّهُ مَغَانِمَ كَثِيرَةً تَأْخُذُونَهَا ] خوای گه‌وره به‌ڵێنی پێ داون كه غه‌نیمه‌تێكی زۆرتان ده‌ست ئه‌كه‌وێ بۆ خۆتان ئه‌یبه‌ن [ فَعَجَّلَ لَكُمْ هَذِهِ ] ئه‌مه‌ی خه‌یبه‌ری بۆ پێش خستن [ وَكَفَّ أَيْدِيَ النَّاسِ عَنْكُمْ ] وه پاراستنی له ده‌ستی خه‌ڵكی، كه هه‌ندێك له كافران هاتن بۆ ئه‌وه‌ی كه شه‌ڕ له‌گه‌ڵ موسڵماناندا بكه‌ن خوای گه‌وره ترسی خسته دڵیانه‌وه، یاخود خوای گه‌وره پاراستنی له ده‌ستی جوله‌كه‌كانى خه‌یبه‌ر [ وَلِتَكُونَ آيَةً لِلْمُؤْمِنِينَ ] وه تا ببێته نیشانه‌یه‌ك بۆ باوه‌ڕداران له‌سه‌ر ڕاستگۆیی پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - [ وَيَهْدِيَكُمْ صِرَاطًا مُسْتَقِيمًا (٢٠) ] وه تا هیدایه‌تتان بدات بۆ ڕێگای ڕاستی خۆی وه دامه‌زراوتان بكات له‌سه‌ری.
(21) [ وَأُخْرَى لَمْ تَقْدِرُوا عَلَيْهَا ] وه هه‌ندێك فه‌تحی تریش هه‌بوو كه له‌و كاته‌دا نه‌تانتوانی بیكه‌ن كه فه‌تحی مه‌ككه بوو [ قَدْ أَحَاطَ اللَّهُ بِهَا ] كه خوای گه‌وره دواتر بۆی فه‌تح و ئاسان كردن وه ده‌وری دا بۆتان [ وَكَانَ اللَّهُ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرًا (٢١) ] وه خوای گه‌وره توانای به‌سه‌ر هه‌موو شتێك‌دا هه‌یه.
(22) [ وَلَوْ قَاتَلَكُمُ الَّذِينَ كَفَرُوا لَوَلَّوُا الْأَدْبَارَ ثُمَّ لَا يَجِدُونَ وَلِيًّا وَلَا نَصِيرًا (٢٢) ] وه ئه‌گه‌ر كافرانی قوڕه‌یش له حوده‌یبیه كوشتاری ئێوه‌یان بكردایه ئه‌وه پشتیان هه‌ڵئه‌كردو تێكئه‌شكان و كه‌سیان نابینی كه پشتیوان و سه‌رخه‌ریان بێت.
(23) [ سُنَّةَ اللَّهِ الَّتِي قَدْ خَلَتْ مِنْ قَبْلُ ] ئه‌مه سوننه‌تی خوای گه‌وره‌یه له‌ناو ئوممه‌تانی پێشتریشدا كه دۆستانی خۆی سه‌ر ئه‌خات به‌سه‌ر دوژمنان‌دا [ وَلَنْ تَجِدَ لِسُنَّةِ اللَّهِ تَبْدِيلًا (٢٣) ] وه نابینی سوننه‌تی خوای گه‌وره گۆڕانكاری به‌سه‌ردا بێت به‌ڵكو به‌رده‌وامه.
(24) {خواى گه‌وره نه‌یهێشت له مه‌ككه كوشتار روو بدات} [ وَهُوَ الَّذِي كَفَّ أَيْدِيَهُمْ عَنْكُمْ وَأَيْدِيَكُمْ عَنْهُمْ بِبَطْنِ مَكَّةَ مِنْ بَعْدِ أَنْ أَظْفَرَكُمْ عَلَيْهِمْ ] هه‌شتا پیاوى چه‌كدارى خه‌ڵكى مه‌ككه دابه‌زینه سه‌ر پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - له لاى شاخى (ته‌نعیم) ویستیان له‌ناكاو بده‌ن به‌سه‌ر پێغه‌مبه‌ری خوا‌و - صلی الله علیه وسلم - هاوه‌ڵانیدا، پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - به بێ شه‌ڕ گرتیانى و نهیانیكوشت و لێیانخۆش بوو ئازادى كردن، خواى گه‌وره ئه‌م ئایه‌ته‌ى دابه‌زاند: وه خوای گه‌وره ئه‌و خوایه‌یه كه ئێوه‌ی له ده‌ستی ئه‌وان پاراست وه ئه‌وانیشی له ده‌ستی ئێوه پاراست، واته: نه‌یهێشت رووبه‌ڕووی یه‌ك ببنه‌وه له مه‌ككه دوای ئه‌وه‌ی كه ئێوه‌ی به‌سه‌ریاندا زاڵ كرد [ وَكَانَ اللَّهُ بِمَا تَعْمَلُونَ بَصِيرًا (٢٤) ] وه خوای گه‌وره زۆر بینایه به كرده‌وه‌كانی ئێوه.
(25) [ هُمُ الَّذِينَ كَفَرُوا وَصَدُّوكُمْ عَنِ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ ] كافران ئه‌وان بوون كه كوفریان كرد وه ڕێگری ئێوه‌یان كرد له (مسجد الحرام) له كه‌عبه‌ی پیرۆز كه بڕۆن عومره بكه‌ن كه ئێوه شایانتر بوون له وان [ وَالْهَدْيَ مَعْكُوفًا أَنْ يَبْلُغَ مَحِلَّهُ ] وه ڕێگریشیان كرد له‌و ئاژه‌ڵ و حوشترانه‌ی كه بردبووتان بۆ سه‌ربڕین نه‌یانهێشت بگاته شوێنی خۆی هه‌ر له حوده‌یبیه له‌وێ سه‌ریان بڕی {دواخستنى فه‌تحى مه‌ككه له‌به‌ر نۆ موسڵمان!} [ وَلَوْلَا رِجَالٌ مُؤْمِنُونَ وَنِسَاءٌ مُؤْمِنَاتٌ لَمْ تَعْلَمُوهُمْ أَنْ تَطَئُوهُمْ فَتُصِيبَكُمْ مِنْهُمْ مَعَرَّةٌ بِغَيْرِ عِلْمٍ ] خوای گه‌وره ڕێگای نه‌دا كه ئێوه كوشتاری كافران بكه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك پیاوی باوه‌ڕدارو ئافره‌تی باوه‌ڕدار كه ئێوه نایانناسن له‌ناو مه‌ككه‌دا ماونه‌ته‌وه‌و باوه‌ڕدارن ئیمانی خۆیان شاردۆته‌وه كه وتراوه: نۆ كه‌س بوونه حه‌وت پیاو و دوو ئافره‌ت، ئه‌و ساڵه له‌به‌ر خاتری ئه‌وانه خوای گه‌وره فه‌تحی مه‌ككه‌ی دواخست نه‌وه‌كو ئێوه بیانكوژن و نه‌یانناسن وابزانن كافرن ئه‌و كاته تووشی تاوان ئه‌بن و كه‌فاره‌ت ئه‌كه‌وێته سه‌رتان بۆیه دوای خست، (موسڵمان لاى خواى گه‌وره ئه‌وه‌نده به‌ڕێزه ساڵێك فه‌تحى مه‌ككه‌و حه‌ج و عومره‌ى دواخست له‌به‌ر ئه‌و چه‌ند موسڵمانه كه له مه‌ككه مابوونه‌وه نه‌وه‌كو به هه‌ڵه بكوژرێن، به‌ڵام هه‌ندێك له موسڵمانان زۆر به ئاسانى خوێنى موسڵمانان ده‌رێژن و به‌لایانه‌وه ئاساییه!! خوایه په‌نامان بده‌یت و بمانپارێزیت) [ لِيُدْخِلَ اللَّهُ فِي رَحْمَتِهِ مَنْ يَشَاءُ ] تا خوای گه‌وره هه‌ر كه‌سێك بخاته ناو ڕه‌حمه‌تی خۆیه‌وه‌و بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئیسلام كه ویستى لێ بێت وه‌ك ئه‌و باوه‌ڕدارانه‌ی كه له مه‌ككه‌دا ماونه‌ته‌وه [ لَوْ تَزَيَّلُوا لَعَذَّبْنَا الَّذِينَ كَفَرُوا مِنْهُمْ عَذَابًا أَلِيمًا (٢٥) ] ئه‌گه‌ر كافران و موسڵمانان لێك جیا ببنه‌وه به ته‌واوه‌تی و باوه‌ڕداران له‌ناو كافراندا نه‌مێنن ئه‌وه ئێمه سزایه‌كی زۆر به‌ئێش و ئازاری كافران ئه‌ده‌ین به كوشتن.
(26) [ إِذْ جَعَلَ الَّذِينَ كَفَرُوا فِي قُلُوبِهِمُ الْحَمِيَّةَ حَمِيَّةَ الْجَاهِلِيَّةِ ] كافرانی مه‌ككه هێشتا ده‌مارگیری نه‌زانى و نه‌فامى له مێشكیاندا مابوو، كه له رێككه‌وتننامه‌كه نهیاننوسى (بسم الله الرحمن الرحيم و، محمد رسول الله، به‌ڵكو نوسییان باسمك اللهم و، محمد بن عبدالله) [ فَأَنْزَلَ اللَّهُ سَكِينَتَهُ عَلَى رَسُولِهِ وَعَلَى الْمُؤْمِنِينَ ] وه خوای گه‌وره هێمنی و ئارامی دابه‌زانده سه‌ر دڵی پێغه‌مبه‌ری خوا‌و - صلی الله علیه وسلم - باوه‌ڕداران [ وَأَلْزَمَهُمْ كَلِمَةَ التَّقْوَى ] وه په‌یوه‌ستی كردن به وشه‌ی ته‌قواوه كه (لا إله إلا الله) یه [ وَكَانُوا أَحَقَّ بِهَا وَأَهْلَهَا ] كه ئه‌مان له كافران شایه‌نترن به‌و وشه‌یه‌و ئه‌هلی ئه‌و وشه‌یه‌ن و ئه‌هلی ته‌وحیدن [ وَكَانَ اللَّهُ بِكُلِّ شَيْءٍ عَلِيمًا (٢٦) ] وه خوای گه‌وره زۆر زانایه به هه‌موو شتێك.
(27) {خه‌وبینینى پێغه‌مبه‌رى خوا - صلی الله علیه وسلم - وه‌حییه} [ لَقَدْ صَدَقَ اللَّهُ رَسُولَهُ الرُّؤْيَا بِالْحَقِّ لَتَدْخُلُنَّ الْمَسْجِدَ الْحَرَامَ إِنْ شَاءَ اللَّهُ ] پێغه‌مبه‌ری خوایه - صلی الله علیه وسلم - خه‌وی بینی له خه‌ویدا ئه‌چنه مه‌ككه‌وه‌و ته‌واف و عومره ئه‌كه‌ن و له مه‌دینه خه‌وه‌كه‌ى بۆ هاوه‌ڵان گێڕایه‌وه، خوای گه‌وره خه‌وبینینه‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ری خواى - صلی الله علیه وسلم - به‌ڕاست گێرا، وه خه‌وی پێغه‌مبه‌ران وه‌حیه‌و له‌لایه‌ن خوای گه‌وره‌وه‌یه خه‌وێكی حه‌ق بوو كه ئێوه به دڵنیایی ئه‌چنه ناو (مسجد الحرام) و كه‌عبه‌ی پیرۆز‌و ته‌واف ئه‌كه‌ن (إن شا‌ء الله) [ آمِنِينَ ] وه به ئه‌مینیش، به‌ڵام بۆ ساڵی داهاتوو [ مُحَلِّقِينَ رُءُوسَكُمْ وَمُقَصِّرِينَ ] هه‌تانه سه‌رتان ئه‌تاشن وه هه‌یشتانه كورتى ئه‌كه‌نه‌وه، پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - سێ جار دوعاى كردووه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى قژیان ده‌تاشن له حه‌ج یان عومره، به‌ڵام یه‌ك جار دوعاى كردووه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه قژیان كورت ده‌كه‌نه‌وه [ لَا تَخَافُونَ ] وه ترسی دوژمنیشتان نابێت [ فَعَلِمَ مَا لَمْ تَعْلَمُوا فَجَعَلَ مِنْ دُونِ ذَلِكَ فَتْحًا قَرِيبًا (٢٧) ] وه ئه‌وه‌ى كه خواى گه‌وره زانى ئێوه نهتانزانى كه ئه‌مساڵ ناچنه مه‌ككه‌وه‌و عومره ناكه‌ن خێرى تێدایه، یان ئه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - زانی ئێوه نه‌تانزانی خوای گه‌وره به خه‌و پێی وتبوو كه له دوای حوده‌یبیه، یان له دواى فه‌تحی خه‌یبه‌ر ئه‌چنه ناو مه‌ككه‌وه‌و فه‌تحی مهككهشتان بۆ ئه‌كه‌ین.
(28) [ هُوَ الَّذِي أَرْسَلَ رَسُولَهُ بِالْهُدَى وَدِينِ الْحَقِّ لِيُظْهِرَهُ عَلَى الدِّينِ كُلِّهِ ] خوای گه‌وره ئه‌و خوایه‌یه كه پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی ناردووه - صلی الله علیه وسلم - به هیدایه‌ت و زانیارى به‌سوود، وه به دینی حه‌ق و به كرده‌وه‌ی چاك تا ئاشكرا‌و زاڵ و به‌رزی بكات به‌سه‌ر هه‌موو دینهكاندا [ وَكَفَى بِاللَّهِ شَهِيدًا (٢٨) ] وه به‌سه كه خوای گه‌وره شایه‌ت بێ له‌سه‌ر ئه‌م شته له‌سه‌ر ڕاستێتی پێغه‌مبه‌رایه‌تی پێغه‌مبه‌رو - صلی الله علیه وسلم - سه‌رخستنی دینی ئیسلام.
(29) {هه‌ندێك له سیفاتى صه‌حابه‌كان} [ مُحَمَّدٌ رَسُولُ اللَّهِ ] محمد - صلی الله علیه وسلم - پێغه‌مبه‌ری خوایه - صلی الله علیه وسلم - [ وَالَّذِينَ مَعَهُ ] وه ئه‌و صه‌حابه به‌ڕێزانه‌ى له‌گه‌ڵی بوون [ أَشِدَّاءُ عَلَى الْكُفَّارِ رُحَمَاءُ بَيْنَهُمْ ] سه‌خت و توندن له‌گه‌ڵ كافراندا، وه له نێوان خۆیاندا زۆر به‌ڕه‌حم و سۆز‌و به‌زه‌یی و میهره‌بانن، كه ده‌بێت مرۆڤى باوه‌ڕدار وا بێت [ تَرَاهُمْ رُكَّعًا سُجَّدًا ] ئه‌یانبینی هه‌میشه له ڕكوع و سجوددان و نوێژ ئه‌كه‌ن بۆ خوای گه‌وره [ يَبْتَغُونَ فَضْلًا مِنَ اللَّهِ وَرِضْوَانًا ] مه‌به‌ست و نیه‌تیان ده‌ستخستنی فه‌زڵ و چاكه‌و ڕه‌زامه‌ندی خوای گه‌وره‌یه، (خواى گه‌وره نیه‌تى پاكى صه‌حابه ده‌رده‌خات و شایه‌تى نیازپاكیان بۆ ده‌دات، چۆن ده‌بێت له پاش ئه‌م شایه‌تییه‌ى خواى گه‌وره بۆیان خه‌ڵكى قسه‌یان پێ بڵێت و جوێنیان پێ بدات و تۆمه‌تباریان بكات؟!!) [ سِيمَاهُمْ فِي وُجُوهِهِمْ مِنْ أَثَرِ السُّجُودِ ] نیشانه‌ى خشوع و خۆبه‌كه‌مزانین و شێوه‌و ره‌وشت جوانی و دره‌وشاوه‌ی له ڕوویاندا دیاره به‌هۆی زۆرى شوێنه‌واری سوجده بردن و نوێژ كردنیان، (هه‌ركه‌سێك به‌شه‌و شه‌ونوێژ بكات به رۆژ رووى جوان ده‌بێت و پێوه‌ى دیار ده‌بێت) [ ذَلِكَ مَثَلُهُمْ فِي التَّوْرَاةِ وَمَثَلُهُمْ فِي الْإِنْجِيلِ ] له ته‌ورات و ئینجیلیشدا وه‌سفی ئه‌م صه‌حابه به‌ڕێزانه به‌و شێوازه كراوه [ كَزَرْعٍ أَخْرَجَ شَطْأَهُ فَآزَرَهُ ] نموونه‌ی ئه‌م صه‌حابه به‌ڕێزانه وه‌كو نموونه‌ی ڕووه‌كێك وایه كه سه‌ره‌تا لاوازه‌و دواتر به‌هێز ئه‌بێت و پێ ئه‌گات و گه‌وره ئه‌بێت [ فَاسْتَغْلَظَ ] وه له پاش ئه‌وه‌ی كه ته‌نك و ناسكه دواتر ئه‌ستوورو به‌هێزو درێژ ئه‌بێت [ فَاسْتَوَى عَلَى سُوقِهِ ] ئه‌و كاته له‌سه‌ر پێی خۆی له‌سه‌ر داره‌كه‌ی خۆی ڕائه‌وه‌ستێ [ يُعْجِبُ الزُّرَّاعَ لِيَغِيظَ بِهِمُ الْكُفَّارَ ] جووتیاره‌كه زۆر پێی سه‌رسام ئه‌بێت، كه ئه‌مه‌یش نموونه‌ی صه‌حابه به‌ڕێزه‌كانه كه سه‌ره‌تا لاواز‌و بێ هێزو كه‌م بوون دواتر خوای گه‌وره به‌هێزی كردن و زۆری كردن تا ببێته خه‌فه‌ت خواردن بۆ كافران و كافران كه ده‌یانبینن خه‌فه‌تیان پێ بخۆن و رقیان لێیان بێت، (ئیمامى مالیك و كۆمه‌ڵێك له زانایان له‌م ئایه‌ته‌وه ئه‌و حوكمه‌یان وه‌رگرتووه كه هه‌ر كه‌سێك رقى له صه‌حابه بێت ئه‌وه كافر ده‌بێت). {خواى گه‌وره موژده‌ى به‌هه‌شت به صه‌حابه ده‌دات} [ وَعَدَ اللَّهُ الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ مِنْهُمْ مَغْفِرَةً وَأَجْرًا عَظِيمًا (٢٩) ] خوای گه‌وره به‌ڵێنی داوه به‌و باوه‌ڕدارانه‌ى كه كرده‌وه‌ی چاكیان كردووه به لێخۆشبوو‌ن و ئه‌جرو پاداشتێكی زۆر گه‌وره كه به‌هه‌شته، (كرده‌وه‌ى چاك ئه‌وه‌یه بۆ خوا بێت و بۆ ریا نه‌بێت، وه له‌سه‌ر سوننه‌ت بێت و بیدعه نه‌بێت، وه ئه‌م ئایه‌ته موژده‌دانه به صه‌حابه به به‌هه‌شت) والله أعلم.