(1) سووره‌تی (مه‌عاریج) (واته: شوێنى به‌رز بوونه‌وه) سووره‌تێكى مه‌ككى یه‌و (٤٤) ئایه‌ته بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ [ سَأَلَ سَائِلٌ بِعَذَابٍ وَاقِعٍ (١) ] پرسیاركه‌رێك پرسیاری كرد‌و دوعاكه‌رێك دوعای كرد‌و په‌له‌ى كرد‌و داوای سزایه‌كی كرد كه داببه‌زێته سه‌ریان وه ڕوویان تێبكات، كه (نه‌ضری كوڕی حارثى كوڕی كیلده) بوو كه دوعای كرد‌و وتی: خوایه ئه‌گه‌ر ئه‌م دینه‌و ئه‌م پێغه‌مبه‌ره حه‌قه ئه‌وه تۆ له ئاسمانه‌وه به‌رد بارانمان بكه، یان سزایه‌كی به‌ئێش و ئازارمان بۆ بنێره،
(2) خوای گه‌وره فه‌رمووی: [ لِلْكَافِرِينَ لَيْسَ لَهُ دَافِعٌ (٢) ] سزای خوای گه‌وره ئاماده‌یه‌و دێت و ڕوو ئه‌دات، وه كاتێك كه دێت هیچ كه‌سێك نیه سزای خوای گه‌وره بگه‌ڕێنێته‌وه.
(3) [ مِنَ اللَّهِ ذِي الْمَعَارِجِ (٣) ] ئه‌و سزایه له‌لایه‌ن خوایه‌كه‌وه دێت كه خاوه‌نی فه‌زڵ و نیعمه‌ت و به‌رزی و بڵندی و گه‌وره‌ییه، یاخود (مه‌عاریج) مه‌به‌ستی پێی شوێنی به‌رز بوونه‌وه‌ی فریشته‌كانه كه فریشته‌كان پیایدا به‌رز ئه‌بنه‌وه، واته: پله‌كان، ئه‌و پلانه‌ی كه فریشته‌كان پیایدا به‌رز ئه‌بنه‌وه بۆ ئاسمان.
(4) [ تَعْرُجُ الْمَلَائِكَةُ وَالرُّوحُ إِلَيْهِ ] فریشته‌كان به‌رز ئه‌بنه‌وه بۆ لای خوای گه‌وره به‌و پلانه‌ی كه خوای گه‌وره بۆی داناون، وه ڕوحیش مه‌به‌ست پێی جبریله، یاخود مه‌به‌ست پێی ڕوحی ئاده‌میزاده كاتێك كه فریشته‌ی گیانكێشان ڕوحیان ئه‌كێشێ و ئه‌و ڕوحه به‌رز ئه‌كاته‌وه بۆ ئاسمان بۆ لای خوای گه‌وره وه‌كو له فه‌رمووده‌ی (به‌ڕائدا) هاتووه [ فِي يَوْمٍ كَانَ مِقْدَارُهُ خَمْسِينَ أَلْفَ سَنَةٍ (٤) ] له ڕۆژێكدا كه ڕۆژی قیامه‌ته ماوه‌ی ڕاوه‌ستانی به‌نده‌كان بۆ لێپرسینه‌وه به ئه‌ندازه‌ی په‌نجا هه‌زار ساڵه، دواتر ئه‌وه‌ی به‌هه‌شتییه به‌ره‌و به‌هه‌شت به‌ڕێ ئه‌خرێ، وه ئه‌وه‌ی دۆزه‌خییه به‌ره‌و دۆزه‌خ به‌ڕێ ئه‌خرێ، وه وتراوه ئه‌مه بۆ كافرانه، وه بۆ ئه‌و موسڵمانانه‌یشه كه تاوانبارن وه‌كو له فه‌رمووده‌ى پێغه‌مبه‌ردا - صلی الله علیه وسلم - هاتووه باسی ئه‌و كه‌سه ده‌كات كه زه‌كات نادات له ڕۆژی قیامه‌ت كه ئه‌ندازه‌كه‌ی په‌نجا هه‌زار ساڵه له‌وێ سزا ئه‌درێ دواتر به‌ره‌و به‌هه‌شت یان به‌ره‌و دۆزه‌خ به‌ڕێ ئه‌خرێ، به‌ڵام بۆ ئیماندار كاته‌كه‌ی زۆر به خێرایی له‌سه‌ر ده‌ڕوات به ئه‌ندازه‌ى خۆر كه لار بۆته‌وه بۆ ئاوابوون تا ئاوابوونى.
(5) [ فَاصْبِرْ صَبْرًا جَمِيلًا (٥) ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - تۆ ئارام بگره ئارامگرتنێكی جوان كه ناشوكری و گله‌یی و گازنده‌ی له خوای گه‌وره تیادا نه‌بێت.
(6) [ إِنَّهُمْ يَرَوْنَهُ بَعِيدًا (٦) ] كافران ئه‌م ڕۆژه كه ڕۆژی قیامه‌ته به‌دووری ئه‌زانن، یاخود به ئه‌سته‌م و مه‌حاڵی ئه‌زانن و ئه‌ڵێن: ئه‌سته‌مه زیندوو بوونه‌وه‌و لێپرسینه‌وه هه‌بێت.
(7) [ وَنَرَاهُ قَرِيبًا (٧) ] به‌ڵام ئێمه ئه‌یبینین، یاخود باوه‌ڕداران وای ئه‌بینن كه ئه‌مه ڕۆژێكی نزیكه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر شتێك كه بێت ئه‌وا نزیكه‌و ئیلا ڕوو ئه‌دات.
(8) {چه‌ند دیمهنێكى رۆژى قیامه‌ت} [ يَوْمَ تَكُونُ السَّمَاءُ كَالْمُهْلِ (٨) ] له‌و ڕۆژه‌دا كه ڕۆژی قیامه‌ته ئاسمانه‌كان وه‌كو مسی تواوه‌یان لێ دێت، یاخود وه‌كو زه‌یتی تواوه‌یان لێدێت و به‌و شێوه‌یه شل ئه‌بنه‌وه.
(9) [ وَتَكُونُ الْجِبَالُ كَالْعِهْنِ (٩) ] وه شاخه‌كان هه‌ڵئه‌كێشرێن و وه‌كو صوفی شیكراوه‌یان لێ دێت و به ئاسماندا ئه‌ڕۆن.
(10) [ وَلَا يَسْأَلُ حَمِيمٌ حَمِيمًا (١٠) ] وه له‌و ڕۆژه‌دا هیچ خزم و كه‌س و دۆست و خۆشه‌ویستێك پرسیار له خزم و دۆست و خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ناكات له‌به‌ر سه‌ختی ناخۆشییه‌كانی ئه‌و ڕۆژه كه ڕۆژی قیامه‌ته، وه له‌به‌ر سه‌رقاڵ بوونیان به خۆیان.
(11) [ يُبَصَّرُونَهُمْ ] له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه هه‌موو خزم و دۆستێك خزم و دۆست و كه‌سی خۆی به چاو ئه‌بینێ و كه‌س له كه‌س ناشاردرێته‌وه،به‌ڵام كه‌سیان له‌گه‌ڵ كه‌سیاندا قسه ناكه‌ن و له یه‌كدى راده‌كه‌ن له‌به‌ر سه‌رقاڵى خۆیان و سه‌ختی ئه‌و ڕۆژه [ يَوَدُّ الْمُجْرِمُ لَوْ يَفْتَدِي مِنْ عَذَابِ يَوْمِئِذٍ بِبَنِيهِ (١١) ] كه‌سی تاوانبار ئه‌وه‌ی كه شایه‌نی ئاگری دۆزه‌خه ئه‌زانێ به‌ره‌و دۆزه‌خ به‌ڕێ ئه‌كرێ ئاواته‌خوازه كه خۆی بكڕێته‌وه‌و خۆی ڕزگار بكات له ئاگری دۆزه‌خ له‌و ڕۆژه‌دا به منداڵه‌كانی، واته ئه‌گه‌ر منداڵه‌كانی وه‌كو فیدیه لێ وه‌ربگیرێ ئاماده‌یه منداڵه‌كانی ببه‌خشێ ته‌نها خۆی ڕزگاری بێ.
(12) [ وَصَاحِبَتِهِ وَأَخِيهِ (١٢) ] وه خێزانه‌كه‌ی وه براكه‌ی ئه‌مانه هه‌مووی ببه‌خشێ بۆ ئه‌وه‌ی خۆی ڕزگاری ببێ.
(13) [ وَفَصِيلَتِهِ الَّتِي تُؤْوِيهِ (١٣) ] وه ئه‌و عه‌شیره‌ت و هۆزو خزمه نزیكانه‌ی كه په‌نایان داوه له كاتی سه‌ختی و سه‌غله‌تیدا ئاماده‌یه هه‌ر هه‌موویان ببه‌خشێ ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی كه خۆى ڕزگاری بێ.
(14) [ وَمَنْ فِي الْأَرْضِ جَمِيعًا ثُمَّ يُنْجِيهِ (١٤) ] نه‌ك هه‌ر ئه‌وانه به‌ڵكو ئاواته‌خوازه‌و ئاماده‌یه هه‌رچی له‌سه‌ر ڕووی زه‌وی هه‌یه به جن و مرۆڤه‌وه هه‌ر هه‌موویان ببه‌خشێ و وه‌كو فیدیه بیاندات ته‌نها خۆی ڕزگاری بێ له سزای ئاگری دۆزه‌خ [ كَلَّا ] خوای گه‌وره ئه‌فه‌رمووێ: نه‌خێر شتی وا نیه‌و ڕوو نادات ئه‌وه ته‌نها هیواو ئومێدخواستنه‌و لێى قه‌بوڵ ناكرێت.
(15) [ إِنَّهَا لَظَى (١٥) ] به دڵنیایی ئه‌مه ئاگری دۆزه‌خه‌و ده‌كرێته ناوى، (لَظَى) ناوێكه له ناوه‌كانی جه‌هه‌ننه‌م واتا ئه‌و دۆزه‌خه گڕو بڵێسه‌ی هه‌یه.
(16) [ نَزَّاعَةً لِلشَّوَى (١٦) ] وه هه‌رچی گۆشت و پێست هه‌یه هه‌ر هه‌مووی دائه‌ماڵێ و هه‌مووی ئه‌سووتێنێ تا ئه‌یگه‌یه‌نێته سه‌ر ئێسقانه‌كه، (شَوَى) ئه‌ووترێ مه‌به‌ست پێی پێسته‌ی سه‌ره، وه ئه‌ووترێ مه‌به‌ست پێی ده‌ماره‌كانه، یاخود مه‌به‌ست پێی لایه‌كانی ده‌ست و پێیه‌كانه، یاخود مه‌به‌ست پێی ناوچه‌وانێتی كه به‌ڕێزترین شوێنێتی هه‌مووی ئه‌گرێته‌وه‌و هه‌مووی ئه‌سووتێنێ ته‌نها دڵ ئه‌مێنێ و هاوار ئه‌كات.
(17) [ تَدْعُو مَنْ أَدْبَرَ وَتَوَلَّى (١٧) ] دۆزه‌خ بانگی ئه‌و كه‌سانه ئه‌كات كه له دونیادا پشتیان له حه‌ق كردووه‌و ڕوویان لێوه‌رگێڕاوه‌و حه‌قیان وه‌رنه‌گرتووه، دۆزه‌خ به زمانێكى پاراو هه‌موویان بانگ ئه‌كات، وه یه‌ك یه‌ك هه‌ڵیان ئه‌گرێ و وه ئه‌یانخاته ناو خۆیه‌وه، چۆن باڵنده ده‌نك ده‌نك دانه‌وێڵه هه‌ڵده‌گرێت.
(18) [ وَجَمَعَ فَأَوْعَى (١٨) ] وه ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ماڵیان كۆكردۆته‌وه‌و زه‌كاته فه‌رزه‌كه‌یان لێ نه‌داوه‌و حه‌قی خوای گه‌وره‌و حه‌قی ئه‌و كه‌سانه‌یان نه‌داوه كه حه‌قیان له‌سه‌ریانه.
(19) {سیفاتى مرۆڤ} [ إِنَّ الْإِنْسَانَ خُلِقَ هَلُوعًا (١٩) ] به‌ڕاستی مرۆڤ وا دروستكراوه كه زۆر سووره له‌سه‌ر شته‌كان و داكۆكیان لێده‌كات.
(20) [ إِذَا مَسَّهُ الشَّرُّ جَزُوعًا (٢٠) ] كاتێك كه تووشی خراپه‌یه‌ك بێت له فه‌قیری و هه‌ژاری و نه‌خۆشی و ده‌ردو به‌ڵا ئه‌بینی زۆر نائارامه‌و ئارام ناگرێ و بێ‌ئومێد ئه‌بێ.
(21) [ وَإِذَا مَسَّهُ الْخَيْرُ مَنُوعًا (٢١) ] وه ئه‌گه‌ر هاتوو تووشی خێرێكیش بێ له ده‌وڵه‌مه‌ندی و پیت و به‌ره‌كه‌ت و ڕزق و ڕۆزی ئه‌و كاته ئه‌بینی كه قه‌ده‌غه‌ی خێر‌و چاكه‌ی لێ ئه‌كات و ره‌زیلى و چرووكى ده‌كات.
(22) {هه‌ندێك له سیفاتى باوه‌ڕداران } [ إِلَّا الْمُصَلِّينَ (٢٢) ] ته‌نها ئه‌و نوێژخوێنانه نه‌بێ.
(23) [ الَّذِينَ هُمْ عَلَى صَلَاتِهِمْ دَائِمُونَ (٢٣) ] ته‌نها ئه‌و نوێژخوێنانه نه‌بێ كه له‌سه‌ر نوێژه‌كانیان به‌رده‌وامن و پارێزگاری لێ ده‌كه‌ن و له كاتی خۆیدا ئه‌نجامى ئه‌ده‌ن به روكن و واجبات و خشوعه‌وه، وه دڵیان لای نوێژهكانیانه.
(24) [ وَالَّذِينَ فِي أَمْوَالِهِمْ حَقٌّ مَعْلُومٌ (٢٤) ] وه ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له ماڵه‌كانیاندا حه‌قێكی ئاشكراى تێدایه كه زه‌كاته فه‌رزه‌كه‌یه.
(25) [ لِلسَّائِلِ وَالْمَحْرُومِ (٢٥) ] بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه داوا ئه‌كه‌ن، وه (مه‌حروم)یش ئه‌وه‌یه كه تووشی به‌ڵایه‌ك بووه‌و هیچی نه‌ماوه، یاخود ئه‌وانه‌ی كه فه‌قیرو هه‌ژارن و كه‌س نایانناسێت و خۆیان داوا ناكه‌ن.
(26) [ وَالَّذِينَ يُصَدِّقُونَ بِيَوْمِ الدِّينِ (٢٦) ] وه ئه‌و كه‌سانه‌ی كه باوه‌ڕو یه‌قینیان به ڕۆژی قیامه‌ت هه‌یه‌و هیچ گومانێكیان نیه.
(27) [ وَالَّذِينَ هُمْ مِنْ عَذَابِ رَبِّهِمْ مُشْفِقُونَ (٢٧) ] وه ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له سزای خوای گه‌وره ئه‌ترسێن، هه‌ر چه‌نده چاكه‌و كرده‌وه‌ی باشیان هه‌یه به‌ڵام ترسیان هه‌یه له سزای خوای گه‌وره‌و ئه‌مین نین لێى.
(28) [ إِنَّ عَذَابَ رَبِّهِمْ غَيْرُ مَأْمُونٍ (٢٨) ] به‌ڕاستی نابێ هیچ كه‌سێك ئه‌مین بێ له سزای خوای گه‌وره، وه هه‌موو كه‌سێك ئه‌بێ ترسی له سزای خوای گه‌وره هه‌بێت.
(29) [ وَالَّذِينَ هُمْ لِفُرُوجِهِمْ حَافِظُونَ (٢٩) ] وه ئه‌و كه‌سانه‌ی كه دامێنی خۆیان ئه‌پارێزن.
(30) [ إِلَّا عَلَى أَزْوَاجِهِمْ ] ته‌نها بۆ هاوسه‌رو خێزانه‌كانی خۆیان نه‌بێت [ أَوْ مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُهُمْ ] یان ئه‌و كه‌نیزانه‌ی كه هه‌یانه [ فَإِنَّهُمْ غَيْرُ مَلُومِينَ (٣٠) ] ئه‌وان له‌و شته‌دا لۆمه ناكرێن و تاوانبار نابن.
(31) [ فَمَنِ ابْتَغَى وَرَاءَ ذَلِكَ فَأُولَئِكَ هُمُ الْعَادُونَ (٣١) ] به‌ڵام هه‌ر كه‌سێك جگه له خێزانی خۆی یان كه‌نیزه‌ك (كه كاتی خۆی هه‌بووه) ئاره‌زووی خۆی تێر بكات ئه‌وانه سنووری خوای گه‌وره‌یان به‌زاندووه‌و تاوانیان كردووه، (زانایان ئه‌م ئایه‌ته ده‌كه‌نه به‌ڵگه له‌سه‌ر حه‌رامێتى خوى نهێنى).
(32) [ وَالَّذِينَ هُمْ لِأَمَانَاتِهِمْ وَعَهْدِهِمْ رَاعُونَ (٣٢) ] وه ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌تێكیان له‌لا دابنێی ئیتر ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ته‌كه ماددی بێ یان مه‌عنه‌وی ئه‌وان ئه‌یپارێزن، وه هه‌ر عه‌هدو به‌ڵێن و په‌یمانێك كه هه‌یانبێ ئه‌یبه‌نه سه‌رو خیانه‌ت ناكه‌ن، (ئه‌مانه سیفاتى باوه‌ڕداره‌و پێچه‌وانه‌كه‌ى سیفاتى دووڕووه كه درۆ ده‌كه‌ن و به‌ڵێن جێبه‌جێ ناكه‌ن و ناپاكى له ئه‌مانه‌ت ده‌كه‌ن).
(33) [ وَالَّذِينَ هُمْ بِشَهَادَاتِهِمْ قَائِمُونَ (٣٣) ] وه ئه‌و كه‌سانه‌ی كه شایه‌تییه‌ك هه‌بێ له‌به‌ر خوا وه‌كو خۆی ده‌یده‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی كه لێی زیادو كه‌م بكه‌ن، وه نایشارنه‌وه‌و شایه‌تییه‌كه ده‌رئه‌بڕن و ئاشكرای ئه‌كه‌ن، ئیتر ئه‌گه‌ر دژی به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان یان دژی خزمی نزیكیان بێ ئاماده‌نین زیادو كه‌می بكه‌ن یان بیشارنه‌وه.
(34) [ وَالَّذِينَ هُمْ عَلَى صَلَاتِهِمْ يُحَافِظُونَ (٣٤) ] وه ئه‌و كه‌سانه‌ی كه پارێزگاری له نوێژه‌كانیان ئه‌كه‌ن به ڕوكن و واجبات و خشوع و مه‌رجه‌كانه‌وه‌و وه‌كو خۆی ئه‌نجامی ئه‌ده‌ن و پارێزگاری لێ ئه‌كه‌ن، وه هیچ شتێك سه‌رقاڵیان ناكات له نوێژه‌كانیان.
(35) [ أُولَئِكَ فِي جَنَّاتٍ مُكْرَمُونَ (٣٥) ] ئه‌وانه‌ی كه ئه‌م سیفه‌تانه‌یان تیابێت ئه‌مانه له به‌هه‌شتانێكدان و ئه‌چنه ناوى و ڕێزیان لێ ئه‌نرێ به جۆره‌ها ڕێز.
(36) [ فَمَالِ الَّذِينَ كَفَرُوا قِبَلَكَ مُهْطِعِينَ (٣٦) ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - چییه ئه‌و كافرانه‌ی كه له‌لای تۆن به‌خێرایی ئه‌ڕۆن و لێت هه‌ڵدێن و راده‌كه‌ن و گاڵته‌ت پێ ئه‌كه‌ن و به‌درۆت ئه‌زانن، یان ملیان درێژ كردۆته‌وه‌و تێت ئه‌ڕوانن، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه شتێكی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌یان بینیبێ، بۆ وا ئه‌كه‌ن.
(37) [ عَنِ الْيَمِينِ وَعَنِ الشِّمَالِ عِزِينَ (٣٧) ] به‌ڵای ڕاست و چه‌پتدا بوونه به چه‌ند گرۆپ و كۆمه‌ڵێكی لێك جیاواز‌و پارچه پارچه، به‌ڵام له سه‌رپێچی كردنى تۆ و قورئانی پیرۆزدا یه‌كده‌نگن.
(38) [ أَيَطْمَعُ كُلُّ امْرِئٍ مِنْهُمْ أَنْ يُدْخَلَ جَنَّةَ نَعِيمٍ (٣٨) ] ئایا هه‌ر یه‌كێك له‌وان حه‌زو ئاواتى چوونه به‌هه‌شتى هه‌یه‌و خوازیاره بچێته ناوى، موشریكان ئه‌یانووت ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕه‌ش و ڕووت و فه‌قیرو هه‌ژارانه بچنه به‌هه‌شته‌وه ئه‌وه ئێمه شایه‌نترین و له پێش ئه‌واندا ئه‌چینه به‌هه‌شته‌وه، خوای گه‌وره ئه‌م ئایه‌ته‌ی دابه‌زاند.
(39) [ كَلَّا ] نه‌خێر وانیه‌و شوێنى ئه‌وان دۆزه‌خه [ إِنَّا خَلَقْنَاهُمْ مِمَّا يَعْلَمُونَ (٣٩) ] ئێمه ئه‌وانمان دروست كردووه له‌و مه‌نی و دڵۆپه ئاوه بێ ڕێز‌و لاوازه كه خۆیشیان ئه‌زانن.
(40) [ فَلَا أُقْسِمُ بِرَبِّ الْمَشَارِقِ وَالْمَغَارِبِ ] سوێند ئه‌خۆم به په‌روه‌ردگاری ڕۆژهه‌ڵاته‌كان و ڕۆژئاواكان، واته: هه‌موو ڕۆژێك كه خۆر له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه هه‌ڵدێ و هه‌موو ڕۆژێك له ڕۆژئاواوه ئاوا ئه‌بێ، سوێند بێ به په‌روه‌ردگاری ڕۆژهه‌ڵاته‌كان و ڕۆژئاواكان [ إِنَّا لَقَادِرُونَ (٤٠) ] ئێمه توانا‌مان هه‌یه.
(41) [ عَلَى أَنْ نُبَدِّلَ خَيْرًا مِنْهُمْ ] كه ئه‌مانه له‌ناو به‌رین وه كه‌سانێك له‌مان باشتر بێنین كه گوێڕایه‌ڵی ئێمه بكه‌ن و سه‌رپێچیمان نه‌كه‌ن وه‌كو چه‌نده‌ها ئوممه‌تانی ترمان له‌ناو بردووه، یان توانا‌مان هه‌یه له رۆژى قیامه‌ت به لاشه‌ى باشتر له‌وه‌ى خۆیان زیندوویان بكه‌ینه‌وه [ وَمَا نَحْنُ بِمَسْبُوقِينَ (٤١) ] وه هیچ كه‌سێكیش نیه كه زاڵ بێت به‌سه‌ر ئێمه‌دا و بێده‌سه‌ڵات و ده‌سته‌وه‌ستانمان بكات.
(42) [ فَذَرْهُمْ يَخُوضُوا وَيَلْعَبُوا حَتَّى يُلَاقُوا يَوْمَهُمُ الَّذِي يُوعَدُونَ (٤٢) ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - لێیان بگه‌ڕێ و وازیان لێبێنه با ڕۆبچن له‌ناو باتڵ و پووچه‌ڵ و كوفر‌و عینادی خۆیاندا، وه یاری بكه‌ن له دونیادا‌و سه‌رقاڵی به‌زمی خۆیان بن تا ئه‌گه‌نه ئه‌و ڕۆژه‌ی كه ئێمه هه‌ڕه‌شه‌مان لێ كردوون و ڕووبه‌ڕووی ئه‌و ڕۆژه ئه‌بنه‌وه كه ڕۆژی قیامه‌ته‌و له‌وێ سزایان ئه‌ده‌ین.
(43) [ يَوْمَ يَخْرُجُونَ مِنَ الْأَجْدَاثِ سِرَاعًا ] له‌و ڕۆژه‌دا كه ڕۆژی قیامه‌ته له‌ناو گۆڕه‌كانیان ده‌رئه‌چن به خێرایی [ كَأَنَّهُمْ إِلَى نُصُبٍ يُوفِضُونَ (٤٣) ] وه‌ك ئه‌وه‌ی كه ئاڵا‌و به‌یداخێكیان بۆ داكوترابێ و هه‌موویان به‌خێرایی به‌ره‌و ئه‌وێ بڕۆن و پێشبڕكێ بكه‌ن، یاخود وه‌ك ئه‌وه‌ی كه بۆ لای بتێك بڕۆن به‌خێرایی هه‌روه‌كو چۆن له دونیادا به‌خێرایی به‌ره‌و پیری ئه‌ڕۆیشتن.
(44) [ خَاشِعَةً أَبْصَارُهُمْ تَرْهَقُهُمْ ذِلَّةٌ ] چاویان شۆڕو زه‌لیله‌و سه‌ربه‌رز ناكه‌نه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌زانن چ سزایه‌ك چاوه‌ڕێیان ئه‌كات وه زه‌لیلی دایپۆشیون [ ذَلِكَ الْيَوْمُ الَّذِي كَانُوا يُوعَدُونَ (٤٤) ] ئا ئه‌مه ئه‌و ڕۆژه‌یه كه ئێوه هه‌ڕه‌شه‌تان لێ ده‌كرا پێى كه ڕۆژی قیامه‌ته‌و ئه‌لێره‌دا سزای خۆتان وه‌رئه‌گرن، والله اعلم.